sehid_kwestani1.jpgوتووێژی ماڵپه‌ری گیاره‌نگ له‌ گه‌ڵ به‌رێز کاک سه‌عید کوێستانی (کاوه‌)، یه‌کێک له‌ تێکۆشه‌رانی دێرینی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هه‌روه‌ها هاوڕیی

سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی له‌ گه‌ڵ شه‌هید مه‌لا ئاواره‌

به‌رێز کاک سه‌عید کوێستانی ئه‌و کاته‌ت باش و ماندوو نه‌بی. سه‌ره‌تا زۆر سوپاس بۆ ئه‌وه‌ دڵسۆزانه‌ به‌ ده‌نگمانه‌وه‌ هاتی که‌ ئاوڕێک له‌ یه‌کێک له‌ تێکۆشه‌ره‌ هه‌ره‌ نه‌به‌زه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ ساڵانی 1346 و 1347ی هه‌تاوی واته‌ شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د شڵماشی ناسراو به‌ شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ بده‌ینه‌وه‌.
زۆر سوپاس منیش ماندوو نه‌بوونی له‌ جه‌نابت ده‌که‌م.

پ: به‌رێز کاک سه‌عید ڕاپه‌رین و جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 46 و 47ی هه‌تاوی یه‌کێک له‌ لاپه‌ره‌ زێرینه‌کانی خه‌باتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانه‌ و جێگای تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ مێژووی حیزب و گه‌ل دا هه‌یه‌، له‌و خه‌باته‌ نابه‌رامبه‌ره‌ دا به‌ داخه‌وه‌ 38 که‌س له‌ تێکۆشه‌رانی ئه‌و کاتی حیزب و یه‌ک له‌وان مه‌لا ئاواره‌ شه‌هید بوون، ده‌کرێ له‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌ دا و به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر مه‌لا ئاواره‌ زانیاری‌مان پێ بده‌ی؟
b_300_220_16777215_00_images_Aware_peshmerge.jpgو: به‌‌ڵێ، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی له‌‌ به‌ سه‌ر كردنه‌‌وه‌‌ی تێكۆشه‌رانی شه‌هید، سوپاست ده‌كه‌‌م بۆ ڕاپه‌‌‌‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزه‌‌ی وه‌ستۆی خۆت گرتووه‌. به‌‌ڕاستی به‌ڕێزتان وه‌ك ڕۆژنامه‌‌وانێكی وریا ‌‌به‌‌ هۆی سایته‌ جوانه‌كه‌‌تان “ گیاڕه‌نگی“ خۆشه‌ویست بێلایه‌نانه ئه‌ركی ڕۆژنامه‌‌گه‌ری خۆتان به‌ڕێوه ده‌بن‌‌و داوای سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌كه‌م .

ڕاسته كه ڕاپه‌ڕینی سالانی ٤٦‌و ٤٧ لاپه‌ڕه‌‌یه‌كی مێژوویی زێڕینه له تێكۆشانی حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان‌‌، به‌ڵام لانیكه‌‌م ده‌بێ بۆ شاره‌زا‌‌ بوون له مێژوو ئاگاداریمان له‌ سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌بێت. جووڵانه‌وه‌ی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ كۆمیته ناوه‌ندی حیزب پێی هه‌ڵنه‌ستا، به ‌داخه‌وه ئه‌و كات ڕێبه‌رایه‌تی حیزب ده‌ستی به‌سه‌ر داگیرا بوو كادره دڵسۆزه‌‌كانی حیزب له نێو چوارچێوه‌یه‌كی ته‌نگی تاكه ‌كه‌سیدا‌‌ گیریان كرد بوو‌. به‌شێك له كادره وریاكانی حیزب له ژێر درۆشمی “ نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن“ و پڕۆگڕامی كۆمیته‌یه‌ك به نێوی “ كۆمیته‌‌‌ی ئینقلابی حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان“ دا كه“ ته‌رمیم“ كراوه‌ی كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان بوو‌‌، له دژی بیچمی دیكتاتۆری ئاریامێهر بۆ مافی پێشێلكراوی نه‌ته‌وه‌ی كورد ڕاپه‌ڕین‌‌و به داخه‌وه تووشی شكست هاتین. به‌شێك له كادره‌كان شه‌هید بوون ‌‌‌و به‌شێكیش وه‌ك تۆ‌‌وی زه‌وی هه‌‌ر كام كه‌وته قوژبنێك‌‌. كاك ئه‌حمه‌د ‌شڵماشی “ مه‌لائاواره‌“ كاك سولێمانی موعینی‌“ فایق‌“ كاك ئیسماعیلی شه‌ریفزاده“ مه‌لاعه‌زیز‌ و‌... چه‌‌ندین تێكۆشه‌ری‌تر له ‌گه‌ڵ كۆمه‌‌ڵێك پێشمه‌رگه‌‌ی قاره‌مان بوون به ده‌سته چیله‌‌ی ئه‌و ڕاپه‌رینه خوێناویه‌‌ ساڵانی ٤٦ ‌و ٤٧ و به مێژوو حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان ته‌واو بوو، هه‌‌‌روه‌ها بوو به لاپه‌ڕه‌یه‌كی دره‌‌وشاوه‌ی له مێژوو حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستانی ئێران دا.

پ: به‌رێز کاک سه‌عید ده‌کرێ بۆمان باس بکه‌ی که‌ له‌ کوێ و له‌ چ ساڵێکدا شه‌هید مه‌لا ئاواره‌تان بینی؟
و: ئه‌‌من له ‌گه‌ڵ شه‌‌هید كاك هاشم ئه‌قه‌للطلاب “ قادرشه‌ریف“ ڕێكه‌وتی ١٣٤٣‌ی هه‌تاوی له سه‌فه‌ریكدا كه له‌ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی بۆ قه‌ڵادزی بوومان، به ‌ڕێكه‌وت تووشی شه‌هید ئاواره بووین. من نه‌م دیبوو، له ‌گه‌ڵ كاك قادر شه‌ریف ئاشنا بوون‌‌. پێشتر نێوی مه‌لا ئاواره‌م بیستبوو‌، وه‌ك مه‌لایه‌ك له مێشك ‌‌و زه‌ینمدا پێناسه‌م ده‌‌كرد‌. كاتێك پێكه‌وه دانیشتین‌‌ و شه‌هید ئاواره‌م دواند، ئاواره مرۆڤێكی ڕووناكبیری ته‌واو سیاسی بوو، له‌ گه‌ڵ زه‌ینیاتی پێشووم جیاواز بوو‌. شه‌هید قادر شه‌ریف قه‌راری له ‌گه‌ڵ دانا له كاتێكی‌تردا پێكه‌وه دانیشین له‌ باره‌ی تێكۆشانی داهاتوو ‌وتوووێژ بكه‌ین‌‌‌، به‌ڵام به هۆی گوشار هێنانی ئه‌حمه‌د تۆفیق به‌جێ هێشتنی قه‌ڵادزێ‌‌، له‌‌و كاتدا‌‌‌‌ نه شه‌هید ئاواره‌مان دیته‌وه‌، نه پێكه‌وه دانیشتن‌مان بوو. هه‌تا نیزیك هه‌شت نۆ ده مانگ نه‌ماندیته‌وه‌.

پ: ئایا شه‌هید مه‌لائاواره‌ ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ساخکه‌ره‌وه‌‌بوو؟ ئه‌گه‌رئه‌ندامی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ بوو له‌و ماوه‌یه‌ دا هه‌وڵ و تێکۆشانی بۆ یه‌ک ریزی تێکۆشه‌رانی حیزب چۆن بوو؟
shehidani_47.jpgو: ئێمه كاتێك له قه‌ڵادزێ قه‌رارمان دانا پێكه‌وه دانیشین و دوایی نه‌كراو ئێمه له‌وێ ڕۆین‌‌‌‌و بۆمان نه‌كرا پێك هاتنی كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ باس بكه‌ین‌‌‌. ئێمه چووینه مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دێمۆكڕات كه ئه‌وكات مامۆستا ‌ئیبڕاهیم ئه‌حمه‌د سكرتێری پارتی دێمۆكڕاتی كوردستان بوو‌‌. تا ئه‌و كات كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه ٣ كه‌س بووین‌، واته‌: من ‌‌و كاك قادر شه‌ریف ‌‌و كاك حوسێن مه‌ده‌نی‌. ده‌بوایه كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه به‌رین كه‌ینه‌وه‌. زۆرمان هه‌وڵدا شه‌هید ئاواره ئاگادار كه‌ین بێت ئه‌گه‌ر پێی خۆش بێت له‌و كۆمیته‌یه ‌‌‌‌دا بێت‌‌، به‌ڵام ده‌ستمان نه‌كه‌وت‌‌، دوایی كاك حه‌سه‌ن ڕستگارو مه‌لا ئه‌بوبه‌كرمان پێوه‌ زیاد كرد و بووین به پێنج كه‌س. دوای دابه‌شكردنی كار چووینه‌وه ڕۆژهه‌ڵات و شه‌هید ئاواره‌مان له گوندی بێژوێ دیته‌وه‌. چۆنیه‌تی پێكهاتنی كۆمیته‌‌ی ساخكه‌ره‌و ته‌رمیم كردنه‌‌وه‌‌‌مان له سه‌ره‌تاوه‌ بۆ مه‌لا ئاواره باسكرد و پێشنیاری هاوكاریمان پێكرد‌. زۆری پێ خۆش بوو و پێشوازی له‌‌ پێشنیاری ئێمه‌ كرد. كۆمیته‌‌ی ساخكه‌ره‌وه به‌‌ ئینتصابی پێكهاتبوو، هه‌‌ر به‌و پێ‌یه‌‌ش شه‌هید ئاواره بوو به ئه‌ندامی ئه‌و كۆمیته‌یه ‌‌و ده‌ست به‌كار بوو. مه‌لا ئاواره‌‌ش وه‌كوو ئێمه ئاماده نه‌بوو له گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تۆفیق كار بكات‌‌، به‌ڵام دوای كۆنگره‌‌ی ٢ ی حیزب‌‌، هه‌موومان هه‌وڵمان ده‌دا یه‌ك بگرینه‌وه‌‌و پێكه‌وه كار بكه‌ین. مه‌لا ئاواره بۆ یه‌كگرتنه‌وه نه‌خشی سه‌ره‌كی هه‌بوو. من ‌‌و شه‌هید قادر شه‌‌ریف به هۆی جڵغه‌‌گێڕانی ئه‌حمه‌د تۆفیق نه‌مان ده‌توانی بچینه‌‌وه نێو شۆرش‌‌، به شاخانه‌‌و له ڕۆژهه‌ڵات له نێو خه‌ڵكدا بووین ‌و ڕۆژگارێكی زۆر سه‌خت و دژوارو پڕ مه‌ترسیمان به‌سه‌ر برد، له ماوه‌ی ئه‌و سێزده مانگه‌‌ی كه به نهێنی له كوردستانی رۆژ هه‌ڵات بووین شه‌هید مه‌لا ئاواره دوو سێ جاری سه‌فه‌ری قه‌ڵادزێی كرد و زۆری هه‌وڵدا یه‌كگرتنه‌‌وه‌یه‌ك بڕه‌خسێنێ. ئه‌و كات شه‌هید كاك سه‌دیقی هه‌نجیری ئازه‌ر دوای كۆنگره‌ی دووهه‌‌م به‌ سكرتێری حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا بوو. كه به‌داخه‌وه پاش ماوه‌یه‌ك به فیتی ئه‌حمه‌د تۆفیق ‌‌و به‌ ده‌ستی حه‌سه‌نی برازای شه‌هید كرا. مه‌لا ئاواره به هاوكاری هێندێك له هاوڕێیان چوو ‌بووه لای شه‌هید هه‌نجیری ‌‌و یه‌كگرتنه‌وه‌‌‌ی پێك هێناو ئێمه گه‌ڕاینه‌وه كوردستانی باشوور‌‌.

به ‌دوای شه‌هید كرانی كاك سه‌دیق هه‌نجیری كۆمیته ناوه‌ندی كه‌وته حاڵه‌تی بێ‌‌سه‌ره‌‌و به‌ره‌‌یی. ئێمه‌‌‌ش بۆ ئه‌وه‌ی كادره‌كان بڵاو نه‌بن جارێكی دیكه‌‌ش به نهێنی كۆمیته‌‌ی ئینقلابی حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستانمان پێكهێنا، كه شه‌هید ئاواره‌و شه‌هید شه‌ریفزاده‌‌ش ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ته‌شكیلاته بوون‌‌و هه‌ر دووكیان له به‌ڕێوه بردنی به‌رنامه‌‌ی ئه‌و كۆمیته‌یه‌‌دا سه‌ریان له‌ سه‌ر داناو شه‌هید كران .

پ: به‌رێز کاک سه‌عید ئه‌گه‌ر بکرێ له‌ سه‌ر شێوه‌ی گیرانی مه‌لا ئاواره‌ له‌ بانه‌مه‌ری 1347 دا و هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر ئێعدام کرانه‌که‌ی باسێکمان بۆ بکه‌ی؟
b_300_220_16777215_00_images_Aware_shehid_aware1.jpgو: شێوه‌‌ی گیرانی مه‌لا ئاواره ئێستاش زۆر ڕوون نییه‌‌، دیاره ئه‌و كات من دوور بووم و له ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی نیشته‌‌جێ بووم. هه‌ڵڵاو بگره ‌‌و به‌رده‌‌ی رژێمی سه‌ره‌رۆی تاران ئه‌وه‌نده‌‌‌ی تووندوتیژ‌‌ بوو‌‌، ئه‌وه‌نده‌ش ئێمه ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر سێبه‌ری شۆرش بووین له ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی كار به ده‌ستانی شۆرشدا بووین. هه‌واڵه‌كان زۆر به ‌‌زه‌حمه‌ت وه‌ر ده‌گیران‌. ئاواره‌و كوڕێك به نێوی ڕه‌‌حمان، له گوندی دیواڵان گیران. گۆیا جاسوسی نێو خۆیان له ‌سه‌ر بووه‌‌و شه‌وێ، یان به‌یانی له دیواڵان له مالێكدا ده‌وره‌یان داون‌‌و گیراون. ‌مه‌لا‌ڕه‌‌حیم لۆمانی‌‌‌ و كوێخا ‌پیرۆتی كونه مشكێ كه ئه‌و كات له‌ گه‌ڵ ژاندارمه‌ری هاوكاریان كردووه ئه‌وانیش جۆرێكی دیكه‌‌ی ده‌گێرنه‌وه، به‌ڵام گوته‌‌ی ئه‌وان به هێند ناگیرێ، چوونكه هاوكاری رژێم بوون‌. هێندێك كه‌سیش ده‌ڵێن ده‌رمان خوارد كرا بوون مێشكیان له‌‌ كارخرا بوو بۆیه له‌‌و ماڵه‌‌ی لێی بوون وا به هاسانی خۆیان ته‌سلیم كرد. له ڕاستیدا‌ مرۆڤ له‌‌‌و دوو‌‌، سێ شێوه‌‌ ‌گێڕانه‌وه شتێكی وای بۆ ساغ نابێته‌وه. دیاره له‌و گیرو ‌‌داره‌یدا كه شه‌هید ئاواره‌ی تێدا ده‌ستگیر کرا، ئێعدام كردنی مسوه‌‌گه‌ر بوو‌. ئه‌و كوڕه‌ی له‌ گه‌ڵی گیرا به‌رپرسایه‌تیشی نه‌‌بوو ئێعدام كرا، شه‌هید ئاواره یه‌كێك له‌و كادر‌ه ئاكتیوو خۆشه‌‌ویستانه بوو كه رژێم به دوایه‌وه بوو بیگرێ و له‌كاته‌دا ئێعدامی بكات‌‌و چاوی خه‌ڵكی پێ بترسێنێ ‌‌.

پ: کاریگه‌ری گیران و شه‌هید کرانی مه‌لا ئاواره‌، له‌ نێو خه‌ڵک و تێکۆشه‌ران دا چۆن بوو؟
و: وه‌ك باسم كرد زه‌برو‌‌زه‌نگی ئه‌وكاتی رژێمی ئێران ئه‌وه‌نده تووندوتیژ‌‌ بوو له ناوچه‌‌دا كه‌س نه‌یده‌توانی به ئاشكرا په‌كوو په‌‌كوو بۆ مه‌لا ئاواره ‌‌بكات‌‌ وه‌ڕه‌زی خۆی نیشان بدا‌‌‌، زانیبایان هه‌ركه‌سێك بۆ ئاواره‌ی به خه‌مه ده‌گیرا. وه‌حشه‌تێكی وایان پێك هێنا بوو هیچ كه‌س نه‌یده‌وێرا داخ‌‌‌ و كه‌سه‌ری خۆی ده‌ر ببڕێ‌‌. گۆیا ئه‌ندام‌‌ و هه‌وادارانی حیزب له ماڵی یه‌كتر دانیشتوون‌‌‌و بۆی گریاون‌‌.

پ: ڕاده‌ی زانایی و هه‌ڵس‌وکه‌وتی مه‌لا ئاواره‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابته‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ؟
و: ڕاستی‌‌ و دروستی و دڵسۆزی له ئه‌ندازه به‌‌ده‌ری مه‌لا ئاواره بۆ نه‌‌ته‌وه‌كه‌‌ی‌، بۆ دۆست‌‌و هاوڕێیانی وێنه‌ی زۆر كه‌مه‌. سه‌ر‌‌ڕای ئه‌وه‌ش ئیجتماعی بوونی مه‌لا ئاواره‌، كه مه‌رجی سه‌ره‌كی كادرێكی لێهاتووی سیاسییه، زۆر به‌رچاو ‌‌بوو‌‌. ‌له ‌باری زانیاریه‌وه، خوێندنی مه‌لایه‌تی هه‌بوو‌، مرۆڤێكی مه‌ندو ئاقل‌‌ بوو، له باری سیاسیه‌وه به‌ ئیستدلاله‌وه باسی سیاسی ده‌كرد و كادرێكی هه‌ره باشی سه‌رده‌می خۆی بوو‌. له داوێن پاكیدا نموونه ‌‌بوو‌. له‌‌‌و ماوه‌یدا كه پێكه‌وه بووینه كه‌‌م‌‌و كووڕیم له خوو‌‌‌‌‌ و خده‌ی ئاواره‌‌دا نه‌دیوه .

پ: به‌رێز کاک سه‌عید‌، شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ چه‌ندین شێعری شۆرشگێری و ئه‌ده‌بی له‌ دوای خۆی به‌ جێ هێشتوون، ئه‌گه‌ر له‌و باره‌و تیشک بخه‌یه‌ سه‌ر به‌شێک له‌ شێعره‌کانی ئه‌و شه‌هیده‌ نه‌مره‌ سوپاست ده‌که‌م؟
و: به‌‌داخه‌وه هیچ یه‌ك له شێعره‌كانی شه‌هید ئاواره‌م له بیر نییه‌‌و نیمه. من شه‌یدای یه‌كێك له هه‌ڵبه‌سته‌كانی ناوبراو بووم تا ئێستا له هیچ شوێنێك نه به‌‌ ده‌ست نووس‌، نه‌به چاپكراوی نه‌مدیوه‌. هه‌ڵبه‌سته‌كه پڕۆگڕامی حزبێكی سیاسی بوو‌‌. نیزیك به هه‌‌شتاو چه‌ند شێعر بوو ‌كه ستراتێژیه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو. له دوازده به‌‌ش پێكهاتبوو، له ئه‌ندامگیری‌‌، ته‌ربیه‌تی ئه‌ندام‌، كلاسی كادر‌، هه‌وڵدان بۆ دارشتنی فه‌رهه‌نگیكی یه‌ك گرتوو، نێوی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری قه‌وم‌‌و تایفه‌‌و عه‌شیره‌ته‌‌كانی كوردستانی ناو بردبوو‌، له پۆلی سه‌رتایی‌ ڕا یانه‌‌ی فێركردنی نیشتمانپه‌روه‌ری‌‌، ڕاهێنانی مندال به شێوه‌ی شۆرشگێڕی، دامه‌زراندنی زانست‌و سه‌نعه‌ت له كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا، داوێن پاكی‌، به ڕاستگۆ ڕاهێنانی كۆمه‌ڵگا‌، لابردنی یاسای كوشتن‌‌و ئێعدام‌‌و ... زۆر شتی تری كه به‌ڕاستی له بیرم نه‌ماون.

پ: من لێره‌ دا کۆتایی دێنم به‌ پرسیاره‌کانم، به‌رێزتان ئه‌گه‌ر شتێکتان له‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌ دا ماوه‌ ده‌توانن باسی بکه‌ن؟
و: دیاره باسكردن له‌‌ سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌ڵكه‌وتوو به شێوه‌ی پرسیار، به‌‌ ئاماژه پێكردنێكی كورت ده‌بڕێته‌وه‌، ده‌نا باسكردن له ‌‌سه‌ر شه‌هید مه‌لا ‌ئه‌حمه‌دی شه‌ڵماشی “مه‌لا ئاواره“ مرۆڤ ده‌توانێ بڵێ‌ هه‌ر باره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌‌ی ده ‌ئه‌وه‌نده‌ی گوترا، زیاتر هه‌ڵده‌گرێ‌. خۆشه‌ویستی ئاواره له ناوچه‌‌دا بۆخۆی باسێكی دوورو درێژه. هه‌‌ر ده‌بێ بڵێین: بیروه‌ری شه‌هید ئاواره پیرۆز بێت‌‌و ڕوحی هه‌ر شاد بێت .

زۆر سوپاس بۆ ئه‌و کاته‌ی که‌ پێت داین و سه‌رکه‌وتنت به‌ ئاوات ده‌خوازم.

تایبەت بە ٣٨ ساڵەی شەهیدبوونی مەلا ئاوارە

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.