b_300_220_16777215_00_images_SIASI_iran.jpgواشینگتۆن تایمز – سام فادیس
وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
لە ١٩٧٩، خویندکارانی ئێرانی لەگەڵ لایەنگرە

ئەمریکاییەکانیان لە سەر شەقامەکانی واشینگتۆن خۆپیشاندانیان دەکرد، ئەوان دژی "سەرکوت" لە وڵاتەکەیان ناڕەزایەتییان دەردەبڕی و دروشمی "بمرێ شا"یان دەدا. دوای ماوەیەکی کورت، کاتێک سەرۆک کۆمار جیمی کارتەر پشتی لە هاوپەیمانە لەمێژینەکەی ئەمریکا کرد، ئایەتوڵڵا خومەینی لە پاریس ڕا گەڕایەوە و دەستی بە لێکهەڵوەشاندنی ئێرانی شا کرد و ڕێژیمێکی ئیسلامیی نوێی دامەزراند.
ئەوە ڕۆژێکی نوێ بوو. ڕۆژێکی ڕەشی نوێ.
سیاسەتوانە ڕۆژئاواییەکان تووشی سەرلێشێواوی بوون و دڵنیان کە ئەمریکا خەتاباری هەرچی شتی خراپ لە جیهانە و ڕەنگبێ هەوڵ بدەن خۆیان ڕازی بکەن کە ڕەنگبێ دیکتاتۆرییە ئایینییەکەی تاران نوێنەری خەڵکی ئێرانە. ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە کە ڕێگا بۆ ئایەتوڵڵاکان خۆش بکەن کە بێنە ناو کۆڕی نەتەوە خاوەن شارستانییەکان. ئەوە نابێتە هۆی وەڕاست گەڕانی ئەو بیرۆکەیە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران دیکتاتۆرییەکی بێ بەزەیی سەدەکانی ناوەڕاستە، کە هۆی مانەوەکەی بەکارهێنانی هێزی لە ڕاددەبەدەری سەرکوت و دڕندەییە.
ئێران بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی حەشیمەتەکەی پتر لە هەر نەتەوەیکی دیکەی ئەو دونیایە خەڵک ئیعدام دەکا. ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ساڵانە لە ئێران ئیعدام دەکرێن لە هی گشت وڵاتێک جگە لە چین، کە ڕێژەی دانیشتواانی حەڤدە هێندەی ئێرانە، زیاترە. حوکمی ئیعدام بەسەر تاوانی بێ تووندوتیژیی دەسەپێ و بە گوێرەی یاسای سزای ئێران کچی ٩ ساڵە و کوڕی ١٥ ساڵە بۆ ئیعدام کردن دەبن.
بە گوێرەی ئەو حوکمانەی کە لە لایەن سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی دەدرێن، خەڵک دەتوانن بە تۆمەتی تاوانی ناڕوونی وەک "شەڕ دژی خودا" یا ڕەخنە گرتن لە ڕێبەری گەورە ئیعدام بکرێن. ئەوان بە هەمان شێوە لەبەر هاوڕەگەخوازیی لەوانەیە ئیعدام بکرێن. تەنیا بۆ ئەوەی کە خەڵکی مەحکومکراو بە ئیعدام لە ئاستی تاوانکارییەکەیان ئاگادار بکەنەوە، پێش ئیعدام کران بە قامچی لێیان دەدرێ. سیستەمی سزای ئێران چەندین شێوازی ئیعدام کردنی هەن، لە ناویاندا هەڵواسران، تیرباران، لە سێدارەدان و بەردباران.
بۆ پارە پەیدا کردن لە ڕێژەی بەرز و سامناکی ئیعدامەکان، تاران لەو دواییانەدا یاسایەکی پەسەند کردووە کە ئیجازە بە فرۆشتنی ئەندامی ئەو زیندانییانە دەدا کە ئیعدام دەکرێن. کڕیارەکان ئێستا دەتوانن ئەندامە نوێکانیان رێزێرڤ بکەن و دەستبەجێ دوای جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام وەریگرن.
بەڵام لەکار کردنی هێزی کوشندە تەنیا تایبەتی ئەو ئیعدامانە نییە کە لە لایەن سیستەمی دادوەریی بڕیاریان لەسەر دراوە. لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانەدا کە ئیرانیان هەژاند، خۆپیشاندەران کە هیچ تووندوتیژییەکیان نەنواندبوو لە لایەن تاک تیرهاوێژانی سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لە سەری کرا کە لەسەربانەکانی نزێک شوێنی خۆپیشاندانەکان خۆیان مەڵاس دابوو. کاتێک کە لەوبارەوە لە وەزیری ناوخۆ، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، پرسیار کرا ئەو جوابی داوە، " ئێمە تەقەمان لە لاقانیشیان کرد، تەنیا سەریان نەبوو. ئێمە لاقانیشمان هەنگاوت."
ئاشکرا بووە کە بەکار هێنانی هێزی کوشندە دژی خۆپیشاندەران بە ئەمری ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی بووە. بە گوتەی بەرپرسێکی پلەبەرز لە نۆڤامبری ٢٠١٩، ڕیبەری گەورە گوتوویەتی "هەرچی پێویستە بیکەن، ئەوە ئەمری منە."
لە هەندێک ڕوانگەوە، ئەوانی کە بەدەست مرۆڤکوژەکانی ڕێژیم کوژران ڕەنگىی لە بەختەوەرەکان بن. ئایەتوڵڵاکان بە هەمان شێوە ئەشکەنجەی سسیتەماتێک بەکار دێنن بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان. زیندانییەکان لە دونیای دەرەوە دادەبڕێن و ڕێگایان پێ نادرێ بنەماڵە و هەڤاڵەکانیان ببینن، لێیان دەدرێ، لە بەرق دەدرێن، بە قامچییان لێیان دەدەن و بێکۆتایی ئەشکەنجە دەکرێن تا ددان بە هەموو شتێک دابنێن تا کۆتایی بە ئازارەکەیان بێنن. ددانپێدانانی لە ژێر ئەشکەنجە زۆر جار تەنیا بەڵگەن بۆ مەحکوم کردن.
کاتێک کە حوکم دران، تەنانەت ئەگەر ئیعدامیش نەکرێن زیندانییەکان لەوانەیە بکەونە ژێر بێ بەزەییانەترین سزا. لە ئێران بڕینی قامک یا دەست بۆ هەندێک تاوان شتێکی ئاساییە. لە ٢٠١٨، سیستەمی دادوەریی ئێران حوکمی بڕینەوەی دەستی بۆ پیاوێکی ٣٤ ساڵە پەسەند کرد کە گۆیا مەڕی دزیبوو.
ئەوە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕێژیمی تارانە. ئەوە ئەو شتەیە کە خەڵکی بوێری ئێران لەگەڵی دەجەنگێن. ئێمە زۆر دەمێکە کە چاوەکانی خۆمان نووقاندوون. کاتی ئەوە هاتووە پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران بکەین و ببینە هۆی گۆڕانی ڕێژیم.
مەبەست لەوە دەلیل هێنانەوە بۆ شەڕی ئاسایی و دوژمنکاریی ئاشکرا نییە. مەبەست ڕەچاو کردنی سیاسەتێکە کە ئایەتوڵڵاکان و دەستوپێوەندییەکانیان فڕی درێنە ناو زبڵدانی مێژوو.
ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لە لایەن سەرۆک کۆمار ترامپ سەپێنرانەوە، خەریکن ئابووری ئێران لێک هەڵدەتەکێنن، دەزگای تێرۆری ئایەتوڵڵاکان مایەپووچ دەکەن و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ. کاردانەوەیان لە بەیروت، ئەو شوێنەی کە حیزبوڵڵای لێیە، هەستی پێدەکرێ و چیدیکە ناتوانێ خۆ بە پارەی ئێرانەوە ڕانێ و لە حەولی ئەوە دایە خۆی نەجات بدات.
ئەو ڕێچکەیە بەر مەدە، زەختەکە بپارێزە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک زەختەکە زیاتر بکە.
بەرەوڕووی بەکرێگیراوەکانی ئێران لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ببەوە. بۆ ئەو کارە پێویست بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاسایی ئەمریکا ناکا. ئەوە پشتیوانیی ئابووری و دارایی هاوپەیمانەکانمان و هەنگاوی ناوەندە هەواڵگرییەکانمان و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان دەخوازێ. ئێستا، کە ڕێژیمی ئێران لە ژێر زەختی ئابلۆقە ئیفلیجکەرەکاندا نەقەی لێبڕاوە، کاتی تێکشکاندنی حوسییەکان، میلیشیاکانی عێراق و بەکرێگراوەکانی دیکەی ئێران هاتووە.
کەمپەینی سۆشیال مێدیاییمان لەناوخۆی ئێران پەرە پێبدەن. هەنگاوی ئەو دواییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ داخستنی ئینتەرنێت لە ناوخۆی وڵات، نیشانی دەدا کە ئایەتوڵڵاکان چەندە لە ڕاستییەکان و لەوە کە خەڵکی خۆیان بزانن کە دونیا پشتیوانی خەباتەکەیانە دەترسن. هەوڵ بدەن تا خەڵکی ئێران بزانێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پشتیوانیانن و کە داهاتووی ئەوان داهاتوویەکی ئازاد و دوور لە سەرکوت و ترسە.
حزووری پتەوی هێزی سەبازیی ئاسایی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کە لەسەر پیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان وەک ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعودی، کووەیت و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبیی دامەزراوە بپارێزن. لەگەڵ ئەوەی کە گەمارۆکان دژی مەلاکان لە تاران تووندتر دەبن، خۆتان لەوە دڵنیا بکەن کە ئەوان بە تەواوی لەوە تێدەگەن کە هەر شێوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە لایەن ئەوانەوە دەبێتە هۆی تێکشکانی ئەوان. خۆتان لەوە دڵنیا بکەن کە هاوپەیمانەکانمان تێدەگەن کە ئێمە پێداگرین و ئەگەر ئەوان پێویستییان بە ئێمە بێ ئێمە پشتیوانییان دەکەین.
چل ساڵ لەوە پێش، ئێران، کە سەردەمێک بە شێوەی گشتیی سێکولار بوو و یەکێک لە نەتەوەکانی خاوەن شارستانیی مەزن بوو، لە لایەن دڕندانەوە [ڕێژیمەکەی] ڕووخا تاکو بۆ شێوەیەکی سەیروسەمەرەی سەردەمی تاریکیی بگەڕێننەوە. لە هەموو ئەو کاتەدا، پتر لە جیلێک، خەڵکی ئێران لە ژێر مۆتەکەیەکدا ژیاوە شتی وەها مەترسیداری ئەزموون کردووە کە زۆربەی خەڵکی ئەمریکا ناتوانن تەنانەت بیریشی لێ بکەنەوە. ئێستا کاتێکی گونجاوە. کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو مۆتەکەیە کۆتایی پێبێ.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.