giareng_nwe.jpgلە ١٧ ساڵەی دامەزرانی ماڵپەری گیارەنگ و ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەستیان

لە دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی دا هەبووە، قەڵەمەکانیان بۆ ڕاستی و پاکی بەکار هێنا و بوێرانە بەگژ ناراستی‌ و ناپاکی‌یەکان دا چوونەوە، لەو ڕۆژەدا ڕازاوەترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خوازیارانی نووسین و وەرگێران و هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە بۆ وەرگرتنی زانیاری و دەوڵەمەند کردنی لاپەرەکانی گیارەنگ چرکەیان لە لاپەرەی ئینترنێتی گیارەنگ کردووە.

کاری ڕۆژنامەگەری و بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامە کارێکی گرووهی و کاری کەسانی شارەزایە کە بە پرۆژە کار بۆ دەرکردنی ڕۆژنامە دەکەن و هەوڵ دەدەن کە لەو پەیوەندی‌یەدا هەموو ئەو کەل‌وپەل و شتانەی کە پێویستن بۆ دەرچوونی ڕۆژنامە دابین بکەن. کاتێک ماڵپەری گیارەنگ دەستی بەکاری خۆی کرد ئەو کەل و پەلانەی کە پێویست بوون تا رادەیەک دابین کران و ئەوجار دەبوو بۆ درێژەدان و ناساندنی ماڵپەرەکە هەوڵ بدەین کە بابەتگەلی خەڵک پەسەندانە لە هەموو بوارەکان دا بڵاو بکەینەوە و نزاکەت و ئەخلاق بکەینە میتۆدی کاری ماڵپەری گیارەنگ، بە ئۆگری‌یەک کە بۆ خوێندنەوە هەم بوو هەوڵم دا لاپەرەکانی بە شێعر و نووسینی شاعیران و بە نووسینەوەی ڕۆژە مێژووی‌یەکان و ڕووداو و بەسەرهاتەکان لاپەرەکان برازێنمەوە و بە گشتی لە ماوەیەکی کورتدا گیارەنگ توانی ببێتە سەکۆیەک بۆ بە یەک گەیشتنی هەموو ئەو کەسانەی کە بە دوای ویستەکانی خۆیاندا دەگەڕان.

b_300_220_16777215_00_images_AGADARI_g5.jpgماڵپەری گیارەنگ بۆ ئەوەی لە دونیای نوێی ڕۆژنامەگەری ئێلکترۆنی دوا نەکەوێ و بۆ ئەوەی خزمەت بە نەتەوەکەمان بکات، لە ئەزموونی کەسە شارەزاکان کەڵکی وەرگرت و لەو پەیوەندی‌یەدا کەم نەبوون ئەوانەی کە بە دڵەوە ئەزموونەکانی خۆیان لەگەڵ بەش کردین ، لە سەریەک بە ساوایی دەستمان بە درووست کردنی گیارەنگ کرد و دوای چەند جار ڕەنگ گۆڕین و دیزاین داڕشتن و تاقیکردنەوەی لە چەند شوێن، گیارەنگ لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا هاوکات لەگەڵ بوردومانە شوومەکەی قەلادزێ کە لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی زائینی لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕوویدا بوو، کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە.

لە ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دا و لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە چەپکە گوڵی وەفا و ڕێز لە بەرۆکی هەموو ئەو کەسانەی دەدەین کە خەمیان لە کاری ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری خواردوە و هیوای بەردەوامیان لە کارەکانیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین و سڵاو دەنێرین بۆ ئەو خۆشەویستانەی لەم ڕێگایەدا و تا کۆتایی ژیانیان خەمیان و خزمەتیان تەنیا بۆ دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی بووە و بە شەو و شەونخۆنی خۆیان خزمەتیان بە گەل و نیشتمان کردووە.

دیارە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن و بۆیە گیارەنگ بە وردبینی و تێرامانەوە ئەم رۆژەی بۆ وەشانی خۆی دیاری کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی ڕۆژنامەگەری کوردی، وەک نوورێک لە تاریکستانی ئەو سەردەم دا درەوشایەوە، ئەوە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵگیرسانی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان لە باشوور و گەرمێنی کوردستان، هەر بۆیە بە چاوی ڕێزەوە دەروانینە ئەم دوو ڕۆژە پڕ لە مێژووەیەی گەلەکەمان.

لەم ڕۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان.

سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی بەرێزان کاک ئیبراهیم عەزیزی، کاک فاروق قوبادی و کاک مەریوان نستانی دەکەین کە بەردەوام و بە دڵ فراوانی‌یەوە هاوکاریان کردووین و کەم و کوڕی و گیروگرفتە تیکنیکی‌یەکانی ماڵپەری گیارەنگیان بە هیممەتی خۆیان چارەسەر کردووە.

بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی

٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٩

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.