nawendi_hyzb.jpgبەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ تەحریمی شانۆگەریی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس لە ئێراندا

هاونیشتمانیانی بەڕێز!
کۆمەڵانی خەڵکی مافخوازی کوردستان!

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ڕیزکردنی کۆمەڵێک مەرج و پێکهێنانی بەربەست بۆ کاندیداکانی خوازیاری نوێنەرایەتی لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لە داهاتوویەکی نزیکدا شانۆی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە دەبات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە باوەڕی وایە کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە نێوەرۆکی مەجلیسێکی ڕاستەقینە بەتاڵ کراوە و هیچ کات نەک هەر نەیتوانیوە لە پرسە گرینگەکانی ئێراندا بڕیاردەر و شوێندانەر بێت، بەڵکوو ئەم مەجلیسە بۆ خۆی بەشێکی گرینگ لەم رێژیمەیە و وەک یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی ئەم نیزامە سەرکوتکەرە رۆڵی گێڕاوە. وێڕای ئەو ڕاستییەش، لە هەلومەرجی ئێستادا و بەتایبەت پاش حەرەکەتە ئیعترازییەکان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕوونتر و ئاشکراتر لە هەموو کات دەرکەوت کە نە مەجلیسی ڕێژیم پارلەمانێکی ڕاستەقینەیە و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە پارێزگاری لە خەڵک و ماف و ئازادییەکانیان دەکەن.

لەو حەرەکەتە ئیعترازییانەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی راستەوخۆی خامنەیی خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژی چەک و گیانیان لە سەدان کەس ئەستاند، بە هەزاران کەسیان بریندار کرد و هەزاران کەسی دیکەشیان ڕفاند و ڕەوانەی ئەشکەنجەگا و سیاچاڵەکانیان کردن، کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ زانیارییەکی ڕوون لە سەر چارەنووسییان لە بەردەستدا نییە. بەڵام نە مەجلیس بە گشتی و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە بە تاک، هەڵوێستێکی شیاویان بەرانبەر بەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی نیشان نەدا.

هاتنە سەر شەقام و خۆپێشاندانەکانی ئەم ساڵ و چەند ساڵی ڕابردووی گەلانی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، بێ پێگەیی و بێزراوبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە نێو خەڵکدا بە تەواوی دەرخستووە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەنجامدانی گەورەترین تاوانەکان بەرامبەر بە خەڵکی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتوو، دەیەوێ بە وەڕێخستنەوەی شانۆسازیی هەڵبژاردن و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، لە بەرچاوی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، هێندێک ئێعتیبار بۆ خۆی دەستەبەر بکات و سەرپۆش لەسەر ڕیسوایی خۆی دابنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی تێکڕای ئەم راستییانە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٣ی دیسامبری ٢٠١٩ی زایینیی خۆیدا بڕیاری بایکۆتی فەعالی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی پەسەند کرد و لەو باوەڕەشداین کە لەم بارودۆخەی ئێستای ئێران و کوردستاندا هەر کەس و تاکێک لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا خۆی بەربژێر بکات یا بچێتە سەر سندووقی دەنگدانەکان، راستەوخۆ خزمەتی بە مەشرووعییەت پێدان بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

لەو پێوەندییەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕوو دەکاتە کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی کە لە چوون بۆ سەر سندووقەکانی شانۆی هەڵبژاردن خۆ ببوێرن و رێگاش نەدەن پیلانەکان و نەخشە دزێوەکانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان سەر بگرێت. هەروەها ئەوانەی کە بە هەر نیازێک خۆیان بۆ بەناو نوێنەرایەتیی لەو مەجلیسەدا کاندید کردووە با ئەو راستییەیان لە بیر بێت کە دەبێ بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە سەرەوەی مەسڵەحەتی خۆیان دابنێن و بناغەی قازانج و ویستی خۆیان لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی بونیاد نەنێن .

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، جەخت لەسەر ئەو هەڵوێستە دەکەینەوە کە لە هەلومەرجی ئێستادا بایکۆت کردنی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس زیاتر لە پێشوو بۆتە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی. بە هیوای بەرپەرچدانەوەی هەر پیلانێکی ڕێژیم و گوتنی “نا”یەکی گەورەی دیکە بە ڕێژیم بە جۆرێک کە وەڵامدەری حەرەکەتە ئیعترازییەکانی خەڵک و ڕێزدانان بۆ قوربانییان و بریندارانی سەرکوتەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی وڵاتەکەمان بێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٤/١٠/١٣٩٨

٢٥/١٢/٢٠١٩

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد