b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_arm-pdk.jpgکۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە و لە بارودۆخ و هەلومەرجێکی جیاواز و تایبەتدا هەڵبژاردنێکی نمایشیی دیکەی بەڕێوەبرد. ئەم هەلبژاردنە چەند مانگ دوای

سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر و هەروەها بەردانەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرە ئۆکراینییەکە بەڕێوەچوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو تواناوە سەرەتا حاشای لێدەکرد و دوایە کە ناچار بە قبوڵکردنی بەرپرسایەتیی ئەم تاوانە بوو؛ هیچ متمانە و ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتەوە. بۆیە ڕێژیم لە پێناو پیشاندانی متمانە و ڕەواییەتی نەبوویدا بە هەموو تواناوە هەوڵی ‌دا خەڵک بۆ هێنانە سەر سندووقەکانی دەنگدان هان بدا و وەک ڕەفتاری سواوی لەمێژینەی؛ بە فڕوفێڵ، هەڕەشە و تەماح وەبەرنانیش بووە لە بەشداریی خەڵک، ڕەواییەکی – هەرچەند درۆیینیش بێت – بۆخۆی دەستەبەر بکا. بەڵام ئەم هەوڵانە نەزۆک بوون و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە هەڵوێستێکی مانادار و یەکگرتووانەی گشتیدا، بە نەچوونە سەر سندووقەکان، [نا]یەکی دیکە بەڵام قورس و قایمتر لە جارانیان بە ڕێژیم گوتەوە.

بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و وەڵامی شێلگیرانەی خەڵک بە پشت تێکردن لە سندووقەکانی دەنگدان دەسەڵاتی سیاسیی بە ڕادەیەک شۆک کردوە کە ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەکەش بۆیان نەکراوە دوائامار لەسەر چەندی و چۆنیی بەشداریی خەڵک بڵاو بکەنەوە، ئەگەرچی لای کەس شاراوە نییە و ئامارە نارەسمییەکان دەڵێن بەشداریی یەکجار کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە و نەبیندراوە.

ئەگەر تەنیا لە ئاماری بەشداریی خەڵک لە پاڕێزگای تاران وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی ئەم وڵاتە و ڕێژەی بەشداریی خەڵکی کوردستان وەک گەلێکی بێبەشکراو لە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی ورد بینەوە، دەردەکەوێ کە پێگەی ئەم ڕێژیمە لە تەواوەتیی خۆیدا و لە ئاستی گشتیی وڵاتدا چەندە لەرزۆک و لە حاڵی داڕمان دایە. بە پێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی خودی دامودەزگاکانی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژی بەشداریی خەڵک بڵاویان کردۆتەوە کە بێگومان بە هیچ شێوەیەک جێی باوەڕ و متمانەی خەڵک نین، تاران، وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و پایتەختی ئەم وڵاتە، کەمترین ڕێژەی بەشداریی تێدا تۆمار کراوە. کوردستانیش کە مێژوویەکی پڕ لە شانازی و هەڵوێستی ڕاشکاوانەی بەرانبەر بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی هەیە و لە [نا] گوتن بەم نیزامە پێشەنگ بووە، خەڵک و هێزە سیاسییەکانی بە گرتنەبەری هەڵوێستی بایکۆت لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس‌دا و تۆمارکردنی کەمترین ڕێژەی بەشداری، بۆ جارێکی دیکە لە تەواوەتیی خۆیدا بەرەنگاری ئەم ڕێژیمە دژی‌گەلییە بوونەوە. بینیمان بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستان و لە “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران”ەوە درابوو، لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی وشیار و لەسەر هەستی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا و ساردوسڕترین پێشوازیی خەڵکی لە ستادی پڕوپاگاندای کاندیدەکان و دەنگدانی لێ کەوتەوە. خەڵکی کوردستان بە چۆڵ هێشتنەوەی ستادەکان و نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەریان خستەوە کە خاوەنی شعوورێکی سیاسیی بەرزن و نایەڵن دەسەڵاتی سیاسی بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاریان بێنێ.

ژوورەکانی پیلانگێڕیی ڕێژیم لە کوردستان بە درێژایی ڕەوتی پڕوپاگاندای هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگەکان و بردنە سەرێی ڕێژەی بەشداریی خەڵک، هەوڵێکی زۆریان خستە گەر. پەرەدان بە هەستی تایفەگەری و، بە تایبەت زەقکردنەوەی کەلێن و جیاوازیی نەتەوەیی لە هێندێک شوێن، یەکێک لەو پیلانانە بوو کە ڕێژیم بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵکی کوردستان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بە چڕی کاری لەسەر کردن. بەڵام بە خۆشییەوە خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان و بە تایبەت چالاکان و خەڵکی وشیار لە نێوخۆی وڵات، ژیرانە و ئازایانە هەموو ئەم دەهۆ و پیلانگێڕییانەی ڕێژیمیان مایەپووچ هێشتەوە.

دەفتەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، کوردستان و سەرجەم نەتەوەکانی دیکە لە رۆژی ٢ی ڕەشەممەدا کە بە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان، لەرزۆکبوونی پایەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بێ‌ پێگەبوونی ئەم نیزامەیان دەرخست، پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵکی ئێران و کوردستان دەکا. هەر لەم پێوەندییەدا سڵاو و ڕێز و پێزانینی بۆ زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە کە بە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، داکۆکییان لە ماف و ئازادی و ویستە نەتەوایەتییەکانیان کرد. پێزانین و سپاس بۆ ئەو بەربژێرانەی لەم خولە لە هەڵبژاردن بۆ نوێنەرایەتی لە پارلمانی ئێران خۆیان کاندید نەکرد و کشانەوە. پێزانین و سڵاو بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەو ماوەیەدا لە ژێر ڕێنوێنییەکانی حیزب و لە پێوەندی لە گەڵ چۆڵبوونی ستادی کاندیدەکان و نەچوونە سەر سدنووقەکانی دەنگداندا، چالاک و هەڵسووڕ بوون. سپاس و پێزانین بۆ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی درووست و مەسئولانەی هاوبەش لەم پێوەندییەدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٨

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.