shemal_rasouli.jpgنووسینی: شەماڵ ڕەسوڵی
هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانیان سیستەمی

بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی وڵات توشی کێشەی جۆربەجۆر هاتووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئێران بەرەو داڕوخانی ئابووری زیاتر دەڕوات، بەتایبەت لەم دوایانەدا بەهۆی فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەمارۆکانی ئامریکا و بێباکی دەسەڵاتدارانی ڕژێم لە بەرانبەر گرانی لەڕادەبەدەری بازاڕو ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری بۆ ٤٠٪ ئەمەش وایکردوە کەتەنها ئەوانەی بڕوانامەی دکتۆرایان هەیەو بێکارن ژمارەیان بگاتە ۱۰۰ هەزار کەس، بۆیە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە کارێک کەهیچ پەیوەندی بەبواری پیشەیی و پسپۆڕی خۆیانەوە نیە، لەبری دەرس گوتنەوە لەدانیشگاکان ناچارن بۆبەدەست هێنانی پارویەک نان دەست بدەنە کاری جۆربەجۆر لەوانە بەشێکیان دەستیان داوەتە کاری پڕمەترسی کۆڵبەری. کە پیشەی کۆڵبەری یەکێکە لەپڕمەترسیترین پیشەکان لە ئێران.
بەپێی ئامارەکان ژیان و بژێوی زیاتر لە ٨۰ هەزار نەفەری سەرسنورەکانە. کۆڵبەران و کاسبکاران بۆپەیداکردنی قووتی ژیانیان و دەستخستنی پارویەک نان بۆسەر سفرەکانیان و دەستەبەرکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان ناچارن بەنێو سەرماوسۆڵەی سەخت و لولەی تفەنگی هێزە ئەمنیەکان و بەسەر پاشماوەی تەقەمەنی و مینەکانداو سەختی و نشێوی چیاکان چەندان کیلومێتر ببڕن تا بتوانن ژیانێکی سادەی مەمرە و مەژی بۆخۆیان و خانەوادەکانیان دەستەبەربکەن، بەدرێژایی ساڵ نە سەرمای تاقەت پڕوکێنی زستان و نەگەرمای هاوین ڕایان ناگرێت بەردەوام شەڕی مان و نەمان لەگەڵ چارەنووسی خۆیاندا دەکەن، ئەمەش وایکردوە کە ساڵانە بەسەدان کۆڵبەرو کاسبکارانی سەرسنور ببنە قوربانی، ئەگەر سەرما گیانیان لێ نەستێنێ و نەکەونە خوارەوە لە کێو و مینەکان نەیان کوژن ئەوا بەزەحمەت دەتوانن خۆیان و ئەسپەکانیان لەلولەی تفەنگە ڕوبەڕووەکانی چەکدارانی ڕژێم دەربازیان بێت، چونکە ڕژێم کوشتنی کۆڵبەرانی حەڵاڵ کردوە، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران "حسێن زوڵفەقاری" دەڵێت کوشتنی کۆڵبەران یاساییە و بیانکوژن ، هەروەها فەرماندەی مەرزی ئێران "قاسم رەزایی" کوشتنی کۆڵبەرانی ئاسایی کردوە، بەجۆرێک کە چەندان کاسبکاری سەرسنور تەنانەت دوای بەدیل گرتنیان کوژراون "محمود کیتابی" تەمەن ۲٤ ساڵان خەڵکی بانە نمونەی نوێترین ئەوکاسبکارانەیە کەدوای ئەوەی لەسنوری سەردەشت لەلایان سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراوە ، گوللە بارانکراوە ، "لقمان حەکیمی" یەکێکی دیکەیە لەوکاسبکارانەی سەرسنور کەدوای ئەوەی چۆتە سەرمین و برینداربووە دەست و چاو و لاقی لەدەستداوە واتە جەستەی لەبەین چووە ئێستا دەوڵەت داوای ۱٥ ملیون تمەنی لێدەکات لەبەرانبەر ئەوەی کە مینەکەی تەقاندۆتەوە، تەنانەت پارەی گوللەی تفەنگەکانیشیان لەکۆڵبەران دەستێننەوە!
بەپێی ئامارەکان ڕێژەی کوشتنی کۆڵبەران لەساڵی ۲۰۱٨ دا بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ۳۰ ٪ زیادیکردووە کە نێزیکەی ۲٦۰ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.
مەترسیەکان و داستانی تاڵی کۆڵبەران کۆتایی نەهاتووە و هەر بەتەنها ئەوە نیە ، بەڵکوو سەرباری هەموو ئەوانەش کۆڵبەران لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەگیرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و بەتۆمەتی جۆراوجۆریان بۆدروست دەکرێت و مەحکوم دەکرێن.
لەدواین ئاماری هەنگاودا لەڕۆژی ۲٤ ی دێسامبەر تەنها لە یەک ڕۆژدا لەسنورەکانی ئورمیە چوار کۆڵبەر بەناوەکانی " فەرشاد میرزایی و ستار خزری و ابراهیم محمد رحیم و عەتا محمد زادە " بەتەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی ڕژێم بریندارکران. لە ناو کۆڵبەراندا کە بە پشت و شانی خۆیان کۆڵبەری دەکەن، ئێستا چەندەها کەسی یان تێدایە کە خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیاری، مامۆستایی، پزیشکی و ...هتد تێدایە، کە ئەوەش ئەوپەڕی بەشمەینەتی خەڵکی کوردستانی ئێران پیشان دەدا لە ژێر سایەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەرهەمی هێناوە لەژێر سایەی بەرنامە و سیاسەتە چەپەڵەکانی یەوە.

نووسینی شەماڵ ڕەسوڵی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.