ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

خالید عه‌زیزی: به‌ بێ دابه‌شبوون به‌ سه‌ر جه‌مسه‌ره‌کاندا، پێویسته‌ وه‌ک کورد زیاتر له‌ جاران له‌ سه‌ر خه‌ت بین.

xalid_azizi10.jpgله‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رینی ته‌شکیلاتی دا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان راوبۆچوونی حیزبه‌که‌ی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ رووداوه‌کانی ناوچه‌دا هێنایه‌ به‌ر باس.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پینجشه‌ممه‌، رێکه‌وتی ٣٠ی ره‌زبه‌ری ١٣٩٤ی هه‌تاوی و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتیی کادرو پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، به‌ڕێز سکرتێری گشتیی حیزب، کاک خالید عه‌زیزی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ چه‌ند پرسێکی سیاسیی رۆژدا، سیاسه‌ت و هه‌ڵویستی حیزبه‌که‌ی هێنایه‌ به‌ر باس.
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌ به‌ سه‌دان که‌س له‌ تێکۆشه‌رانی دێموکرات تیایدا به‌شداربوون، به‌ڕێز سکرتێری حیزبی دێموکرات به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ رووداوه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌تییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت ئاڵۆزییه‌کانی سووریه‌، باسی له‌ رۆڵی زلهێزه‌ جیهانییه‌کانی وه‌ک ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکاو رووسیه‌ له‌ رووداوه‌کاندا کرد.
له‌م پێوه‌ندییه‌دا به‌رێزیان وتی: ئه‌مڕۆژانه‌ ئاڵوگۆرو رووداوه‌کان زۆر خێراتر له‌وه‌ ده‌چنه‌ پێش که‌ پێشبینی ده‌کران. به‌تایبه‌ت هاتنی رووسیه به‌ کرده‌وه‌ بۆ نێو گۆره‌پانه‌که‌ هێنده‌ی دیکه‌ رووداوه‌کانی ئاڵۆزتر کردوه‌. هه‌ر بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌کانی دیقه‌تی زیاتریان پێویسته‌.
له‌ درێژه‌ی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ له‌ باسه‌که‌یدا به‌ڕێز کاک خالید عه‌زیزی ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی کۆماری ئیسلامی له‌ رووداوه‌کانی ناوچه‌که‌دا کردوه‌ وتی: ئێران له‌ ژیر تیشکی دوورکردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کان له‌ خۆی، به‌ شێوه‌ی مه‌یدانی رۆڵی له‌ بشێوییه‌کانی ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌و وێده‌چی حزووری رووسیه‌ له‌ ناوچه‌که‌ قوه‌تی قه‌لبێک بێت بۆ کۆماری ئیسلامی. به‌ڵام له‌ کۆتایی دا زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێ که‌ ئێران بتوانێ به‌ ئاسانی له‌و بشێوییانه‌ به‌ بێ خه‌سار رزگاری بێت.
له‌ دڕێژه‌ی قسه‌کانی دا به‌ڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی له‌ رۆڵ و کاریگه‌ریی کورد له‌ هاوکێشه‌ ناوچه‌یه‌کان دا کردو پێش هه‌مووستێک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی کورد به‌رانبه‌ر به‌ حزووری قودره‌ته‌ جیاوازه‌ جیهانییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌دا وتی که‌، پێویسته‌ کورد لانیکه‌م له‌ کورتخایه‌ن دا ته‌نیا خۆی به‌ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ نه‌به‌ستێته‌وه‌. به‌ڕێزیان وتی ئێمه‌ وه‌ک کورد ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین زیاتر له‌ جاران له‌ سه‌ر خه‌ت بین و به‌ وردبینییه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ به‌دواداچوونی رووداوه‌کان بکه‌ین و به‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی رووداوه‌کانی چه‌ن ده‌یه‌ی رابردوو، ئێستا کورد له‌ رووداوه‌کانی ناوچه‌که‌دا فاکته‌رێکی به‌رچاو و کاریگه‌ره.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێست و ئه‌رکه‌کانی حیزبی دێموکرات له‌م‌ قۆناغه‌داو به‌رانبه‌ر به‌ رووداوه‌کانی ناوچه‌که‌، خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وتی: له‌وانه‌یه‌ هاتنی رووسیه‌ بۆ ناو رووداوه‌کان و ناوچه‌که‌ به‌ پێی خوێندنه‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌ر کورد هه‌یه‌تی، به‌ خراپ نه‌زانین. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه‌ دیسان پێداگرین له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یکه‌ نابی کورد به‌سه‌ر جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کان دا دابه‌ش بێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ وردی به‌دواداچوونی رووداوه‌کان ده‌کاو له‌ نه‌هایه‌ت دا ئه‌وه‌ی بۆ حیزبی ئێمه‌ گرینگه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراته‌.
له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی باشووری کوردستان و رۆلی ئه‌م به‌شه‌ له‌ کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی سیاسیی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌رێز خالید عه‌زیزی وتی: کارتی به‌ره‌نده‌ی هه‌رێمی باشووری کوردستان شه‌ر له‌ گه‌ڵ به‌ره‌ی تێرۆره‌و ئه‌مه‌یش مه‌وقعیه‌تی هه‌رێمی له‌ ئاستیکی به‌رز دا پیناسه‌ کردوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌، رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ناوخۆی باشووری کوردستانه‌. هێزه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم نابێ ئیزن بده‌ن کێشه‌ ناوخۆییه‌کانیان له‌ قورساییان له‌ سه‌ر ئاستی رووداوه‌کانی ناوچه‌و شه‌ر به‌ دژی داعش که‌م بکاته‌وه‌.
هه‌ر له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ کیشه‌ ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دا سکرتێری حیزبی دێموکرات وتی: ئێمه‌ وه‌ک حیزبی دێموکرات ده‌خاڵه‌ت له‌ کاروباری باشووری کوردستان دا ناکه‌ین و ته‌نیا هیوادارین که‌ کێشه‌‌ ناوخۆییه‌کانیان نه‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی قورسایی رۆڵی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ رووداوه‌کانی ده‌ورووبه‌ردا. به‌ڕێز عه‌زیزی وتی: ئێمه‌ وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ دانیشتمان له‌ گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستاندا هه‌وڵمان داوه‌ باس له‌ مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م کێشه‌ ناوخۆییانه‌ بکه‌ین و به‌ چاوی هیواو هومێده‌وه‌ روانیومانه‌ته‌ ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆی تورکیه‌و کێشه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ له‌ کوردستاندا به‌ڕێز عه‌زیزی به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی سیاسی و مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌رێی کورد له‌ باکووری کوردستان، پێی وابوو کورد له‌م به‌شه‌ له‌ کوردستان زۆر باش توانیویه‌تی له‌ مه‌جاله‌کان که‌ڵک وه‌ربگرێت و به‌ره‌وپێش بچێت. به‌ڵام به‌رێزیان نیگه‌رانیی خۆی له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی له‌ تورکیه‌و باکووری کوردستان ده‌ربرێ و وتی: له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمانی له‌ تورکیه‌دا‌ کورد توانی ده‌سکه‌وتێکی باش وه‌ده‌ست بێنێ که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی باش عه‌مه‌ڵ نه‌کردنی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان و هێندێک لایه‌نی کوردی که‌ ده‌یانتوانی دان به‌ جه‌رگی خۆیان دا بگرن و بیانوو به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌ن، ئێستا وه‌زعه‌که‌ باش نیه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ کورد له‌ باکوور گرینگه‌ و پێویسته‌ کاری له‌ سه‌ر بکرێ گه‌رانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر مێزی دانووستان و به‌ره‌وپیشبردنی پرۆژه‌ی ئاشته‌وایی له‌ تو‌رکیه‌.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانی دا کاک خالید عه‌زیزی باسی له‌ بارودۆخی ئه‌مرۆ ئێران کردو به‌ ئاماژه‌دان به‌ سازانی کۆماری ئیسلامی و رۆژاوا له‌ سه‌ر پرسی ناوکی، پێیان وابوو ئێران له‌ سه‌ر ئاستی ده‌ره‌کی دا توانیویه‌تی کرانه‌وه‌یه‌ک له‌ خۆی نیشان بدات و بۆ جاریکی دیکه‌ سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای نیونه‌ته‌وه‌یی بۆ لای خۆی رابکێشێ، به‌ڵام له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆیی دا رێژیم بێ به‌رنامه‌یه‌و شتێکی وا نه‌کراوه‌ که‌ خه‌ڵک هه‌ست به‌ گۆڕان بکه‌ن و پێی هیوادار بن.
له‌ چه‌ند به‌شێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رێز کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی له‌ چه‌ند پرسێکی ناوخۆیی نێو رێزه‌کانی حیزبی دێموکرات کرد که‌ له‌ لایه‌ن تێکۆشه‌‌رانی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌وه‌ به‌ گه‌رمی یه‌وه‌ پێشوازییان لێ کرا.