b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_coronavirus.jpgنیویۆرک تایمز – ئاپوورڤا مانداڤیلی
لە ئنگلیزییەوە: کەمال حەسەنپوور
بەرهەڵستداریی لە بەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا

چەندە بەردەوام دەبێ؟ بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، لەوانەیە چەند ساڵ و تەنانەت چەند دەیە بەردەوام بێ. ئەوە یەکێک لە هیوابەخشترین جوابەکان بەو پرسیارەیە کە سێبەری خستۆتە سەر پلانەکانی لێدانی پێکوتە بە شێوەیەکی بەربڵاو.
بە گوێرەی زانیاریی نوێ، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە کە گیرۆدە بوون، هەشت مانگ دوای چاک بوونەوە هێشتا هێندە خانەی بەرهەڵستدار لە جەستەیاندا هەن کە بتوانن پێش بە ڤایرۆسەکە و نەخۆشی بگرن. کەم بوونەوەی لەسەر خۆی ڕێژەی ئەو خانانە، بە خۆشییەوە ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەو خانانە تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە جەستە دا بمێننەوە.
توێژینەوەکە کە بە شێوەی سەرهێڵ بڵاو کراوەتەوە، هێشتا لە لایەن توێژەری هاوشان پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە و لە گۆڤارێکی زانستییدا بڵاو نەبۆتەوە. بەڵام ئەوە تا ئێستا گشتگرترین و بەربڵاوترین توێژینەوەی ئاسەواری بەرهەڵستداریی لە بەرانبەر فایرۆسی کۆرۆنایە.
شاین کرۆتی، ڤایرۆس ناسێکی ئەنستیتۆی بەرهەڵستدارناسی لا جۆلا و یەکێک لە توێژەرانی ئەو لێکۆڵینەوەیە گوتی، "ئەو ڕێژەیە لە خانەی ئەزمووندار وێدەچێ زۆرینەی بەرچاوی خەڵک هەتا چەند ساڵان لە گرتنی نەخۆشییەکە بە چڕی یاخود بە شێوەیەک کە پێویستییان بە نەخۆشخانە بێ، بپارێزن."
ئەو زانیارییە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ پسپۆڕان چونکە ئەوان نیگەرانن کە لەوانەیە بەرهەڵستداریی دژی ڤایرۆسەکە کورتخایەن بێ و، پێویست بێ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پەتایەکە،پەیتا پەیتا کەڵک پێکوتەوەرگیرێت.
ئەو توەێژینەوە زانیارییەکی نوێش پشتڕاست دەکاتەوە: ئەو کەسانە کە تووشی نەخۆشی سارس، کە هۆیەکەی ڤایرۆسێکی دیکەی بنەماڵەی کۆرۆنایە، بوون حەڤدە ساڵ پاش چاکبوونەوە، هێشتا بەشێکی گرینگ لە خانەی بەرهەڵستداریان لە جەستەدا ماوە.
ئەو زانیارییە لەگەڵ بەڵگەی هیوابەخشی دیکە کە لە لایەن تاقیگەی دیکەوە ئاشکرا دەکرێن یەک دەگرێتەوە. توێژەرانی زانستگەی واشینگتۆن، لە ژێر چاودێریی بەرهەڵستدارناس ماریۆن پێپەر، پێشتر نیشانی دابوو کە هێندێک خانەی "ئەزمووندار" کە دوای گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست ببوون، لانیکەم سێ مانگ دوای چاکبوونەوە ‌هێشتا لە جەستەدا مابوون.
بە گوێرەی دیپتا باتاچاریا، بەرهەڵستدارناسێکی زانستگەی ئاریزۆنا، "ئەو لێکۆڵینەوانە بە گشتیی هەمان وێنە نیشان دەدەن، واتە کاتێک لە چەند حەوتووی یەکلاکەرەوەی نەخۆشییەکە تێپەڕ دەبی، کاردانەوەی جەستە وێدەچێ وەک شێوەی باو بێ."
ئاکیکۆ ئیواساکی، بەرهەڵستدارناسێک لە زانستگەی یەیل، گوتی سەری لەوە سوڕ نامێنێ کە جەستە وەڵامێکی درێژخایەن دەداتەوە چونکە "ئەوە شتێکە کە دەبێ ڕوو بدا." لەگەڵ ئەوەشدا ناوبراو بەو توێژینەوە دڵگەرم بوو و گوتی: "ئەوە هەواڵێکی سەرنجڕاکێشە."
ژمارەیەکی کەم لە گیرۆدەبووان کە لەو توێژینەوەدا بەشدار بوون دوای چاکبوونەوە بەرهەڵستداریی درێژخایەنیان نەبوو، ڕەنگبێ لەبەر جیاوازیی ڕێژەی ئەو ڤایرۆسانەی کۆرۆنا بێ کە ئەوان گیرۆدەی بوون، بەڵام بە گوتەی جێنیفێر گۆممەرمەن، بەرهەڵستدارناسێکی زانستگەی تۆرۆنتۆ، پێکوتە دەتوانێ بەسەر ئەو جۆراجۆرییانەدا زاڵ بێ. ئەو گوتی، "ئەوە یارمەتی دەکا کە جەخت بکرێتە سەر شێوەی بەرپەرچدانەوە، کەوابوو تۆ هەمان فرەلایەنییە نابینی کە لە نێو حەشیمەتێکی گیرۆدەبوودا چاوەڕوان دەکرێ."
لەو چەند مانگەی دواییدا، ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە دابەزینی پلەی دژەتەن بۆتە هۆی ئەو نیگەرانییە کە بەرهەڵستداریی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە بە چەند مانگان لەناو بچێ و ببێتە هۆی لاوازیی دووبارەی خەڵک لە بەرانبەر ڤایرۆسەکە.
بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی بەرهەڵستداریی باسی سروشتیبوونی دابەزینی پلەی دژەتەنیان کردووە. جگە لەوە، دژەتەن تەنیا باسکێکی سیستەمی بەرهەڵسدتداریی جەستەیە.
ئەگەرچی دژەتەنی ناو خوێن بۆ پێشگرتن لە نەخۆش کەوتنی دووبارە بە ڤایرۆسەکە پێویستن، دۆخێک کە بە بەرهەڵستداریی پاقژکراو ناسراوە و مەبەست ئەوەیە کە خانەکانی بەرهەڵستدار کە ڤایرۆسەکە "دەناسنەوە" زۆر جار بەرپرسن کە نەهێڵن مرۆڤ تووشی نەخۆشی جیددی بێ.
ئالێساندرۆ سێتی، بەرهەڵستداریناسێکی ئەنستیتۆی لاجۆلا و هاوبەشی توێژینەوەکە گوتی، "بەرهەڵستداریی پاقژکراو ‌هێندە ئاسایی نیە، ئەوە شێوەی باو نیە."
زۆر جار خەڵک بۆ جاری دووهەم گیرۆدەی نەخۆشکەرێک دەبنەوە و، سیستەمی بەرهەڵستداریی جەستە داگیرکەرەکە دەناسێتەوە و دەستبەجێ هەوکردنەکە لەناو دەبات. بە تایبەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیانگەیاندن بەکاوەخۆیە، ئەوە کاتی پێویست دەدا بە سیستەمی بەرهەڵستداریی جەستە تا دەستبەکار بێ. دوکتور سێتی گوتی، "ئەو دەتوانێ هێندە زوو دەستبەکار بێ کە تۆ نەتەنیا نەخۆش ناکەوی، بەڵکو هەست بە نیشانەکانیشی ناکەی."
لە توێژینەوەی دوکتور سێتی و هاوکارەکانیدا ١٨٥ ژن و پیاو لە تەمەنی ١٩ تا ٨١ ساڵ، کە نەخۆشی کۆڤید-١٩یان گرتبوو و چاک ببوونەوە بەشدار بوون. زۆربەی بەشداران نەخۆشییەکەیان بە سووکی گرتبوو و پێویست نەکرابوو لە نەخۆشخانە بیانخەن و؛ زۆربەیان تەنیا یەکجار نموونەی خوێنیان دابوو، بەڵام ٣٨ کەسیان چەند جار نموونەی خوێنیان لە ماوەی چەند مانگدا بەخشیبوو.
تیمەکە بەدوای چوار بەشی سیستەمی بەرهەڵستدارییدا دەگەڕان: دژە تەن، خانەی B کە کاتێک مرۆڤ پێویستی پێیە دژە تەنی زیاتر دروست دەکەن و؛ دوو جۆر خانەی T کە خانەی هەوکردوو دەکووژن. ئامانجەکە ئەو بوو کە بە چاودێریکردنی ئەو بەشانە، بۆیان دەرکەوێ کە سیستەمی بەرهەڵستداریی چۆن وەڵام دەداتەوە.
دوکتور کرۆتی گوتی، "ئەگەر تەنیا چاو لە یەکێک لەوانە بکەی، تەواوەتی مەسەلەکە بە گشتی نابینی."
ئەو و هاوکارانی بۆیان ئاشکرا بوو کە دژەتەنەکان خۆڕاگرن و، شەش تا هەشت مانگ دوای گیرۆدە بوونی مرۆڤ هێندێک کەم دەبنەوە، ئەگەرچی جیاوازیی ڕێژەکە لە نێو بەشادارندا ٢٠٠ هێندە بوو. خانەکانی تی تەنیا کەمیك کەمتر بببونەوە لە کاتێکدا کە ڕێژەی خانەی بی زیادی کردبوو، ئەوە ئاکامێکی چاوەڕوان نەکراوە کە توێژەرەکان ناتوانن بە تەواوی شی بکەنەوە.
پسپۆڕان دەڵێن ئەوە یەکەم توێژینەوەیە کە بەو وردەکارییە لەبارەی وەڵامی سیستەمی بەرهەڵستداریی دژی ڤایرۆسێک دەکۆڵێتەوە. دوکتور گۆممەرمەن گوتی، "بە بۆچوونی من ئەوە یەکەم جارەبە پێی تێپەڕ بوونی کات، لە بارەی هێندێک لە ئاڵوگۆڕەکان لە نێو ئەو حەشیمەتەدا فێری شت دەبین."
نیگەرانییەکان لە بارەی ماوەی بەرهەڵستداریی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرتر لە توێژینەوەکانی پێوەندیدار بە ئەو ڤایرۆسانە سەرچاوەی گەرتبوو کە دەبنە هۆی هەڵامەتی ئاسایی. یەکێک لە توێژینەوەکان کە زۆر ئاماژەی پێدەکرێ لە لایەن جێفری شامان لە زانستگەی کۆلۆمبیا بەڕێوە چووە کە لەویدا گوتراوە بەرهەڵستداریی لەوانەیە خێرا کۆتایی پێبێ و لە ماوەی ساڵێکدا مرۆڤ دیسان تووشی هەوکردن بێت.
دوکتور شامان گوتی، "ئەوەی پێویستە زۆر لێی وریا بین ئەوەیە کە ئاخۆ دووبارە گیرۆدە بوون جێگای نیگەرانییە یان نا. و دیتنی بەڵگە لەبارەی ئەوەی کە ئێمە بەرپەرچدانەوەی بەردەوام و پتەوەمان هەیە، لانیکەم بۆ ئەو ماوەیە، شتێکی گەلێک هیوابەخشە." ئەو باسی کرد کە، لانیکەم تا ئێستا، دووبارە گیرۆدە بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر دەگمەن بووە.
ئەوە شتێکی دژوارە کە پێشبینی بکەین ئاخۆ بەرهەڵستداریی چەندە خۆ دەگرێ، چونکە هێشتا توێژەران نازانن چ ڕادەیەک خانەی بەرهەڵستدار بۆ پارێزگاریی لەبەرانبەر ڤایرۆسەکەپێویستن. بەڵام توێژینەوە تا ئێستا ئاشکرایان کردووە کە تەنانەت ڕێژەیەکی کەم دژە تەن، خانەی تی یان بی لەوانەیە بەس بن تا لەو کەسانە کە چاکبوونەوە پارێزگاریی بکەن.
بەشدارانی توێژینەوەکە تا ئێستا ئەو خانانەیان بە ڕێژەی پێویست دروست کردوون. دوکتور ئیواساکا گوتی، "هیچ بەڵگەیەک بۆ لەناوچوونی لەناکاوی خانەی خاوەن ئەزموون، کە شتێکی نائاساییە، لەبەر دەست دا نیە. ئەغڵەب ئەو کەم کردنە لەسەر خۆیە و چەند ساڵ دەخایەنێ."
بە گوتەی دوکتور باتاچاریا هێندێک بەڵگە لە بارەی دووبارە گیرۆدە بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای هەڵامەت، کە خەریکە ئاشکرا دەبن، ئاکامی جیاوازییە جینەتیکییەکانی ڤایرۆسانە، کەوابوو ئەو نیگەرانییانە لەوانەیە هیچ پێوەندییەکیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە نەبێ.
ئەو گوتی، "پێموابێ ئەوە پێشبینییەکی ناماقووڵانە نەبێ ئەگەر بڵێین ئەو بەشە خانەی ئەزموونداری بەرهەڵستدار تا چەند ساڵ دەمێننەوە."

ماڵپەڕی بڵاوکەرەوەی توێژینەوەکە:
https://www.biorxiv.org/content/10.1101/2020.11.15.383323v1

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد