ali_kashfpour1.jpgبیست و سێ ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر له١٥ی ‌ ئاگۆستی ١٩٩٠ دا تێکۆشه‌ری ناوداری گه‌له‌که‌مان کاک عه‌لی کاشفپوور به‌ پێی به‌رنامه‌ی دارێژراو له‌لایه‌ن ‌تیرۆریسته‌کانی

کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ له‌شاری'' کۆنیه‌ی'' تورکیه‌ تیرۆر کرا و گیانی فیدای ئازادی گه‌ل و نیشتمان کرد.

ئەوە راستە کە شەهید عەلی زادەی ناوچەیەک بوو کە سەرچاوە و لانکەی خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد بوو و بەشێک لە شۆڕشە هەرە مەزنەکانی وەک شۆڕشی شێخ عوبەیدیلای نەهری، ڕاپەڕینی ئاگری و راپەڕینی سمایل ئاغای شکاک، بە مەودای کاتیی و مەکانی نە زۆر دوور لەیەکتر، هەر لەو دەڤەرە سەریان هەڵدابوو.

ئاگری خەبات لەو دەڤەرە بە رۆاڵەت وادەهاتە بەرچاو کە ئەگەر کاتییش بێ لە کڵپە کەوتووە، بەڵام لە پاشان دەرکەوت کە ژیلەمۆی ئەو خەباتە بەرحەق و سەرکوت کراوانە، چاوەڕێی هەلی پێویست و مەردی مەیدانی خەبات بوون.

لە مەڵبەندی خەباتی کاک عەلی بۆ بوون بە سەری نێو سەران تەنیا ئامادەی هەل و مەرجی خەبات و پڕ هیوا بوونی چاوی چاوەڕووانییەکان و شۆڕشگێر و خەباتکار بوون بەس نەبوو، بەڵکوو بۆ دیار بوون پێویستیت بە زۆر شتی دیکەی وەک ناوناوبانگی بەرزی بنەماڵەیی وکوڕە خان و میر بوونیش بوو تا بتوانی وەک کەسایەتی بەرچاوی سیاسی و نەتەوەیی لە کۆمەڵگادا هەڵسوو کەوت بکەی.

شەهید عەلی هەرچەند نە کوڕە خان و سەرۆک بوو و نە ناو و ناوبانگی بەرزی بنەماڵەیی پشتیوانی بوو، بەڵام بە پشتبەستن بە جەوهەری دەروونی، لێهاتوویی، گەلیی و خاکەڕایی، خۆ نەویستی، کوردستانی بوون و زۆر فاکتەری دیکە بوو بە کادر و رێبەرێکی سیاسی جێگای باوەڕ نە تەنیا لە دەڤەری هەستیاری''شیمالی کوردستان'' ئەو جۆرەی ئەو کات باو بوو بەڵکوو بوو بە سەرمەشقی خەباتکاریی بۆ تێکۆشەرانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش.

b_300_220_16777215_00_images_Bireweri_ali_kashfpour.jpgگەیشتنی شەهید عەلی بە پلە بەرزەکانی سیاسی، تەشکیلاتی لەو دەڤەرەدا لە پێش هەموو شتێکدا شکاندنی تابۆی'' تایبەت'' بوونی ئەو پلە و پایانە بە ژومارەیەکی ناسراو لە کەسایەتییەکانی ناوچە بە تایبەتمەندییە تایبەتییەکانیانەوە بوو و رچە شکێنی رێگای پڕ بەستەڵەکی بیر کردنەوەی ئەو، دژی نۆرمە باو و تایبەتییەکان بوو. گەیشتنی شەهید عەلی بە پلەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو رێگایەی بۆ زۆر گەنجی خەباتکار و لە خۆ بووردووی ئەو ناوچەیە خۆش کرد کە خۆیان لە کادری رێبەری سەرکردایەتی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ببیننەوە.

بە پێی سروشت کاک عه‌لی له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا هاته‌ مه‌یدانی خه‌بات که‌ لێهاتوویی مرۆڤه‌کان له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ پێوانه‌ و چەند و چۆنی نیزیکی و گرێدراوی عه‌شیره‌تی هەڵدەسەنگێندران، به‌ڵام پێوانەی باو لای کاک عەلی بۆ هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی، دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و بە چاوی یەکسان روانین لە مرۆڤەکان بوو.

عه‌‌لی ئه‌و خو‌ێندکاره خوێن گه‌رم و شوڕشگێڕه‌ بوو که‌ به‌‌ مه‌به‌ستی خه‌بات بۆ رزگاری گه‌ل و نیشتمان، خوێندن لە دانیشگا و داهاتووی روونی شەخسی خۆی فیدای رزگاریی گەل و نیشتمان کرد و لەو پێناوەدا لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەکرد.

شەهید عەلی و دەستە براکانی هاوبیری، نە تەنیا خەباتکاری نەسرەوتووی مەیدانی دەستەبەر کردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لەو سەردەمە دابوون، بەڵکوو هاوکاتیش مەشغڵداری هەڵمەتێکی بەرینی رۆشنگەریی دژی بەشێکی زۆر لە نۆڕم و شێوە بیرکردنەوە پاشکەوتووەکانی باوی کۆمەڵگا عەشیرەتی ئەو کات بوون و لەو رێگایەشدا بە سوتاندنی مۆمی وجوودی خۆیان زۆر رێگای تاریکیان لەبەر دەم گەلدا رووناک کردەوە.

کاک عەلی لە هەل و مەرجێکدا قۆڵی خەباتی بۆ مسۆگەر کردنی مافە نەتەوییەکانی گەل و دەستەبەر کردنی ئاواتی زەحمەتکێشانی کوردی لەو ناوچەیەدا هەڵکرد بوو کە بیر وهرزی سیستمی عەشیرەتی هێشتا ئەگەر نەڵێین لە لای زۆربە، بەڵام لە لای به‌شێکی به‌رچاوی خه‌ڵکی ناوچه‌کەدا زاڵ بوو. مه‌یدانی دیدی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییە نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌رته‌سک و له‌ چۆارچێوه‌ی قازانجی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک عه‌شیره‌تدا خۆی ده‌دیته‌وه‌. لە هەلی و مەرجێکی ئەوتۆ دابوو کە کاک عەلی و هاوڕێیانی هاتنە مەیدانی خەبات و کەشکۆڵ لە شان بە بێ هیچ چەشنە چاوەڕوانییەکی ماددی و مەعنەوی و پلەوپایەی حیزبی، گوند و ماڵەکانی ناوچەکانی ئەو دەڤەرەیان دەپێوا و تەبلیغی بیری نەتەواییەتی و ئازادیخوازییان دەکرد.

ئەوان هەوڵیان دەدا هاوکات وشیاری و زانیاری زیاتر لە مەڕ بایەخە ئینسانی و مرۆڤییەکان بدەن بە دانیشتۆانی ئەو ناوچانە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی لە دەست چوونی ئەو تێکۆشەرە نەسرەوتووە دەکەینەوە کە جێی خۆیەتی لە گۆشەیەکی کێلە گۆڕغەریبەکەیدا بە گوێی مەزارەکەیدا بچرپێنین و بڵێن:

هۆ هاوڕیی تێکۆشەر و نەسرەوتوو، لە گۆڕی غەریبیدا ئارام بگرە و بزانە کە دوژمنانی سوێند خواردووی گەل و نیشتمانت نە تەنیا بۆیان نەکرا کە ئاواتەکانی گەلە ژێر دستەکەت لە نامورادیدا بخنکێنن ، بەڵکوو ئەوڕۆ بەشێکی هەرە بەرچاوی ئاخی زێدەکەت رزگارو کڵپەی ئاگری خەبات لە بەشەکانی دیکەش لەهەموو کات بەتین ترە. دڵنیا بە کە ئاگری و قەندیل و شیرین و گابار، رۆژانە جگە لە گێڕانەوەی سەرگوزەشتەی تاڵی ئەو گەلە بە کوتنی لاوک و حەیران هیوای بەرخۆدان و خەبات تا رزگاریی یەکجاری لە دڵی کۆمەڵانی ئەو ئاو و خاکەدا بە هێزتر دەکەن.

چرۆی دانیشتنەکەی سێ سنووری داڵانپەڕ، ئەو یادگارە کۆنەی کۆماری کوردستان کە ئەو کات نەمامێکی شلک بوو، وا ئێستا خەریکە دەبێتە دارێکی ئەوندە گەورە کە نەوەی نوێنەرانی دانیشتنەکەی داڵانپەڕ لە ژێڕ ساباتی خۆیدا کۆدەکاتەوە و وانەی نەسرەوتن تا سەرکەوتنمان پێ دەسەلمێنی و داستانی دروستیی '' برا لە پشت برا بێ '' مان بۆ دەگێڕیتەوە.

ئەوە راستە کەدوژمنانی گەل توانیان بە جەستە شەهید عەلی لە ناو ئێمە هەڵبگرن، بەڵام با بزانن کە شەهید عەلی بە بەجێ هێشتنی میراتی گەورەی هرز و بیری ئازادیخوازی و نەتەوەیی دەستمایەیەکی ئەوتۆی بۆ جیلی ئێستا و پاش خۆی بە جێهێشتوە کە ئەو هزرە گەورەیە جگە لە بە ئامانج گەیاندنی گەل و ئەستاندنەوەی تۆڵەی هەموو ناحەقییەکان، تەخت و بەختی زۆردارانی داگیر کەریش دەسوتێنێ.

خەباتکاریی، گەورەیی، خاکەڕایی، خۆ نەویستی، پاکی، بێگەردی، هزری ئازادیخوازی و زۆر ئاکاری بەرزی دیکەی کاک عەلی ئاوێزەی گوێی هاوڕێیانی ئەو شەهیدە گۆڕ غەریبەیە.

یادی بە خێر و رێگای پڕ رێبوار بێ.

١٥ی ئاگۆستی ٢٠١٣

رحیم محەممەدزادە

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.