ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

لە بەشێک لە مێدیاکانی باشووری کوردستان دا پڕنسیپی مێدیایی نابیندرێ. حەمەرەسووڵ کەریمی

mediai_kurdi1.jpgوه‌ک ئاگادارن ڕاگه‌یاندن و ماسمێدیا، له‌ سه‌رده‌می ئه‌مرۆ دا گرینگترین که‌ره‌سه‌ی په‌یوه‌ندی گرتنن به‌ کۆمه‌ڵگا و خه‌ڵکه‌وەیەوە‌، پێشتر‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری مێدیاکان

له‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران و حاکمانی زاڵ به‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگادا بوون. به‌داخه‌وه‌ له‌ حکوومه‌ته‌ دیکتاتۆر و سه‌ره‌رۆکاندا سانسۆر کردن و به‌رگری کردن له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی بیری ئازاد بۆته‌ کاری ڕۆژانه‌ و ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا به‌ گشتی به‌ دوای مێدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ دا بگەرێن و یا لانیکه‌م ڕوو له‌و مێدیایانه‌ بکه‌ن که‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدار و حکوومه‌تی ناوه‌ندین. ئه‌و پێشه‌کی‌یه‌ کورته‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زیاتر گرینگی ڕاگه‌یاندن ده‌ر بخه‌ین و له‌ ژێر ڕووناکایی ئه‌و کورته‌ نووسینه‌دا کاری ڕاگه‌یاندن لە کوردستان دا باس بکەین، لە بنەرەتدا مێدیا دەبێ بێ‌لایەنی لە پیشەکەی خۆیدا بکاتە ئەساسی کار و زانیاری درووست بدا بە کۆمەڵگا و سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری‌یەکانی بە درووستی بدا بە خەڵک.

 

لە سەریەک لە کوردستان جیا لە دەیان کاناڵی نێوخۆیی کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگادا بە ئانتێنی جۆراوجۆر و ئاسایی وەردەگیڕێ، لە هەمان کاتدا بە دەیانی دیکەش لە ڕێگای مانگی دەستکرد (ماهوارە) وە وەشانەکانی خۆیان بڵاو و پەخش دەکەنەوە.

مێدیای جیهانی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی نێوخۆیی، کارەساتە سرووشتی‌یەکان، ڕووداوە نەخوازراوەکان، هەواڵ و دانی زانیاری بە کۆمەڵگا و لە کاتی گوازتنەوەی ڕاستەوخۆدا هەمیشە پرنسیپ دەکەنە پیشە و زۆر بە دەگمەن هەواڵی بە درۆ بڵاو دەکەنەوە.

لە کوردستانی بەڵالێدراوی ئێمەدا مێدیاکانی وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆکی جۆراوجۆر ئەوە یا لە دەستی حیزبەکان دان و یا لە دەستی تاکی دەست رۆیشتوودایە و زۆرترین ئیمکانات و پووڵ و داهاتیان بۆ دیاری کردوون.

 

مێدیا حیزبی و شەخسی‌یەکان زۆرتر هەوڵ دەدەن کە سەمپات و لایەنگری کردەوەکانی بە حەق و ناحەقی خۆیان بن و ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ کێ‌بەرکێ و ململانی ناشیاو و بە دوور لە پرنسیپ و بنەما و کۆڵەکە سەرەکی‌یەکانی ژورنالیستی بە هەموو جۆرەکانی‌یەوە.

ئەوەی جێگای سرنجە ئەوەیە کە مێدیاکان بە هۆی ئەوە کەرەسەو پووڵی هەڵڕژاوای بێ ئەژماریان لەبەر دەست دایە بۆیان گرینگ نییە دەچنە کوێ و لە کوێ سەر وەدەر دەنێن و لە چی ڕاپۆرت ئامادە دەکەن و چی دەکەنە هەواڵ و کام بابەت وەک زانیاری دەگەیێنە بینەر و بیسەر و خوێنەرەکانیان و چ نابێ بڵاو بکەنەوە و یا نابێ ئەمرۆ و راستەوخۆ بڵاو بکرێتەوە.

 

مێدیای باشوور زۆرتر هەوڵی داوە کە خۆی بەو حیزبەوە ببەستێتەوە کە ئەو ئیمکانات و دەزگایەی بۆ دابین کردووە، کە ئەوەش بە گوناح و تاوان دانانێم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوە بە گوناح نابینم، ئەوەش بە درووست نازانم کە ئەو حیزبە و یا ئەو شەخسە کە ئەو دەزگایەی وەرێ خستووە هەرچی کردی "بە چاک و بە خەراپ" هەر بە چەواشەکاری زانیاری‌یەکان بگەیێنێ و حیزب و کەسەکە وا نیشان بدەی کە بەندەی بێ عەیب و بێ هەڵەن.

 

لە بەرەبەری پرسی ڕێفراندۆم دا بە هۆی نایەکگرتوویی نێوخۆیی حیزبەکان، ئەوە هەر کامەیان بە قازانجی خۆیان بابەت و هەواڵ و نووسراوەی جۆراوجۆریان بڵاو دەکردەوە، بۆ نموونە تەلەفزیۆنێکی وەک ئێن ئارتی بۆ ئەوەی نیشان بدا کە ئەوان راست دەکەن، هەرچی دژبەری حکوومەتی هەرێم بوو، دەیان دۆزیەوە و وتار و گوتاریان لێ وەردەگرت و مێزگرد و بەرنامەی جۆراوجۆریان دژ بە ڕێفراندۆم بڵاو دەکردەوە و هەر لەو کاتەش دا پێشکەشکار و میوان گلەییان دەکرد کە لە کوردستان هیچ جۆرە ئازادی‌یەک نییە و هەموو دەنگەکان خنکێندراون و بە هۆی گەندەڵی پێشووی حیزب و شەخسە دەست ڕۆیشتووەکان نابێ ڕێفراندۆم بکرێ، گۆیا ئەگەر ڕێفراندۆم نەکرێ ئەوە ئازادی زیاتر دەبێ و گەندەڵی نامێنێ. ( تەنیا لە یەک ڕۆژ دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دا نەیانهێشت پۆلیسی شاری کەرکووک بە کوردی لێدوان پێشکەش بە خەڵک بکات) ئایا بە راستی کوردستانی ئازادی تێدا نییە؟

 

تەلەفزیۆنەکانی دیکەش کە بانگەشەیان بۆ ڕێفراندۆم دەکرد هەوڵیان دەدا هەندێک قسەی بریقەداری خوازیارانی ڕێفراندۆم بڵاو بکەنەوە و لە هەستی خەڵکی تامەزرۆی ئازادی و سەربەخۆیی بە قازانجی خۆیان و حیزبەکەیان کەڵک وەربگرن و ڕێژەی دەنگی بەڵێ بۆ ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی زیاد بکەن و زۆرجار بە نیشاندانی وێنەی هەست بزوێن، هەستی خەڵکیان دەبزواند، بۆ ئەوە بەرەو ئەو قۆناخەیان هان بدەن و خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بنێرن و لەو حاڵەتەش دا زۆر شتی ناشیاویش بلاو کراونەوە.

 

لە هەر دوو حاڵەت دا چ ئەوانەی بەرەی نەخێر بوون کە ڕێژەیان زۆر کەم بوو و چ ئەوانەی کە بەرەی بەڵێ بوون و ڕێژەیان زیاد بوو، هەر دوولا لە حکوومەتێکی ئاسایی دا دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێ و ئاکامەکەی ئەگەر بۆ لایەنێک باش و بۆ لایەنێک باش نەبێ، بێ‌شک دەبێ هەردوولا هەوڵ بدەن لە ژێر ئاڵایەک دا خۆ بحاوێننەوە و یەکتر خەوشدار نەکەن.

ڕێفراندۆم هەر چۆنێک بێ و ئاکامەکەی چی بوو، باسی ئەو بابەتە نییە و دەوڵەتان چۆن و چییان کرد و لایەنگر بوون و یا هاوکاری بوون، دیسان لەم بابەتەدا هیچی لە سەر نانووسم و ئەوەی مەبەستمە ، مێدیاکانی باشوورە.

 

مێدیاکان زۆرجار و هەمیشە بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن کە ئێمە یەکەمین و یا مێدیای ئازادین، یا مێدیای بێ ڕکابەرین و یا مێدیای دەنگی خەڵکین و زۆر شتی لەو بابەتە ... ، هەوڵیان داوە خۆیان بکەنە یەکەم و بۆ ئەم کارەش پەنایان بۆ بڵاو کردنەوەی هەموو جۆرە هەواڵ و لێدوان و دیمەن و کارەساتێک بردووە، بەڵام بەداخەوە نەک نموونە نین بەڵکوو زۆریش بە خەراپی لە کاتە هەستیارەکاندا ڕاپۆرت و دێکۆمێنت و هەواڵ و بابەتەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

 

دوای هەڕەشەکانی عەبادی، دوای دانیشتنەکانی پارتی و یەکێەتیی لە هاوینە هەواری دووکان و پەیامە هاوبەشە پێنج خاڵی‌یەکەیان و دوای خرۆشانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکانی شاری کەرکووکی کوردان و هەروەها نیشاندانی دەم و چاوی هەندێک کەس، بۆمان دەرکەوت کە ئەو مێدیایانە لەگەڵ ئەوەدا دڵسۆزن بۆ گەل و نیشتمان و حیزبەکەیان، هیچیان زانستی و سەردەمیانە و شارەزایانە گرتە و ویدیۆکانی خۆیان بڵاو ناکەنەوە، بەڵکوو بەداخەوە لە هەندێک بواردا و بە تایبەت لە بواری سەربازی و چەکداری و ئاماردان دا، بێ مەبەست بوونە هۆی دانی زانیاری سەربازی و زانیاری دیکە بە دوژمن و نەیاران و هێرشکەرانی حەشدی و سوپای قودس و هێزە پشتیوانە ترسنۆکەکەی قاسم سولێمانی.

 

بەداخەوە بڵاو کردنەوەی هەندێک زانیاری وەک: کۆسرەت ڕەسووڵ عەڵی بە سێ هەزار پێشمەرگەوە گەیشتە کەرکووک، هاتنی هێزی زرێڤانی، هاتنی خەڵکی خۆبەخش، هاتنی پارێزگای کەرکووک دوکتور نەجمەدین کەریم، کۆبوونەوەی فەرماندەیی لە پارێزگا و لە بنکەی مەڵبەند و لە سەربازگەی کەیوان و فرۆکەخانە، دواتریش پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە، گریانی پێشمەرگە و خەڵک و مێدیاکاران، نیشاندانی شەهید و بریندارەکان، ئاماری جۆراوجۆر لە هێرش و لە بەرەنگاری، ڕاکردنی خەڵک و پێشمەرگە، تێکهەڵچوون و دەست بە یەخەبوونی خەڵک و پێشمەرگە، لێدوانی بێ جێی فەرماندە و پێشمەرگەکان و یەکتر تاوانبار کردن و هێرش کردنە سەر یەک و زۆر شتی‌تر، چەند نموونەیەکن، لە کاری مێدیایی ئەو چەند ڕۆژەی مێدیاکانی باشووری کوردستان و باسی ڕۆژانی پێشتریش هەر نانووسم.

b_525_290_16777215_00_images_KOMALAYATI_mediai_kurdi.jpgهاوکات ئەگەر چاوێکیش بە شێوەی پرسیارەکانی مێدیاکارە بوێر و ماندویینەناسی بەرەکانی شەردا بخشێنین، بۆمان دەر دەکەوێ کە بەشێکی بەرچاو لە پریسارەکان زۆر نابەجێ لە فەرماندە و یەکە سەربازی‌یەکان دەکرا بۆ نموونە:

چەند کەس لێرە ماون؟

چەکی گەورە و قورستان لە لا ماوە؟

ئایا ئێوەش ئێرە بەجێ دێڵن؟

ئەوانەی لێرە ماون، سەر بە کام لیوان؟

کام لیوا ئێرەی بە جێ هێشتووە؟

پەیامتان لەو کاتەدا چییە؟

بەرپرسەکانتان کوان و کێ بوون؟ ...

وەڵامەکانیش ئەگەرچی دڵسۆزی و خەمخۆریان پێوە دیار بوو بەڵام نائومێدی و پاشەکشەی تێدا بوو، ئەوانە باشترین بەڵگە بوون بۆ زانیاری دان بە هێزی ڕەش و ئەهریمەنی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە و هاوکاتیش پەیامێکی ناخۆش بوو، بۆ دابەزینی ورەی خەڵک و پێشمەرگەکانی دیکە کە ئاگایان لەو جەبهە و لەو شوێنانە و ئەو شەڕگانە نەبوو.

 

دوای پاشەکشە کردن و گیرانەوەی بەشێک لە کوردستان، ئەوجار مێدیاکارانی حیزبی و نا حیزبی‌یەکان کەوتنە شێوەی دیالۆگێکی ناسەردەمیانە و یەکتر تۆمەتبار کردن و ئەوەش سیگناڵێکی باش نەبوو، لە پێشدا بۆ خەڵک و کۆمەڵگا و دواتریش بۆ خۆیان و بۆ حیزبەکەیان.

بەرەی نەخێر، ڕێفراندۆمی خەڵک پەسەندیان کردە هۆکاری سەرەکی و بە خەڵکیان گووت کە ئێمە راستبووین و بەرەی بەڵێ ناراست، هەندێک لە مێدیاکارەکان چەند کەسێکی بەرەی نەخێریان هێنا و لە جیاتی شرۆڤە و خەسارناسی باردۆخەکە بکەن، بەداخەوە هەڵیان دەکوتایە سەر کەس و لایەنەکان و بۆ تۆڵەستاندنەوە، کەوتنە هێرش و تەنانەت قسەی سووک بە هەڵسووڕێنەرانی بەرەی بەڵێ، لەوەش خەراپتر ئەوە بوو کە، بەرپرسی حیزبێک و یا دژبەرێک بدۆزیەوە و چەند پرسیارێکی لێ بکەی، جا ئەوجار بۆ پاساوی پاشەکشەکە و گیرانەوەی شارەکانی دوای گیرانەوەی کەرکووک و بۆ ئەوەی پاساوەکە جوان شەرح بدات، کاکی مێدیاکار بۆ خۆی پرسیارەکەی دەکرد و شتێکی دەزاری کاکی میوان و بەرپرس داویشت بۆ ئەوەی ئەویش بەو ئاراستەیە دا قسەکانی بکات و وەڵام بداتەوە، مێدیاکار مافی پرسیار کردنی هەیە و نابێ بۆ خۆی وەڵام بۆ میوانەکەی بدۆزێتەوە. ئەو جۆرە کارکردن لە مێدیا دا دەبێتە هۆی بێ متمانەیی بە کاری مێدیایی و کاری ڕاگەیاندن و ئەوەش زۆر ناشیاو و ناسەردەمیانەیە و هیچ ڕاستی ناگەیێنێتە نێو کۆمەڵگای کوردستان جیا لە خۆڵ لە چاوکردنی خەڵک نەبێ.

 

ئێستا کە خەڵکی کوردستان و شارە داگیرکراوەکانی دوێنێ، پێویستیان بە یارمەتی هەیە هەموو لایەک دەبێ هەوڵ بدەین کە دەنگی ئەوان و شێوەی ژیان و بە سەرهاتیان بە شێوەیەک بگەیێنینە گوێی دام و دەزگای دەوڵەتە زلهێزە بەرژەوەندیخوازەکان و ژیانێکی دیکەیان بۆ دابین بکەین و هەم خەڵک خۆیان ڕێکبخەنەوە و هەمیش هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شێوەیەکی سەربازی خۆیان ڕێکبخەنەوە و شکۆی گەل و نیشتمان بگێرێنەوە.

 

مێدیاکارە خۆشەویستەکانیش لە کاتی راپەرینی خەڵک بە دژی حەشدی شەعبی و چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بە وریای‌یەوە، هەواڵ و بابەت بڵاو بکەنەوە و کاری ئەو چەند ڕۆژەی پێشوو دووپات نەکەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بە باشترین شێوە ڕاپەرینەکە شکۆی گەل و نیشتمان و ئاڵا و خاکمان بگەرێنێتەوە جێگای خۆی و بە هەموو دونیا بڵێین کە ئەوەی بە سەر کەرکووک هات گەلەکۆمەکی وڵاتانی دەراوسێ بوو بۆ شکاندنی شکۆی گەل و ڕیفراندۆم.

 

کۆتایی:

ئەم نووسینە بۆ ئەوەیە کە مێدیاکاران وێرای ئەوەکە دەبێ خۆیان بپارێزێن لە هەموو چەشنە لاگری‌یەک، هاوکات دەبێ بوێرانە و راستگۆیانە دەر بکەون و ئەوەی دەیدەن بە خەڵک، کاکلەیەک بێ لە خەرمانەی هەواڵ و راپۆرتەکانیان، نەک هەموو چرکە و خولەکێک هەرچی ڕوودەدا بڵاوی بکەنەوە، دەکرێ هەموو چرکە ساتەکان تۆمار بکرێن، بەڵام ناکرێ هەموو چرکە ساتەکانیش بڵاو بکەینەوە، مێدیا کاران چیدی بە هۆی سادەیی و ساکاری و دڵپاکی خۆیان نابێ زانیاری سەربازی بڵاو بکەنەوە.

 

هیوای تەمەن درێژی بۆ مێدیاکارانی کوردی  و بەردەوامی کاری مێدیای لە کوردستان دا بە ئاوات دەخوازم.

ئێستا کە ئەم وتارە کرچ و کاڵە دەنووسم هاوکاتە لەگەڵ چوونە دەری هێزە ڕەشەکانی حەشدی شەعبی لە شارەکانی کوردستان و هەروەها خرۆشانی گەنجان و لاوانی شارەکانی کەرکووک و خانەقین و گەرمیان دەستی پێکردووە. بە هیوای ئەوە کە ئاڵای کوردستان لە سەر هەموو ئەو شوێنانەی بە دەستی ڕەشی هێزی ئەهریمەنی حەشدی و سوپای پاسداران و قودس دابەزێندرابوون جارێکی دیکە بە دەستی بە توانای لاوانی دڵ پڕ لە ئەوینی ئازادی بشەکەینەوە و پەیکەری پڕ لە هەیبەتی پێشمەرگەی کوردستان کە لە لایەن حەشدی دا بێ حورمەتی پێکرا لە جێگای خۆی دابندرێتەوە.

سڵاو لە شەهیدان و بریندارانی شەری کەرکووک و هیوای ساخ بوونەوە بۆ بریندارەکان و سێبوری بۆ بنەماڵەی شەهیدان بە ئاوات دەخوازم.

حەمەرەسووڵ کەریمی