reza_shwani.jpgیەکێک لە نەریتە فۆلکـلۆری و رەسەنە خۆشەکـانی کوردەواریمان لە وەرزی بەهـاردا، لە لادێیەکانی باشووری کوردسـتان دا، پێیان دەوت (مەڕ لە کەلەبێرەدان)

کەرنەڤـاڵێکی ساڵانە بوو، کە شوانی مێگەلە مەڕەکان لە دێیەکانی خۆیاندا، بۆ خۆشی سازیان دەکرد. ئەوەیان نازانـم ئایە لە هەموو دەڤەرەکـانی تری کوردستان دا، هەمان نەریت هەبووە و کەرنەڤـاڵی لەم شـێوەیەیان سازکـردوون یان بە چەشنێکی تـر بووە.. ئـەوەی من باسی لێدەکەم (٦٨) ساڵ بەر لە ئێستایە.کە تەمەنم پێـنج ساڵ بوو، دوو جـار بە چـاوی خـۆم لە دێی (گـۆگجـە) لە ناوچەی (شـوان) ی سـەر بە پارێزگای کەرکووک، ئەم کەرنەڤـاڵەم بینی و وادازنم کە ئێستایە و لە یادم و لە بەرچاومە. دێی گۆگجە ئەو کاتە زیاتر لە سەد ماڵ دەبوو، زیاتریش لە (٢٥) مێگـەل مـەڕی تێـدا بوو. بۆیە باس لە دێی گۆگجـە دەکەم چونکە تەنیا بیرەوەریی منداڵیی ئەو دێیەم دێتەوە یـاد. لە ساڵی (١٩٥٢) دا،کە تەمەنم شەش سـاڵان بوو بەیەکجـاری بارمـان کـرد بۆ شـاری کەرکووک.
کەلەبـێرە چیـیە و چۆن لە گۆگجە دا دروست دەکرا؟
شەش خانووی گەورە لە خوارووی دێیەکەماندا هەبوون، کە دیـوار و پشتیان بەیەکەوە بـوون، شێوەیەکی بازنەییان پێکهـێنابوون، کە چێوەکەی نـزیکەی (٢٥٠) مەتـر دەبوو.
دارێکی ئەستووری درێژیان دەهـێنا، سەرێکی دارەکە لە زەوی و سەرەکەی تـری لەبـن گوێسوانەی دیوارێکی بەرزی یەکێک لەو خانـووانە گیریان دەکـرد، ئەو سەرەشی کە لە زەوی دا بوو، نزیکی دوو مەتـر لە بنکەی دیـوارەکەوە دوور دایـان دەنا، ماوەی نێـوان
بنکەی دیـوارەکە و سەری دارەکەی سەر زەوی و دیـوارەکە و دارەکـە، سێگۆشـەیەکی "٩٠"نمرەییان پێکدەهێـنا. بۆ رازانـدەوەش جاجـمێکی جـوانی رەنگـاوڕەنگیان بەسەر دارەکـەدا دەدا، بەمەیـان دەوت " کەلـەبـێرە".
کەی کەرنەڤـاڵی مەڕ لە کەلەبـێرەدان دەکـرا ؟
شوانەکانی ئەو مێگەلە مەڕانەی کە ئارەزووی بەشداری کردنیان لە کەرنەڤـاڵی مەر لە کەلەبـێرەدان دەکـرد، لـە بەهـاردا لە مانـگی گوڵانـدا رێکـدەکـەوتن لەسـەر دیاریکـردنی رۆژێک، کە لە دوای نیوەڕۆ، مەڕ لە کەلەبێرە بدەن، بە زۆریێش رۆژێکیان لە هەفتەی چوارەمی مانگی گوڵانـدا دیاری دەکردن.. بۆیە دوا هەفـتەی ئەم مانگەیان هەڵـدەبـژارد، چونکە کوشـندەیوەرزی بەهـارە، کـاتی زۆربـوون و باڵاکـردنی گیـا و گـۆڵ و دەغـل و دانـە..مێگەلە مەڕەکـان شـەوان دەبـران بـۆ لەوەرگـاکـان، دەیـان وت " شـەو بەکـێو" واتە مەڕ شەو لە دەشت دەبـوو. تێـر بە گەدەیـان گیـایان دەخـوارد. پێش نیـوەڕوانیش دەهـێنرانەوە بۆ نـاو دێ و دەدۆشـران. کـاتی زۆربـوونی شـیر و ماست و سەرتوێـژ و کـەرێ و پەنیـر و مەشکەژەنیـن و رۆن و دۆ و تۆراغـە. کـاتی خـێر و بێـر و تـێری و خـۆشی و شـادی خەڵـکی دییەکـان بە تایبـەتی و خەڵـکی شـاران بە گـشتیـیە.
دوای ئەوەی کەشوانەکـان رۆژ و کاتی مەڕ لە کەلەبـێرەدانیان دیاری دەکردن، مێگەلە مەڕەکـانیان بۆ ئەم کەرنەڤـاڵە ئامادە دەکـردن.. ساڵانە لە دێی گۆگچـەی ناوچەی شوان، پانگـزە بـۆ بیسـت شـوان بەشـدارییـان لە کەرنەڤـاڵی مـەڕ لـە کەلـەبێـرەدان دەکـرد.
چـۆن مێگەلە مەڕەکان لە کەلەبێرە دەدران؟
لە دەوری داری مەڕ لە کەلەبێـرەدانەکەوە، لاوەکـان و منـداڵانی تەمەشـاکەر دەوەستان، ئافـرەتانیش لەسەربـانی ماڵـێکی نزیکـدا دەوەسـتان. منـداڵەکان تەنەکەیـان بە دەسـتەوە دەگـرتن بـۆ تەنـەکە لـێدان، لاوەکـانیش تفـەنگ و دەمانجەکـانیان بـۆ تەقـەکـردن ئامـادە دەکـردن و چـاوەڕێی دەست پێکـردنی کەرنەڤـاڵەکەیـان دەکـرد.
یەکەمین مێگەلە مەڕ لە دووری بیست مەتـر لە دووری داربێرەکە دەوەستا. شوانەکـان لە پێش مێگەلە مەڕەکانیانەوە دەوەستان، مێگەلەکانی کەش بە دوای یەکەمین مێگەلدا ریـز دەبوون.. هەر شوانێکیش بەرانێکیا مەڕێکی ئـازای دەخستە پێش مێگەلەکەی و لە دوای خۆیەوە. وا رایهێنابوو کە گـاڵە لە مێگەلە مەڕەکەی بکات، ئەو بـەرانە یا ئەو مەڕە دوای بکەوێت و مەڕەکانی کەش بە دوایـاندا. لە یەکەم مێگەلەوە دەست پێدەکـرا.
دەسـتووری کەرنەڤـاڵی مـەڕ لـە کەلەبێـرەدانیـش وابـوو، کـە هـەر مێگـەلە مەڕێـک بە راکردن بە دوای شوانەکەیدا، بێ ئەوەی کە لە دەنگی تەنەکەلێدانی منداڵان و لە دەنگی تەقەکردنی لاوەکان بـڕەوێنەوە، بە ژێـر دار کەبێرەکەدا رەتبن.. گەر رەت بوایـە و هیـچ مەڕێک نەڕەوایەتـەوە، ئـەو مێگـەلە مـەڕە دەرچـوو و بـراوە بوو.. بـەڵام ئەو مێگەلە مـەڕەی کە لە دەنـگی تەقـەکـردن و تەنکەلـێدانی منـداڵان بترسایە و بـڕەوییایەتـەوە و بـە راکـردن بـە ژێـر داری کەلەبێـرەکـەدا رەت نەبـوایە ئـەوە بـە دۆڕاو دادەنـرا.
بـراوەی یەکەمیش ئەو شـوانە بوو، کە مێگـەلە مـەڕەکەی بە خـێراتـرین مـاوە، بە ژێر کەلەبێرەکەدا رای بکـردایـە. پیـرۆزباییان لە شوانی مێگەلی بە یەکەم دەرچوو دەکـرد و بـە زۆریـش تـورمەیـەکی رەنگـاورەنگـیان پێشـکـەش دەکـرد. شوانـەکەش تورمـەکـەی دەکـردە ملی خۆی و زەردەخـەنە دەکەوتە سەر لـێوەکـانی و لە خۆشیدا بسکەی سمـێڵی دەهـات.بە کورتی ئەمـە بوو نەریتی (مەڕ لە کەلـەبێـرە دان) کە ساڵیی یەکجار دەکـرا.
دێی (گۆگجـە) دووجار لەلایەنی رژێمی بەعسی عەرەبیی شۆڤـێنی و رەگەزپـەرستەوە، تاڵان کرا و سوتێنراو کاولکرا، گۆگجە یەکێکە لە نزیکەی پێنج هەزار دێی تاڵان کرا و کاولکراو لە باشووری کوردسـتان. خەڵکی گۆگجە بە زۆر گوێـزرانەوە بۆ کۆمەڵگـای بنەسڵاوە و شاری شۆڕش لە چەمچەماڵ و بۆ کۆمەڵگای باینجان، چەند کەسانێکیشیان ئەنفالکران. لە ئێستادا هـەزار ماڵ دەبـن، بەڵام لەم ژمارەیە تەنها دە ماڵ گەڕاونەتەوە و گۆگجەیان ئاوەدان کـردوونەتەوە. گەر شۆڤـێنی عەرەبی بۆ جـاری سێیەمیش تـاڵان و وێـرانی نەکـەن..چونکە تا ئەمـڕۆش، ئەم رقـە رەشە و ئەو نیازە گڵاوەیـان لە خەیاڵەکە رەگ کێشی داب و نەریتی رەسەنی کوردیمان بکەن و ژینۆساید و ئەنفـالێکی ترمان بکەن. هەمیشە نیاز وپیلان و گڵاوی داگیرکەرانی کوردستان، ئەوە بووە کە ناسنامەی نەتەوەییـمان بسـڕنەوە.
بە داخـەوە بە کاولکـردنی دێیەکـانمان، نەریتی (مەڕ لە کەلەبێـرەدان) و چەنـدین داب و نەریتی رەسـەنی فـۆلکـلۆریمان کاڵـبوونەتەوە یا بەجـارێ لە یادکـراون.. چەنـد خۆشـە کە ئەم داب و نەریتـە کوردەوارییانەمـانبـژێنینەوە و نەوەی نوێمان پێـیان ئاشانا ببن.
رەزا شـوان
١ی/ئاپـریل/ ٢٠١٩

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.