ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

رۆژی لاوان و رونکردنەوەیەکی پێویست! ئاگری باڵەکی

agri balaki1یەکێتی لاوان بەیەکێک لەو رێکخراوە سنفیانە دادەنرێت کە مێژوویەکی دوور ودرێژی هەیە کە بەستراوەتەوە بە مێژووی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لەگەڵ ئەوەیدا یەکێتی لاوان لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا بە چەندین قۆناغێ جیاوازدا تێپەر بووە و بەڵام تاکو

ئێستاشی لەگەڵ بێت نەتوانراوە مێژووی و رۆژی دروستی ئەم رێکخراوەیە دیاری بکرێت، رۆژی لاوانیش وەک هەموو رۆژ و بۆنەکانی تری کورد لە رۆژهەڵات کێشەی لەسەر بووە. هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی نەتوانراوە کە رۆژێک بۆ دامەزراندنی رێکخراوێکی وەک لاوان دیاری بکرێت، نەبوونی مێژوویەکی دەقیق و نوسراو و لێکۆلینەوەی دەقیق و دۆکومێنتاری هەروەها چاولێکردنی یەکێتی لاوان وەک ئۆرگانێک لە حیزبی دێمۆکرات ئەمانە و چەندین هۆکاری تر رێگر بوون لەوەی کە مێژووی دەقیقی لاوان دیاری بکرێت و لەو رۆژەدا لاوان یادی دامەزراندیان بکەنەوە.

یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەک کە رۆژی 1391/11/23 بڵاوبۆتەوە، باس لە دیاری کردنی رۆژێکی سومبولیک دەکات بۆ رۆژی یەکێتی لاوان و بە هێناوەنەوەی چەند فاکتێکی مێژوویی و حساب و جەبرێکی بیرکاریانە رۆژێکیان لە نێوان ٢ی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ١ی خاکەلێوە واتە رۆژی دەرکردنی یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاواری نیشتمان کە بڵاوکراوەی بیری ئیتحادیەی جەوانانی کوردستانە بووە دیاری کردوە،ئەو بەشەی لە یەکێتی لاوانی سەر بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پێیان وایە کە دای ٢ی رێبەندان واتە ماوەیەکی ویستوە کە یەکێتی لاوان دامەزرێ و دواتر گۆڤارێک چاپ و بڵاوبکەنەوە هەربۆیە ٢٨ رۆژ دوای راگەیاندنی کۆمار و ٢٨ رۆژ پێش دەرکردنی یەکەم گۆڤار هاواری نیشتمانیان بە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی لاوان داناوە. من لیرەدا لەگەڵ ئەوەیدا کە پێموایە دیاری کردنی رۆژێک وەک رۆژی لاوان کارێکی پێویست و بەجێ‌یە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شێواندنی مێژوو بەدەستی خۆت کارێکی زۆر نارەوایە.

هاورێیانی یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەگەر تۆزێک خۆیان ئەزیەت دابا و چاوێکیان بەڵاپەرەی کێتب و رۆژنامە و گۆڤارەکان دا خشاندبا دەیانتوانی رۆژی دەقیق یان بلێن بۆنەیەکی تایبەتیان کردبا رۆژی دامەزراندنی یەکێتی لاوان. لێرەدا ئەگەر چاو بە لاپەرەکانی کتیبی ئاڵەکۆکی غەنی بلوریان و بیرەوەریەکانی کەریمی حیسامی لەگەڵ چاوپێکەوتنەکانی وەزیر و کاربەدەستانی کۆمار بخشێنن دەبین دەبین مێژووی دامەزراندی کۆماری کوردستان زۆر پێشتر لە کۆماری کوردستان بووە.

بۆ نموونە ئەگەر چاو بە لاپەڕەکانی کتێبی ئالەکۆک (برگ سبز) دا بخشێنین زۆر روداو یادی کە پێش دامەزراندی کۆماری کوردستان رویانداوە نوسراوە، غەنی بلوریان لە کتێبی ئاڵەکۆک دا باسی لە دامەزراندی سازمانی جەوانانی کورد دەکات کە لە کۆتایەکانی ساڵی ١٣٢١ / ١٩٤٢و سەرەتای ساڵی ١٣٢٢ / ١٩٤٣ واتە دوای دامەزرانی کۆمەڵی ژیانەوەی کورد لە مەهاباد، رێکخروای سازمانی جەوانانی کورد دادەمەزرێ هەربۆیە لە لاپەرە 33 ی کتێبی ئاڵەکۆک بلوریان ئاوا دەنوسێت:" لە دانیشتنێک کە باغی میکائیل لە بناری کێوی نورەدین گرتمان، لەوێ هاورێیەکان خۆیان ناساند و لەبارەی چۆنیەتی و بەرێوەبردنی رێکخراو گفتوگۆمان کرد، لەو دانیشتنەدا من(غەنی بلوریان)، عەلی مەولودی، ئەحمەدی ساڵحیان، قادر محمود زادە و عزیز فەرهادی وەک ئەندامانی بەرێوەبەری رێکخراو هەڵبژێردران و من(غەنی بلوریان) وەک بەرپرسی یەکەم دیاری کرام ". بلوریان ئەم مێژووە بۆ سەرەتاکانی ساڵی ١٣٢٢ و کۆتایەکانی ساڵی ١٣٢١ دەگەرێنێتەوە و باس لە دیاری کردنی شوێنێک دەکات بۆ بەرێوەبردنی رێکخراوەکە و دەنوسێت:" ... بە فکری ئەوەی کەوتینەوە کە ئێدارەیەک بۆ رێکخراو پەیدا بکەین و بتوانین تێیدا نیشتەجێ بین هەر بۆیە (عەبدوڵلا حەکیم زادە) مان راسپارد کە شوێنێک پەیدا بکات، دوای گەرانێکی زۆر سەرەنجام لە بەرامبەر بیمارستانی کۆنی مەهاباد (شیر و خورشید) بینایەی ساڵح زادە دەرمان فرۆشمان بەکرێ گرت مانگانە بە ٣٥ تمەن ، دوای بۆ تەجهیز کردنی دەست بەکار بووین ئەم رووداوانە بۆ سەرەتایی ساڵی ١٣٢٢ دەگەرێنەوە" بەپێی نوسراوەکانی غەنی بلوریان و هەروەها کەریمی حیسامی دەکرێت دەرکردنی هاواری نیشتمانیش لەسەر مەبنای مێژووی دامەزراندنی ئەم رێکخراوەیە دەرچووبێت واتە ١ی خاکەلێوەی ١٣٢٥ ، ئەم میژووانە ئەوەمان پێ دەلێن کە دامەزراندی یەکێتی لاوان دەگەرێتەوە بۆ پێش کۆمار کوردستان نەک دوای کۆماری کوردستان. بۆ زانیاری زیاتریش ئەندامانی رێکخراوی لاوانی کورد(سازمان جوانان کرد) لە ساڵی ١٣٢٢ گەیشتە ١٣٠٠ کەس لە مەهاباد کە ئەمە جێگای سەرسورمانە لە مەهابادێکی ١٤٠٠٠ کەسی ئەوکات، هەر ئەو نفوزەی ئەو رێکخراوەش وای کرد کە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بیر لەوە بکەنەوە کە بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ رێبەری رێکخراوی لاوان کورد بۆ ئەوەی بیانهێنە ژێر باڵی خۆیان و بتوانن پێکەوە درێژە بە کارو چالاکیەکانیان بدە، هەربۆیە دوای نزیک بە دوو ساڵ دوای ئەم مێژووە، واتە لە خەزەڵوەری ١٣٢٣/ ١٩٤٤، لە دانیشتنێک دا لە نێوان( دڵشاد رسوڵی، صدیق حیدری، عبدوڵرەحمانی زەبیحی نوێنەرانی ژ.ک و غەنی بلوریان، عەلی مەولودی، ئەحمەدی ساڵحیان وەک نوێنەری رێکخراوی جەوانانی کورد) پێک هات نوێنەرانی ژ.ک دوایان کرد کە ئەوان بچنە نێو رێزەکانی کۆمەڵەی ژێکافەوە و دوای ئەم کۆبوونەوەیە رێکخراوی جەوانانی کورد تێکەڵ بە تەشکیلاتی ژ.ک بوو و نێوەکەشی گۆرا بۆ (تەشکیلاتی لاوانی کۆمەڵەی ژ.ک). (سەرچاوە: برگ سبز، غەنی بلوریان، لاپەرەکانی ٣٠ تا ٣٦)

لەبەشێک لە سەرچاوە مێژوویەکان دا باس لەوە دەکەن کە گۆڤاری "نیشتمان" کە ئۆرگانی ک.ژ بووە کاردانەوەی راستەوخۆی هەبووە لە سەر لاوانی ئەوکات و هەربۆیە لە ئاڵەکۆک دا غەنی بلوریان دەلێ" بۆ زیاتر بردنەسەری زانیاری خۆمان گۆڤاری "نیشتمان" دەخوێندەوە لە بنکەی سازمانی جەوانانی کورد و ئەمانە ئەوە، بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش رەحیمی قازی ئاوا باس لە گۆڤاری "نیشتمان" ده‌نووسێ :" له‌مانگی ژووییه‌ی ساڵی 1943 یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری "نیشتمان" که‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیر و ئۆرگانی نێوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ بوو بڵاو کرایه‌وه‌. دوای ڕووخانی رێژیمی دیکتاتۆری ڕه‌زا شا ئه‌وه‌ هه‌وه‌ڵین بڵاوکراوه‌ی کورد زمان بوو که‌ له‌ کوردستانی ئێران چاپ ده‌کرا... ئه‌و گۆڤاره‌ بووه‌ هۆی تووڕه‌یی و بێزاری کۆڕوکۆمه‌ڵی شوڤێنیستی له‌ ئێران و ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌ر به‌ وان " آینده‌ ایران" له‌ نووسراوه‌یه‌کی خۆیدا به‌ نێوی " زبان رسمی ایران فقط یک زبان است" ( زمانی ڕه‌سمی ئێران ته‌نێ یه‌ک زمانه‌) نووسیویه‌: " وه‌ک ده‌رکه‌وتووه‌ له‌ ئێران ڕۆژنامه‌یه‌ک به‌ له‌هجه‌ی محه‌لی چاپ ده‌کرێ. شوکرانه‌بژێری خودام ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌م نووسه‌ره‌ و هیوادارم له‌ ئایه‌نده‌ش دا نه‌گاته‌ ده‌ستی" روزنامه‌ آینده‌ ایران – 18ی دیسامبری 1943"

ئەو مێژووانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە یەکێتی لاوان پێش لە ساڵی ١٣٢٤ دامەزراوە و مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بۆیە جیاکردنەوەی ئەم مێژوو و رۆژانە لە مێژووی لاوان لەگەڵ ئەوەی کارێکی هەڵەیە و جێ لێبوردنیش نیە چونکە گۆرین و شێواندنی مێژوو دەچیتە خانەی نەهی کردن.

لەسەر ئەم فاکتانەی سەروە دەتوانین ئەو راستیە بسەلمێنین دەرکردنی یەکەم گۆڤاری هاواری نیشتمانی لە رۆژی ١ خالەكێوە ١٣٢٥ راست بۆ ئەو پێشینە مێژوویە بگەرێتەوە کە غەنی بلوریان باسی لەوەدەکات کە یەکێتی لاوان لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٢٢ دامەزراوە.

لەلایەکی ترەوە لە رۆژنامەی (کوردستان) کە لەسەر دەمی کۆماردا دەرچووە هیچ ئێشارەیەک بەدامەزراندنی یەکێتی لاوان نەکراوە، ئەوە لە حالێکدایە کە رۆژنامەی کوردستان زۆربەی هەرە زۆری رووداوەکانی ئەو ١١ مانگەی کۆماری گواستۆتەوە ، بۆ نموونە دامەزراندنی یەكێتی ژنانی لە رۆژنامەی کوردستاندا باسی لێوەکراوە و رۆژی ٢٤ی رەشەممەی ١٣٢٤ وەک ئەم رۆژە دیاری کراوە. باس نەکردنی رۆژێک بۆ یەکێتی لاوان لە رۆژنامە یان دۆکومێنتەکانی کۆماردا راست بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە یەکێتی لاوان پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەبووە و هەر بۆیەش لە سەر بەرگی (هاورای نیشتمان)دا نوسراوە (بڵاوکراوەی بیری یەکێتی جەوانانی دێمۆکرات) واتە یەکێتی لاوان لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکافەوە و دواتر حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوونی هەبووە و بە پێ قۆناغ و سەردەمەکان دەستکاریەکی بچوک لە نێوەکەی دا پێکهاتووە.

لەگەڵ ئەوەیدا لاوان پێویستە رۆژ و مێژووی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام دەکرێ زیاتر هەوڵ بدرێ بۆ دۆزینەوە و مێژووی لاوان من لێرەدا چەند رۆژ وەک پێشنیار دەخەمە بەردەم یەکێتی لاوانە کە دەتوانن لەهەر دووبەشەکەی حیزبی دێمۆکرات دا کەڵکی لێوەربگرن.

یەکەم رۆژی دەرکردنی یەکەم گۆڤاری هاواری نیشتمان واتە ١ی خاکەلیوەی ١٣٢٥ کە ئەم گۆڤارە وەک بڵاوکەرەوەی بیری ئیتحادیەی جەوانانی دێمۆکرات ناسراوە، هەرچەندە ئەوە چەند ساڵ لە مێژووی دامەزاندی لاوان کەم دەکاتەوە بەڵام لانیکەم مێژوویەکەی دیتراوە و نوسراوە، دەتوانرێ بۆ گەرانەوەش بۆ مێژووش بێت رۆژی ١ی خاکەڵیوەی ١٣٢٢ بکرێتە رۆژی دامەزراندنی. هەرچەند مێژوو نووسان چەندین ساڵیان لە مێژووی حیزبی دێمۆکراتیش خواردوە بەڵام تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت کەس نەهات بلێ کە ک.ژ بناغەی دامەزراندنی حیزبی دێمۆکرات بووە و ئەو کات لەبەر چەند هۆکار کە لێرە جێ ئەم باسە نیە هەم نێوی حیزبی دێمۆکرات و هەمیش مێژووەکەی لەبەین برداوە، دەنا دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتیش دەتوانین بۆ ساڵانی ١٣٧١ و ١٣١٨ بگەرێنینەوە. هەربۆیەش دەتوانین لاوانیش بۆ چەندین ساڵ پێش دامەزراندنی کۆامر بگەرێنیەوەو بۆ ساڵانی ١٣٢٢، هەڵبەتە ئەم لێکدانەوانە لێکۆلینەوەی زیاتری دەوێ، بۆیە دەبێ یەکێتی لاوان بەجیدی بەداوی ئەم مێژوو و رۆژەوە بێت.

دووەم/ شەهید بوونی حەسەنی رەمەزانی لە رۆژی ١٥ی جۆزەرانی ١٣٣٢ هەڵبەتە لە هەندێک سەرچاوەدا ئەم رۆژە بە ٢١ی بانەمەرێ ١٣٣٢ (١١ی مەی ١٩٥٣) هاتوو. "لە ساڵی1329ی هەتاویدا، خەباتی پارلمانی "جبهە ملی" لە ئێراندا لە ژێر دروشمی خۆماڵیكردنی نەوتدا دەستی پێكرد‌و دەرەتانێكی نوێ‌ بۆ ئازادیخوازان لە وڵاتدا هاتە ئاراوە‌و لەم نێوەدا بۆ كوردستانیش دەروویەكی نوێش كرایەوە. ئەم هەل‌و مەرجە بە شێوەیەك خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی زیندووكردەوە‌و سەر لە نوێ رێكخستنەكانی خۆیان دەست پێ‌كردەوە‌و یەكیەتیی لاوانیش هەمان رەوشی پەیدا كرد. هەر لەو سەردەمەدا ساڵی 1332ی هەتاوی بڕیار درابوو لاوانی دێموكرات لە رێگای حیزبی توودەوە نوێنەریان لە فیستیڤاڵی جیهانی لاوان كە لە هاوینی ئەو ساڵەدا بەڕێوە چوو بەشدار بن‌و ئەم مەبەستە لە رۆژی 15ی جۆزەردانی 1332ی هەتاوی لاوانی شاری مەهاباد كۆبوونەوەیەكی بەرینیان لە باغی میكائیل لە دەورووبەری شار پێك هێنا‌و بە دەستووری "موزەفەری" فەرماندەی تیپی مەهاباد كەوتنە بەر هێرش‌و لەو هێرشەدا لاوێك بە ناوی حەسەنی رەمەزانی شەهید كرا‌و ژمارەیەكیش بریندار بوون، ئەم رووداوەش بۆ هۆی ئەوەی كە خۆپیشاندانێكی بەرین‌و بەربڵا و لە شاری مەهاباددا بێتە ئاراوە‌و ئاكامەكەی گرتنی 50 كەس لە ئەندامانی حیزب‌و یەكیەتیی لاوان بوو" (وەرگیراوە لە وێبلاگی ئەمرۆژانە) ئەم رۆژە دەکرێ بکرێتە هەم رۆژی دامەزاندی یەکێتی لاوان و هەمیش ببێتە رۆژێک بۆ ئەوەی کە لاوان توانیویەتی لە خەباتی رزگاری خوازانەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار بووە.

سەرچاوەکان:

١/ هاواری نیشتمان، ژمارە یەکەم

٢/ ئالەکۆک(برگ سبز)، غەنی بلوریان – وەرگێراوی فارسی

٣/ رۆژنامەی کورستان/ سەردەمی کۆماری کوردستان ( چاپی دووەم: دەزگای ئاراس و ژین)

٤/ هاوڕێنامە بۆ مێژووى کوردستان و کورد – دانانی: هاوڕێ باخەوان - چاپی یەکەم – بنکەى چاپ و پەخشی سەردەم - زنجیرە (16) - چاپخانەی روون – سلێمانى – 1999.

٥/ وێبلاگی راونگە/ حەسەنی قازی

٦/ وێبلاگی ئەمرۆژانە/ ئەفراسیاب گرامی

٧/ بیرەوەریەکانی کەریمی حیسامی