gol.jpgبە بۆنەی داگیرساندنی هەژدەمین مۆمی، تەمەنی دەستپێکردنی ماڵپەڕی گیارەنگ، لە قووڵایی دڵمانەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرەکەی و

لە سەرجەم خوێنەران و نووسەرانی ئەم ماڵپەڕە رەسەنە کورییەمان دەکەین.
گیارەنگ وەکو ماڵپەڕێکی رۆژنامەی ئەلکترۆنی گشتی و سەبەخۆی کوردی، لە رۆژی دەسپێکردنیەوە لە (٢٤/٤/٢٠٠٣) وە تا ئەمڕۆ، بەبێ وچان و بی دابڕان، خزمەتێکی زۆری بواری رۆژنامەی کوردی کردووە، رۆڵ و پێگەیەکی بەرز و بەرچاویشی لەم بوارەدا هەیە، ساڵ لە دوای ساڵیش، گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و نووسەران و خوێنەرانێکی زیاتریش ئاشنای بوونە.
من وەکو خوێنەر و نووسەرێکی ئەم ماڵپەڕە.. خۆم بە بەختەوەر و دڵشاد دەزانم کە ئاشنای بووم.. رۆژانە ئەم ماڵپەڕە بەسەردەکەمەوە و سوود و چـێژ لە خوێندنەوەی بابەتە هەمەڕەنگەکانی وەردەگرم.. گەواهی ئەوەشی بۆ دەدەم کە گیارەنگ سەربەخۆیی خۆی پاراستووە.. بووە بە گوڵـزارێکی گوڵ هەمەڕەنگەی گەش و بۆنخۆش.. بووە بە سەکۆیەکی ئازاد.. هیچ مەرج و سانسۆرێکی نەخستۆتە سەر نووسەران و ناوەڕۆکی بابەتی نووسینەکانیان، رێزی لە هەمووبیروڕا و هـزرو بۆچوونێکی جـیاوز گرتووە. ماڵپەڕێکە بۆ هەمووان، بۆ هەموو بیروڕا جیاوازەکان.. هەر ئەمەش وای کردووە، کە ساڵ لە دوای ساڵ، نووسەرانێکی زیاتر رووی لێبکەن و خوێنەرانێکی زیاتریش هۆگر و هەواداری خوێندنەوەی بابەتەکانی نووسینەکانی ببن.. راز و نهێنی ئەم سەرکەوتن و پێشکەوتنەی گیارەنگ، بۆ دڵسۆزی و زانایی و دانایی کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی بەڕیوەبەرەکەی دەگەڕێتەوە.. کە باوەڕی بە ئازادی و دیموکراسی و هەمەڕەنگی و بە فـرە باوەڕی و بە بیروڕا و هـزر و بۆچوونی جیاواز هەیە.
بێگومان لە پشت هەر کار و ئەنجامێکی گەورە و جوانەوە.. کەسێکی گەورە و دڵسۆز و کارجـوان هەیە.. گیارەنگ بایەخی بە چۆنیەتی داوە، نەک بە چەنـدێتی، بە کەم و پوخت، نەک بە زۆر بـۆر.. بابەتی هەمەڕەنگە، نەک بە یەکلایەنی و یەکڕەنگی.
کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی، کورد و کوردستان پەروەرێکی ناسراواە، مێژوویەکی پاکی پـڕ لە تێکۆشان و خەبات و شانازی و سەروەریی هەیە.. شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس و گیان لەسەردەستی رۆژانی سەختی تێکۆشانی ناو شار و شاخ بوو. لەسەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕی "کوردستان یا نەمان" بەرگری لە کوردستان کردووە. لە ئەمڕۆشدا هەر ئەوپێشمەرگە و تێکۆشەرە نەگۆڕاوەیە.. بە شێوازێکی تر درێـژە بە ئەرک و تێکۆشانی دەدات.. لە بواری رۆژنامەی ئەلەکترۆنی کوردیدا، ئاوزەنگی لە ئەسپی توانای دەدات ودرێژە بە خزمەتکردن دەدات..لە بوارەشدا سەرکەوتووە و لە ریزبەندی پێشەوەدایە.. پێگە و جێدەستی لە پێشخستنی رۆشنبیری کوردیدا دیارە.
کاری رۆژنامەگەریش، کارێکی ئاسان و هەڕەمەکی نییە.. یەکێک دەتوانێت لەم بوارەدا سەرکەوتووبێت و درێژەی پێ بدات، کە ئەزموون و باکگراوندێکی رۆشنبیری گشتی لە هەموو بوارەکاندا هەبێت.. توانای تازەگەری و داهێنانی هەبێت.. ئەگینا هەر زوو هێچی پێ نامێنێت و کۆڵـدەدات و وازی لێدەهـێنێت.
دەستخۆشی لە کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی دەکەین، و ئەوپەڕی رێـز و پێزانینیشمان بۆ شەونخونی و ماندووبوون و بۆ خزمەتی پیرۆزی هەیە.. هـیوای ئەوەش دەخوازین کە گیارەنگ، بە دەیان مۆمی گەشتری تەمەنی دابگیرسێنێت.. ساڵ لە دوای ساڵیش جوانتر و رەنگینتر و زەنگینتر بێت.. هـیواداریشین، کە خوشکانی نووسەرانی کوردمان، زیاتر بە ماڵپەڕی گیارەنگ ئاشناببن و نووسینەکانیان تیایدا بڵاوبکەنەوە.. ئێمەی برایانتان و ئێوەی خوشکانمان، هەموو کوردین وهاوڕێباز و هاوئامانجین و تەواکەری یەکترین.
شایـەنی باس و ئامـاژە پێـدانیشە، کە ماڵـپەڕی گیـاڕەنگ، یەکـێکە لەو کەمە سایـت و ماڵپەڕانەی، کە گرنگی و بایەخ بە ئەدەبی منداڵان و بە بابەتە پەروەردەییەکانی منداڵان دەدات و باوەشی بۆ کـردوونەتەوە..پێـم وایە ئەمەش لە تێگەیشتن و لە باوەڕەی کاک حەمەڕەسووڵەوە دێت کە منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان هيوای داهاتووی کوردستانن. لە سایەی گوشکـردن و پەروەردەکـردنێکی دروسـت و ئاراستەکـردنی راستی منـداڵانی ئەمڕۆمان دا، داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردسـتان دێنەدی.
ئەوەی کە زیاتر یـادی ساڵـڕۆژی ماڵپەڕی"گیـارەنگ"ی لە دڵماندا شیرینتر کردووە، دەستپێکردنی، هـاوکاتە لەگەڵ مانگڕۆژی کارەساتی جەرگبڕی شاری قەڵادزێی شەهید، قـەڵادزێی لانـکی شـۆڕش و راپـەڕین و بەرخـودانی، قـەڵادزێی قـەڵایـەکی سـەخـتی کوردایـەتی و مەردایـەتی.. ئـەوە بوو کە رژێـمی بەعـسی رەگەزپەرست و شۆڤـێنی عـەرەبی، لە رۆژی(٢٤/٤/١٩٧٤) دا، رقی رەشیان لە دژی گەلی بێتاوانی کوردمان رشت، بە بـۆمبی ناپـاڵـم شاری قـەڵادزێیان بۆردومـان کرد، بە سەدان کوردی بێتاوان شەهـید و بریندار بوون.. بە هـەزاران تف و نەفرەت لە داگیرکەرانی کوردستان بێت.
گۆڵی نێرگز بەلای ئێمەوە جوانترین گوڵە.. چەپکێ نێرگزی گەشی نێرکزەجاڕی، ئەم بەهارە قەشەنگەی کوردستانی جوان، بەم بۆنەیەوە پێشکەش بە برای بەڕێزمان کاک (حەمەڕەسووڵ کەریمی)ی بەڕێوەبەری گیارەنگ دەکەین.. تەندروستی و تەمەندرێژی و بەختەوەری بۆ دەخوازین.
چەپکە نێرگزیش، لەسەر گۆڕییەک بە یەکی شەهیدانی شاری قـەڵادزێ و سەرجەم شەهـیدانی کوردستان دادەنێـین.. نەک جارێک هـەزاران جـاریش، بە ئەوپەڕی رێـز و شکۆدارییەوە، سەری رێـز و نوازشیان بۆ دادەنـەوێنین.
دووبـارە پیـرۆزبێت یادی هـەژدە ساڵەی ماڵپـەڕی (گیـارەنگ) ی رەنگـین.
رەزا شوان
نەرویـج: ٢١/ ٤/ ٢٠٢٠

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد