b_300_220_16777215_00_images_SIASI_wastarahmannn.jpg٢٥ی گەلاوێژ ئەو جێژنەی کە لە کوردستان بۆتە نەریتێکی گشتی و کۆمەلایەتی کە خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان هەموو ساڵێک بە شکۆیەکی

تایبەتیەوە بەرێوەی دەبەن ، ئەم ڕۆژە ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە ، کە لە سەرو بەندی شەری دووهەمی جیهانی  کە باب و باپیرانی ئێمە بە ساڵی دێموکراتی ناو دەبەن لە سەر پێشنیاری حەزرەتی پێشەوا قازی محەممەد و هەوەها بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەری کۆمەلەی ژیانەوەی کوردستان ژکاف و بە پشتیوانی دەیان کەسایەتی زانا و ناوداری کورد لەو سەردەمەدا دامەزرا و بوو بە ئەستێرەیەکی پرشەنگدار و بە ئاسمانی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا درەوشایەوە و پێگەیەکی پر لە شانازی و سەروەری لە لاپەرەکانی مێژوی نەتەوەی کورد دا تۆمار کرد.

ئەو دێموکراتەی کە یەکەم حیزبی مودێرنی نەتەوەی کوردە کە بە بەرنامە و پرۆگرامێکی پێشکەوتوانە و سەردەمیانە پێی نایە ناو نیشتیمانی کوردان و هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە :

بوو بە تاقانە حیزبی پێشرەوی خەبات و تێکۆشانی نیشتیمانپەروەرانی گەلی کورد

بوو بە فێرگە و زانستگەی حەماسە خوڵقێنی و فیداکاری و لە خۆبردویی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان

بوو بە قوتابخانە و خوێندنگەی بیری ئازادیخوازی و مافخوازی و نیشتیمانپەروەری

بوو بە زانکۆی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی گەورە پیاوان و رێبەرانی گەلی کورد

سەرەنجام بوو بە حیزبی شەهیدان و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بڵیسەی بەتین و بە تەوەژمی خەبات و بەربەرەکانی حیزبی دێموکرات بە دەستی کچان و کوڕانی سێ نەسڵی رابردووی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها بیرو ئەندیشە و وردبینی و دوربینی و سیاسەتی حەکیمانەی رێبەرانی ئەو حیزبە، دەستکەوتی زۆر گەورە و بەنرخی وەک کۆماری کوردستان ، ئاڵای کوردستان ، ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستان و سەربەخۆیی سیاسی بۆ گەلی کورد بەدی هێناون کە وەک هێما و رەمزی نەتەوەیی بونەتە مێژوویەکی پر لە سەروەری بۆ نەتەوەی کورد بە گشتی و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات بە تایبەتی کە تا ئەبەد بە پیرۆزی لە بیر و زەینی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد دا دەمێنێتەوە.

هەر ئەو مێژوە پاک و پر دەستکەوتەیە کە دێموکراتی بردۆتە ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە ، کە ئێستا دوای حەوت دەیە لە دامەزران و بەرێوەبردن و رێبەرایەتی کردنی جوڵانەوەی ماف خوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تۆمار کردنی مێژویەکی پر لە حەماسەت و قوربانیدان و برینی رێگای دوور و درێژ لە خەبات و تێکۆشان هەنوکەش لە بەر چاوی خەڵکی کوردستانەوە دیارە و لە ئاسۆی نیازپاکیدا دەدروشێتەوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەم کەسی ئەوتۆ هەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی بە ئەندام یا دۆست و لاینگری دێموکرات نەزانێ ، تا ئێستاش ناو و گەورەیی حیزبی دێموکرات هەر بە قورسایی خۆی لە ناخی دڵی کۆی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستاندا هەروا دەدرەوشێتەوە و وشەی دێموکرات هەر وێردی سەر زمانان و دەنگ و رەنگی دێموکرات هەروا سوکنایی بەخشی دڵەکانە و حیزبی دێموکرات لە لای خەڵکی کوردستان تاقانە و جێگای مەتمانەی گەلەکەیەتی ، هەموو ئەو تایبەتمەندیە پیرۆزانە بوونەتە هۆی ئەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ساڵانە رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ کە رۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە وەک باقی جێژنە نەتەوەیی و ئاینیەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا  بکەنە جێژنێکی گشتی و سەرتاسەری لە کوردستان.

 وەستا رحمان

فینلاند

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.