mamosta_hassanzade.jpgناوەند سەرەڕای شۆڕشێک کە بۆ هەڵتەکاندنی سیاسەت و بیروبۆچوونەکانی ڕێژیمی پاشایەتی بە نیسبەتی پرسی نێوخۆیی و سیاسەتی دەرەکی کرابوو، لە زۆر شتدا

هەر هەمان خوێندنەوە و ڕوانگەی هەیە. پرسی نەتەوەکان و ماف و داوای جۆراوجۆرییەکانی ئێران یەک لەوان بوو.

دوای خۆڕاگری و بەربەرەکانیی کورد لە بەرامبەر هێرشی بەربڵاوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەهۆی شکستی هێزە چەکدارەکان لە قۆناغەکانی یەکەمی پەلامار بۆ سەر کوردستان؛ چەند دیدار و دانیشتنێک لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و نوێنەرانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد پێک هات. حیزبی دێموکراتی کوردستان یەک لە لایەنەکانی بەشدار لەم وتووێژ و چاوپێکەوتنانە بوو.

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات یەک لەو کەسانەیە لەم دانیشتنانەدا بەشدار بووە کە بە بەشداریی “داریووش فرووهەر، هاشم سەباغیان و عیزەتوڵڵا سەحابی” وەک نێردراوانی دەوڵەت لەژێر ناوی “هەیئەتی حوسنی نییەت”دا پێک هاتبوو.

بە ڕای مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، هەیئەتی ناوبراو دەسەڵاتی ئیجرایی نەبوو، بەڵکوو تەنیا هاتبوون بۆ پرسیار کردن و گوێگرتن و بەتەواوی ئەم بێدەسەڵاتییەیان پێوە دیار بوو.

مامۆستا حەسەنزادە لەو بارەوە دەڵێ: “ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم حوسنی نییەتیان هەبوو یا نا، بەڵام لە ڕەفتاریاندا دیار بوو کە بۆ چارەسەری پرسی ئێمە [نەتەوەی کورد] نەهاتبوون؛ بەڵکوو دەوڵەتی مووەقەت لەبەر لاوازیی [پێگەی خۆیان] و گرینگیی کوردستان ئامادە بووە نوێنەرانی خۆی بنێرێ کە دواتر ئایەتوڵڵا خومەینی گلەیی لەو کارە دەکا و دەڵێ: “ئەمن گوتم سەرەتا گەمارۆ ئینجا گفتوگۆ، (اول محاصر بعد مذاکرە).” هەر ئەمەش ڕێگەی بۆ شەڕی سێ مانگە خۆش کرد.”

مامۆستا حەسەنزادە لە بەشێکی دی لە ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە بە ئاماژە بە چۆنیەتیی سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ گوتی: “ڕاستە ئێران وڵاتی گەلانی جۆراوجۆرە و لەسەر گۆڕانی سیاسیی ٥٧ کاریگەرییان هەبووە، بەڵام واقعیەتی شۆڕشی ٥٧ بە حوکمی ئەوەی موئەسساتی دینی و ئیسلامی جڵەوکێشی ئەو شۆڕشە بوون، لە ڕاستییدا شۆڕشی ئیسلامی بوو و خومەینیش ڕێبەری بوو. زۆر جار دەگوترێ ئەو شۆڕشە بە تاڵان براوە، قەت وا نییە کە بڵێین گەلانی ئێران شۆڕشیان کردوە و ئینجا ئیسلامییەکان دەستیان بەسەردا گرتوە؛ بەڵام ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان نابێ هەر بەوە بناسرێ کە کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەرکار، چونکە لەو ڕۆژەدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢٥٠٠ ساڵەی پاشایەتی بە گشتی و بە تایبەتی دەسەڵاتی ٥٣ ساڵەی پەهلەوی هات، کە خەڵکی ئێران و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان ستەم و زوڵمی زۆریان لەو دەسەڵاتە چێشتبوو.”

لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا، بەڕێز حەسەنزادە بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی شۆڕشی ٥٧ بە تایبەتی لە کوردستاندا گوتی: “بە بۆنەی مەرگی کاک عەزیز یووسفی، تێکۆشەری دێموکرات لە شاری مەهاباد ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکرد و دوای سەرکەوتنی شۆڕش و بەرجەستەبوونی پرسی کورد، لە یەکەم دیداردا و بەبێ ئەوەی بابەتێکی ڕێکخراو بێ، لە هەمان ڕۆژدا پادگانی مەهاباد دەستی بەسەردا گیرا. “هەیئەتی حوسنی نییەت” و نوێنەرانی حکوومەت پێیان وابوو کە بە ئەنقەست لەو ڕۆژەدا ئەو کارە کراوە، کە نیشان بدا “حوسنی نییەت” نییە! بەڵام هەر زوو پێیان گوترا کە ئەو ڕووداوە؛ ئەوەڵەن پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو. دووەمەن ئێمە پادگانێکی بەقەول “طاغوتی”ـمان گرتوە. بۆ ئەگەر لە شارێکی دیکە وەکوو تاران و تەورێز شتی وا ڕوو دەدا بە حەماسەوە باسی دەکەن، بەڵام لە کوردستان بە گومانەوە؟ ئەزقەزا کاتێک پادگانی مەهاباد گیرا -یەکێک لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی نەتەوەی کورد- هەمان ڕۆژ ڕادیۆ تاران بە حەماسەوە باسی لەوە کرد کە پادگانی “طاغوتی” لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزی گەلەوە دەستی بەسەردا گیراوە.”

بەڕێز مامۆستا لە درێژەی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژە هەستیارانە لە سەروبەندی دانیشتنەکانی نێوان نوێنەرانی تاران و کوردستان ئاماژەی بە داواکارییەکان کرد و گوتی: “نوێنەرانی تاران لە ڕاستیدا نەهاتبوون بۆ چارەسەری و زیاتر بۆ سەرنجدان بە دۆخەکە هاتبوون. بەڵام ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات داواکارییەکانمان ڕوون بوو، چ ئەو کات کە داوای خودموختارییمان دەکرد لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا و چ وەکوو ئێستا کە باس لە فیدرالیزم دەکەین کە ئەویش هەر لە چوارچێوەی خاکی ئێراندایە. ئێمە سوور بووین بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بەڵام هەیئەتە جۆراوجۆرەکانی تاران هەنگاوی جیدییان هەڵنەهێنا و بەبێ دەسەڵاتی بڕیاردان سەردانیان دەکرد، چون لە سەرەوەی ئەوان کە خومەینی بێ، باوەڕی بە مافی گەلان نەبوو! هەروەها ڕادەی “حسن نیت” لە نێو هەیئەتەکاندا جیاوازیی هەبوو.”

ڕێزدار حەسەنزادە لە پێوەندی لەگەڵ ڕوانینی ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ پرسی نەتەوەیی و مافەکانی دیکەی گەلی کورد گوتی: “هەر حەوتوویەک دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، هەیئەتێکی بەربڵاو و پێکهاتوو لە چین و سێنفە جیاجیاکان، سەردانی تارانیان کرد و دوکتور قاسملووشیان لەگەڵ بوو، بەڵام هەر بەخێرهاتنێکی تەشریفاتی و دواتر هاتبوونەوە. بەڵام لە دیدارەکانی دیکەدا بۆخۆم لەگەڵ بووم، هەم بۆ تاران و هەم بۆ قوم. لە دیداری قوم کە چاومان بە ئایەتوڵڵا خومەینی کەوت، ئەڵبەت پاش حەوتوویەک مۆڵەت وەرگرتن بۆ چاوپێکەوتن و، لە کاتێکیشدا کە ڕامانگەیاندبوو ئێمە ئەو ٨ کەسە نوێنەرانی دێموکرات نین، بەڵکوو نوێنەری چین و توێژەکانی خەڵکی مەهابادین و کۆمەڵێک داواکاریمان هەیە. پاش حەوتوویەک چاوەڕوانی، دەکرێ بڵێم لەو دیدارەدا تەنیا نیزیک بە دە دەقە دانیشت و گوێی لە قسەکانی ئێمە گرت.

لەو دە دەقەش عەینی ئەو قسانەی دووپات کردەوە کە نابێ پەلە بکەن! پاشان بە فیکری خۆم ویستم زیرەکی بکەم و قسەیەکی لە زار دەربێنم گوتم: هەموو ئەوشتانەی کە دەفەرمووی نابێ پەلەمان هەبێ قەبووڵە. بەڵام تەنیا یەک پرسیار؛ ئێمە وەکوو خەڵکی کوردستان لە ڕێژیمی پاشایەتی زوڵمی جۆراوجۆرمان دیتوە، ئێستا دەمانهەوێ بزانین لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا چی دەبێ؟ کەس دڵی ئاو ناخواتەوە مەگەر لە زاری جەنابتەوە بگوترێ! خومەینی بەبێ ئەوەی وڵامێک بە “ئەرێ” یان “نا” بداتەوە، گوتی: هەر کەس دێ دەڵێ شا زوڵمی لە ئێمە کردوە. کورد دێ وا دەڵێ، تورک دێ وا دەڵێ و تەنانەت هێنایە سەر شارەکان و گوتی: ئیسفەهانی وا دەڵێ، شیرازی وا دەڵێ و … ئێمە بۆخۆمان لەم شاری قومە لە زەمانی پاشایەتی، هەقمان نەبوو بەئازادی مەراسمی ئایینیی تاسووعا و عاشوورا بەڕێوە ببەین. خومەینی بەو قسانە خۆی بوارد لە ئەسڵی پرسیاری من و مەوزووعاتی ئێمەی بەو جۆرە کردە “تەپ و تۆز” و دەتوانم بڵێم بە زیرەکییەوە خۆی لە ڕاستییەکان‌ بوارد. خومەینی نە گوتی مافتان نادەینێ کە خەڵک پشتی لێ بکا و نە گوتی مافەکانتان دەدەینێ، هەتا لە سەری نەبێتە ماڵ.”

لە درێژەی بابەتەکەدا باسی دانیشتنەکانی نوێنەرانی تاران و کورد لە شاری سنە کرا، کە لە بەڵگەنامەکانی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە، لەبەر ئەوەی ئیبراهیم خانی یوونسی ئەو کات ئوستانداری پارێزگای سنە بووە، لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم نەرمی نواندوە و ئەمنیەتی سنەیان تێک‌ داوە.

بەڕێزیان لەو بارەوە گوتی: “ڕاستە ئیبراهیم خانی یوونسی لەو سەروبەندەدا ئوستاندار بوو بەڵام ئەو لەوێ نەبوو بەڵکوو جێگرەکەی واتە ئاغای کولیجی لەوێ بوو کە هیچ نەقش و دەسەڵاتی دەوڵەتی نەبوو. ئەساسەن ئەو هەیئەتە بۆ موزاکرە نەهاتبوون، بەڵکوو ئەو هەیئەتە لە ئاکامی شەڕی سنە، گەیشتبوونە سنە و -لە تاقەتی ئەم دیدارەشدا نییە کە باس لە هۆکاری ئەو شەڕە بکەین-، ئەوان هاتبوون بۆ دامرکاندنی شەڕ بەڵام لە کاتی دانیشتنەکە‌دا هەم شەڕ هەبوو، هەمیش دەوڵەت هێندێک حەرەکەتی منداڵانەیان کرد وەکوو “شکاندنی دیواری سەوتی” بە فڕۆکە جەنگییەکان؛ ئەویش ڕاست بەسەر ئەو شوێنەی کە دوو هەیئەت دانیشتبووین و قسەمان دەکرد.”

مامۆستا حەسەن‌زادە بە باس کردن لە بارودۆخی ئەو کاتی شاری سنە و دیدار لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کورد وەکوو کاک ئەحمەد موفتیزادە و ئەو تاوانانەی کە هێندێک لایەن باسی دەکەن، گوتی‌: “ئەگەر بمهەوێ وەکوو تاریخ لەسەر کاک ئەحمەدی موفتیزادە باس بکەم دەبێ بڵێم کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو، لە زەمانی شادا یەکێک لە تێکۆشەرانی دژبەری ڕێژیمی پاشایەتی بوو. تەنانەت بە تاق و تەنیا بە دەستخەتی خۆی بەیاننامەی دەنووسی و بە ئیمزای خۆی بڵاوی دەکردەوە و پیاوێکی بوێر و ئازا بوو. بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە وەک بۆخۆی دەڵێ پاشخانێکی فیکریی ئایینیی هەبوو. ئەو حکوومەتەش [کۆماری ئیسلامی] بەناوی ئایینەوە هاتبوە سەرکار، هەر بۆیە ئەویان بەجیا دەدواند و تا ڕادەیەک کاریگەرییان لەسەر دانابوو کە هەرچەند من بۆخۆم لێم نەبیستوە بەڵام گوتبووی: “خودموختاری لە گیرفانمدایە”! پاشان ناکۆکی کەوتە نێوان کاک ئەحمەد و مەرحووم شێخ عیزەدین حوسەینی کە هۆکارەکەشی دەتوانێ سازمانە سیاسییەکانی ئەو کات بێ.

ڕۆژێک پێش دیداری سنە هەردووکیان [کاک ئەحمەد و شێخ عیزەدین] لە سەقز یەکتریان بینی و بڕیاریان دا کە کەس بەجیا بەناوی گەلی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەت و میدیاکان قسە نەکا. بەو جۆرە ڕێک کەوتن، بەڵام شەوەکەی لە تەلەڤیزیۆنەوە چاومان لێبوو کە کاک ئەحمەد قسە دەکا و خودا هەڵناگرێ هەرچەند لە کۆبوونەوەکە چاکی قسە کرد بەڵام لەوەی تەلەڤیزیۆن خراپی گوت و ئێمەی کوردی تاوانبار کرد. با ئەو ڕاستییەش بۆ مێژوو بڵێم کە ئێمەش هەڵەمان بووە بەڵام لانیکەم دەبێ پەنجا پەنجا دابەشی بکەن. خۆشباوەڕی و خۆشقەلبیی کاک ئەحمەد بووە هۆی ئەوەی ئەو لە ئێمە جیا بکاتەوە و هەر ئەو خەسڵەتەش بووە هۆی ئەوەی سەری لەو پێناوەدا دانێ.”

مامۆستا حەسەن‌زادە لە بەشی پێوەندیدار بە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی ٥٧‌دا گوتی: “ئێمە بە ڕەچاوکردنی ڕووداوەکانی ئێران بڕیارمان دا بگەڕێینەوە بۆ نێوخۆی وڵات، ئەگەرچی درەنگ موافقەتی لەسەر کرا و، ئاخری کومیتەی زاگرۆس پێک هات -بە ڕاستگۆیی بڵێم حیزبی دێموکرات بە هۆی تەحلیلی جۆراوجۆر درەنگ گەڕاوە- و دوکتور قاسملوو گوتی دەبێ بگەڕێینەوە نێوخۆ، ئەو حەرەکەتە تا ئاخر دەڕوا.

پاش گەڕانەوەی حیزبی دێموکرات بۆ نێوخۆی وڵات، توانی ئاراستەیەکی جیاواز بە خۆپیشاندان و دروشمەکان بدا و، ڕاستە حیزبی دێموکرات نەیدەتوانی لە ئاستی ئێراندا کاریگەریی هەبێ، بەڵام لە کوردستان و بە تایبەتی لە مەهاباد نەقشی یەکلاکەرەوەی هەبوو.

لە کۆتاییدا لەمەڕ نەرمی نواندنی نوێنەرانی کورد کە ئەو کات بەهێز بوون و دەوڵەتی ناوەندیش لاواز، گوتی: “قەت لایەنە کوردییەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندی لە دانیشتنەکاندا نەرمی نەنواندوە و، دەبێ ئەو واقعە قەبووڵ بکەین کە کورد لە ئێران هێزی سەرتر نییە و ئێمەش وەکوو هێزی کوردی نە توندوتیژییمان نواندوە نە نەرمیش و ئێمە تەسلیم نەبووین و، نوێنەرانی تارانیش نەهاتبوون بۆ چارەسەری کێشەی گەلی کورد! هاتبوون بە گوتەی خۆیان بۆ “رفع غائلەی کوردستان” و بۆ یەک جاریش موزاکرە لەسەر مەسەلەی کوردستان نەکرا.”

***

ده‌گه‌ڵ داوای لێبوردن:

خوێنەرانی بەڕێزی “کوردستان”! به‌داخه‌وه وتاری من له کۆنفڕانسی یادی د. قاسملوو لە سێنای فەڕانسە کە ژمارەی پێشوو(٧٦٨) هەر لەم لاپەڕەیەدا داندرابوو، هەڵەیەکی زەقی تێکەوتوه کە خەتاکەی هی خۆم بووه.

وێڕای داوای لێبوردن بەمجۆرە ڕاستی دەکەمەوە:

١- لەدێڕی چوارەمی پاڕاگڕافی چوارەمی ستوونی ٣دا (١٩٧٢) دەکرێته (١٩٧٧).

٢- ٥ دێڕی کۆتایی هەر ئەو پاڕاگڕافە بەمجۆرە ڕاست دەکرێتەوە:

ناوچە و بە تایبەتی ناکۆکیی نێوان هێندێک لە هێزە سەرەکییه‌کانی کوردستان بوونە کۆسپی سەر ڕێگای پێکهێنانی کۆبوونەوەی دووەم و بەمجۆرە ئەو هەوڵە پیرۆزە بە ناکامی ماویەوە

عەبدوڵڵاحەسەن‌زادە

٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ هەتاوی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد