b_300_220_16777215_00_images_Aware_mela_aziz.jpgئاماده‌ کردنی: زاهید شاعیری شڵماشی
بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی مامۆستای نه‌مر شه‌هید ئاواره‌، وتووێژێک له‌ گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عه‌زیز ئه‌ندامی

له‌ مێژینه‌ی حیزب دێموکرات کوردستانی ئێران پێک دێنم که‌ سرنجی ئێوه‌ی به‌ڕێزی بۆ ڕاده‌کێشم.
پرسیار: به‌رێز مامۆستا عه‌زیز ئه‌و کاته‌ت باش و ماندوو نه‌بی، سه‌ره‌تا به‌ کورتی خۆت به‌ خوێنه‌رانمان بناسێنه‌.
وه‌ڵام: زۆر سپاس بۆ تۆ و به‌رپرسی ماڵپه‌ری گیاره‌نگیش که‌ ئه‌و شانازیه‌‌تان به‌من به‌خشی که‌ له‌ سه‌ر شه‌هیدی مه‌زنی میلله‌ته‌کامان مامۆستا ئاواره‌ قسه‌بکه‌م، من ناوم عه‌زیزه‌ ناسراو به‌مه‌لا عه‌زیز خه‌ڵکی گوندی کونه‌مشکێی سه‌ر به‌شاری سه‌رده‌شت، هه‌ر له‌ ساڵی 1343 وه‌ به‌شانازیه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌ندامی حیزب دێمۆکرات کوردستان و شاگردێکی ناشیاوی مامۆستای شه‌هید ئاواره‌ بووم.

پرسیار : به‌رێز مامۆستا ده‌کرێ پێمان بڵێی که‌ له‌ کوێ و له‌ چ ساڵێکدا شه‌هید مه‌لا ئاواره‌تان بۆ یه‌که‌م جار چاو پێکه‌وت؟
وه‌ڵام: بۆ یه‌که‌م جار ئاواره‌م له‌ گوندیکی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌ ناوی دارمه‌کۆن دیی که‌ له‌ گه‌ڵ مه‌جموعه‌یه‌ک فه‌قێیان بوو و قسه‌ی بۆ ده‌کردن له‌ ڕاستیی دا ئه‌و کات من ڕاده‌ی زانیاریم زۆر که‌م بوو، به‌ڵام کوردێکی حیزب دۆست بووم و ئه‌م‌ شتانه‌م یه‌کجار پێ خۆشبوو که‌ مامۆستا ئاواره‌ باسیی ده‌کرد، باسه‌کانیی مامۆستا له ‌ڕاستیی دا ئه‌وه‌نده‌ دڵ نشین و به‌دڵیی فه‌قێکان بوو که‌ فه‌قیکان به‌جۆرێک له‌ ده‌وریی کۆببونه‌وه‌و به‌تامه‌زرۆیه‌وه‌ گویان بۆ وته‌کانیی شل ده‌کرد هه‌ر وه‌کوو ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه‌ ده‌رسه‌کانیان له‌ لایان مامۆستاکه‌ی خۆیانه‌وه‌.

پرسیار: مامۆستا گیان جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 46 و 47ی هه‌تاوی یه‌کێک له‌ لاپه‌ره‌ زێرینه‌کانی خه‌باتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانه‌ و جێگای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، له‌و خه‌باته‌ نابه‌رامبه‌ره‌ دا به‌ داخه‌وه‌ پۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی تێکۆشه‌ری ئه‌و کاتی حیزب و یه‌ک له‌وان مه‌لا ئاواره‌ شه‌هید بوون، ده‌کرێ له‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌ دا و به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر مه‌لا ئاواره‌ زانیاری‌مان پێ بده‌ی؟
وه‌ڵام: جولانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 46 و47 له‌ ناوندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک شاره‌کانی مهاباد، سه‌رده‌شت، شنۆ، پیرانشار، بۆکان و بانه‌ سه‌ریی هه‌ڵدابوو، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خه‌باته‌ ڕه‌وا و به‌ر حه‌قه‌ له‌ ناوچه‌یه‌کی به‌رته‌سکی جوغرافی دابوو، هۆیه‌که‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌، پێشمه‌رگه‌کان وه‌زعیه‌‌تێکی تایبه‌تیان بۆ هاتبوه‌ پێشێ و ناچار بوون که‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو باوه‌شی خه‌ڵک و ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ی تایبه‌تیه‌ی به‌سه‌ریان داسه‌پا بوو ناچاریشی کردبوون که‌ خه‌بات و تێکۆشانی سیاسی و پاشان چه‌کداری خۆیان ده‌ست پێ بکه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ کاتیی جوڵانه‌وه‌کانی 46 ، 47 دا به‌شێکی زۆر که‌م پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانیش نه‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیان به‌ ئه‌ندازی پێویست‌ هه‌بوو که‌ بتوانین به‌ربه‌ره‌کانی پێبکه‌ین و نه‌ ئیمکاناتێکی به‌و شێوه‌یه‌ی مادیش و نه‌ پشتیوانی سه‌ره‌کی هێزی پێشمه‌رگه‌ش واته‌ کۆمه‌ڵانی به‌شه‌ڕه‌فی گه‌ڵ به‌تایبه‌ت چینی هه‌ژار و گوند نشینانی کوردستان باریی ژیانیان ئه‌وه‌نده‌ باش بوو، ڕێژیمی سه‌رکوتگه‌ری پاشایه‌تیش به‌حه‌دێکی یه‌کجار زۆر به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ فشاریی هینابوو بۆ سه‌ر حه‌شارگه‌و بنکه‌کانی هێزیی پێشمه‌رگه‌، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو به‌هۆیی ئه‌وه‌ی له‌ زۆر شویندا وه‌ک سه‌رده‌شت، مهاباد، بانه‌ و پیرانشار و زۆرشوێنی که تێکۆشه‌رانی حیزب دمکرات گیانیان فیدای ڕزگاری گه‌له‌که‌یان کرد که‌ شه‌هید ئاواره‌ یه‌کێک له‌وانبوو.

پرسیار: به‌رێز مامۆستا ئه‌گه‌ر بکرێ له‌ سه‌ر شێوه‌ی ئێعدام کرانه‌که‌ی باسێکمان بۆ بکه‌ی و له‌ هه‌مان کاتدا کاریگه‌ری گیران و شه‌هید کرانی مه‌لا ئاواره‌، له‌ نێو خه‌ڵک و تێکۆشه‌راندا؟
وه‌ڵام: له‌ ڕاستی دا گیرانی مامۆستا ئاواره‌ بوو به‌ تازیه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ خه‌باتی تازه‌ی هێزی پیشمه‌رگه‌ گرتبوویه‌وه‌ به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی سه‌رده‌شت و ده‌وروو به‌ری، خۆشه‌ویستی ئاواره‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دا گه‌یشتبوه‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ که‌ جارێک دۆستێک به‌منی گوت: پێموایه‌ دو‌ژمنیش مامۆستا ئاواره‌ی خۆش ده‌وه‌یست، که‌ دوژمن مه‌به‌ستی له‌ چلپاوخوران یا به‌کرێگیراوانی ڕێژیم بوو، مامۆستا ئاواره‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ئینسانێکی کورد و حیزبی بوو، مرۆڤێکی به‌ ته‌واو مانای مرۆڤ دۆستی مرۆڤ دۆست بوو، مامۆستا ئاواره‌ مرۆڤێک بوو، نه‌یده‌ویست هیچ کام له‌ ئینسانه‌کان تۆشی ناره‌حه‌تی و کویره‌وه‌ریی ببن، مامۆستا ئاواره‌ دژیی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌بوو به‌ تورک و فارس و عه‌ره‌بیشه‌وه‌، مامۆستا ئاواره‌ ئاره‌زووی بوو و هه‌وڵیشی بۆده‌دا، هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان ته‌نانه‌ت داگیرکه‌رانی کوردستانیش به‌ ئاشتی و برایانه‌وه‌ دوور له‌ شه‌ڕو ده‌مارگرژیی بژین، ئاواره‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی که‌شی تێدا به‌دیی ده‌کرا بۆیه‌ له‌ده‌ستدانی خه‌میی تێکڕای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بوو به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ‌نزیکه‌وه‌ ده‌یانناسی، له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌کانی حیزب دێموکرات، جێگای داخه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ڵێم: بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر دوای له‌ده‌ست دانی ئاواره‌ پێشمه‌رگه‌کان وه‌ک مه‌ڕی بێ شوانیان لێهاتبوو، له‌ده‌ست دانی ئاواره‌ بوو به‌هۆیی ئه‌وه‌ی بۆماوه‌یه‌ک کاریی تشکیلاتی ڕاوه‌ستێ، داخی له‌ده‌ست چوونی ئاواره‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر دڵی گه‌لیی کورد گران بوو دوایی تێپه‌ڕبوونی ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌ دا ئه‌وانه‌ی ئاواره‌یان له‌داو خست ئێستاش له‌ لایان خه‌ڵکه‌وه‌ نه‌فرین ده‌کرین و ئه‌و کرده‌وه‌ چه‌په‌ڵه‌یان بۆته‌ مۆرکێکی رووڕه‌شی و به‌ ته‌ویڵیانه‌وه‌ دیاره‌، به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم: بریا کورد به‌هه‌زارانی وه‌ک ئاواره‌ی هه‌با، تا ئێستاش ئه‌من تێکۆشه‌رێکی وه‌ک ئاواره‌ی شه‌هیدم نه‌دیوه‌ له‌ناو حیزب دێموکراتی کوردستاندا که‌ تێکڕای خه‌ڵک و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌ده‌وروو به‌ریه‌تی لێی ڕازیبن،

b_300_220_16777215_00_images_Aware_shehid_aware1.jpgپرسیار: ڕاده‌ی زانایی و هه‌ڵس‌وکه‌وتی مه‌لا ئاواره‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابته‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ؟
وه‌ڵام: له‌ باره‌ی زانیاری مامۆستا ئاواره‌: مامۆستا ئاواره‌ له‌ حوجره‌ی فه‌قییان ده‌رسی خوێندبوو و مه‌لایه‌کی ئاینیی بوو، به‌ڵام له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورت دا که‌ له‌بنکه‌ی سونێ ده‌ژیا به‌ متالعه‌ کردن و خوێندنه‌وه‌ی کتێب و بابه‌ت گه‌لی سیاسی وای خۆ پێگه‌یاند که‌ له‌ باری زانیارییه‌وه‌ وه‌پێش ڕێبه‌رانی حیزبی که‌وته‌وه‌، ئاواره‌ی شه‌هید له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ سه‌خته‌ی خه‌باتدا هیچ کاتێک له‌ موتالعه ‌و خوێندنه‌وه‌ی کتێب و ڕۆژنامه‌ و بردنه‌سه‌ری ڕاده‌ی زانیاری خافڵ نه‌ ده‌بوو، هیچ کاتێکی خۆی به‌ فیڕۆ نه‌ده‌دا.

پرسیار: شه‌هید مه‌لا ئاواره‌ مرۆڤێکی رووناکبیر و شۆرشگێر بوو، ناوبراو کۆمه‌ڵێک شێعری ئه‌ده‌بی و شۆرشگێری له‌ دوای خۆی به‌ جێ هێشتوون، شێعره‌کانی له‌ لایه‌ن جه‌نابته‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن؟
وه‌ڵام: شێعره‌کانی مامۆستا ئاواره‌ هه‌ڵقوڵاوی سه‌رچاوه‌ی بیر و باوه‌ڕی مامۆستای شه‌هید بوون، مامۆستا ئاواره‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی باش ده‌ناسی له‌ ژیان و ئازارو مه‌ینه‌تیه‌کانییان شاره‌زابوو ته‌نانه‌ت ده‌یزانی که‌ ده‌بی ژنانی کورد چۆن مناڵه‌کانیان په‌روه‌رده‌بکه‌ن و چ جۆره‌ لایلایه‌یه‌کیان به‌گویی کۆرپه‌کانیاندا بخوێنن، هه‌ر وه‌کوو یه‌کێک له‌ شێعره‌کانی مامۆستا ئاواره(لایه‌لایه‌)یه. هه‌ر وه‌ک له‌ به‌شێک له‌ شێعری لایه دا ده‌ڵێ‌:
هه‌ى لاى لایه‌ رۆڵه‌ لای لایه‌                                   بنوو درنگه‌ تاقانه‌ى دایه‌
کورم تۆ کوردى تۆ بێچوه‌ شێرى                               نه‌ته‌وه‌ى کاوه‌ى ئازا و دلێرى
باب و باپیرت خزم و که‌س وکار                                زۆریان کێشاوه‌ مه‌ینه‌تى وئازار
بۆ پارێزگارى نامووس و ماڵیان                                قه‌ت نه‌وه‌ستاوه‌ده‌ست وگۆپاڵیان
تۆش وه‌ک ئه‌وان به‌ نه‌ترس و نه‌به‌ز                         بازى کێوى به‌ نه‌ک که‌وى قه‌فه‌س
هه‌ى لاى لایه‌ رۆڵه‌ لای لایه‌                                  هیواى دوا رۆژم له‌ ده‌ست تۆ دایه‌


b_300_220_16777215_00_images_Aware_kel1.jpgبه‌ڕای من گه‌وره‌ی و کوردپه‌روه‌ری و شاره‌زای ئه‌ده‌بی و دڵسۆزی به‌رانبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی و هه‌ست کردن به‌ زوڵم و زۆریه‌ک که‌ له‌ له‌ لایان ڕێژیمی دژیی به‌شه‌ری پاشایه‌تیه‌وه‌ له‌ گه‌ل و نیشتیمانه‌که‌ی ده‌کران تێکڕا له‌ هه‌ڵبه‌سته‌کانیدا ده‌رده‌که‌وێت، یا باشتر وایه‌ بڵێم به لای منه‌وه‌ شێعره‌کانی لایه‌لایه‌، توتنه‌وان و کوردم کوردستانم ده‌وێی گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ن بۆ سه‌لماندنی بۆچونه‌که‌م، شێعره‌کانی مامۆستای شه‌هید مه‌لا ئاواره ‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌مێکی وادا ده‌نوسران و بڵاو ده‌کرانه‌وه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ ڕاده‌ی زانیاری و خوێنده‌واری خه‌ڵکی کوردستان زۆر له‌ حاستێکی نزم دابوو، هه‌موو خه‌ڵک که‌ڵکی لێێ وه‌رده‌گرت، به‌ خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واره‌وه‌، چونکه‌ هه‌مویان خۆیان و ده‌رد و ئازاره‌کانی خۆیانیان تێدا ده‌ دیه‌وه، هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی نه‌خوێنده‌واره‌کانیش ته‌نیا به‌ گوێ لێ بوون جا چ له‌ زاری خۆی مامۆستا و چ له‌ ده‌می خوێنده‌وارێکی که‌ بیان بیستایه‌ هه‌ر زوو له‌ به‌ریان ده‌کردن.

پرسیار: من لێره‌ دا کۆتایی دێنم به‌ پرسیاره‌کانم، به‌رێزتان ئه‌گه‌ر شتێکتان له‌و په‌یوه‌ندی‌یه‌ دا ماوه‌ ده‌توانن باسی بکه‌ن؟
وه‌ڵام: سوپاسی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌که‌م که‌ ئه‌وه‌ هه‌له‌تان بۆمن ڕه‌خساند و ئه‌و شانازیه‌تان به‌نسیب من کرد که‌ باسی مامۆستای هه‌رده‌م زیندوو ئاواره‌ی شه‌هید بکه‌م چون به‌ڕاستی من خۆم به‌شیاوی ئه‌وه‌ نازانم که‌ له‌سه‌ر که‌سایه‌تی شه‌هید ئاواره‌ قسه ‌بکه‌م ئه‌گه‌ر ئێستا ئاواره‌ مابا بێگومان یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ ڕێبه‌رانی گه‌لی کورد ده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕێبه‌ره‌شمان له‌کیس چوو، له‌ سه‌ریه‌ک ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم که‌ میلله‌تی کورد جارێکی که‌ نه‌ پێشه‌وا قازی ده‌بێته‌وه‌ نه‌ ئاواره‌ نه‌ قاسملوو شه‌ره‌فکه‌ندیشی ده‌بنه‌وه‌.

زۆر سوپاس بۆ ئه‌و کاته‌ی که‌ پێت داین و سه‌رکه‌وتنت به‌ ئاوات ده‌خوازین، به‌و هیوایه‌ی ئاواته‌کانی شه‌هید ئاواره و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کورد و کوردستان و به‌ڕێزیشتان و تێکرای گه‌لی کوردستان بێته‌ده‌ی و ڕوحی شه‌هیده‌کانمان به‌تایبه‌ت شه‌هید ئاواره‌ش شاد بێت.

تایبەت بە ٣٨ ساڵەی شەهیدبوونی مەلا ئاوارە

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.