nawendi_rageiandn.jpgپەیامی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی
لە سەدەی ڕابردوودا، ڕۆح و ورەی کۆڵنەدەرانەی

کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، هەردەم لە جموجۆڵ و گوڕوتیندا بووە، ئەم ڕۆح و هەستە نەسرەوتووە بەردەوام لە نێوان نسکۆ و هەستانەوەدا لە هاتوچۆدا بووە، هەندێ جار بە بڵێسەی ڕاپەڕین و بەرخۆدان گەشاوەتەوە و جارجارەش لەژێر هورووژمی بێ‌بەزەییانەی داگیرکەراندا ژاکاو و سیس هەڵگەڕاوە. لەو ماوە دوور و درێژەدا، دەسەڵاتی زاڵ بەردەوام ویستوویەتی ڕۆح و زەینییەتی کوردانەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان پارچەپارچە بکا و نەهێڵێ لە قاڵبی هەیکەل و سیمایەکی یەکانگیردا خۆی بەرجەستە و وێنا بکا و، بەکورتی ڕێژیمی داپڵۆسێنەر ویستوویەتی تووشی دابڕانێکی مەرگەساتی هەمیشەیی بکا.
بەڵام بەختەوەرانە لەم چەند ساڵەی دواییدا، کۆمەڵانی بەرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی بەشکۆی ئاهەنگە نەورۆزییەکان، حەماسەی یارمەتیدانی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و مانگرتنی سەرانسەریی ٢١ی خەرمانانی ٩٧ بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە هێرشیی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و زۆر هەرەوەزی دیکە، توانیویانە ڕۆحێکی نوێ بەم پەیکەرەدا بکەنەوە و لەو نێوانەشدا ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و بەتایبەتی کورد کاناڵ، بەپێی ئیمکان تریبوونێک بووە بۆ ڕووماڵکردنی جموجۆڵ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە کورتی بە هیممەتی دڵسۆزانەی هەموو لایەک، ناوچەکانی خوارەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشی سەرەوەی نیشتمان گرێ بدەنەوە و ئێستا ئیتر قەوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە یەک جەستە و یەک ڕۆحی تەواو.
نەورۆز، هێمای بووژانەوە و وەرزێکی نوێیە لە بەهێزکردنی ڕۆحی نەتەوەیی بۆ کورد، بەتایبەتی بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان.
ئێستا ئیتر نەورۆز ئەو هێزە کاریگەرەیە کە توانیویەتی هەموو تاکە هاوبیر و جیابیرەکان لە ڕۆح و کیانێکی یەکپارچەدا کۆ بکاتەوە و بۆتە بەرگێکی باڵانوێن پڕ بە باڵای ئەم پارچەیە لە نیشتمان.
بەم پێیە دەکرێ بڵێین، نەورۆز لە هێماوە بەرەو هێز و یەکانگیریی نەتەوەیی کشاوە.
ئێمەش هەر لێرەوە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هەروەک ساڵانی پێشوو، یەکگرتووانە، جامانە و هەوری لە شان، بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و سەری ساڵی نوێدا بکەن و بە سەمای ئازادیی ئاگری نەورۆز گەشتر بکەن و بیسەلمێنن کە نەورۆز هەروا سەمبولی تەبایی و یەکڕیزییە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کودستان
نەورۆزی 2719ی کوردی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.