mohammad_suleimani.jpg" کورتەباس کرۆکی کۆی ئەو داخواز و ئامانجانەیە کە بزووتنەوەی کورد خەباتی لە پێناودا دەکا".
بەشی یەکەم: محەممەد سلێمانی

سۆسیالیزمی دێمۆکراتیك بۆتە بە شێکی گرینگ لە ڕێبازی سیاسی و نەتەوەیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ، باسەکان و مامانجەکانی کورتەباس شتێك نین کە حیزب خۆیان لێ بەدوور بگرێ .
ماوەیەكە هێندێك کەس لە ڕوانگەی فەلسەفیانەوە، ئەولەویەتی کاریان بە قەولی خۆیان خوێنەوەی نوێ بە پێناسەیەکی ئەمڕۆی سەبارەت بە سیالیزمی دێمۆکراتیك چرکردۆتەوە و، بە کورتە باسیانەوە گرتووە و بەرنامەی گۆڕانکاریان خستۆتە سەرمێزی کارو چالاکیە روناکبیریەکانیان.
دیارە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو مەسەلەیە لە نەوحی خۆیدا کارێکی باشە و دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ئەو ڕێبازە سیاسی و نەتەوەییە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر و گشتگیرتر توێژینەوە و شیکردنەوەی لەسەر ئەنجام بدرێ و هەروەك هەمیشە بە تەنیا بژاردەی چارەسەرکردنی کۆی پرۆسەی سیاسی و ڕێکخستنەوەی باڵانسی ژیان و خزمەتی چاکتر بە گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بـینێتەوە، پاش ڕزگاری سیاسی و نیشتیمانی کوردستان.
کورتەباس لە باری سیاسی و نەتەوایەتی هەنگاوێکی بوێرانە بوو لە سەردەمی هێنانە گٶڕیدا، بە روویەکەی تریشدا ئەو قازانجەشی هەبووە کە کوردی بە کوردستانەوە گرێداوەتەوە و حیزبی دێمۆکرات ئەرکداریکردووە کە هەروەك هەمیشە خەمخۆرێکی بێهاوتای بزووتنەوەی سیاسی و نیشتیمانی گەلەکەی بمێنێتەوە و لە ڕێبازی خۆی کە ڕزگاری کوردستانە دوور نەکەوێتەوە.
کورتەباس و نێورۆکی مەسەلەکان، دەرهاویشتەی ئەخلاقی سیاسی و نیشتیمانی بەتەواوی تێدا بەرجەستەکراوە، سیاسەت و ڕێبازی نەتەوەیی لە ڕوانگەیەکی بوێرانەوە کە مرۆڤی سیاسی و شۆڕشگێر نەکەوێتە سەر کاریگەری تەوژمی بیروباوەڕێك کە زیان بە جووڵانەوەی کورد بگەیەنێت. ئەو باسە و خوێندنەوە لەبارەیدا، بەدڵنیایەوە پێویستی بە مرۆڤگەلێكی وشیار و لەسەرهەست و نەتەوەیە.
دکتۆر قاسملوو هەر لە خۆیەوە ئەو فیکرەی گەڵاڵە و تیئۆریزەنەکردوە، ئەو بەتەواوی لەو ڕاستیەوە گەیشتووە کە حیزبی دەـۆکڕات، وەك هێزێکی شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی کە ڕێبەری بزووتنەوەیەکی بەتەواوی سیاسی دەکا، دەبێ دژی ملهووڕی و چەساندنەوەی مرۆڤ بەدەستی بەمرۆڤەوە بێ، ڕێز لە بیروڕاو ڕوانینی جیاواز بگرێ و کەس لە سەر دەربڕینی نەزەر یان بەیانی فیکری، هەرچییەك بێ، ناکرێ دووچاری توندو تیژی و لێکٶلێنەوە بکرێتەوە.
بەڵام ئەوشمان لە بیرنەچێ دێمۆکڕاسیش هەموو سنوورێکی تایبەتی و ژیانی سیاسی کۆمەڵگا و تاکەکان نابەزێنی و ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە بڕوانینە سەر چەمکی دێمۆکڕاسی سیاسی، بێگوومان بەهەڵە لەو فیکرە تێگەیشتووین.
ئازادی تاك بە یەکێك لە بنچینەکانی ئەو رێبازە دیزانکراوە و بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی زۆر لەو کەسانەی کە زەمانێك پێیانووابوو ئیدی ئەو رێبازە گرینگی و زەروورەتی سیاسی و مێژووی لە دەستداوە و ناکرێ میحوەری باس لە خۆی بگرێ بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانەی کە نیازیان بە ڕێفۆرم و سیستمێکی سیاسی و ئابووری تایبەتی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!
ئەو بەڕێزانە کە بەداخەوە لە رووی فیکرییەوە وەك داشەهارەی کایەی نێو دامەیان بەسەردا هاتبوو، هەر ڕۆژێك بەلایەکدا ئاقرەبەی بیرو فەلسەفەیان دەگۆڕی، لە پاش کۆنگرەی ١٣ی حیزبدا بە روونی دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ڕێبازە نیشاندا و لە کۆمەڵێك وتاری ناشەفا و نارووندا ڕق و قینی خۆیان لەو بارەوە هەڵڕشت و زۆری نەبرد کە بەناچاری وهەر بە پێیخۆشیان میلی خۆیان بۆ ئەو ڕێبازە سیاسی و نەتەوایەتیە بەردایەوە و بۆ جارێکی تر وەفاداریان دەربڕییەوە.
ئەو کات پێیان وابوو سۆسیالیزمی دێمۆکڕاتێك نیزمێكی ئەو تۆنیە کە بتوانێ وڵامدەری ویست و ئامانجی گەل بێ و خواستەکانیان زامنبکا و ژیانیكی شایستە بۆ کۆمەڵگای کوردستان دەستەبەر بکات. لە ڕوانگە ئەو کەسانەوە وەك ڕێبازێکی سوننەتی و سواو تەماشادەکرا و بە بێ سوودیان دەزانی!
رەوتی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش چەند دەیە لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی بێوێنەی، لە هەلومەرجی ئێستادا زیاتر خۆی بە ڕێبوار و دڕێژە پێدەری ئەو ڕێچکەیە دەزانێی کە دکتۆر قاسملوو داهێبەری بووە وەك میراتێکی گەورەی نەتەوەیی لە پاش خۆیدا بە جێی گێشتووە.
هەتا ئێرەش سیستمێکی لەو باشتر و شیاوترنیە کە وڵامدەری ویستەکانی خەڵکی کوردستان بێ و ئەو ڕێبازە لە رووی وشیاری و قەوارە و ڕیفۆرمی گشتیەوە، بێگوومان هەر وەك خۆی و بە فیکرە تاقانەی چارەسەرکردنی کۆی کێشە و گیروگرفتە سیاسی و نەتەوایەتی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوە.
خوێندنەوەی نوێ سەبارەت سۆسیالیزمی دێمۆکڕاتێك، سەرەتا زۆر گرینگە بەوردی شەنوکەوی کۆی ئەو باس و خاڵە ئەساسیانە بکرێ کە میحوەری ئەساسی هێنانە گۆڕی باسێك لەسەر کورتەباس لە نێو حیزبدا بە دوای خۆیدا هێناوەتەگۆڕێ. پاشان ناکرێ هەموو لێکدانەوەیەك بخرێتە خانەی ئەو پێناسەیەکە مرۆڤ لە ڕوانگەی خۆیەوە پێی باشترینە.
ئەگەر ڕاشکاوبم لە گەڵ خۆماندا کەسێك نیە لە ئاستی دکتۆر قاسملووی پەیدابێ و خۆی لە قەرەی باسە کانی نێو کۆرتەباس بدات و لە ڕووی نێوەرۆك و دەستووری و یاسایەوە دەوڵەمەندتری باکا، بە جۆرێك کە خواست و ویستی گۆمەڵگای بەتەواوی تێدا ڕەچاو کراوبێت!
ئەو بەڕێزانەیش کە خەیاڵێکی لەو چەشنەیان هەیە، جگە لە شیکردنەوە و سادەکردنەوە بابەت و خاڵبەندییەکانی ، باوەڕ ناکەم خاڵ یان لە رووی هزرییەوە بتوانن مادەیەك بخەنە سەر خەرمانی پڕلە بەرەکەتی ڕێبازی سیاسی و نەتەوەی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دکتۆر قاسملووی نەمر لە دوو توێی باسێك لە سەر سیۆسیالیزمی دێمۆکراتیكدا کە لە بەردەستدایە.
پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی ئەو بنەما فیکریە، بێگوومان کارێکی ئەوەندە هاسان و کەم زەحمەت نابێ و نیازی بە لێکدانەوە و توێژینەوەی وردی زانستی و ئاکادیمی تایبەتی خۆی هەیە.
پاشان ئەگەر گروپێك یان کەسێك خۆی لە ڕابردوودا بەتەواوی لە گەڵ ئەو ڕێبازەدا نەتەبا و ناسازگاربووبێ، چۆن دەتوانێت لە ڕوانگەیەکی گشتی و پێشکەتنەوە دێراسەی نوێ لەسەر ئەو باسە بخاتە ڕوو و چاکتری بکاتەوە و زیان بەو زانستە سیاسیە نەگەیەنێت؟
ئەو بابەتەش بەکەسانێك دەکرێ کە شارەزاییەکی بێ وێنەی ئەو ڕێبازەیان هەبێ و بە نابەدڵییەوە دێراسەی جەوهەری مەسەلەیەك ناکرێت کە تاڕادەیەك لە گەڵ سروشتی سیاسی و ژینگەی باسەکەدا خۆی نامۆبێ.
پاشان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر زانستی سیاسی هاوشێوە مافی هەر کەسێکە کە لەو ڕێگایەوە خزمەتێك پێشکەش بکا، بەڵام ئەو خاڵە لە ڕاستیدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی وشیاری و تێگەیشتن لە سەر سۆسیالیزمی دێمۆکڕاتیك زیاتر تێدا بەرجەستە دەبێت. زۆر نین ئەوانەی بەباشی باسەکانی کورتەباس تیگەیشتوون و دەشتوانن بیبەنە نێو خەڵك . سروشتی لە دایکبوونی ئەو چەمکە فیکریە بەداخەوە بێ سەرئێشە و دەردیسەری نەبووە و گەڵێك لەسەر ئەو ڕێبازە لۆمەی دکتۆر قاسملووی کرا. ئەو ڕێبازە مڵکی سیاسی و نەتەوەیی یایبەت بە هێزێکی هەرە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری کوردستانە و ناکرێ هەر کەس بێ و لە ڕوانگەی خۆیەوە دیراسەی بکا و لە گەڵ سەللیقەی خۆی و حیزبەکەیدا ملایمی بکا.
کەوابوو بەر لە هەر هەنگاوێك کە لەو ڕاستایەدا بنرێ، لازمە ئەو بەرچاو روون نیە لە نێو تەشکیلاتی حیزب لەو بارەوە کاری لەسەر بکرێ کە چۆن بوانین ئەو ڕێبازە زیاتر شی بکرێتەوە و داکۆکیکاری بین.
بە زمانیكی تر ئەو دۆستانەش کە هەوڵی نوێکردنەوەی ئەو رێبازە دەدەن، دەبێ نیشانی بدەن کە لە چ بارێکەوە ئەو گۆڕانکاریە دەکەن ، یان بەتەنیا چەند رستە و زیادکردنی دەستەواژە ئەو پێناسەی کە لە هەگبەیاندایە، بێگوومان بەدی نایەوە و ڕاستی ئەو بابەتە ناسەلمێنرێ.
خوێندنەوەی نوێ لەسەر سۆسیالیزم وەختێك ڕەواجی دەبێ و خەڵك بایخی پێدەدات کە تێیدا لایەنی سادەکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە بنەمای فیکری مەبەستی ئەو شیکردنەوەیە نەبێ یان روونتر بڵێین، لەو پێناسەیەدا کارێك نەکرێ کە شیواندن و بەلاڕێدابردنی ئەو چەمکە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەی لێ بکەوێتەوە.
کەس ناڵێت با شیکردنەوەی زیاتر لە سەر دەقی خاڵ و بابەتەکان نەکرێ، چوونکی ئەو باسە زۆر بە کورتی و پووختی وەختی خۆی پێشکەشکراوە و هەتا ئەمڕۆش بێ ئەوەی وشەیەك یان ڕستەیەك بەو باسەوە زیادبکرێ، لە هەموو کۆنگرەکاندا بە زۆرینەی دەنگ وەك ڕێبازی حیزب پەسنکراوەتەوە.
ئەوەشمان لە بیر نەچێ کاتێك ئەو ڕێبازە سیاسی و زانستیە خەڵك و تێکۆشەرانی دێمۆکڕات بایخی زیاتری پێدەدەن کە لە جەوهەر و نێوەڕٶکدا، دووچاری شێواندن و تێکەڵ پێکەڵی هزری نەکرێ.
" کورتەباس کرۆکی کۆی داخواز و ئامانجانەیە کە بزووتنەوەی کورد خەباتی لە پێناودا دەکا".
وێڕای بیرکردنەوە لە قۆناخ و شێوەکانی گەیشتن بەمافی سیاسی و نەتەوایەتی و پێك هێنانی نیزامێکی بەتەواوی دێـۆکڕاتیك، کە لەوێدا ئەو دەرفەتە بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵات پێك دێ بە شێوەی کارا و چالاك بەشداری لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی وڵاتدا باکا و خۆیان لە حوکمرانی بە دوور نەگرن. ئەو مەسەلەیەش کاتێك باشتر جێدەگرێ کە حکوومەتێکی گەلی و نیشتیمانی وڵات بەڕێوەبرێ و هەموو لایەك دەرفەتی بەشداری چالاکانەی لە ئاڵۆگۆرەکانی حکوومەتی کوردستاندا بۆ پێك بێ.

بەداخەوە مەرگ دەرفەتی بە ڕێبەری شارەزا و فلیسووفی ئەو ڕێبازە نوێیە واتە: دکتۆر قاسملووی نەمر نەدا کە خۆی کورتەباس بە ئەزموون و تیگەیشتنی ورد و زانستی زیاتر پاراو بکا و سەرلەنوێ پێشکەشی بکاتەوە. بۆ ئەوەی جووڵانەوەی سیاسی کورد سوودی خۆی لێوەربگرێ و لە پاش مەرگیدا، ئەو فیکرە بەو جۆرە "هەتیو" نەکەوێتەوە.
دکتۆر قاسملوو دەڵێت: " هەڵسەنگاندنی ئەو باسە ئەگەر بە غەرەزو بووغزنەبێ، شتێکی باش و جێگای ئافەرینە" .
بەداخەوە کەم نین ئەوانەی بە خشکە خشك لە بنەما فیکری و ئیداریەکانی دکتۆر قاسملووی دەدەن. لە ڕێبەری گەورەمانەوە فێربووین کە دژی فەرد پەرستی و بوێری بیرورادەربڕین بین. بیروباوەڕی پێشکەتوو، کە لەو رێگایەوە کۆمەڵگا دەرفەتی گەشەکردن و بووژانەوەی بۆ پێکدێ، وەك ئەرکێکی سیاسی و نیشتیمانی حیزب و ئەندامان و لایەنگرانی لازمە پارێزگاری لێ بکەن و زۆرتر لە نێو بازنەی تێکۆشانی حیزبدا شۆڕبێتەوە و سوودی لێ ببینین و ئاوێتەی خەباتی سەردەمیانەی بکەین.
هێندێك لە دۆستان کە لە ڕابردووشدا بەداخەوە کەوتبوونە ژێر تەوژم و کاریگەری بیر و هزری ترەوە( توودە) ، لە بەنڕەتدا زۆر ئەلاقەیان بە ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، " سۆسیالیزمی دێمۆکراتێك " نەبووە و زۆریشیان تەنە و تەشەر تێدەگرت و بە ڕێبازێکی دروستیان نەدەزانی. زۆر تریش لەبەر ئەوەی بوو کە دانەر و نووسەری ئەو بیر و باوەڕە، کوردە و ڕێبەری حدکا و جوولانەوەی نەتەوایەتیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
زۆر جێگای خۆشحاڵیە کە پاش نزێك بە چوار دەیە، ئەو کەسانێک پەیدادەبنەوە، قسەیەكی خێر لەسەر ئەو ڕێبازە سیاسی و نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووریە بکەن و بە بنەمای وەرچەخانێکی گەورەی بزانن بۆ کۆی باس و پرسە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەو باسانەی کە زۆر گرینگن وەك دێمۆکڕاسی سیاسی و ئازادییە دێمۆکراتیکەکان و پێك هێنانی گۆڕانکاری لە ژیان و گووزەرانی خەڵک بە پێشکەشکردنی سیستمێکی ئەو تۆ کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان سوود لە دەسکەوتە ئابووری و پێشکەوتووەکانی ژیانی سەردەمی نوێ ببینێ و دەرفەتی کار و هەلی کار بۆ خەڵك دابین بکرێ، لە کورتەباسدا ئاماژەیان پێکراوە.
هەر لەپەراوێزی ئەو خاڵەدا ئاسایشی ئابووری بە ڕێگای دانانی بەرنامەی دڕێژخایەنی ئابووریدا بۆ هاو وڵاتیان لە بەر چاو بگیری و نیزامێك پێك بێ کە دەرفەتی گەشەساندن بۆ خەڵك برەخسێ نێ و ڕێگا نەدات سەرمایەداری مرۆڤەکان بکاتەوە بەردە و ئاسوودەیی ژیانیان لە پێناوی بەرژەوەندی مانەوەیدا بخاتە تەنگانەوە.
کورتەباس بێگوومان وڵامی کۆی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە کە ئەمڕٶ خەڵکانێك باسی هێندێك بابەتی ئەوتۆدەکەن کە تەنانەت زەروورەتی ناوهێنانیشیان نیە. چ شتێك زۆر جەوهەریە کە لە کورتەباسدا ئاماژەی پێنەدرابێ؟ باسی سیاسی ونەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، کرۆکی ئەسڵین و تەنیا ئەوەندەی دەوێ هێندێك خاڵ زیاتر روون بکرێنەوە. ئەویش پاشان لێرەدا باسیان دەکرێ.
پێناسەی نوێ ئەگەر مەبەست گۆڕینی قەوارەی ئەو تیزەیە و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەکەیە، بێگوومان خەڵکی کوردستان ئەوە لە کەس قبووڵ ناکا و هەڵویستی دەبێ.
هەرکەس ئازادە خۆی چ ئامانج و سیستمێکی هەڵدەبژێڕی و خەباتی بۆ دەکا. بەڵام کەسێك کە خۆی بە خاوەنداری بیر و هزری ڕێبەری شەهیدمان بزانێ و بە نیەتی ترەوە ئەوەبکا، ڕێگای پێنادرێ. ئاستی وشیاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لەگەڵ چەند دەیەی ڕابروو زۆر جیاوازە و ئێستا زۆر بە ژیری ئەو باسانە هەڵدەسەنگێنن و هەڵوێستیان هەیە و خۆیان بە خاوەنی کۆمەڵێك ڕیچکەی هزری دەزانن.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، وەك هێزێکی دێمۆکڕات کە ڕۆڵی دیاری لە ڕێبەری کردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناخە سەختەکانی مێژوودا کەوتبوویەوە سەرشان، بە پشتیوانی و هاوکاری خەڵکی خۆڕاگری کوردستان رەوتی خەباتی بەوپەڕی لێوەشاوەیەوە درێژە پێداوە.
بە درێژایی میژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، حیزبی دێمۆکڕات هەنگاوێك لە پێش هێزەکانی تری کوردستان بووە.
حیزبی دێمۆکڕات بە داهێنان و ڕوانینی لە هەمبەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵکی کوردستاندا، پێشەنگی ئەو بزووتنەوە جەماوەریەی بە ڕێوشوێنی گونجاو دا کردوە و دژواری و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای تێکۆشان، شوێنی لە سەر ڕوانگە و ڕێبازی ئەو حیزبە نەبووە و لازمە ئەو ڕەساڵەتە وەك نەریتێکی نەتەوەیی و وشیاری سیاسی لە داهاتووشدا زیاتر گەشەبستێنێ و بۆ جارێکی تر ڕەنگ ڕێژی ئامانج و دەرهاویشتەکانی کوردتەباس بکرێتەوە.
هەوڵدان بەمەبەستی کەمڕەنگ کردنەوەی ئەو ڕێبازە، دوور کەوتنەوەیە لە کۆمەڵێك خاڵ و دەستەواژەی بنچینەی هزری کە جەوهەری گۆڕانکارییەکی گەورەن بۆ قۆناخی پاش ڕزگاری کوردستان.
ئەو بنەمافیکریە بەجۆرێك دارێژراوە کە بیر لە کۆی گیروگرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتیەکان لە کوردستان کراوەتەوە. لەوێدا پێداگری لە سەر ڕشدبوونی خەباتی نەتەوایەتی کاروەتەوە و هەر لەبەر ئەوەبوو کە هێندیك هێزی دوگم و داخراو لە کوردستان، هیرشیان دەکردە سەر حیزب کەچۆن دەکرێ، ئامانجێکی لەو چەشنەی هە بێ لە کاتێكدا خۆی ناوی حیزبی کۆمۆنیست نیە !
پێیان وابوو هێزێکی دێمۆکڕات و پێشکەوتنخوازی وەك حیزبی دێمۆکڕات نابێ ئامانجێکی لەو چەشنەی هەبێ. کاتێك هێزێك خۆی بەپێشڕەی خەبات پێناسەدەکا و کۆمەڵگاش ئەو شەرحیەتەی پێدەدات، دەبێ سیاسەت و بەنامەکانی لە خزمەتی گەشەپێدان و بەهێزکردنی هەموو شێوەکانی تێکۆشاندابێ، کە بتوانیت لە سایەیدا ئامانجەکانی گەل بەدی بێنێ.
کورتەباس وڵامی کۆی ئەو باس و باتەتانەی داوەتەوە و بە ئەندازەی نووکە دەرزییەك دەرفەتی لاریبوون لەو ڕێبازەی تەنانەت بۆ تەشکیلاتی حیزبیش نە هێشتۆتەوە. خوێندنەوەی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێمۆکراتیك لەسەر چ ئەساس و بنەمایەك دەبێ؟
ئایا هیچکام لە تەوەرە سەرەکی و جەوهەریەکان گۆرانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا هاتووە کە لە گەڵ روح و سروشتی ئەو ڕێبازە ناتەبایی هەبێ لە قۆناخی ئەمڕۆی بەرخۆداندا؟
باشە خۆ بەتەنیا زیاد کردنی بیمەی بێکاری و بیمەی لەشساخی و دابینکردنی ئاسایشی ژیان و گوزەرانی خەڵك، ناکرێ بە پێناسەی نوێ لەسەر ئەو ڕێبازە حیساب بکرێ. ئەگەر بەوردی سەرنج بەخینە سەر ئامانجی ئەو سۆسیالیزمەی بۆتە ئاسۆی ڕوانینی دواڕژی حیزب، لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە کۆی بابەتە هەستیار و گرینگەکانی پەیونەدیدار بە باشترکردنی ژیان و گۆزەران و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتیان تێدا ڕەچاو کراوە.
ئەگەر پێمانوابێ بە زیادکردنی کۆمەڵێك وشە و دەستەواژەی گولوبالیزم و بچووك بوونەوەی مەودای جەمسەرەکانی گێتی و پەیوەندییەکان، شتێکی ترمان خستۆتە سەر خەرمانی دەوڵەمەندی زانستی و وێژەیی سۆسیالیزم، بێگوومان خۆتەفرەدان و کەملوتفی نواندنە بەرامبەر ئەو ڕێبازە.
محەممەد سلێمانی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.