ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

ڕوانگە و بیروبۆچوونی هاشم کەریمی ئەندامی پێشووی ڕێبەری حدک و کەسایەتی سیاسی و نووسەری کورد

hashm_karimi1.jpgبۆ تاوتۆ و گەنگەشەی رووداوەکانی نێونەتەوەی و رۆژهەڵاتی نێوەراست و کوردستان بەگشتی و هەڵومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، ئەم پرسیارانەی

خوارەوە کە بەدڵنیایەوە بەشێکی زۆری ئەم پرسیارانە هی چین و تویژەکانی خەڵکن ئاراستەی جەنابت دەکەین و دواتر لە تۆیی نامیلکەیک دەیخینە بەر دیدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

پێشەکی زۆر سپاستان دەکەم.

بەرێز و حورمەتەوە رەحمان نەقشی

پرسیارەکان:

١- هەڵسەنگاندنێک لەسەر هەولومەرجی هەنوکەیی نێونەوەیی و رۆژهەڵاتی نێوەراست؟

١ دوای رووخانی بەرەی رۆژهەڵات بۆ ماوەیەک جیهان یەک جەمسەری بوو، کە ئەمریکا سەرکردە و پاریزگاری ئەو جەمسەرە بوو، دوایی رووسیە وردەوردە خۆی بووژاندەوە و هاتەوە مەیدان و سەر لە نوی جیهان بۆوە بە جیهانێکی دوو جەمسەری، دیارە دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە چینیش ئیدیعای زلهێزی دەکا و لە هێندێک جێ لە گەڵ ئەمریکا و رووسیە بەربەرەکانی دەکا. ئەو سێ وڵاتە لە گەڵ بریتانیا و فەڕانسە کە لە رێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکان دا خاوەنی مافی "وتۆ" ن، بە هۆی ئەو مافەوە دەتوانن لە بەشێکی زۆر لە کێشە سیاسیەکانی جیهان دا نەخشیان هەبێ. ئەو پێنج وڵاتە لە گەڵ چواروڵاتی گەورەی سەرمایەداری واتە ژاپۆن، ئەڵمان، ئیتالیا و کانادا زۆربەی کارتڵ و تڕاست و شیرکەتەکانی ئابووریی جیهانیان لە نیو خۆیاندا دابەش کردووە. دیارە یازدە وڵاتی سەنعەتیی دیکەش لە گەڵ ئەو نۆ وڵاتە کە لە گروهی "جی ٢٠ " دان بە تێکرا بەشی هەرە زۆری ئابووریی جیهان بەڕێوە دەبەن. ٢ لەسەر ٣ی وڵاتانی جیهان ئابوورییان لە خواررادەی ناڤین دایە، کە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین دەگرێتەوە. بەو پێیە ١٠٪ سەرمایەدارانی جیهان خاوەنی ٩٠٪ هەموو سامانی سەرزەوین. لەگەڵ ئەو هەموو سەروەت و سامانە کە لە دەست تاقمێکی میلیاردڕی بێ بەزەییدا کۆبۆتەوە، هێشتا لە زۆر جێی دنیا دا خەڵکانێک لە برسا دەمرن یان لە بی دەواو دەرمانی دا گیان لە دەست دەدەن و ئەمە بۆ گشت مرۆڤایەتی جێی شەرمەزاریە. سەرمایەداران تەنانەت بەزەییان بە وەچەکانی داهاتووی خۆیاندا نایەت و بۆ قازنجی هەنووکەیی، داهاتوو دەخەنە مەترسییەوە. ئەمریکا بۆ ئەوەی کارخانەکانی تووشی زەرەروزیان نەبن لە پەیمانی بەربەرەکانێ لە گەڵ گازەکانی توونخانە (گڵخن) هاتەدەر، کە دەزانین ئەو گازانە دەبنە هۆی ئەوە کە " ئوزون" ی فەزا تەنک بێ و هەتاوی رۆژ توندو تیژتر بگاتە زەوی و گەرمای زەوی زیاد بکا و سەهۆلی "قوتب "ە کان بتوێنەوە ولە داهاتوودا کارەساتی جەوی پێک بێ.

زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر بە بەرەی رۆژئاو بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا بوون، لەو نێوەدا لیبی و سووریە سەر بە رووسیە بوون و رۆژئاوا بۆ بیانوویەک دەگەڕا کە ئەو دوو وڵاتەش بێنێتە ژێر نفووزی خۆی، لە بە ناو بەهاری عەڕەبی دا ئەو هەلەی قۆستەوە و لیبی یان روخاند، بەڵام رووسیە و ئێران فریای سووریە کەوتن و لە رووخان رزگاریان کرد. دوا بە دوای ئەوە "داعەش" سەری هەڵدا، لە پێشدا لە عیراق و سووریە و دوایی لە چەند وڵاتی دیکە. داعەش کە نوێنەرایەتیی هزرو فکرێکی توندئاژۆی سونەی دەکرد و وادەهاتە بەرچاو کە دژی هزر و بیرو بۆچوونی توندئاژۆی شیعەی ویلایەتی فەقیە بێ، لە لایەن وڵاتانی عەڕەبستانی سعوودی و تورکیە و قەتەر ولە پێشدا بە چرای سەوزی ئەمریکا کە پێی وابوو داعەش دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، پشتیوانی لێکرا و پارەی زۆر و زەوەندی نەوتی خەلیجی درایە و سنوورەکانی تورکیەی بۆ ئاواڵە کرا کە کەسانی کۆنە پەرست و توند ئاژۆ لە هەموو جیهانەوە روو بکەنە سووریە و عێراق. بە هاتنە سەرکاری "ترامب " لە ئەمریکا کە نوینەری باڵی راستی ئیمریالیزمی ئەمریکایە، جیهان بەرەو مەترسیی هەڵگیرسانی شەری تردەبا، لە رۆژهەڵات لە گەمژەیی و سەرەڕۆیی سەرۆکی کۆریای باکوور کەڵک وەردەگرێ و دەیەوی شەڕێکی دیکە لەو ناوچە هەڵگیرسینێ و لە لایەکەوە لە ناکۆکی نێوخۆیی وەنزوئیلا دا، دەست تێوەردان دەکا وهەڕەشەی هێرشی نیزامی لەو وڵاتە دەکا و لە لایەکی ترەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە روڵەت بە دژایەتی لە گەڵ ئێڕان بە میلیاردها دولار چەک و تەقەمەنی بە عەرەبستانی سعوودی دەفرۆشێ. قەتەر مەحکووم دەکا کە پشتیوانی تیرۆریزمە، بەڵام چەک و تەقەمەنیشی پێ دەفرۆشێ. دیارە ئەوە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و ژاپون لە لایەک و رووسیە و چینیش لە لایەکی دیکەوە تەنیا بەرژەوەندیی مادی و سیاسی خۆیان مەبەستە، ئەگینا دۆستی هێج گەلێکی ئەم جیهانە نین.

ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبەرە بە زەقی دەبیندرێن، بەرەیەک بە رێبەرایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نوێنەرایەتی شێعە دەکا. حکوومەتی بەشار ئەسەدی سووریە و حیزبوڵای لوبنان و" حووسی " ی یەمەن و تاڕادەیەک حکوومەتی شێعەی عێراقی لە گەڵە و رووسیە پشتیوانیەتی و بەرەیەکی دیکە کە عەڕەبستانی سعوودی وەک نوینەری سونە ریبەرایەتی دەکا کە زۆربەی وڵاتانی خەلیج و میسر و ئوردن و سوودان و یەمەنی لە گەڵە و رۆژئاوا پشتیوانیەتی. تورکیە و قەتەر لە هێندێک کێشەدا لە بەرەی ئەمریکا و عەڕەبستانن و لە هێندێک کێشەدا لەگەڵ بەرەی رووسیە و ئێرانن و بە تەواوەتی بۆ لایەک ساغ نەبوونەتەوە. بە هەرحاڵ ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە مەیدانی رمبازێنی سێ رەوتی کۆنەپەرست و بنئاژۆ. یەکیان رەوتی شێعەی ویلایەتی فەقیهی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و یەکیان رەوتی وەهابیگەریی سونەی عەڕەبستانی سعوودییە و ئەوی دیکەش رەوتی توندئاژۆ و مرۆڤکوژی سونەی داعەشە. دیارە ئەلقاعیدە و تاڵەبان و چەند تاقمی کۆنەپەرستی دیکەش لە ناوچەدا هەن کە بە پێی قەبارەی خۆیان کاریگەریان لە سەر رووداوەکان دا هەیە.

*- هەڵومەرجی ئێستای کوردستان چوون هەلدەسەنگینی؟

ئەگەر بێینە سەر بارودۆخی کوردستان ناچارین بە جیا باسیان بکەین، چونکە لە ژێر کاریگەریی ئەو وڵاتەدا بوون کە داگیریان کردووە.
رۆژهەڵاتی کوردستان لانی کەم لە هاتنە سەرکاری حکوومەتی "سەفەوی " یەوە واتە چوار سەد ساڵە بەشێکە لە ئێران. لە سەرتاسەری ئەو ماوەدا جگە لە راپەڕینی"خانی لەپزێڕین" لە لای ورمێ لە دەرورەی سەفەوی دا کە زوو سەرکوت کرا و راپەڕێنی شێخ عوبیدولای نەهری و سمایل خانی سمکۆ کە زیاتر باری عەشیرەتیان هەبوو تا ناسیونالیستی و یازدە مانگ کوماری کوردستان، کورد هەمیشە لە باری سیاسییەوە ژێر چەپۆکە بووە، ئەگەریش ئەمارەتیش هەبووبێ وەکوو ئەمارەتی ئەردەڵان، کە هێندێک دەسەڵاتی نێوخۆییان هەبووبێ، لە راستیدا ملکەچی حکوومەتی ناوەندی بوون. لە باری زمانەوە کورد بە زمانی خۆی دوواوە و لە کولتوری نەتەویی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. لەو بارەوە گوشارێکی ئەوتۆی لەسەر نەبووە، تەنیا لە دەورەی رەزا شادا بوو کە دەیەویست جل و بەرگی خەڵک یەکسان بکا. ئەو سیاسەتە خەلکی کوردیشی گرتەوە کە لە هێندێک جێ بەربەرەکانێشی لەبەرامبەر دا کرا. لە دەورەی پەهلەویەکاندا بە قوتابیی فێرگەکان دەگوترا دەبێ لەسەر کەلاس بە فارسی بدوێن، بەڵام لە سەرانسەری ئەو چوارسەد ساڵەدا ئیجازە نەدراوە کورد بە زمانی زگماکیی خۆی بخوێنێ، لە گەڵ ئەوەش لە موکوریان لە پێشدا شاعیرانی بەناوبانگی وەکوو "وەفایی" و "ئەدەب" ودواییش "سیفولقوزات" و "هێمن" و" هەژار" و زۆر شاعیر و ئەدیبی تر بێ ئەوەی لە قوتابخانە فێری کوردی ببن (کە نەبوو) خۆیان بە نووسینی پەخشان و شێعری بەرز زمانی کوردیان دەوڵەمەند کرد. لە دەورەی کۆماردا پێشوا قازی محەمەد و هێندێک لە سەرانی حیزب هانی شاعیران و ئەدیبانیان دەدا بۆ پەرەپێدانی زمان و کولتوری کوردی و هێندێک رۆژنامەو گۆڤار چاپ بوون. لە دەورەی حەمەرەزا شادا رۆژنامەیەک بەناوی کوردستان بڵاو دەبۆوە کە نەدهاتە کوردستان و باری پڕوپاگەندە کردنی بۆ ریژیم هەبوو، لەگەڵ ئەوەش هێندێک شاعیر و نووسەر شێعر و وتاری بە پێزیان تێدا دەنووسی کە لە گەڵ بەرنامەکانی رادیۆ کرماشان بۆ فێربوونی خویندن و نووسینی زمانی کوردی لە نێوان ئەو کەسانەی حەزیان لێ بوو، کاریگەری هەبوو.

گەڵی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەورەی کۆماری ئیسلامیی ئیراندا. کوردەکانیش وەکوو هەموو گەلانی ئێران و چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی وڵات و رووناکبیران لە رووخانی ریژیمی دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆی حەمەڕەزا شادا نەخشی هەبوو، بەو هیوایەی حکوومەتێکی دیموکرات جێی بگرێتەوە کە مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد بسەلمێنێ و دێموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دابین بکا. بە داخەوە چاوەروانیەکە لەجێی خویدا نەبوو وریژیمێک جێی گرتەوە کە دیکتاتۆڕتر وکۆنەپەرست تر لە ریژیمی شا بوو، کە نەک تەنیا ئازادیخوازان و بەرەی چەپ و عەداڵەتخوازی لە هەموو ئێران دا سەرکوت کرد، بەڵکوو شەڕێکی زاڵمانەی بە سەر گەلی کوردستاندا سەپاند. هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە پێشیانەوە حیزبی دیموکڕات ناچار بوون بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش دەست بدەنە چەک و لە بەرامبەر رێژیمدا راوەستن. دیارە ئەوە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە خەبات لە کوردستان دا قەتیس مابوو. رێژیم لە پێشدا لەبەرامبەر قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگە دا دۆش دامابوو، بەڵام بەو هەموو سەروەت و سامان و چەک و تەقەمەنی کە لە ریژیمی پێشوو بۆی بەجێ مابوو و خەڵکیکی زۆر و زەوندی ساویلکەی دەمارگرژ بەتایبەت شیعە مەزهەبی بە ناوی پاسدار و بەسیجی هێنابووە مەیدان و پیی گوتبوون بۆ شەڕی کافران دەچن و ئەگەر سەرکەون کافرانتان لەبەین بردووە و ئەگەریش بمرن یەکسەر دەچنە بەهەشت. پێشمەرگە چەند ساڵ بە باشی لە ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان بەرگری کرد، دوایی ناچار بە پاشەکشە بوو، هەرچەند هێشتاش بە تەواوەتی مەیدانی بۆ ریژیم چۆڵ نەکردوە. رژیم لەو ماوەدا هێندێک کاری ئاوەدانیی وەکوو ناوچەکانی دیکە لە کوردستاندا کردووە، چەند رادیو و تەلەفزیونی کوردیی لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان وەڕێ خستووە، ئیجازەی داوە هێندێک کتێبی مێژوو و شێعرو ئەدەبیاتی کوردی چاپ ببێ، خەڵکی ساویلکەی بە ناوی بەسیج کڕیوە و چەکی داونێ و مووچەی بۆ بڕیونەوە و بەو هۆیەوە لە نێو توێژێکی خەڵکی کوردستان دا نفووزی کردووە و کاری پێشمەرگە بە زەحمەت بووە. دیارە هەرچەند ریژیم بە هۆی تیرۆرەکانی لە وڵاتانی ئوروپایی هێندێک جار وەبەر تووڕەيی ئەو وڵاتانە کەوتووە، دوایی پێوەندیەکان بۆخاتری بەرژەوەندیی مادی و بازرگانی چاک بۆتەوە. چەند ساڵ لەوەپێش رۆژئاوا کە بۆی دەرکەوت ریژیمی کۆماری ئیسلامی خەریکی دروستکردنی بۆمبی ناوەکییە، لە ژێر فشاری ئەمریکا و ئیسڕائیل دا هێندیک گەمارۆیان خستە سەر ئێران، بەڵام رووس و چین و هێندێک لە وڵاتانی موسوڵمان بەو گەمارۆیە پابەند نەبوون، بۆیە ئێران زۆر زیانی بەرنەکەوت. لەم ئاخرانەدا بە ئیمزاکردنی" بەرجام " گەمارۆکانی لەسەرهەڵگیرا، بەڵام بەهاتنەسەرکاری تڕامپ لە ئەمریکا خەریکە بەرجام گڵۆڵەی دەکەویتە لێژی.

راستە فاکتۆری دەرەکی کاریگەریی هەیە، بەڵام گرنگ هۆکاری ناوخۆییە. کۆماری ئیسلامی سیستمی سەرمایەداریە، ئەویش سەرمایەداریەکی دواکەوتوو کە لە حاستی سەرمایەداریی جیهانیدا نیە، ئاخوندەکان و فەرماندەرانی سوپای پاسداران و بەسیج دەستیان بە سەرسەروەت و سامانی وڵاتدا گرتووە، جیاوازیی چینایەتی لە جاران زیاتر بووە. تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان لە دەەورەی شا زۆرزیاترە، لە گەڵ ئەوەی ریژیم ساڵانە سەدان کەس بەناوی قاچاخچیی مادەی هۆشبەر ئیعدام دەکا، بەڵام بۆی چارە ناکرێ، چونکە توند وتیژی بۆ بنبڕکردنی ئەو بەڵا کۆمەڵایەتییە تەنیا رێگە چارە نیە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی لاوەکان لە بزووتنەوەی کوردستان دووربخەنەوە، کاربەدەستانی ریژیم دەستیان هەیە لە پەرەپێدانی ئەو بەڵایە، تەنانەت باشووری کوردستانیش کە لەوبارەوە هەمیشە خاوێن بووە، ئێستا ئەو بەڵایە رووی تێکردووە و بە چاوپۆشیی هێندێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم لە هێندێک قاچاخچی و حوکمی کەمی دادگاکانی باشووری کوردستان بۆ قاچاخچیانی مادەی هۆشبەر، بەداخەوە لەوێش رۆژبەرۆژ مادەی هۆشبەر لە پەرەسەندن دایە. لەشفرۆشی کە هۆیەکەی زیاتر هەژارییە لەدەوری شا زیاتر بووە، دزی و تەنانەت دزیی چەکدارانە زۆر بووە، بەرتیل خواردن هەر بە حیساب نایەت و زۆر نەخۆشیی کۆمەڵایەتیی تر. سەرباری هەموو ئەوانە دیکتاتۆریی مەزهەبیی بێ ئەمانی ٣٨ ساڵە پرزەی لە خەڵک بڕیوە، گەڵانی ئێران هیچ مافێکیان نیە، ژنان لە هەموو بارێکەوە بە نیوەی پیاو بە حیساب دێن، کرێکاران ژیانیان بە کولەمەرگی دەگوزەرێ، زۆر لە جوتیاران لە بەر بێ ئاوی زەویەکانیان جێ دێڵن و بەشێکیان دەچنە ریزی لەشکری بێکارانەوە.

پرسیاێک ئەوەیە کە ئایا وتووێژلە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا ئەنجامی بووە و هەیە؟ و ئایاخەباتی چەکداری کاریگەری ماوە؟ و خەباتی مەدەنی لە چ بارودۆخێکدایە؟ و دروشمی رووخانی ریژیم لە جێی خویدایە؟

وتووێژ و دانوستاندن؟

من لێرە دا بۆچوونی خۆم دەڵێم، ئەگەر هەڵە بم، پێمخۆشە هەڵەکەم راست کرێتەوە. لە کۆنەوە گوتوویانە وتوووێژ بەشێکە لە خەبات، بەڵام کۆماری ئیسلامی تەنیا لەشەڕی سێ مانگەدا تا رادەیەک ملی بۆ وتووویژی راستەقینە راکێشا، ئەوەش هۆیەکەی قارەمانەتی پێشمەرگە و تەنگ پێهەڵچنینی هێزەکانی ریژیم بوو، بۆیە خومەینی جامی ژەهری کوردستانی خواردەوە و داوای ئاشتی کرد و چەند کۆڕی نوێنەرایەتیان بۆ کوردستان بەڕێ کرد. لە مەزهەبی شێعەدا ئەسڵێک هەیە بە ناوی"تەقیە" ئەوێش ئەوەیە کە لەکاتی تەنگانەدا بیرو بۆچوونی خۆت بشارەوە و تەنانەت درۆش بکا بۆ ئەوەی بپارێزرێی. خومەینی لەو پەیامەیدا ئەسڵی تەقیەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هێزەکانی ببووژێنەوە و سەر لە نوێ هێرش بکەنەوە سەر کوردستان. ئەو کۆڕانەش کە دەهاتنە کوردستان یەکەم لە لایەن دەوڵەتی بازرگان و دوایی" بنی سەدر" ەوە دەهاتن نەک لە لایەن خومەینیەوە، بۆیە دەسەڵاتیان نەدەدرایە و دووهەم جگە لە زیندوویاد" داریوش فڕوهەڕ" ئەوانی دیکە نیەتیان بەرامبەر بە بزووتنەوەی کورد باش نەبوو، دوای ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێران کە خۆی لە بزووتنەوەی کورد بەبەهیزتر زانی، قەت وتوووێژی راستەقینەی نەکردووە و هەروەکوو لە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵا قادری ئازەر دا دیتمان تەنیا مەبەستی بەجێهێنانی وەسیەتەکەی خومەینی بوو کە کاتی خۆی دکتور قاسملوو و مامۆستا شێخ عیزەدینی بە " مفسد فی الارض " ناو بردبوو. من خۆم شاهیدی بە ناو وتوووێژێکی ترم کە مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە و شەهید کەریم عەلیار و کاک حەسەن ئەیوب زادە (مامۆستا گۆران) چوونە ئالان و لە هاتنەوەدا گوتیان ئەوانە بۆ وتووویژ نەهاتوون، بۆبەردانی چەند ئەسیریان کە لای حیزبن هاتبوون.

پێشمەرگە و خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان

ئەگەر باسی خەباتی چەکداری بکەین دەبێ ئەو راستیەمان لەبەر چاو بێ کە ئەوە بزووتنەوەی کوردستان نەبوو خەباتی چەکداریی لە نێو خەباتەکاندا هەڵبژارد، بەڵکوو ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە خەباتی چەکداریی بەسەر بزووتنەوەی کوردستاندا داسەپاند. حیزبی توودە و چریکی ئەکسەریەت و گرووهی حەوت کەسیی جیابۆوە لە حیزب پیان وابوو نابێ بە هیچ جۆریک چەک دژی کۆماری ئیسلامی بێتە گۆڕێ، خۆیان کە دژی چەک بوون بە حاسانی کەوتنە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ریژیم، ئەوەی بەردەست کەوت گیران و زۆریان ئیعدام کران، ئەوانەی دیکەش پەرتەوازەی وڵاتان بوون یان بە پەشیمان نامەیەک لە مردن رزگاریان بوو. بە باوەری من بزووتنەوەی کورد لەو قۆناغەدا جگە لە بەرگری لە خۆی ئەویش بە چەک چارەیەکی نەبوو. حیزبی دیموکڕات لە هەموو کاتێکیش دا خەباتی مەدەنیی ئەگەر ئیمکانی هەبێ هاوڕی لەگەڵ خەباتی چەکداری بە زەروورەتێک زانیوە. ئێستا خەباتی گەلانی ئێران بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی، خەباتی کرێکاران بۆ پێکهێنان و بەرەسمی ناسینی یەکیتی کرێکاران، خەباتی جوتیاران بۆ نەهێشتنی سووروساتی پاشماوەی دەرەبەگایەتی، خەباتی ژنان بۆ بەرانبەری لەگەڵ پیاوان و خەباتی لایەنەکانی پاراستنی ژینگە... ئەو جۆرە خەباتانەن کە دەبێ پشتگیری بکرێن، لە گەڵ ئەوەش تا ئەو ریژیمە سەرەرۆ و کۆنەپەرستە لەسەرکارە نابێ پێشمەرگە چەک دابنێ.

دروشمی روخانی ریژیم

لەسەر دروشمی رووخانی رژیم ئەوانەی کە دەڵێن حیزبی دیمۆکڕات حیزبێکی ناوچەییە و نابێ دروشمی وابدا و ناتوانێ رژیم برووخێنیێ لۆژیکی تێدایە، بەڵام بزانیین بۆچی حیزب ئەو دروشمەی هەڵگرت. بزووتنەوەی کوردستان لە کاتی خویدا بە دڵی ئاواڵەوە بە پێشوازی ئەو داوا درۆیەی خومەینیەوە چوو و ئاگربەستی راگرت و حیزبی دیمۆکڕات یان لەگەڵ لایەنەکانی تر یان بە تەنیا چەندین جارکۆری نوینەرایەتیی ناردە لای خومەینی و بازرگان و بەنی سەدر و پیی راگەیاندن کە بزووتنەوەی کوردستان خوازیاری شەڕ نیە و دەیەوی لەرێی ئاشتیەوە بە مافەکانی بگا. بەڵام ئەوانەی کە ئەو دەورەیان لەبیرە دەزانن کە رژیم ئاشتیی نەدەویست و تەنیا دەیویست پێشمەرگە چەک دابنێ و بە حاسانی وەک هیندێک حیزب ورێکخراو دەستبەسەریان کا و لانی کەم بەرپرسەکانیان ئیعدام بکا. دوایی کەوتە کوشتاری گوندەکانی دەوروبەری مەهاباد و میاندواو و نەغەدە و کوردستانی سەرو و سەدان کەس قەتلووعام کران و دەستی کرد بە ڕەشبگیری و سەدان کەس لە خەڵکی بێدیفاع ئیعدام کران. شارەکانی سنە و مهاباد و پاوە و مەریوان و سەقز و بانە... بۆمباران و گولە باران کران و سەدان کەس گیانیان لە دەست دا، ئا لەو حاڵەدا ریژیم هیچ ریگەیەکی بۆ بزووتنەوەی کوردستان نەهێشتەوە جگە لەوەی دروشمی رووخانی ریژیم بدا. دیارە زۆر حیزب و رێکخراو با بە قەبارەش وەک بزووتنەوەی کوردستان گەورە نەبووبن هەر ئەو دروشمەیان هەڵگرت. ئێستا راستە کە رژیم بە تەنیا بە حیزبی دیمۆکڕات نارووخێ، بەڵام نارەزایەتێکی زۆر لە نێو نەتەوەکانی ئێران و زەحمەتکیشان و رووناکبیران دا دەبینرێ کە جێی هیوایە بۆ دووارۆژ.

b_525_290_16777215_00_images_WTOWEZH-CHAWPEKAUTN_hashm_karimi.jpgبایكۆتی هەڵبژاردنەکان لە ئێران؟

لە بارەی هەلبژاردنەوە، ئەوە راستیەکە کە کەس ناتوانێ نکوولی لێ بکا. لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا هەڵبژاردن گاڵتەکردنە بە هەست و شعووری خەڵک. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە بنەڕەتدا حیزبایەتی لەگۆڕیدا نەبووە و نیە. لە ماوەی ئەو ٣٨ ساڵە دا لە پێشدا حیزبی جمهوریی ئیسلامی کە حیزبی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانی ریژیم بوو، تێکۆشانی هەبوو، کە خومەینی هەڵیوەشاند، دوای ئەوەش یەکدوو وردە حیزب کە خۆیان بەلایەنگری رەفسەنجانی یان باڵی بە ناو ئیسلاح خواز ناودەبەن (کە ئەوانێش گەرانەوە بۆ دەورەی زێڕینی ئیمامیان مەبەستە) لە کاتی هەلبژاردنەکاندا جموجۆڵێکیان هەیە و تەواو. کاتێک هیچ حیزبێک کە دژی ویلایەتی فەقیە بێ ئیجازەی هیچ جۆرە تێکۆشانێکی نەبێ، کاتێک تەواوی حیزب و رێکخراوەکان کە تەنانەت لە دەورەی دیکتاتۆریی حەمەرەزا شادا بە نهێنی تێکۆشانیان هەبوو سەرکوت کراون و ئەندامانیان یان ئیعدام کراون یان ئاوارەی هەندەران بوون، ئیتر قسەکردن لە هەڵبژاردن جگە لە فریودانی خەلک شتێکی تر نیە. لە ئاخرین دەوەرەی هەلبژاردندا شەش لایەنی حیزبەکانی کوردستان بە دروستی بایکوتیان کرد، بەڵام بە داخەوە کەسانێک کە خۆیان بە ئوپوزسیون دەناسێنن، خەڵکیان هاندەدا بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا. لە دەرەوەی وڵات زۆرتری ئەو کەسانەی لەبەر دەرکی باڵوێزخانە و کونسولگەریەکاندا دەبینران ئەو کەسانە بوون کە کاتی هاتنە دەرەوە گوتبوویان لەدەست ریژیمێکی جینایەتکار رامانکردووە و نامەی پشتراستکردنەوی (تائیدیە) حیزبێکیان وەردەگرت و دوای وەرگیران وەک پنابەری سیاسی و دوای چەند ساڵ دەبوونە سیتیزینی (هاووڵاتی) ئەو وڵاتە، ئەمجارە بیری نیشتمانیان دەکەوتە سەر و دەچوونەوە و هەموو ساڵێک گەرمێن و کوێستان دەکەن. ئەگەرێش لیان دەپرسی بۆ بەشداریی هەڵبژاردنت کرد؟ دەڵێن ئەگەر نەچین بۆ هەڵبژاردن و مۆر لە ناسنامەکەمان نەدرێ گیرو گرفتمان بۆ ساز دەبی، لەو لاشەوە رۆحانی بەڵێنی بە نەتەوەکان و ژنان دا کە مافی ئەوان لەبەر چاو بگرێ، بەڵام دیتمان چلۆن درۆی لەگەڵ کردن.

تیرۆریزم بە گشتی و تیرۆزیزمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی رێبەرانی کورد)؟

لە بارەی تیروریزم لە کۆماری ئیسلامیی ئیران دا پرسیار کراوە، لە راستیدا دوای رووخانی رەزاشا و هاتنەسەرکاری حەمەرەزا شا کەشێکی تا رادەیەک ئازاد لە ئێران دا پێک هات کە زۆر حیزب و رێکخراو تێکۆشانیان دەست پێکرد. یەک لەوان رێکخراوی "فیدائیانی ئیسلام" بوو. ئەم ریکخراوە کۆپییەک بوولە "ئەخەوان المسلمین" ی میسر کە رێکخراوێکی بن ئاژۆ بوو. جیاوزیان تەنیا لە خەلافەت و ئیمامەت دا بوو. یەکەم کاری تیروریستیی فیدائیانی ئیسلام لە سەر نووسینێکی خومەینی بوو کە موسڵمانانی هان دابوو بۆ کوشتنی " ئەحمەد کەسرەوی " مێژوونووسی ناودار کە دژی شێعە کتێبی نووسیبوو. فیدائیانی ئیسلام کە رێبەری مەعنەویان "ئایەتوڵا کاشانی" و رێبەری سیاسیان "نەواب سەفەوی" بوو، لە نێو وەزاڕەتخانەی دادگوستەری دا "کەسرەوی" و دەفتەردارەکەیان کوشت. دوایی لە ئاخرەکانی بیستەکان و سەرەتاکانی سیەکانی هەتاویدا دوو سەروک وەزیرانی ئێران و چەند کەسی دیکەشیان تیرۆر کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی" ئایەتوڵا کاشانی" یان لە پشت بوو، سەزا نەدەدران. "ئایەتوڵا کاشانی" ئەوکاتە هەم دەرباری حەمەڕەزاشا حیسابی لەسەر دەکرد و هەم لەبەرئەوەی ئەو کات هاوکاریی "دوکتور موسەدیق" و "جەبهەی میللی" دەکرد، (دوایی بایداوە و بووە هاوکاری شا و دەوڵەتی کودەتا) دەسەڵاتێکی رەهای هەبوو، بۆیە دادگاکان نەیانتوانی بکوژە فیدایەکان سەزا بدەن. لە چلەکانی زاینیدا بە فەرمانی خومەینی ناوی "فیدائیانی ئیسلام" بوو بە "هەیئەتهای موئتەلیفەی ئیسلامی" و لە ١٣٤٣ی هەتاویدا" حسەینعەلی مەنسوور" سەروک وەزیرانی ئەوکاتیان تیرۆر کرد. هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران گڕوتینێکی بە تیرورێزم دا. پێش ئەوەی بچمە سەر کارە تیروریستیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەیەک بە لایەنەکەی تری تیروریزم بە کورتی بە پێویست دەزانم. "ئەخوان الموسلمین" کە نوینەری باڵی توند ئاژۆی سونە بوو لە میسر، چەند کەسی تیرۆر کرد، بەڵام کاتێک کە تەقەیان لە "جەمال عەبدوناسر" سەروک کۆماری ئەوکاتی میسر کرد، کەوتنە بەر پەلاماری پۆلیسی میسر و لە وڵاتانی ئیسلامیدا بڵاو بوونەوە، بە تایبەت لە پاکستان پشتیوانیی هێندێک لە سەرەک کۆمار و فەرماندەرانی نیزامیشیان لە پشت بوو. لە شەڕی ئەفغانستاندا بە گەلەکۆمەکێی ئەمریکا و پاکستان و عەڕەبستانی سعوودی توانرا حکوومەتی تا رادیەک دیمۆکڕاتیکی "دوکتور نەجیبوڵا" بڕووخێنن و سوپای سۆڤیەت لە ئەفغانستان دەرپەڕێنن و ئەمە سەرهەڵدانی دوو رێکخراوی تیروریستی تاڵەبان و ئەلقاعیدەی لێ کەوەتەوە، کە دوایی هەر دووکیان مەترسیان بۆ بەرژوەندیەکانی ئەمریکا پێک هێنا، کە گرنگترینیان تەقاندنەوەی بورجەکانی نیۆیورک و وەزاڕەتی بەرگریی ئەمریکا لە ٢٠٠١ی زاینیدا بوو. لەم ساڵانەی دواییەش دا "داعەش" و "بووکوحەرام" لە نیجریە و" ئەلشباب " لە سومالی و چەندین تاقم و دەستەی تیروریستی دیکە لە پاکستان وسووریە و عێراق و یەمەن پەیدا بوون کە هەر لەسەر ئیدەئولۆژیی تاڵەبان و ئەلقاعیدەن.

دیارە تاقمە تیرۆریستە ئیسلامییەکان تەنیا لە وڵاتانی موسڵماندا تێکۆشانیان نیە، بەڵکوو ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ئوروپایی شانەی نووستوویان هەیە و بەیناوبەین زەبری خۆیان دەوەشێنن. پۆلیسی ئەو وڵاتانە زۆر لەو تیرۆریستانە دەناسن، بەڵام بە وتەی خۆیان قانوونی وڵاتەکەیان ئیجازەیان پێ نادات بیانگرن و تا لادەکەنەوە، ئەوان دەستی خۆیان وەشاندووە. لە ئاخرین راپۆرتی پۆلیسی بریتانیادا دەردەکەوێ کە ٥٠ هەزار کەسی توندئاژۆ و فاندومینتاڵی ئیسلامی لە ئوروپا دەژین کە ٣٥ هەزاریان تەنیا لە بریتانیا ژیان بەسە دەبەن. ئەوەش بەوهۆیەوەیە کە بریتانیا لە کۆنەوە بۆ پاراستنی بەرژوەندیە مادیەکانی خۆی لە گەڵ وڵاتانی ئیسڵامی پێوەندیی باشی هەیە و حاسانکاری دەکا بۆ وەرگرتنی پەنابەر لەو وڵاتانە.

کۆماری ئیسلامی لە چوار بواردا دەستی دایە تێرۆر.

یەکەم لە نێوخۆی وڵاتدا بێجگە لە کوشتن و ئیعدام کردنی چندین هەزار کەس لە کوردستان و ناوچەکانی دیکە ی ئێران، لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ١٩٨٨ی زاینی چەندین هەزار کەسیشی لە زیندانیانی سیاسی کە زۆریان دەورەی زیندانیان تەواو ببوو، بە نهینی قەتڵووعام کرد. بەوشەوە نەوەستا و چەندین نووسەرو شاعیری پێشکەوتنخواز و هەروەها کەسایەتیی سیاسی "داریوشی فروهەر" و هاوسەرەکەی "پەروانە ئەسکەندەری" ی تیرۆر کرد کە ئەو تیرۆرانە بە " کوشتنە زنجیرەیەکان" بەناوبانگە و پیلانی بۆ کوشتنی پتر لە چل کەس شاعیرو و نووسەر و هونەرمەند کە بۆ ئەرمەنستان دەعوەت کرابوون، داڕشت کە بەخۆشیەوە و بەهەڵکەوەت پیلانەکە پووچەڵ کرایەوە و ئەو چل کەسە لە مردن رزگاریان بوو، دوایی ریژیم گوتی کە مەئمورانی ئەمنیەتی سەربەخۆ ئەو کارانەیان کردووە و سی کەسیان گرتن و یەکیان کە مۆرەی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی فەرماندەرانی تیرۆرەکان و ئەو پیلانە ئاشکرا نەبن لە زیندان دا دەرمانیان دایە و کوشتیان و دووانەکەی تریش یەک دووساڵ زیندان بوون و ئازاد کران.

دووهەم لەو کاتەی کە هەریمی کوردستان تازە دامەزرابوو و وەزعی ئابووری خەڵک خراپ بوو و سنوورەکانیش ئاواڵە بوون کەمێک بە وەسیلەی کوردانی خۆفروشی رۆژهەڵاتی کوردستان و پتر بە هۆی کوردانی خۆفرۆشی باشووری کوردستان نزیکەی چوار سەد کەس کادر و پێشمەرگە ی حیزبی دیموکڕات و کۆمەڵە و خەبات و شۆڕشگێران و حێزبەکانی دیکەی ئوپوزسیۆنیان تیرۆر کرد. حکوومەتی هەریم نەیویست یان نەیتوانی تیروریستەکان بگرێ و بەسەزایان بگەینێ.

سێهەم لە وڵاتانی ئوروپا و خەلیج و تورکیە و پاکستان و جێی تر پتر لە سەد کەسایەتیی ئوپوزسیونی تیرۆر کرد کە بەناوبانگترینیان بریتی بوون لە زیندوو یادان دکتور قاسملوو، دکتور شەرەفکەندی، عەبدوڵا قادری ئازەر، فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان، نوری دیهکوردی، عەلی کاشفپوور، تاها کرمانج، دکتور رەجەوی، دکتور بەختیار، خەنمی عیفەت قازی، دکتوربرومەند، بەهمەن جوادی، فەرەیدون فروخزاد......

چوارەم کۆماری ئیسلامیی ئیران یارمەتی بە دوو تاقمی تیروریستیی حیزبوڵای لوبنان و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین دا کە بنکە نیزامیەکانی ئەمریکا و فەڕانسە لە لوبنان و هەروەها ناوەندی جووەکانی ئارژانتین بتەقێننەوە و سەدان کەس بکوژن و هەروەها لە چەند جێگە ی تر دژی کەسانی ئەمریکایی و ئیسڕائیلی کاری تیروریستی ئەنجام بدەن.

نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئیران و کورد

چۆنیەتیی خەباتی گەلانی بندەستی ئێران لە چ ئاستێکدایە ؟ و پێوەندیان لەگەڵ گەلی کورد چۆنە؟ بۆچوونی حیزب و رێکخراوەکانی ئوپوزسیونی ئێران بەرامبەر بە کێشەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات و بزووتنەوەی کورد چۆنە؟ لە راستیدا نەتەوەی تورکی ئازربایجان لە کۆنەوە شەریکە بەشی حوکمداریی ئێران بوون. ٣ بەش لە ٤ بەشی هەموو ئەو حکوومەتانەی دوای ئیسلام لە ئێران دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە، تورک بوون، کەوابوو ئەوان لە باری سیاسی و ئابوورییەوە ژێردەستە نەبوون، بەڵام ئەوانیش لە سەرتاسەری مێژووی ئێران دا نەیانتوانیوە بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن و بنووسن و خزمەتی زمانی فارسیان کردووە، بۆیە لەو بارەوە وەکوو هەموو گەلانی دیکەی ئێران چەوساوە بوون. گەلانی عەڕەب و بەلووچ و تورکمەن و لوڕ....هەم لە باری سیاسی و ئابووری و هەم لە باری زمان و کولتورەوە وەکوو گەلی کورد ژێر چەپۆکە بوون. چەند سال پێش ئێستا حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران لە گەڵ چەند حیزب لە نەتەوەکانی دیکە شێوە بەرەیەکی پێک هێنا کە تا ئێستا تێکۆشانی زۆر بەرچاو نەبووە، لەبەرئەوەی بە داخەوە خەبات و بەربەرەکانێ لە نێو گەلانی دیکە جگە لە گەلی کورد دا لاوازە. حیزبەکانی ئوپۆزسیۆن بە چوار لایەن دابەش دەبن.

یەکەم لایەنگرانی شای رووخاو و کوڕەکەی کە ئێستاش بە شازادە ناوی دەبەن و لایەنیک هاوشێوەی ئەوان کە پشتیوانی لە پاددشایی مەشرووتە دەکەن، بەڵام رەخنەیان لە کوڕی شا هەیە. ئەمانە لایەنگری بێ ئەملاوو ئەولای "ئەواوەتیی ئەرزیی ئێران" ن، هەروەکوو پەهلەویەکان لە ماوەی پەنجا ساڵ پاشایەتیدا تەنانەت قانوونی بنەڕەتیی ئێرانی دەورەی مەشروتە کە باسی " ئەیالەت و ولایەت" ی دەکرد پشتگوێ خست.

لایەنێ دووەم "جەبهەی میللی" و هاوفیکرانی ئەم بەرەیەن. کاتی خۆی "دکتورموسەدیق" سەرۆک وەزیرانی سەرەتاکانی ساڵەکانی سی کە پیاوێکی نیشتمانپەروەر و رێبەری "جبهە میڵڵی" بوو و دەیەویست دیموکڕاسی لە ئێراندا بێنێتە گۆڕی، لەگەڵ ئەوەش دژی ناناوەندی بوو، جا لایەنگرانی ناوبراو ئێستاش هەر بەو بۆچوونە دەڕواننە مافی گەلانی چەوساوەی ئێران.

لایەنی سیهەم "موجاهیدینی خەڵق"ن کە کاتی خۆی لە شوڕای موقاومەتی بەرگریدا خودموختارییان بۆ گەلی کورد پەسەند کرد، بەڵام کاتێک "حدک رێبەرایەتیی شۆڕشگێر" لە کونگرەی خۆیدا باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کرد، ئەوان رەخنەیان گرت. پیم وایە ئێستاش لایەنگری خودموختارین.

لایەنی چوارەم هێزە چەپەکانن. ئەوان لە ئەدەبیاتی خویاندا باسی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلانی ئێران دەکەن، بەڵام بە بیانووی ئەوە کە جارێ زەرەر بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەدا، بە رۆشنی ناڵین کە لەگەڵ جیابوونەوەی گەلانی چەوساوەی ئێران نین. حیزبە دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان کە خۆیان بە نوێنەری بزووتنەوەی کورد دەزانن، هەرچەند بە زۆربە پیانخۆشە رۆژێک نەتەوەی کورد دەوڵەتی خۆی هەبێ، بەڵام ئەوانیش بەهەرهۆیەک ئەو ئارەزوەی خۆیان نادرکێنن. لەو نێوە دا کەسانێکی ئازا و لەخۆبووردووی وەکوو" دکتور ئیسماعیل بێشکچی" لە نێو گەلانی فارس و عەڕەب و تورک دا پەیدا دەبن کە بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆربەی هاوزمانەکانیان دەچنە زیندان، بەڵام لە جیابوونەوەی گەلی کورد بەرگری دەکەن.

باکوور و رۆژئاوایی کوردستان؟

باکووری کوردستان. پێش مەلا ئیدریسی بیتلیسی دوانزدە ئەمارەتی تارادەیەک سەربەخۆ لە وڵاتی عوسمانی دا هەبوون وتەنیا پێوەندیەکی لاوازیان لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی هەبوو و جارو بار هێندێک باج و خەڕاجیان دەدایە. مەلا ئیدریس لە بەر دەمارگرژیی سونەبوون و بە دژایەتی لە گەڵ شا ئیسماعیلی سەفەوی کە دەیویست خەڵکی ناوچەکە بکاتە شێعە، هەموویانی خستە ژێر ئاڵای خەلافەتی عوسمانی و لەو کاتەوە تەنیا جارێ میری جەزیرو بۆتان ویستی نەچێتە ژێرباری زوڵم و زۆری عوسمانی کە برازاکەیان لێ هەڵگێڕایەوە و ئەمارەتەکەیان سەرلەنوێ خستەوە ژێر رکێفی سوڵتان، لەگەڵ ئەوەش کوردەکانی عوسمانی زمان و کولتوری خۆیان پاراست و تەنانەت شاعیری گەورەی کورد "ئەحمەدی خانی" لە سەرەتای کتێبی مەم و زین دا کوردانی هاندەدا بۆ سەربەخۆیی. دوابەدوای ئەوە زۆربەی عەشیرەتەکانی کورد بوونە داردەستی عوسمانی بۆ سەرکوتی نارازیەکانی وڵات وەکوو ناڕەزایەتیی ئەرمنیەکان و عەلەویەکان و ئاسووریەکان و بە داخەوە لە ١٩١٥ی زایینی دا سوارەی حەمیدیە کە پتر لە عەشیرە کوردەکان پێک هاتبوون، شان بەشانی سوپای عوسمانی لە قەتڵوعامی ئەرمنیەکان دا بەشداری کرد. دوای هاتنە سەرکاری سیستمی کۆماری لە تورکیە بە سەرۆکایەتیی ئەتاتۆرک، تورکیە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی تەرخان کرد کە پەیماننامەی "سێڤر" هەڵوەشێنێتەوە، ئەو پەیماننامەی کە هێندێک ماف بۆ کوردان لەبەر چاو گیرابوو، دیارە بە یارمەتیی بریتانیا و فەڕانسە کە بەشێکی زۆری سەرزەویی پێشووی عوسمانی یان کردبووە " ژێرسەرپەرستی" ی (مەندەیت) خۆیان سەرکەوت. لە دەورەی کۆماریدا تەنانەت قسەکردن بەزمانی کوردی قەدەغەن کرا، مەگەر لە گوندکاندا یان لە نێو بنەماڵە نێشتمانپەرەرانی نیوشاردا ئەویش بە نهێنی. کوردەکان بە ئاشکرا نەیاندەوێرا بە زمانی زگماکیی خۆیان بدوێن. چەندین شۆڕشی وەکوو شۆڕشی پیران و ئاڕارات و شۆڕشی کوردانی عەلەوی خەڵتانی خوێن کران. سەدان نیشتمانپەروەری وەکوو شێخ سەعید، دوکتور فوئاد، کەمال فەوزی، فەهمی بلال ئەفەندی و سەید رەزا ئیعدام کران. لەگەڵ ئەوەش تێکۆشانی نهێنی نیشمانپەروەران و تێکۆشەرانی سیاسی کوردستان قەت نەوەستا، تاوەکوو لە ساڵی ١٩٨٤ی زاینیدا پارتی کریکارانی کوردستان شۆڕشی چەکداری لە کوردستانی باکوورهەڵگیرساند. جوغرافیای تورکیە وا هەڵکەوتووە کە هاوسنووری یەکیتی سۆڤیەتی پیشوو بووە. ئەوکات شەڕی سارد لە نێوان بەرەی رۆژ‌هەڵات بە سەرۆکایەتیی سۆڤیەت و بەرەی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە توندی لە گۆڕیدا بوو. رۆژئاوا بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ سۆڤیەت پیویستی بە پێک هێنانی هاوپیمانی لە نیوان خۆی و ئەو دەوڵەتانە دا هەبوو کە دەوروبەری سۆڤیەتیان دابوو. بۆیە تورکیە لەیەکەمینی ئەو وڵاتانەی دامەزرێنەری پەیمانی "ناتۆ" و "سینتۆ" بوو و لەوبارەوە لە هەموو یارمەتیەکی نیزامی و مادی رۆژئاوا بەهرەمەند دەبوو. هەر دەوڵەتێکیش لە تورکیەدا لەسەرکار بویایە نیزامی یان سویل و تەنانەت ئیسلامی پشتیوانیی رۆژئاوای بۆ خۆی مسۆگەر دەکرد. تورکیەش نەک تەنیا مافی گەلی کوردستان و گەلەکانی دیکەی ناتورکی پێشێل دەکرد، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە بە هۆی کودەتای نیزامی دەهاتنە سەرکار مافی سیاسی گەلی تورکیشیان پێشیل دەکرد و رۆژئاوا چاوپۆشیی لێدەکردن. ئەوە دەپانزدە ساڵە حیزبێکی ئیسلامی بە ناوی"ئاکاپە" دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتوە، ئەو حیزبە بە هۆی خەباتی بێوچانی کوردانی باکوور ناچار بوو هیندێک گوشار لەسەر کوردەکان هەڵبگرێ و ئیجازە بدا حیزبێک کە ئەندامانی پترلە کوردان پێک هاتوون بە ناوی "ها دە پ"، تێکۆشانی هەبێ و بتوانێ بچێتە پاڕلەمان. دیارە "ئاکاپە" ش دوای ئەوەی قانوونی بنەرەتیی لە پارلەمانیەوە بۆ سەرؤکایەتی گۆڕی و "ئوردوغان " بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتەکانی وڵاتی خستە ئیختیاری خۆی و لەسنوورەکانی باشووری تورکیە کوردکانی رۆژئاوا سەرکەوتنی باشیان بەسەر داعەشدا بە دەست هێنا و لە زۆربەی سنوورەکانی باشووری تورکیە دا بوونە دراوسێی تورکیە و تورکیەش "پێ یێ دێ" بە شاخەیەکی "پێ کا کا" دەناسێ، کێچی کەوتۆتە کەوڵەوە و لە کوردەکانی باكوور لە بیانووە و خەریکە دەسکەوتەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی لە گەڵ رۆژئاواش لە سەر نە‌هێشتنی بۆچوونە ناو بازاری ‌هاوبەشی ئوروپا نارازیە، ئێستا خۆی لە رووسیە نێزیک کردۆتەوە، بەڵام ناڕەزایەتی زۆرە و سیاسەتی داهاتووی ناڕوونە.

باشووری کوردستان و ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی؟

باشووری کوردستان . دوای پەیمانی زەهاو لە نێوان حکوومەتی سەفەوی و حکوومەتی عوسمانی دا، باشووری کوردستان هەر ئەو بارودۆخەی هەبوو کە باکووری کوردستان هەیبوو. تەنیا جارێک عەبدوڕەحمان پاشای بابان دژی عوسمانیەکان ئاڵای سەربەخۆێی هەڵکرد کە ئەویش دوای ماوەیەک بە پوازی نێو خۆیی فەوتا. تا شەڕی یەکەمی جیهانی ئەو هەل و مەرجە بەردەوام بوو. لەم شەڕەدا عوسمانی کە لە بەرەی"میحوەر" و هاوپێمانی ئەڵمان و ئوتریش - هەنگری و بولغارستان بوو لە بەرەی "هاوپیمانان" کە بریتی بوون لە بریتانیا و فەرانسە وئەمریکا و رووسیە و ژاپۆن و چەند وڵاتی دیکە شکستی خوارد. بریتانیا و فەڕانسە بەشێکی زۆر لە سەرزەویەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاستیان لە دەست عوسمانی دەرهێنا و کردیانن "ژێرسەرپەرستی" ی (مەندەیت) خۆیان. ئەو وڵاتەی کە ئێستا پێی دەڵێن عیراق سێ ئەیالەت بوو، بەسرە و بەغدا و موسڵ. ئەیالەتی موسڵ ٦٠٪ کورد بوون و باقیەکەی عەڕەب و تورکمان و ئاسووری و کەلدان و ئەرمەنی بوون. لە پەیمانی "سیڤر" دا بڕیار وابوو کە ویست و ئارەزووی کوردەکانی ئەیالەتی موسڵ لە بەرچاو بگیرێ یان سەربەخۆ بن یان لەگەڵ ئەیالەتەکانی بەغدا و بەسرە وڵاتێکی تازە دامەزرێنن. لەو کاتە دا شێخ مەحموودی حەفید ڕاپەڕی و داوای سەربەخۆیی کوردستانی کرد. شێخ مەحموود پیاوێکی کوردپەروەر بوو، بەڵام سیاسی نەبوو و راوێژکاری باشیشی نەبوو. جاری وابوو بە فیتی تورکەکان فریووی دەخوارد و بریتانیای لە خۆی دردۆنگ دەکرد. لەولاشەوە بریتانیا مەیلی بەوە نەبوو کە سەربەخۆیی کوردان بسەلمێنێ. هێندێک لە راوێژکارانی سیاسیی بریتانیایی کە دەهاتنە کوردستان وەکوو "میجر نوئیل" سۆزی بۆلای کوردەکان هەبوو، بەڵام زۆربەی راوێژکارەکانی بریتانیایی سیاسەتی وڵاتەکەیان پەێڕەو دەکرد و حەزیان بە سەربەخۆیی کوردان نەدەکرد، تەنانەت کەسێکی وەکوو "میجرسۆن" کە کوردیزان و کوردناس بوو و حەزی لێبوو زمانی کوردی ببووژیتەوە، دوژمنی شیخ مەحموود بوو. ئەوە لایەکی کێشەکە بوو لایەکەی تری ئەوە بوو کە جاسووسەکانی بریتانیا کە دەمێک بوو هاتووچووی میسوپوتامیا و ئێرانیان دەکرد و لە زەویناسینیش دا دەستیان هەبوو، تێگەیشتبوون کە لە کەرکووک نەوت هەیە. هەروەها بەشێکی زۆری ئاوی بەغدا و بەسرە لە کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ، جا ئێستا کە بڕیاریان دابوو دەڵەتی عێراق ساز بکەن، نەیاندەویست کوردستانی لێ هەڵبرن و بە بیانووی ئەوە کە پرسیان بە کوردەکانی بەشەکانی کوردستان کردووە و تەنیا سلێمانی خوازیاری سەربەخۆییە و کەرکووک و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و خانەقین دەیانەوی لە گەڵ دەولەتی تازەدامەزراوی عێراق بن. لەو لاشەوە کۆماری تورکیە خەلافەتە نەخۆشەکەی عوسمانی روخاندبوو و یۆنانیەکانی لە خاکی تورکیە دەرپەراندبوو، دەستی بەسەر کاناڵەکانی نێوان دەریای ڕەش و دەریای ئیژەدا گرتبوو و دەوڵەتێکی بە هیزیکی نیزامیی تۆکمەی دامەزراند بوو و رۆژئاواش بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ یەکیتی سۆڤیەتی پێشوو پێویستیی پێی بوو، بۆیە هاوپیمانان لە لۆزان پەیمانیان لە گەڵ کۆماری تورکیە ئیمزا کرد و خەتی سووریان بەسەر پەیمانی "سیڤر" دا هێنا و سەربەخۆیی کوردستانی باشووریان کردە فیدای بەرژەوەندیی ماددی و سیاسیی خۆیان. بریتانیا لە سالی ١٩٢١ی زاینی دەوڵەتی عیراقی پێک هێنا و کوڕی شەریفی مەکە واتە فەیسەڵی لە عەرەبستانەوە هێنا و کردیە پادشای عیراق. بۆ ماوەی یازدە سال واتە تا ساڵی ١٩٣٢ی زاینی عێراق " ژیر سەرپەرستی" ی (مەندەیت) بریتانیا بوو، تا سالی ١٩٥٨ی زایینی واتە شۆڕش بەهۆی عەبدولکەریم قاسم و هاوڕێکانیەوە، عیراق هەر لە ژێر نفووزی سیاسەتی بریتانیادا بوو. لەو ماوەدا تێکۆشانی سیاسی بۆ حیزبە چەپەکان و کوردەکان بە ئاشکرا قەدەغەن بوو. بەڵام تێکۆشانی نهێنی بەردەوام هەبوو. لەوماوەدا لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانی "رەشید عالی گیلانی" ویستی بە پشتیوانیی ئەڵمان کودەتا بکا، بەڵام شکستی خوارد. کوردەکانیش بێجگە لە راپەڕینی شیخ محموود و راپەڕینی بارزان، چەندین جار لە شارەکانی کوردستان خۆپێشاندانیان ساز کرد، بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٩٣٢و ١٩٥٦ی زایینی لە سلێمانی کە شەڵالی خوێن کران. عەبدولکەریم قاسم پیاوێکی نیشتمانپەروەر بوو، لە قانوونی بنەرەتیی عێراق دا ماددەیەکی بۆ مافی کوردان تەرخان کرد و بۆ ماوەی سێ ساڵ عێراق بووە لانکەی ئازادی. بەڵام دوایی گۆڕانی بەسەردا هات و شەڕی دژی کوردان دەست پێکرد و تیکۆشانی حیزبە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی بەرتەسک کرد. ئەوە بوو حیزبی بەعس بە هاوکاریی "عەبدوسەلام عارف" کودەتای ڵێکرد و قاسم و زۆر لە هەواڵەکانی کوژأران و هەزاران شیوعی و ئازادیخواز کوشتار کران.

لە ماوەی حەوت ساڵ دەسەڵاتی عەبدوسەلامەکان و بەعسیەکان بۆ یەک دوو جار نەبێ ئەویش بۆ ماوەیەکی کورت کە ئاگر بڕ کرا، شەڕ دژی بزووتنەوەی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی هەر بەردەوام بوو، ئازادیە سیاسیەکان لە هەمووعێراقدا قەدەغەن بوون. دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ کە باشووری کوردستان لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتی عوسمانی و دوایی دەسەڵاتی عێراق دا زمان و کولتوری خۆی پاراست و بە تایبەت لە ساڵەکانی ١٩٢٠ی زایینی بە دواوە زمانی کوردی بە بڵاوبوونەوەی کتێب و رۆژنامە بە تایبەت لە سلیمانی، رۆژ بەرۆژ لە گەشەسەندندا بوو. "مستەفا پاشای یامڵکی" و "پیرەمیرد" کە هەر دووکیان خەلکی سلێمانی بوون و لە پێشدا کاربەدەستی عوسمانی بوون، نەخشی بەرچاویان هەبوو. دەورەی وتووێژی نێوان بزووتنەوەی کورد و حکوومەتی بەعس دەورەیەکی خۆش بوو، ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان دا دەپارێزران، شێعر و ئەدەبیاتی کوردی باشتر بووژایەوە، زانکۆ لە کوردستان دامەزران. بەڵام هەر دوولا واتە بەعش و بزووتنەوە لە یەکتر دردۆنگ بوون. حکوومەتی بەعس زۆربەی خاڵەکانی ریکەوتنامەی ئازاری ١٩٧٠ی زاینی جێ بە جێ نەکردبوو، بزووتنەوەش پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و ئیسڕائیل نەپچراند بوو. لە ١٩٧٤ی زایینی دا شەڕ دەستی پێکردەوە و پێشمەرگە قارەمانانە بەرەنگاری سوپا و جاش بوونەوە، بەڵام رێکەوتنی ئەلجەزیرە لە نێوان حەمە رەزا شا و سەدام حسەین پشتی جەبهەی بزووتنەوەی بۆ پێشمەرگە نەهێشتەوە و مەلا مستەفا فەرمانی شەڕ نەکردنی دا و بە کورتی بزووتنەوە هەرەسی هێنا، بەڵام زۆری نەخایاند لە پێشدا کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە بەشێک بوو لە یەکیتی نیشتمانیی کوردستان بە فەرماندەری زیندوویاد شاسوار جەلال( ئارام ) و هارڕیکانی و دواییش پارتی دیموکرارت و شیوعی و سوسیالیست و پاسۆک هاتنەوە مەیدان و نەیانهێشت سەدام بە راحەتی ئەو پاروە قوت بدا. یەکێک لەو پێشمەرگانەی حیزبی سوسیالیست کە لە هەڵگیرساندنەوەی ئاگری شۆڕش دا بەشدار بوو و پێویستە لێرەدا ناوی بێنم زیندوو یاد مولازم ئەنوەری مەجید سوڵتان بوو، کە شان بە شانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکڕات لە بانە لە شەڕ لەگەڵ سوپای کۆماری ئیسلامیدا گیانی فیدای گەل و نیشتمان کرد. لەم دەورەی شەڕدا حیزبەکان هەم لەگەڵ یەکتر لە شەڕدا بوون و هەم لە گەڵ سوپای زەبەلاح و سەدان فۆجی جاش، لەگەڵ ئەوش تا ئەو کاتەی سەدام حسەین دڕندانە هەڵەبجە و گوندەکانی کوردستان و تەنانەت شاری سەردەشتی کوردستانی رۆژهەڵاتی بومبارانی شیمیایی نەکردبوو و دوو سەد هەزار خەڵکی بێدیفاعی ناوچەکانی کوردستانی ئەنفال نەکردبوو، حیزبەکان ناوچە ئازاد کراوەکانیان چۆڵ نەکرد. سەدام حسەین کە لە شەڕی لە گەڵ ئێران دا تووشی لە خۆباییبوون ببوو، ئەمجارە هێرشی کردە سەر کوویت. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەڕەبیی کە تا ئەو کاتە پشتیوانییان لێدەکرد لە خۆی رەنجاند و بە دژی راوەستا ن و لە ٢٠٠٣ی زاینی ریژیمی بەعس رووخا و جینایەتەکانی چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە.

ئێستا بە پێچەوانەی دەورەکانی پێشوو کە سونەکانی عێراق بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی وڵاتیان بەدەستەوە بوو، شێعەکان دەسەڵاتی یەکەمن لەعێراق دا. دیارە ریژیمی عێراق بە هۆی ئەو یارمەتییەی کە ئەمریکا لە رووخانی بەعسدا و هێنانە سەرکاری کاربەدەستانی ئێستا، بە رواڵەت خۆی بە قەزداری ئەمریکا دەزانێ، هەرچەند ئەوە گشتی نیە و هێندێ لە لایەنە شێعەکان وەک دوژمن چاو لە ئەمریکا دەکەن. زۆربەی حیزبە شێعەکانی عێراق بە هۆی دەمارگیریی مەزهەبییەوە سۆزیان بۆ ئێران هەیە، بەڵام لەبەر ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و زۆربەی حکوومەتە سونەکانی عەڕەب لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زەقی ئەو سۆزە پیشان نادەن. کۆماری ئیسلامی ئیران نفووزی لەڕادەبەدەری لە عیراقدا هەیە، سوپای "بدر" و سوپای "مهدی" لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دامەزراوە و مەشقیان پێکراوە. دوای سەرهەڵدانی داعەش، عێراق بە یارمەتیی کۆماری ئیسلامی "حشدی شعبی" دامەزراندووە و لە پەڕلەمانی عێراقدا وەک ئەرتەشی عێراق بەرەسمی ناسراوە، لە حاڵێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو پوانەی( ئیمتیاز) نەدراوەتێ. "موجاهیدینی خەلق " کە ساڵەها ناوندیان لە عێراقدا بوو، دوای هاتنەسەرکاری حکوومەتی شێعە گڵۆڵەیان کەوتە لێژی، لە پێشدا ئەمریکا هەموو چەک و سیلاحی لێ سەندن، بەڵام کەوتنە بەر پەلاماری تاقمە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەمجارە ئەمریکا بە رەزایەتی عێراق گوێزانیەوە بۆ نزیک بەغدا، بەڵام لەوێش کەوتنە بەر پەلامار و زەرەروزیانی گیانی زۆریان بەرکەوت، کە دیارە بێگومان ئەو کارە تیروریستیانە بە بێ ئاگاداری حکوومەتی عێراق نەدەکران. ئەمجارە دەوڵەتی"ئەلبانی" پەنابەریی دانێ و لە عیراق راگوێزران. وەزعی ئابووری عێراق زۆر خراپە و هەرچەند داهاتی چاکی نەوتی هەیە، بەڵام لەبەر گەندەڵی، ئەو داهاتە بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات بە کار نایەت. داگیرکردنی موسڵ و ناوچەکانی تری عێراق و ئەوشەڕەی بە هۆی داعەشەوە بە تووشیەوە بوو، زەرەر و زیانێکی زۆری لێدا. ئێستا سوپای عێراق بە یارمەتیی پێشمەرگە و "حشدی شەعبی" کە سەر بە ئێرانە، توانیویەتی لە چەند جێگە دا داعەش شکست بدا.

حیزبەکانی باشووری کوردستان بە تایبەت یەکیتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکڕاتی کوردستان لە دوو بەش لە سێ بەشی کوردستانی باشووردا هەڕێمیان دامەزراند کە تا رادەیەک نیمچە سەربەخۆ بوو. ئەم هەرێمە لە پێشدا بووە جێی هیوا و ئومێدی هەموو کوردان. بۆ نموونە شاعیری گەورەی کورد زیندوو یاد شێرکۆ بێکەس لە نامەیەکدا کە بۆ نووسەری ئەم وتارەی لە ١٤ - ٢ - ١٩٩٤ دا نووسیوە دەڵی: بە شانازییەوە وەزارەتی یەکەم حکوومەت باشووری کوردستانم قبووڵ کرد (وەزاڕەتی رۆشنبیری)، بەڵام دوایی لە دەست تێوەردانەکانی ئەملاو ئەولا نائومید بووم و دەستم لە کار کێشایەوە. حیزبە دەسەڵاتدارەکان چەند ساڵێک بە هۆی کەم داهاتی نەیانتوانی هەنگاوی باش بۆ ئاوادانکردنەوی کوردستان هەڵبێنن، بەڵام دوایی کە پارەی نەوت و گومرک و شتی تریان دەست کەوت، هێندێک ئاوەدانیان لە هەرێمدا دەست پێکرد و لە یەکەم هەڵبژاردن بۆ پاڕلەمان بە دانانی ٧٪ هەڵەیەکی گەورەیان کرد و پارتی و یەکیتی هەرکام لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان هێندێک ساختەکاریشیان کرد و بە فیفتی فیفتی کورسیەکانی پاڕلەمانیان لە نێوان خویاندا دابەش کرد، بەڵام دوایی کە شەڕی یەکیتی و پارتی هەڵگیرسا پارلەمانە حیزبیەکە هیچی پێ نەکرا و زۆر لە دەسکەوتەکان لەدەست چوون. لە شەڕی نیوخۆدا بزووتنەوی ئیسلامی هەلی دەست کەوت و لە هەڵەبجە و هەورامان حکوومەتی ئیسلامیی شێوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دامەزراند، بەڵام لە یەکیتی شكستی خوارد و هێندێکیان پەنایان بۆ ئێران و هێندێکیان پەنایان بۆ پارتی برد. چەند ساڵ دواتر ئەو کوردانەی چووبوونە شەڕی ئەفغانستان لەگەڵ هێندێک ناکورد گەڕانەوە و لە پێشدا بە ناوی جوندولئیسلام و دوایی بە ناوی ئەنسارولئیسلام حکوومەتێکی شێوە تاڵەبانیان لە هەورامان و بەشێک لە شارەزوور دامەزراند. دوایی یەکیتی بە پشتیوانیی هێزی هەوایی ئەمریکا شکستی دان و بەرەو ئێران پاشەکشەیان کرد.

کوردەکانی بەشەکانی دیکەش بە دامەزرانی هەرێم زۆر دڵخۆش بوون. لە سەرەتادا لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر رێزیان لێدەگیرا، بەڵام دوایی کە ئەو حیزبانە پێوەندیان لەگەڵ ئێران و تورکیە پێک هێنا، رێز و خۆشەویستی لە کزی دا و ئەو دوو ریژیمە داگیرکەرە بۆ زەربە لێدان لە حێزبە کانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باکووور سنووەریان دەبەزاند. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جێی ئەوەی کاروباری کشت و کاڵ کە خاکی کوردستان زۆر بە پیت و بەرەکەتە ببووژێنێتەوە و ئەگەر ئیمکان هەبێ لە بەشی سەنعەتیدا سەرمایەگوزاری بكا، زیاتر گرنگی دا بە بازرگانی کە خەڵکانێکی زۆر بوونە سەرمایەداری قورس و مشەخۆر و جیاوازیی چینایەتی تەنانەت لە دەورەکانی پپێشوو زیاتر بوو، قانوونەکانی هەرێم زۆربەی هەروەکوو قانوونەکانی عێراق بەڕێوە دەچێ، ژنکوشتن بە ناوێ نامووسەوە زەبری لە پرستیژی هەرێم داوە. ئیستا لە هەرێمدا پتر لە بیست کونسولخانەی لێ یە کە دەری دەخا لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە گرنگی بە هەرێم دەدرێ. خەتی هەوایی نیونەتەوەیی بۆ هەولێر و سلێمانی بە رێکوپێکی هەیە. لەسەرهەڵدانی داعەشدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی بە باشی بەرگری لە هەرێم بکا، هەرچەند لە شەنگاڵ لە بەرامبەر داعەشدا پاشەکشەی کرد و کوشتارێکی تری ئیزەدیەکانی بە دەستی داعەش مەیسەر کرد. لە گەڵ زۆر لە سەرکەوتنەکان دوو ساڵ لەوە پێش پارتی دیموکڕاتی کوردستان لە بەرناکۆکی کە لە گەڵ بزووتنەوەی گۆران هەیبوو، پاڕلەمانەکەی کە یەکێک لە مەرجەکانی دیموکڕاتبوونی هەر سیستمێکە، داخست و ئێستا کە پارتی بەپشتیوانی یەکیتی دەیانەوێ رفراندوم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ناکۆکیەکانی نێوخۆیی گیرو گرفتێکی زۆری پێک هیناوە، ئەوە جگە لەوەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەڕەشە و گوڕەشەش دەکەن.

رۆژئاوای کوردستان.

رۆژئاوای کوردستان. هەل ومەرجی ئەم بەشەی کوردستانێش تا پێش شەڕی یەکەمی جیهانی هەر وەکوو باکووری کوردستان و باشوور بوو. و لە ژێرچەپۆکەی حکوومەتی عوسمانی دا دەیناڵاند. کوردەکان لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە هیچ مافێکیان نەبوو، بەڵام زمان و کولتوری خۆیان پاراستبوو. دوای ئەوەی فەڕانسەیەکان شامیان کردە "ژێر سەرپەرستی" ی (مەندەیت) خۆیان، ئیجازەیان دا کوردەکان بە زمانی زگماکی گۆڤار و رۆژنامە بڵاو بکەنەوە. هێندێک لە بەدرخانیە رووناکبیرەکان وەکوو جەلادەدەت بەدرخان و کامران بدرخان کە لە باکووری کوردستان رایان کردبوو، گۆڤارێکیان بە زمانی کوردی کرمانجی و بە پیتی لاتین بڵاو دەکردەوە و حسەین حوزنی موکوریانیش چاپخانەیەکی لە حەڵەب دامەزراندبوو کە بە پیتی عەڕبی نووسینی کوردی بڵاو دەکردەوە، ئەوانە و لەگەڵ شاعیرانی وەکوو" قەدی جان " ، "جگەر خوین" ، "عوسمان سەبری" و " نورەدین زازا" لە پەرەپیدانی زمانی کوردی لە نێو توێژێک لە کوردان دا کاریگەرییان هەبوو. دوایی کە سوریە سەربەخۆیی بە دەست هێنا و ناسیونالیستانی عەڕەب و حیزبەکانی وەکوو حیزبی بەعس دەسەڵاتیان پەیدا کرد، جگە لەوەی بڵاوکردنەوەی گۆڤار و رۆژنامە بەزمانی کوردیان قەدەغەن کرد، رۆژئاوای کوردستانیان کردە سێ بەش" جەزیرە" ، "جیرە سپی " و"عەفرین "و لەنێوان هەر دووبەشدا زۆرتر عەڕەب و کەمێکیش تورکمانیان جێگیر کرد. دوای ئەوەی ئەمریکا و رۆژئاوا نەک بۆ خاتری ئەوەی ریژیمی بەعس دیکتاتۆرە، بەڵکوو لە بەر ئەوەی لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی رووس دایە هێرشیان کردە سەری، رووس و ئێران و حیزبوڵای لوبنان فریای کەوتن و لە رووخان رزگاریان کرد. لەم بارو دۆخەدا وەزعی ریژیمی بەشار ئەسەد تا رادەیەک ەق ولۆقە. رۆژئاوا و زۆربەی وڵاتانی سونەی سەر بە رۆژئاوا دەڵێن بەشار ئەسەد دەبێ بڕوا و شەرعیەتی نەماوە، رووس و ئێران دەڵێن مانەوەی بەشار ئەسەد پێشی زیاتر پەشێویی سووریە دەگرێ. میلیونها خەڵکی سوریە لە ترسی شەڕو کوشتار پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسی و رۆژئاوا بردوە، وەزعی ئابووری زۆر خراپە و خەڵکێکی زۆر نانی شەویان نیە بیخۆن. ئا لەم شێواویەی بارودۆخی سووریەدا گروە و تاقمی توندڕوی ئیسلامی و یەک لەوان داعەش هەریەک لە ناوچەیەک سەریان هەڵدا کە عەڕبستانی سعوودی و قەتەر و تورکیە بە چرای سەوزی ئەمریکا یارمەتیان دەدان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هیلالی شێعە. کوردەکان ئازایانە وەخۆ کەوتن و نەک تەنیا بۆ یەکەمین جار داعەشیان لە کووبانێ شکست دا و نەیانهێشت تاقمە ئیسلامیە توندئاژۆکانی دیکەش بچنە کوردستانەوە، دوایی بە یارمەتیی عەڕەب و ئاسووری و ئەرمەنیە ئازدیخوازەکان داعەشیان لە هەموو باکووری سوریە پاڵ پیوەنا، دیارە ئەمریکا کە هەوڵ و تێکۆشانی کوردەکانی رۆژئاوا بە تایبەت شەڕەوانانی "پێ یێ دێ" ی دی، هەڵوێستی گۆڕا و لە پێشدا لە رێی هەواوە یارمەتیی دان، دواییش بە پێچەوانەی ویستی تورکیە چەک و تەقەمەنی بۆ ناردن.

به‌ره‌ى کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە کە ئایا ئیمکانی بەرەی یەکگرتوو لە نێوان هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا هەیە؟ و ئایا کورد دەتوانێ گونگرەیەکی هاوبەش لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێک بێنێ و کوردی هەموو بەشەکان بۆ یەکگرتنەوەی کورد کە ئارەزووی هەموو کوردێکە یەک بخا؟ بە باوەڕی من لە دنیای سیاسەت دا هیچ نامومکینێک نیە. یەکیتی و پارتی بۆ چەندین ساڵ لە شەڕی نێوخۆیی تێوە گلابوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ی زاینیدا بارودۆخی کوردستان و عێراق و جیهان وای لیکردن کە بەرەی یەگرتوو لە نێوخۆیان و حیزبەکانی تری باشوور پێک بێنن و لە ساڵی ١٩٩١دا کە هاوپیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێرشیان کردە سەرعێراق بەشێکی زۆری باشووری کوردستان رزگار بکەن. دوو هۆکاری سەرەکی هەن بۆ پێک نەهاتنی بەری یەکگرتوو، یەکەم حیزبی دیموکڕات بۆتە دووبەش و جارێ بۆ یەکگرتنەوە هەنگاوی پێویستیان هەڵنەهێناوە و کۆمەڵەش بۆتە چەند بەش کە هەر ئەو گیرو گرفتەی حیزبی دیموکڕاتیان لە بەرە. دووهەم شەڕی حیزبی دیموکڕات و کۆمەڵە کە زەرەری ئێجگار زۆری لە بزووتنەوەی کوردستان دا، ئێستا بە خۆشیەوە هەموو لایەنەکان بە هەست بە بەرپرسایەتی ئاشتی یان لە نێو حیزب و کۆمەڵەدا پێک هێناوە ، بەڵام بە داخەوە کەسانی نابەرپرس زۆر جار لە جێی ئەوە برینەکان ساڕیژ بکەن، برینەکان دەکولێننەوە و رەنگە تا رادەیەک کاریگەریی لە سەر توێژیک لە ئەندامانی هەر دوولا هەبێ. دیارە ئەوە بەو مانا نیە کە دوور لە دەمارگرژی و هاندانی نابەجێ شەڕی کۆمەڵە و حیزب نەدرێتە بەر نەشتەری رەخنەی خوڵقێنەر، لە گەڵ ئەوەش پێکهاتنی بەرەیەکی یەکگرتوو ئەگەرنەڵیم رژیم دەڕووخێنێ، کە زۆر فاکتۆری دیکەش بۆ ئەو کێشە هەیە، بەڵام خۆ گڕوتینێک دەداتە خەڵکی کوردستان، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی باشە.

پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ئاستەنگەکانی دەرەکی و ناوخۆی؟

لە بارەی کونگرەی نەتەوەییەوە، ئەوە چەند ساڵە کونگرەی نەتەویی پێک هاتووە و ناوەندەکەی لە "بروکسل" پایتەختی بلژیکە و هەموو ساڵێک کۆبوونەوەی گشتیی خۆی پێک دێنی و ئەمساڵ لە کوردستانی باشووریش کۆبوونەوەیەکی پێک هێنا. بە بێ ئەوەی ئینکاری کارە باشەکانی بکەین، هۆی سەرنەکەوتنی کونگرە بۆ یەکخستنی ماڵی کورد ئەوەیە کە ئیمکاناتی ماڵیی کونگرە "پی کا کا" دابینی دەکا و دەبێ لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەودا هەڵسووکەوت بکا. دەزانین کە ناکۆکیی قووڵ لە نێوان پارتی کریکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنەوە هەیە و بە داخەوە جاری واش هەبووە بۆتە هۆی شەڕی خوێناوی لە نێوانیان دا. هەردوو حیزبیش هەریەکە لە بەشێکی کوردستاندا کاریگەری زۆریان هەیە، هۆیەکەی تریش ئەوەیە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەخنە لە "پێ کا کا" دەگرن و دەڵێن کە دەیەوێ شاخەیەکی حیزبەکەی بە ناوی جیا لە ناوی خۆی، بەڵام هەر بەو ئیدەئولوژی و بەرنامەوە دامەزرێنێ. ئەم دوو هۆیە و رەنگە فاکتۆری دیکەش نەیانهێشتووە گونگرە بە ئامانجەکانی بگا.

 بۆ دابەزاندن و خوێندنەوەی بە شێوەی پدف لە سەر ئەم نووسینە چرکە بکەن.