b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_arm-pdk.jpgماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە چەندین شار و ناوچەی ئێران و کوردستان بە هۆی کەش و هەوای بارانی و هەستانی لافاوەوە تووشی زەرەر و زیانێکی

زۆری گیانی و ماڵی هاتوون. لە بەشێک لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان (کرماشان، ئیلام و لوڕستان) زیانەکان کارەساتبار و دڵتەزێنن. بە پێی زانیارییەکان؛ تا ئێستا نزیک بە ٦٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان کەس بریندار و بە دەیان هەزار کەس لە شوێنی نیشتەجێبوونیان دوور کەوتوونەتەوە، ٤٠٠ شار و گوند لە ١٨ پارێزگای وڵات کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی لافاوەکان و ٧٨ ڕێگای نێوان شارەکان و ٢٢٠٠ ڕێگای نێوان گوندەکان بەو هۆیەوە داخراون. بەراوردی سەرەتایی زیانەکانیش دەڵێ کە تا ئێستا ١٢هەزار میلیارد تمەن زەرەر و زیان بەر خەڵک لە هەموو بەشەکاندا کەتووە.
بە پێی بۆچوونی کارناسان و شارەزایانی ژینگە، هۆکاری بەشێکی زۆری ئەم کارەساتانە سرووشتی نین و ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە سیاسەتی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەت و باندی مافیای سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە هەیە کە بە هۆی پڕۆژە سەقەتەکانی ئەوانەوە لە بواری ڕێگا و بان و شارسازی پڕۆژەکانی دیکە لە نزیک شوێنی ئاوەڕۆ و رووبارەکان، خەڵک و وڵاتیان تووشی ئەم نەهامەتییانە کردوە. جیا لە هەموو ئەم بێسەرەوبەرەییانە، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ خەڵکی لافاولێدراوی و ئێران و کوردستان بە تایبەتی جێی تووڕەیی و ڕق و بێزارییە، کەمتەرخەمی و بێتوانایی دام و دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەهاناوەچوونیان. تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کاربەدەستانی دەوڵەتی و حکوومەتیی ئەم ڕێژیمە بە بیانووی جۆراوجۆری بێبنەما کە نیشانەی دەستەوەستانی و بێتوانایی ئەم نیزامەیە، هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ بەهاناوەچوونی سەر و ماڵی خەڵکی زیان وێکەوتوو نییە.
هەروەها لە کاتی ڕوودانی بەڵا و کارەساتێکی سروشتیی لەو چەشنەدا شەپۆلێک لە هاوخەمی و بەهاناوەچوون لە ئاستی ناوچەیی و دەوڵەتیدا بە نیسبەت شوێنە زیاندیتووەکان وەڕێ دەخرێ، بەڵام ئەمجارەیان و تا ئێستا باسێک لەو بەهاناوەهاتنە لەلایەن وڵاتانەوە نییە. دیارە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی سروشتی خۆیان کە قەت بایەخیان بۆ گیان و ماڵی خەڵک دانەناوە، لە کاتی وادا داوای کۆمەگ و یارمەتی ناکەن، بەڵام لانیکەم لە دوو ڕووداوی لەم چەشنەدا، چ کاتی بوومەلەرزەکەی "ڕوودبار" و چ لە کاتی بوومەلەرزەکەی "بەم"دا لە هەموو شوێنێکی دنیاوە کاروانی یارمەتییە پزیشکی و مرۆڤدۆستانەکان بەرەو ئێران وەڕێ کەوت. دوانموونە وەک باس کرا بوومەلەرزەکەی "بەم" بوو کە زیاتر لە ٦٠ وڵات یەک لەوان ئەمریکا بە ناردنی هێزی یارمەتیدەر، خواردن و دەواودەرمان و کەلوپەلی حاواندنەوە ڕوویان کردە ئێران و میدیا و کاربەدەستانی ئێرانیش بە ڕێزەوە باسیان لە کار و چالاکییەکانیان کرد. بەڵام ئێستا چ ڕووی داوە کە ئەم کارەساتە سروشتییە گەورەیە نەبووەتە هۆی وەها هەڵمەتێک؟! چۆنە هەموو کاردانەوەکان لە ئاستی تویت و قسەی سەرزاران ماونەوە؟! ئەمریکا و ئورووپا لەجێی خۆی، چۆنە چین و ڕووسیەش کە دوو هاوپەیمانی سیاسیی کۆماری ئیسلامین و بەردەوام لە ڕووی سیاسییەوە بە هانای ڕێژیمەوە هاتوون، لەوەدا بە سەرەخۆشییەک و هاوخەمییەکی زارەکی قەناعەتیان کردوە؟! تەنانەت چۆنە لە کاتێکدا بە سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵیان لێ شێواوە و ژیانیان کەتووەتە مەترسییەوە، بەڵام ئێران لەجیاتی ڕاکێشانی هاوپێوەندیی جیهانی، دێ بابەتەکە بە جۆڕێکی دیکە و بەراوەژوو نیشان دەدا و کەمتەرخەمییەکانی خۆی دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتانی دیکە؟ وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ گەمارۆکانی ئەمریکا کۆسپیان لەبەردەم ڕەوتی بەهاناوەچوونەکان داناوە و ئەوە ئەوانن کە ناهێڵن یارمەتیی دەوڵەتان بگاتە خەڵکی ئێران! لەولاش مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش وەدەنگ دێ و دەڵێ؛ پێویستە کاربەدەستانی ئێرانی لە گەڵ خەڵکی خۆیان ڕاستگۆ بن و بە جێی ئەوەی پێداچوونەوە بە پلانە هەڵەکانیان بەرانبەر بە ژینگە و شارسازی بکەن و سیاسەتە هەڵەکانی خۆیان بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بگۆڕن، درۆ لە گەڵ خەڵکی خۆیان دەکەن و خەتاکان دەخەنە ئەستۆی ئێمە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام و بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە قەیرانخوڵقێنی و دروستکردنی ژانەسەر بۆ وڵاتانی دراوسێ و لە ئاستی ناوچەیی و جیهاندا و پشتگرتنی تێرۆریزمی دەوڵەتی تۆوی نەفرەت و بێزاریی لە ئاستی دنیادا بڵاو کردۆتەوە. نەفرەت و بێزارییەک کە ئێستا خەڵکی ئێرانە دەبێ باج و تێچووەکەی بدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی هاوخەمیی و هاودەردی لەگەڵ خەڵکی زیانلێکەوتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتە، هەروەها مەحکوومکردنی کەمتەرخەمی و بێبەرنامەیی ڕێژیم لە پێوەندی لە گەڵ بەهاناوە نەچوونی خەڵکدا، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ و دەگونجی، بەهانای خەڵکی زیانڵێکەوتووبە هۆی ئەم لافاوانەوە بچن. بەتایبەت بە پێی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەرانبەر بە هاونیشتمانانی خۆمان، پێویستە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بەهانا و یارمەتیی خەڵکی ناوچەکانی خوارووی کوردستانەوە بچین.
خەڵکی دەروەست و سەخاوەتمەندی کوردستان لە هەلومەرجی تایبەتیی ئەوتۆدا لەمێژە سەلماندوویانەکە پشت و پەنای یەکترین و یەکتر بە تەنیا ناهێڵنەوە. هەڵوێستی خەڵکی شارو ناوچەکانی کوردستان بەرانبەر بە بوومەلەرزەلێدراوانی پاڕێزگای کرماشان و بەهاناوەچوونی مێژوویی خەڵک، نموونەی هەرە بەرزی خەسڵەتی بەخشندەیی خەڵکی کوردستانە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لەم دۆخە دژوار و کارەساتبارەدا خەڵکی کوردستان، هاونیشتمانیانی خۆیان لە پاڕێزگاکانی کرماشان و لورستان لەبیر نەکەن، بە هانایانەوە بچن و بە هاوکارییەکانی خۆیان مەینەت و ئازارەکانیان کەم بکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.