mohammad_minehelaj1.jpg(بە بۆنەی 30 ساڵەی شەهید بوونییەوە)

حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی گەورە لە فیداکاری و قوربانیدانن. لە ڕیزی تێکۆشەرانی ئەم حیزبە و

خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناوی سەدان و هەزاران قارەمان دەبینرێ کە  بە داخەوە هێشتا ئەو دەرفەتە بۆ زۆربەی زۆریان نەڕەخساوە، تا ڕۆلەکانی نەتەوەکەیان بەو جۆرە پێویستە، بیانناسن. محەممەد قادرزادە، ناسراو بە محەممەدی مینە هەللاج، کە ڕێبەندانی ئەمساڵ، 30 ساڵ بە سەر شەهیدبوونیدا ڕادەبرێ، یەک لەو قارەمانانەیە.

**

محەممەد قادرزادە، کوڕی مینە هەللاج ساڵی 1327ی هەتاوی لە گوندی نستان لە دایک بوو.

محەممەد، تەمەنی منداڵیی وەک هەموو منداڵانی سەردەمی خۆی تێپەڕ کرد.ئەویش وەک زۆر لە هاوتەمەنەکانی، لەبەر نەبوونی قوتابخانە لە بەهرەی خوێندن بێ‌بەش بوو. قۆناغەکانی مێر منداڵی و لاوەتیی بە هاوکاری و یاریدەدانی باوکی لە کاری وەرزێری و مەڕداری ‌دا تێپەڕ کرد.

b_300_220_16777215_00_images_mohammad_minehelaj.jpgژیانی سەخت و زەخت و زۆری دەربەگایەتی لەو سەردەم‌دا محەممەدی تازە لاوی لە گەل روحی خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ستەم و زۆرداری ئاشنا کرد. ئەو قوناغە لە ژیانی‌ هاوکات بوو لەگەڵ دەست پێکردنی جووڵانەوەی شۆڕشگێرانەی سالەکانی 1347-1346ی هەتاوی. لە هەڕەتی لاویەتی و لە تەمەنی هەژدە ساڵی دا پێوەندیی بە کادرەکان و رێبەرانی جوولانەوەکه‌ کرد و بە تایبەتی لەگەڵ شەهید فایەق موعینی و چەند کەسێک لە پێشمەرگەکان، کە ژمارەیەکیان خەڵکی نستان بوون، ئاشنا بوو. هەر لەو دیدارانە‌دا قۆڵی هیمەت و هاوکاریی لەگەڵ ئەو خەباتکارانە هەڵماڵی و بەرەسمی بووە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان. محەممەد بۆ بەڕێوەبردن و راپەراندنی ئەرکەکانی، بە ئیمان بە رزگاریی نەتەوەکەی لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی رێژێمی پاشایەتی و دەستوپێوەندەکانی لە هیچ کەند و کۆسپێک سڵی نەکرد.

پاش چەند جار جەولەی تێکۆشەرانی دێموکرات لەو دەڤه‌رە و گەڕانەوەیان بۆ گوندی نستان، سەرئەنجام لەگەڵ کاروانی خەباتی بزووتنەوەکە کەوت و شانبە شانی ئەو خەباتگێڕانە، چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان. لە چەندین گەشت و گەڕان و مەئمووریەتی حیزبی لە ناوچەکانی موکریان بەشداریی کرد، پاشان لەسەر ڕاسپاردە و داوای هەڤاڵانی بۆ راپەراندن و جێبەجیێ کردنی بەشێک لە ئەرک و کارەکانی بەشێوەی  نهێنی لە ناوچە مایەوە. بەڵام ساواک و بەکرێگیراوەکانی رژێمی شا کە بە دوای پێ و شوێنیەوە بوون لە ئاخر و ئۆخری هاوینی 1347ی هەتاوی گرتیان و ڕەوانەی بەندیخانەیان کرد. پاش ماوەیەک ڕاگرتنی لە ساواکی سەردەشت، رەوانەی زیندانی تۆپخانەی ورمێیان کرد. سەرەڕای ئەشکەنجەیەکی زۆر، لە ئاست جەللادەکان‌دا بەچۆک دانەهات و حازر نەبوو نەهینیەکانی حیزب بدرکێنێ. سەرئەنجام حوکمی 5 ساڵ زیندانیان بەسەر دا سەپاند و رەوانەی زیندانی دەریایان کرد و لە بەندی 2 و لە ژووری ژمارە 3دا دەورانی زیندانیەکەی تێپەڕ کرد.

لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە‌دا لەگەڵ زۆر تێکۆشەری سیاسیی کورد و فارس ئاشنا بوو، هەر لە زیندان‌دا دەستی کرد بە خوێندن و بردنە سەری ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی. زیندان بۆ ئەو بووە فێرگەیەک و کۆڵێک زانیاری و ئەزموونی وە سەریەک نا و، لە ماوەی پێنج ساڵ مانەوە لە بەندیخانە، وەک کادرێکی لێهاتوو و پێگەیشتوو بۆ مەیدانی خەبات پەروەردە بوو.

b_300_220_16777215_00_images_mohammad_minehelaj2.jpgپاش تێپەڕکردنی 5 ساڵ لە تەمەنی لاوەتیی خۆی لە بەندیخانە لە کۆتایی هاوینی ساڵی 1352ی هەتاوی لە زیندان ئازاد بوو. لە کاتی گەڕانەوە بۆ گوندی نستان له‌ گه‌ل پێشوازییەکی گەرم و بێ وێنە به‌ره‌وڕوو بوو، بە دەیان کەس لە ریش سپی و پیاو ماقووڵانی نستان بۆ پێشوازی چوونە قاوەخانەی زمزیران و لەوێ را  هەتا نستان هاوڕیەتیان کرد. خەڵکێکی زۆریش له‌ شار و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر بۆ به‌ خێرهاتنه‌وه‌ی سه‌ردانیان کرد.

پاش زیندان دەورەیەکی دیکە لە ژیانی محەممەد دەستی پێ کرد و خەریکی کار و ژیانی ئاسایی بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ساواک وازی لێ نەدەهێنا و هەمیشە لەژێر چاوەدێریی دەگرت، بۆیە ناچار بوو کار و ژیانی خۆی بەجێ بێڵێ و خۆی لە چاوی بەکرێگیراوان ون بکا. ڕووی لە شارەکانی ئێران کرد و لە تاران گیرسایەوە و لە شیرکەتێکی ساختمانی  دەستی بە کرێکاری کرد، بەو جۆرە ماوەیەک لە ژیانی بردە سەر و جار و باریش بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەی دەگەڕایەوە زێدەکەی و بۆ ماوەیەکیش لە شاری سەردەشت دوکانی دانا.

لە ماوەی ئەو چوار، پێنج ساڵەدا دەیان جارلە لایەن ساواکەوە بانگ کرا و تووشی کێشە و چەرمەسەری هات.

لەگەڵ دەست پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران هیوا و گەشبینیی زۆر کەوتە دڵی محەممەدی مینە هەللاج و زۆر چالاکانە بەشداریی لە رێپێوانەکانی دژی رێژێم‌دا کرد، جگە لەمەش خەڵکی هان دەدا و رێکی دەخستن تا لە خۆپێشاندانەکانی دژی رێژێمدا بەشداری بکه‌ن.  

**

خەباتی خەڵکی ئێران رۆژ بە رۆژ پەرەی دەستاند، لە شارەکانی کوردستانیش خەڵک دەهاتنە شەقام و لە دژی رێژێمی پاشایەتی دروشمیان دەدا و خۆپێشاندانیان دەکرد. محەممەد یەک لەو تێکۆشەرانە بوو کە پێیان وابوو بۆ ئەوەی خەڵک وا بە ئاسانی لە شەقامەکان بە دەست هێزە سەرکوتکەرەکان شەهید نەبن، بە شێوەی چەکداری پشتیوانی لە خەڵک بکەن.ئەو هەر لە زووەوە، چەکی خۆی هەبوو. هەر بۆیە بەرێنوێنی و ئامۆژگاریی رێکخەران و بەڕێوەبەرانی رێپێوانەکان، محەممەد ودەیان رۆڵەی دڵسۆزی دیکە ئامادە بوون بە چەکەوە داکۆکی لە خۆپێشاندەران بکەن. محەممەد لە رێپێوانەکانی شارەکانی بانە، سەردەشت و مەهاباد دا چالاکانە بەشداریی کرد. هەر لەو سەروبەندەشدا پێوەندیی خۆی لەگەڵ تێکۆشەرانی دێمۆکرات کە لە بەندیخانەکان و لە گەرمێنەوە، گەڕابوونەوە، نوێ کردەوە و بوو بە هاوکار و یاوەرێکی بەنرخیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە گرنگەکانی ئەو قۆناغەیان.

محەممەدی مینە هەللاج لە دەستبەسەرداگرتنی پادگان و پاسگاکانی ژاندارمەری دا چالاکانە بەشداربوو. لە گرتنی پادگانی مەهاباد و سەردەشت دا بەشداریی کرد، لە چه‌ک کردن و ده‌ست به‌ سه‌ر داگرتنی پاسگاکانی قوڵتێ، رەبەت و هەمران دا نەخشی بەرچاوی هەبوو.

b_300_220_16777215_00_images_mohammad_minehelaj3.jpgمحەممەد، لە میتینگی 11ی رەشەمەی ساڵی 1357ی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد بەشداریی کرد. بە ئاشکرا بوونی تێکۆشانی حیزب، پەیوەندیی بە بەرپرسان و رێکخراوەکانی حیزبەوە گرت و لە رێکخستنەوەی و سازماندانی تەشکیلاتی حیزب و لە پێکهێنان و دروست کردنی هێزی پێشمەرگە و لە دانانی بنکە و مقەراتی حیزبی لە ناوچەی سەردەشت و رەبەتدا، ڕۆڵێکی چالاک و هەڵسووری هە بوو. کاتێک لە خاکەلێوەی 1358ی هەتاوی‌ متینگی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری نەغەدە  پێک هات، محەممەد یەک لەو پێشمەرگانە بوو کە لە  ناوچەی ڕەبەتەوە  بۆ ئەو متینگە چووبوو. 

بە دەست پێکردنی شەڕی کوردستان لە زۆربەی مەئمورییەت و شەڕەکانی ناوچەی سەردەشتدا بەشداریی کرد و وەک فەرماندەیەک نەخش و دەوری خۆی بەجێ گەیاند. بۆ مەئمورییەتی حیزبی چووە هەوشار. بۆ پارێزگاری لە بارەگا و بنکەکانی دەفتەری سیاسی چووە ناوچەکانی سەرشاخان، نۆکان و ئاشی پشت شکاو(ی) و، ئەرکی پارێزگاریی بەشێک لە بنکە و بارگەکانی لە ئەستۆ گرت. لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی‌دا بوو کە بە داخەوە رۆژی 2ی رەزبەری ساڵی 1358ی هەتاوی بنەماڵەکەی کەوتە بەر شەپۆلی تووڕەی لافاو و بەهۆی  ئەورووداوە سروشتیە دایکی، هاوسەرەکەی و دوو کوڕ و کچێکی بوونە قوربانی و گیانیان لە دەست دا. محەممەد، سێ رۆژ دوای روودانی ئەم کارەساتە و بەخاک سپاردنی عەزیزانی لە مەئمورییەت گەڕایەوە و لە تازیە و غەمی ئەو ئازیزانەی‌دا بەشداریی کرد. لەگەڵ ئەوەی بنەماڵەکەی و خۆشەویستترین و نزیکترین عەزیزانی تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە ببوون،  خۆڕاگرانە و بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەوڕووی ئەو ڕووداوە جەرگبڕە بۆوە. ئەم ڕووداوە لە گەڵ هەموو تاڵی وئازارێکی دا، شوێنی دانەنایە سەربەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتیەکانی. 

b_300_220_16777215_00_images_mohammad_minehelaj4.jpgمحەممەدی مینە هەللاج، لەساڵی 1358ەوە تا کاتی شەهید بوونی لە سەدان مەئمورییەتی حیزبی و  دەیان شەڕ و بەربەرەکانی دا بەشداریی کرد. کاتێک لکی 2ی شەهید مینە شەم سەر بە هێزی شەهید موعینی سازمان درا، ئەو لکە لە سێ دەستەی زۆر بە هێز و بەتوانا پێک هاتبوو. محەممەد فەرماندەری یەکێک لەو دەستانە بوو. ئەو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا وەک فەرماندەرێکی مودیر و ئازا و خاوەن بەرنامە و تاکتیک تواناکانی خۆی سەلماند. لە گرتنی بنکە  و پێگە نیزامییەکانی رێژێم، لە دانانەوەی کەمین و لە هێرشبردن بۆ سەر هێزی پەلاماردەر و لە بەرنگاربوونەوەی هێرشی رێژێم بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکان، هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە دا بوو. بەشێک لەو شەڕە گەورە و بە ناوبانگانەی کە محەممەدی فەرماندە لەگەڵ هاوسەنگەرانی دابەشداریی  تێدا کردن بریتی بوون لە "هەژدە دۆلان"، "کەندەل" ، "کانیە سوور"لە ناوچەی بانە، تێک‌ شکاندن و تەفرو تونا کردنی ستوونی ئەرتەش کە لە بانەوە بەرەو سەردەشت بەڕێوە بوو و زیاتر لە 20 رۆژ بوو لە "دارساوێن" بەهۆی بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی حیزب پێشی پێ گیرا و سەرئەنجام لە رۆژی 31/6/1359 زەبرێکی توندی لێدرا و تێک شکێندرا. لەو شەڕەدا سەدان کەس لە هێزە چەکدارەکانی رژێم  بوونە قوربانیی  سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕێبەرانیان، دەیان دەزگا تانک و زرێپۆش و ماشێن تێک شکیندران و سوتان. جبەخایەکی گەورە بە ئاگری چەکی پێشمەرگە لە نێوچوو.

 b_300_220_16777215_00_images_mohammad_minehelaj5.jpgمحەممەد لە شەڕەکانی سەر رێگای سەردەشت- بانە ، سەردەشت – مەهاباد ، سەردەشت – پیرانشار و شارستێن بەشداریی ئازایانەی هەبوو. دەست بەسەرداگرتنی پایگای پردی بریسوێ، لێدانی پایگاکانی رێژێم لە ناوشاری سەردەشت بە تایبەتی پادگان، خانەی موعەللیمان ، خانووی مەلاوەسیم، وارشی قازیاوی، قوڵتێ و زەردە کەمبەر، بەسرێ، مەکڵاوێ، شەڕەکانی چیای کەپری، کێوەرەش، موسێ ، گەنمان، گردنەی زمزیران، گرتنی پایگای ئەرتەش لە به‌رزاییه‌کانی سارتکێ بەناوی گورژان، گۆمەکورتەک، پردی هۆرمزاوێ، شەڕی بناوێ، مامەزینە و وەلیو، کاڵەشین، مێونە و سوێروێ، دۆڵی زمزیران، پردی جەماڵەدین، شەڕی ناو گوندی سارتکێ و شەڕی بەناوبانگی رۆژی 19/6/1362ی هەتاوی کە رێژێم بەهێزێکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر گوندی نستان و ناوچە گرینگ و زاڵەکانی دەوروبەری گرت. ئەوە لە کاتێک‌دا بوو کە رێژێم لە ناوچەکانی بوکان و مەهابادیش را هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر نەخۆشخانەی حیزب لە موسێ و دەوروبەری کردبوو، بریندارەکانی نەخۆشخانە بۆ گوندی نستان راگوێزرابوون ولە مزگەوتی ئاوایی دابوون. محەممەدی مینە هەللاج و پێشمەرگەکانی ژێر فەرماندەیی ئەو، لە قۆڵی لای "سێوە سورە" و "بەردە کوڕ" لە چاوەڕوانیی هێرشی هێزەکانی رێژێم بۆ ئەو ناوچەیە دا بوون، بەڵام کاتێک لە هەواڵی هێرشی رێژێم بۆ سەر گوندی نستان ئاگادار دەبن بە پەلە بۆ رزگار کردنی بریندارەکان و پێرسونێلی نەخۆشخانە خۆیان دەگەیەننەوە ئەو بەرەیە و لە شەڕێکی ئازایەندا بەهاوکاریی  هێزی به‌رگریی میللی وپشتگیریی خەڵک زەبرێکی قورس و کاریگەر لە هێزەکانی رژێم دەوەشێنن و تەواوی ئەو بەرزایی و ناوچانەیان لێ پاک دەکەنەوە و بەرەو "کورتەباسک" و "مێونە" راویان دەنێن. لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەلاماردەران کوژران و بریندار بوون، دەیان کەس لەوان بەدیل گیران،  زیاتر لە دوسەد قەبزە چەک کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە و هێزی بەرگری و خەڵک.

رێژێم پاش سێ رۆژ لەو تێک شکانە سەرشۆرانەیە، شووڕای شاری سەردەشت و چەند کەسایەتیی ناردە لای فەرماندەران و بەرپرسانی حیزب و داوای وەرگرتنەوە تەرمەکانیان کرد. نەخش و دەوری کاک محەممەد لەو شەڕەدا ئێستاش وێردی زمانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیەتی. 

 شەوی 23/11/1362ی هەتاوی،  لە دڵی تاریکیی شەودا، پێشمەرگە حەماسە خوڵقێنەکانی دیموکرات هێرشێکی گەورەیان بۆ سەر بنکەی هێزە پەلاماردەرەکانی رێژێم لەناو شاری رەبەت، بەرێوە برد. لەو عەمەلیاتەدا زەبرێکی قورس لە بنکەی جاشەکان جێگیر لە ماڵی عەوڵاغا و پایگای پۆمپی بەنزین درا. محەممەد  بۆ خۆی فەرمانده‌یی  هێرش بۆ سەر پێگەی جێگیر لە پۆمپی بینزینی دەکرد، پێگەیەک  کە پێشمەرگەکان بە تەواوی دەستیان بەسەردا گرت و ئاگریان تێبەردا. بەداخەوە لەو شەڕەدا محەممەد قادرزادە (ناسراو بە محەممەد مینە هەللاج) بە دنیایەک ئاوات و ئارەزووەوە لەتەمەنی 35 ساڵی‌دا شەهید بوو و گیانی لە رێگای ئازادی و بەختیاریی گەلەکەی دا بەخت کرد.

بە شەهید بوونی محەممەدی قادرزادە، حیزبی دیموکراتی کوردستان، تێکۆشەرێکی بەوەج وهێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەرێکی لێوەشاوەیان لە دەست دا. مینە هەڵلاجی باوکی ئەو ڕۆڵە قارەمانەش کە بۆ خۆی ئەندامی حیزبی دیموکرات و پێشمەرگەی هێزی بەرگری بوو، توانی بە سەربەرزییە، پشتی لە ژێر باری ئەم خەمەدا راست بکاتەوە.  چونکە چەکی دەستی کوڕەکەی نەکەوتبووە زەوی و ئاڵای خەبات و تێکۆشانی کوڕەشەهیدەکەی بە هۆی کوڕەکانی، رەسووڵ و حەسەن و، بە هۆی دەیان قوتابی و هاوسەنگەری ئەو فەرماندەیە، شەکاوە ڕاگیرا.

پێویستە بگوتری کە شەهید محەممەدی قادرزادە دوو کچی بە ناوەکانی "قەدەم" و "سروە" لە پاش بەجێ ماون. گلکۆی ئەم شەهیدە لە زێدەکەی، گوندی نستانە و وەک گڵکۆی هەزاران شەهیدی دیکەی کوردستان، شایەدی بۆ بوێری  وفیداکاریی تێکۆشەرانی دەیەکانی ڕابردوو دەدەن.

شەهید محەممەد کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی بوو، لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ناوچە دا خۆشەویست بوو. لە لای هاوسەنگەرانیشی جێگای ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەت بوو. بە تایبەتی لە گەڵ شەهیدان فەقی عەوڵای محەممەدی، میرزا عەبدوڵلای تۆپچی (ئیبراهیمی)، خالید مەهابادی، رحمانە رەش (جەواهیری)، حوسێن شەمامی، سەیدعەلیی لیلانە، مام هەباس حەسەن زادە و دەیان شەهید وهاوسه‌نگه‌ری دیکە تێکەڵاوییەکی گەرم و برایانەی هەبوو.

لە 30 ساڵەی شەهیدبوونی‌دا، بە  پێزانین و ڕێزەوە، یادی خەبات و تێکۆشانی پڕلە فیداکاریی ئەو ڕۆلە قارەمانە دەکەینەوە و بەڵێنی پێدەدەین کە تا وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی، درێژەدەری ڕێگاکەی بین.

 بەرز و بەرێزبێ یادی شەهید محەممەد قادرزادە و گشت شەهیدانی کوردستان.

 

 

 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.