b_300_220_16777215_00_images_ZHINAN_qelai_dmdm.jpg2. دەستدرێژی جنسی
چیرۆکی بەربەریەتی یۆنانی و ڕۆمەکان، ئێرانییەکان، "فتوحات اسلام"، مۆغۆلەکان، کوشتاری قەڵای دمدم،

تاوانەکانی شەڕی جیهانی دژی یەهوودییەکان، شەڕی یوگسڵاوی، ڕواندا، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان نەوە بە نەوە گەیشتۆتە و یا ئێمە بەشێکمان بە چاوی خۆمان دیوە. لە دەلاقەی ئەزموونی مێژوویی ڕا دەزانین کە تاوان، کوشتوبڕ و تاڵان و دەستدرێژی کردن سرشتی جەنگە. لە هێندێک جەنگدا کەمتر و لە هێندێ شوێن زیاتر کۆمەڵگا بە کۆ و تاک و بەتایبەت ژنان خەسارەت دەبینن.
هێندێک لە تاوانەکان لە نێوان دەوڵەتان بووە وەک تاوانەکانی دوو بەرەی "متحدین" و "متفیقین" لە جەنگی جیهانی دا. جێگای ئاماژەیەکی زۆر گرینگە کە دوای گرتنی بڕڵین لە لایەن ڕووسەکان لە ساڵی 1945 نزیک بە یک میلێۆن ژنی ئاڵمانی ڕۆژئاوایی دەستدرێژی جنسییان پێکرا، یان نزیک به 200 هەزار ژن که زۆربەیان چینی، فیلیپینی، بێرمه‌یی و کۆره‌یی بوون وەک بەرده جنسی لە لایەن ژاپۆنییەکانەوە کەڵکیان لێوەردەگرترا و بە 'ژنانی ئارام بەخش' ناو دەبردران و زۆربەیان دوای دەستدرێژی دەکوژران.
تەنیا چەکدارەکان و لایەنەکانی شەر نێن کە دەستدرێژی جنسی دەکەنە سەر ژنان و منداڵان. تەنانەت سەربازانی پارێزەری ئاشتی و کارمەندانی یارمەتیدەر، ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن.
لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم دەیان جەنگی دیکە لە گۆشە و کەناری جیهاندا ڕوویان داوە، لەوان بۆ وێنە لە گۆنگۆ، ڕواندا، کۆسۆو. لە هەموو ئەو جەنگانەدا ژنان گەورەترین خەسارەتیان دیوە، هەم وەبەر دەستدرێژی هاتوون و هەم منداڵ، کەس و خزم، باوک و مێردیان لەدەست‌داوە. بەڵام ئەوە لە دوای 1990 بوو کە دەستدرێژی بە ژنان لە کاتی جەنگدا لە ڕوانگەی "ماڤی مروڤەوە" هاتە بەر باس و چەندین وڵات، پێمان نامە، دادگای نێونەتەوەیی لاهە، دەستدرێژیان بە "تاوانی جەنگی" ناسی.
لێکۆڵینەوەکانی نمونەی کۆنگۆ کە ساڵی 2011 بڵاو بووە، نیشان دەدەن کە دەستدرێژییەکان لە کاتی جەنگدا کەم پێوەندیان بە خودی سێکسوالیتە هەیە. دەستدرێژییەکان لەو کاتانەدا زیاتر وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئەزمە و شێواوی کەڵکی لێوەردەگیرێت. هەروەها هێندێک جار بۆ کەم کردندنی ڕێژەی خەڵکێک ڕوودەدەن. کاتێک ژنان بە جەستە و ڕوح ورد دەکرێن هەموو پێکهاتەی وڵاتێک تێكدەشکێ کە ئەوە بە داشکانی هێزی بەرامبەر تەواو دەبێ. لێکۆڵینەوەکە نیشاندەدا کە ڕادەی دەستدرێژییەکان زۆر زیاتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا و نزیک 48% ژنانی نێوان 15 تا 49 ساڵ لە هەر کاتژمێرێکدا دەستدرێژییان پێکراوە.
لە 10 جولای 1941 لە گوندی جێدوابنە، یەهودیەکان لە لایەن جیرانەکانی لەهێستانی خۆیان و نەک لە لایەن نازیەکانەوە، قەتڵ و عام دەکرێن. لەو ڕۆژەدا پیاوانی یەهودی لە ناو مەیدانی گوند بێ‌ڕێزییان پێ دەکرێ، ژنان دەستدرێژییان پێکرا، مندڵان سەریان بە چەکوچک یان بە دیوار لێدان وردکرا. 600 کەس خسترانە ناو کادێنێک و بنزینیان پێداکرا و سوتێندران. دیارە کە ئەوە لە ناو گوندا ئۆرگانیزەکرابوو کە کەس نەتوانێ ڕابکا.
یەک لە توخمە سەرەکییەکانی ژیانی عەشیرەیی و دواتر شارستانیش ئەو غیرەت و شەڕەفەیە کە ژن وەک نماد و سومبولی ناسراوە. بۆ ئەوەی شکۆ و کەڕامەتی کۆمەڵگایەک بشکێ ژنەکانیان بە دیل گرتوون و کردوویانن بە مڵکی خۆیان. تەنانەت خودی ژن خۆی وەک نامووس و شەرەفی پیاو قەبووڵ کردووە. دەستدرێژی بۆ سەر جەستە و ئازادی ژن لە پێناو شکاندنی بەرامبەرت لە ڕەوتی میژوودا لە هەموو کۆمەلگاکان و لە هەموو شوێنێک بەشێک لە کەرەسەی شەڕ و وەدەستهێنانی دەسەڵات بووە.
ژنانی قەڵا بە وەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی مێژوویی ئینسانی پێش خۆیان دەیانزانی کە ئەوان دەبنە نیچیری پیاوانی شای سەفەوی و سەربازانی مەزهەبی شیعە و ئەو کوردانەی کە هاوکاری شا بوون. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا پڕش و بڵاو بن و زێدانیان نەبێتە شوێنێک کە زەکەری پیاوی داگیرکەر هەست بە سەرکەوتوویی و حەسانەوە بکا.
ژنانی قەڵای دمدم لە قەڵاڕا خۆیان هەڵداشت تا نەک هەر وەبەر "دەستدرێژی جنسی" نەکەون، منداڵی داگیرکەریش لە داوێنێ خۆیاندا پەروەردە نەکەن و شیر نەدەن. هەست بە بەرەنگاری لە قووڵایی مێژووڕا دێ.
مێژووی ئینسانی پڕە لە دووپاتەی تاوان. هەر پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو کە 6000 ژنی شنگال ئەسیرکران و سەدان منداڵ وەدامێنی ژنانی شنگال کەوتن و ئێستا هەم دایکان و هەم منداڵەکان قوربانی دەستدرێژی جنسیی دوای جەنگن. دەستدرێژی بە کچانی گریلا لە لایەن سەربازانی تورک و کچانی پێشمەرگە و زیندانی لە ڕۆژهەڵات لە لایەن جمهوری ئیسلامیش هەر ئەزموونی چل ساڵی ڕابردوون.
داگیرکەر بۆ شکانی بەرامبەر هەمیشە سێکسوالیتی ژن دەکاتە سەنتەری وەدەستهێنانی دەسەڵاتی وەحشی خۆی. ئەوان نەک هەر دەستدرێژی دەکەن کە بگرە دوایە جەستەی ڕووتت لە بازاڕێک نمایش دەدەن. ژنانی قەڵا وەک بکەر بە هەڵداشتن و مەرگی خۆیان پێشی نمایشی بەربەرییانەی داگیرکەری سەفەوی‌یان گرت.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد