reza_shwani.jpgلە سایتی (گیارەنگ) ی رەنگیندا، دەقی ئەو نامێلکەیە بڵاوکـراوەتەوە، کە برای دڵسوز، خەمخۆر وبە پەروشی بواری ئەدەب و پەروەردەی منداڵانی کوردمان،

کاک (رەحمان نەقـشی ) هەموو ئەو نووسینانەی منی کۆکـردوونەتەوە و ئامادەیکردوون، کە لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە تا (٢٠١٨) دەربارەی ئـەدەبی منـداڵان و پـەروەردەی منـداڵانی کوردمان نووسیویانم و لە سایتی (گیارەنگ) و (ئەمـڕۆ) دا بڵاوم کردوونەتەوە، بەپێی ریزبەندی بەرواری ساڵەکان و بڵاوکـردنەوەیان، لە ماڵـپەڕی تایبەت بەمـن لەو دوو سـایتەدا، کە پارێـزراون و بوونە بە ئەرشیفێکی نووسینەکانم.
کاک (رەحمان نەقـشی) بەم ناونیشانەی خوارەوە، نامێلکەکەی لە سایتی (گیارەنگ) دا، بڵاوکـردۆتەوە:
" نـەوەی ئەمـڕۆمان... هـیوای داهـاتوومانن
بابەتەکـانی نووسـەر: رەزا شوان
کۆکـردنەوە و ئامـادەکـردنی: رەحـمان نەقـشی "
لەم نامێلکەیەی کاک رەحـمان نەقـشی دا، لە دووتـوێی (٧١٠)لاپـەڕەدا، هەموو ئەو نووسینانەی کە دەربـارەی ئەدەبی منـداڵانی کـورد و پـەروەردەی مـنداڵانی کوردمـان نووسیویانم، کە بابەتی هەمەڕەنگەن لەم بوارانەدا، تەنها ئەو چیرۆک و هۆنراوانەمی تێـدا نیـن کە بۆ منـداڵان نووسیویانم، لەگەڵ چەنـدین بابەتی هەمەڕەنـگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رەخـنەئـامێز، کە هـەر لەم دوو سایتەدا بڵاوم کـردوونەتەوە.
کاک رەحـمان نەقـشی زۆر بە ئامانەتەوە دەقـی نووسینەکـانمی بە پێی ساڵەکان، وەکو خۆیـان لەساڵی (٢٠١٠) ەوە تا دەگـاتە (٢٠١٨) لە باوەشی نامێلکەکەی کـردوون.
زۆرم پێخۆشە و زۆری پێیگەشامەوە، کە برایـەکی دڵسۆزی وەک کاک رەحـمان، بەم رادەیە خەمخۆری منداڵانی کوردمان بێت و پێی جـوان بێت، کۆمەڵێک لە نووسینەکانی من لە بواری ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵاندا، چەپکبەستیان بکات و، بیان خاتە بەرچاوی شەیدایانی ئەدەب و پەروەردەی منداڵان، یا بەرچاوی ئەو نووسەرانەی کە دەیانەوێت لەم بوارەدا بنووسن و وێڵی دوای سەرچاوەن بۆ ئەوەی لە نووسینەکانیاندا سوودیان لێوەربگرن.
ئەم خزمەتەی کاک رەحـمان نەقـشی، ئەوە دەگەیەنێت کە لەو راستییە گەیشتووە، کە:
"منــداڵانی ئەمـڕۆمان... هيــوای داهــاتووی کوردســتانن"
بێگومـان "منـداڵان بەشـێکن لە ئەمـڕۆ..و.. هەموو داهــاتوون" لە ئەمڕۆدا، بایەخـدان و گرنگیدان بە پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان، بوونەتە پێوەر بۆ شارستانی و رادەی پێشکەوتنی گـەلان و وڵاتـان لە جیـهاندا، چونکە داهـاتوویەکی باشـتر و گەشـتر، لە ئەمڕۆی منـداڵاندابەدی دەکـرێت.
لە ناخی دڵیشمانەوە زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرانی سایتی "گیارەنگ" و "ئەمڕۆ" دەکەم، کە بایەخ بە بڵاوکردنەوەی بابەتی ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵان دەدەن. تا ئێستا هیچ نووسینێکی مـن و نووسـەرانی کەشـیان لەم بـوارەدا رەتنەکـردۆنەتەوە، ئەمەش گوزارشتە لە دڵسـۆزی و لە خەمخـۆریان بۆ منـداڵانی گەلەکەمـان.
نامێلکەکەی کاک رەحمان نەقشی بوو بە ئەرشیفێکی بندەست بۆ نووسینەکانم لە بواری ئەدەب و پەروەردەی منداڵاندا.. ئەرک و ماندووبوونی شایانی ئەوپەڕی سوپاس و رێـز و پێزانینە.. بە گەرمی دەستەکانی دەگوشم و دەستخۆشی لێدەکەم و ئەم خـزمەتەی زۆر بەرز دەنـرخێنم.. پێگەیەکی تایبەتیشی لە دڵماندا دەبێت.
دووبارە سوپاس و پێـزانینم بۆ کاک رەحـمان نەقـشی و بۆ سایتی گیارەنگ.
رەزا شوان
نۆروێـژ: ١٧ی/ ئاوگوست/ ٢٠١٨

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک