ahmad_hoseni.jpgشەڕی قوڵقوڵەی سەقز (1986-١٣٦٥)
یادەوەریەکی ناخۆش و غەم هێنەرە ٣٢ ساڵی بە سەر دا تێپەر بوە،لە ڕابردودا ڕووی داوە و تەنیا بۆ دەرس

لێوەرگرتن و بە خۆدا چوونەوەی زیاتر دەبێ ، مەبەست لە نوسینەوەشی
کولاندنەوەی برینی کۆن وهەڵدانەوەی قەتماغەکان و خوێ پێدا کردنی نیە ، هەر وەها بۆ ساز کردنی دەمەقاڵە لە نێوان لایەنگرانی دیموکرات و کۆمەڵەش نیە ، بەڵکوو
لە شەڕی نێوخۆیی دا زۆر شتی ناخۆش ڕوویان داوە وەک چۆن تیرێک لە کەوان دەرچوە و گەڕانەوەی بۆ نیە ، شتەکە بوە بەڕابردوو،نوسینەوەشی لە بەرئەو چەند هۆکارانەی خوارەوەیە و بەس ، هیوادارم هیچ تەحلیل و تەفسیرێکی زیادی هەڵنەگرێ ،ئەگەر کەسانێک لێی بە گومان بوون نەکەونە نوسین و کۆمێنتی دوور لە ئەخلاقی سیاسی و ئەدەبی نوسینەوە ، کۆمێنتی نەشیاو لە ژێر ئەو بابەتە دا جێگای نابێتەوە و لە گەڵ داوای لێبوردنم جێی پێ لێژ دەکرێ.

ڕاستە دیموکرات بووم و هەم ! بەڵام گێڕانەوەکەم ناخەمە خانەی دژایەتی کۆمەڵە وتاوانبار کردنی لایەنێک بە ئەنقەست بە قازانجی لایەنێکی دیکە ، بەڵکوو تێدەکۆشم وەک کەسێک کە لەوشەڕەدا بەشدار بووم ،نەک تەنیا بەشدار بەڵکو بەرپرسی یەکەمی ئەو پۆلە پێشمەرگەی هێزی قەندیل بووم تا تەحویل دانیان بە کۆمیتەی شارستانی بانە ، بۆ چوونەوەیان بۆ ناوچەی تێکۆشانی خۆیان ، هۆکارێکی دی ئەوەیە ئێمە چوار کەس بەڵەدی ناوچەی سەقز لە گەڵ ئەو ٣٩ پێشمەرگە نابەڵەدەی ھێزی قەندیل بوین کە بەداخەوە لەو چوار کەسەی سەقز سێ کەسیان شەهید بوون و تەنیا من ماوم ، کەوابوو بە سەر هاتەکە هەر خۆم باسی بکەم کە لە شەڕەکەدا بووم باشترە تا دواتر کەسانێک بێن بە پێی دەنگۆ و ھەواڵی دور لە ڕاستی بڵاوی بکەونەوە و گومانی لە سەر دروست ببێت ، پاشان کە بیرەوەیەکان دەنوسمەوە ئەوەش خۆی بەشێک لەو بیرەوەریانەیە.

یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین شەڕی کۆمەڵە و دیموکڕاتی تێدا بەرجەستە بوەتەوە ناوچەی سەقزە بە هۆی نزیکی لە ناوچەی شلێر کە زۆربەی کات شوێنی ناوەندە سەرکیەکانی کۆمەڵە بوە و بۆ تێکۆشانیان لە جنوبی کوردستان ، لەو دەورو بەرە زۆر شەڕی قورس و سووک ڕویان داوە و دەیان کەس لە هەر دوو لا گیانیان بەخت کردوە، جاری وابوو سەدان پێشمەرگە لە ھەردو لا ڕوبەڕوی یەک بونەتەوە.

ئەم شەڕەش کە لە ڕێکەوتی (26.6.1986) (٥،٤،١٣٦٥) لە پشتی ئاوایی قوڵقولەی ناوچەی گەورکی سەقز ڕووی داوە یەکێک لەو زنجیرە شەڕە نەخوازراوانەیە کە ١٧ پێشمەرگەی حیزبی دیموکڕاتی تێدا شەهید بوون بەڵام گومانە قورسەکە ئەوەیە کە ١٠(دە) کەسیان بە برینداری داوای تەسلیم بوون دەکەن و لێیان قەبوڵ ناکرێ و ئێعدام دەکرێن ، ڕاستی و دروستی قەزاوەت لە سەر کردنیشی دەکەوێتە سەر لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە ، حیزبی دیموکڕات کاتی خۆی لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بە ئاشکرا باسی لەو ئیعدام کردنانەی کردوە و چەندین جاریش دوپاتی کردۆتەوە ، وەک بێ پڕینسینیەێکی دور لە یاسا و ڕێساکانی شەڕ بەگوێی
خەڵکی کوردستانی گەیاندوە ومنیش دید و بۆچونەکانی بیستراو و بیندراوی خۆمی لە سەر دەنوسم (بریا وانە بوایە داد نادات ، داری بریاش بەر ناگرێ ) هیوا دەر بڕین بۆ داهاتو شتگەلی لەو جۆرە ڕوو نەدەنەوە باشترە.

ناوچەی شلێر لە جەرەیانی شەڕی نێوخۆیی نیوان دیموکڕات و کۆمەڵە دا ماوەیەک بنکە و بارەگای هەر دو حیزبی کۆمەڵە ودیموکڕاتی لێبوو، چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی قورس و سووک لەو سنورانە ڕوویان داوە،بە داخەوە بە دەیان کەس لە ھەر دوولا گیانیان بەخت کردوە ، تەقریبەن کۆمەڵە هەموو هێزی خۆی لەو مەسیرەدا کۆکردبوەوە لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان هێزیکی ئەو تۆی نە ‌ھێشتبوو، لە بەر ئەوەی دەڤەری شلێرهاوسنورە لە گەڵ ناوچەی سەقز و مەریوان ، بەشێکی بەرچاو لە شەڕەکان لەو شوێنانە ڕویان داوە.،حیزبی دیموکرات بۆ پاڵپشتی هێزەکانی لەو ناوچەیە جار و بار هێزی پشتیوانی لە ناوچەکانی دیکەوە دەنارد ، چەند جارێک لە ناوچەی سەردەشت و مهاباد وشنۆ و پیرانشارەوە پێشمەرگە ناردران و هەر هێزە بۆ ماوەیەک دەمانەوە و پاشان ئاڵ و گۆڕیان پێدەکرا ، میرزا عەوڵای نێشکۆڵان (هەر لەوێ شەهید بوو) و دەستەیەک پێشمەرگەی گیارەنگ هاتن ھەر وەھا مامۆستا حەسەنی شیوەسەڵی لە گەڵ پۆلێک پێشمەرگە بۆ ماوەیەک سەردانی ناوچەی سەقزیان کرد ، لکێک پێشمەرگەی هێزی پێشەوا بە فەرماندەری سولەیمان سەعیدی و لکێکی پێشمەرگەی ھێزی کێلەشین بە فەرماندەری مراد ئەحمەدی ڕەوانە کراون،شەھید سەرگورد عەلیار فەماندەری گشتی ھێزی پێشمەرگەش ماوەیەک بۆ چاوەدێری کردن و سەرافەتی کاری باقی فەرماندەکان پێک ھێنانی ھاوئاھەنگی و ھەڵسەنگاندنی بارو دۆخ لەوێ ماوەتەوە ، هەرلە کاتی گەڕانەوە لە ناوچەی سەقزە وە بەرەو دەفتەری سیاسی بە هۆی تۆپبارانی ھێزەکانی ڕژیم لە ناوچەی بانە شەهید بوو.

ئاخرین دەستە کە بۆ هاوکاری و پشتیوانی هاتن ، لکێک پێشمەرگەی هێزی قەندیل بە فەرماندەری عەوڵا سابیر، بەشێک لەو هێزانەی کە وەک پشتیوان دەهاتن بەدەرلە هەڵکەوتویی جوگرافی و شێوەی هەڵسوڕان زۆر جار گرفت دەهاتە پێش ، هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ ئێمە ، بۆ نمونە ناوچەی سەقز شاخاوی و سەخت بوو ئیمەش عادەتمان بە بڕینی ڕێگەی دوور و دریژ گرتبوو، لە خۆرنیشانی ئێوارەوە و تا چێشتاونگی بەیانی ڕێگەمان دەبڕی بۆمان ببوە عادەت بەڵام بەشێک لەو هێزانەی دەهاتن لە ناوچەی خۆیان پێویستیان بەو شێوە حەرەکەتانە نەبوە ، زۆر جار لە بەر کەم تەحەروکی توشی گرفت دەبوین و نەدە گەیشتینە شوێنی دیاری کراو،،بە هۆی دەرگیر بوون هەم لە گەڵ رژیم وهەم لەگەڵ کۆمەڵە لە پاراستنی نەزم و تەرتیب و گوێڕایەڵی بۆ فەرماندەکان پێشمەرگەکانی مەڵبەند گوێڕایەڵ بوون بە باشی نەزم و دسپلین یان دەپاراست،کەس ئەو ڕێکارانەی دیاری کرابون وەک نەکیشانی سیگار ،ڕاگرتنی بێدنگی ، لە بەر چاو گرتنێ فاسیلەی پێویست لە ڕۆشتن دا خۆ دەر نەخستن لە شوێنی مانەوە و نان ھەڵگرتن و دابیکردنی تەداروکات بۆ خۆیان ، کەمتر کردنەوی تەماسی بێسیمی و بە ڕەمز وناونیشان قەسکردن کاتی شەڕ وکاتی ئاسایی(ھەم ڕژیم و ھەم کۆمەڵەش بێسیمی ئێمەیان کۆنتڕۆڵ دەکرد ، ئێمەش کاتی پێویست ھەر وا بوین) بەردەوامی بێ پرتە وبۆڵە لە بڕینی ڕێگەی دورو درێژ و پڕوکێنەر ڕەچاو دەکرا.

جاری وا بوو بە چەند ڕۆژ نەمان دەتوانی بچینە ناو ئاواییەکان بەشی تەداروکات بڕێک ئاردی وەک زەخیرە پێبوو لە گەڵ ئاو تێکەڵی دەکرد و لە ناو تاوەیەکی ڕەشی قوپاو دا لێکی دەدا ، پاشا ن سوور دەکرایەوە پێمان دەوت خەپلە چەورە ، لە خۆشیان پێی خەنی دەبوین ئەگەر بەو ڕۆشتنە زۆرەی شەوانە نەبوایە بە هیچ ئیفلاتوونێک هەزم نەدەبوو، ئەو تایبەتمەندیانەی شەوانە بۆ ڕێگە بڕین پێویست بوون لە لایەن پێشمەرگەکانەوە لە بەر چاو دەگیردران ، بە گشتی تایبەتمەندی شێوە کاری پارتیزانی بۆ ئێمە بەتەواوی دەبوو رەعایەت کرابا ، جێ خستنی ئەو هەموە ڕێوشوێنە سەختە لە ماوەیەکی کورت دا بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵەکانی دواتر دا دەهاتنە لامان کێشە بوو.
ماوەی دەویست تا ڕابێن لە گەڵی وخۆیان بگونجێنن کتوپڕ نەدەکرا ، خۆشمان دوای چەند ساڵ توانی بومان خووی پێ بگرین.( بۆ پێشمەرگەکانی مەڵبەندی یەک و ناوچەی بۆکان زۆر عادی بوو ) بەڵام بۆ ناوچە دور دەستەکانی دیکە کەسالی شەست و پێنج هاتبوون ھەلومەرجی وایان بۆ نەهاتبوە پێش کێشە بوو.

ساڵی ١٣٦٥ چل پێشمەرگەی ئازا و لێهاتووی مەڵبەندی سپی سەنگ و هێزی قەندیل هاتنە لامان فەرماندەری لک ناوی عەوڵا سابیر بوو، دوو سەرپەل یان لە گەڵ بوو بە ناوەکانی عەلی چکۆل و سلێمانی فەقێ ڕەشە، ئێستە نەگەیشبوینە ناوچەی سەقز لەموچە و مەزرای ئاوایی( بۆیەن) سەر بە شاری بانە مابوینەوە لای عەسرو ئێوارە تۆپ باران کراین لەوێ پێشمەرگەیەکیان بە ناوی ڕەسوڵ ڕەسووڵ وەندی خەڵکی دێڵزێ لە ڕیکەوتی(30.5.1986) (٩.٣.١٣٦٥) شەهید بوو،ھەر لەو نزیکانە ناشتمان.ھەموو ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچە شەھید دەبوون ھەر بەو جل بەرگ و پێڵاوەوە دەنێژران کە لەبەریان دابو.
ئەو ساڵە کاک حەکیمی ڕەزایی بەرپرسی مەڵبەندی دوو بوو.
جەولەمان لە ناوچەی بانەوە بەرەو گەورکی سەقز و دواتر ناوچەکانی سەرشیو و خوڕخوڕە دەست پێکرد تەحەمولی ئەو حەرەکەتە دورو درێژانە و تەقسیمی نان بە دەسندە رۆژانە لە لایەن بەشی تەداروکات ، نابەڵەدی رێگا وزۆر شتی دیکە قورساییەکی زۆری لە سەر ئەو بەشە لە پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل دروست کردبوو کە بەشێکیان جۆرێک لە فشاریان خستبوە سەر فەرمانەەکانیان بۆ گەڕانەوە ، ڕاستیەکەی ئەوەیە مەڵبەندیش لەو کەم تەحەروکی و ناڕێکیەی کەوتبوە ناو ڕیزەکانمان دڵگران بووین لەوەی ڕژیم ئاسانتر بتوانێ پێ وشوێنمان ھەڵگرێ ، هەر بۆیە کاک حەکیمی ڕەزایی دەفتەری سیاسی لە وەزعەکە ئاگادار کرد لە نەتیجە دا لە سەرداواکاری خودی ئەو پێشمەرگانە و ڕەزامەندی مەڵبەند و تەئیدی دەفتەری سیاسی بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی خۆیان درا.

لە نزیکی ئاواییەکانی سۆڵە و ئیساقاوا بوین و تەماس لە گەڵ کومیتەی شارستانی بانە گیرا و کات و شوێن بۆ تەحویل دانی ئەو لکە پێشمەرگە بە کۆمیتەی بانە و هێزی ئاربابا دیاری کرا، مەڵبەند وا ساخ بوەوە من وەک ئەندامی مەڵبەند بە هاوڕێیەتی ڕەشید سەلیمی کادرو عوسمانی کەس نەزانی کادر هەر وەها سدیقی ڕەشیدی ناسراو بە شۆڕش باشماخی کە بۆ کاری تایبەت دەگەڕایەوە بۆ دەفتەری سیاسی بیان گەیەنینە پشتی ئاوایی قوڵقوڵەی سەقز و ڕێکەوتی ٥.٤.١٣٦٥ دیاری کرابو کە کۆمیتەی بانە و هێزی ئاربابا بێنە ئەوێ و ئێمە تەحویلی ئەوانیان بدەین و بگەڕێنەوە.

ئێمە لە بناری چلچەمەوە حەرەکەتمان دەست پێکرد و دوای جەند ڕۆژ ڕێگە بڕین بۆ ڕۆژی دیاری کراو گەیشتینە شوێنی مەبەست، بە داخەوە کۆمیتەی بانە لە گەڵ هێزەکانی ڕژیم توشی شەڕ هاتبوون و لە کاتی خۆیدا نەیانتوانی بوو ئامادە ببن، ئەوڕۆژەی گەیشتین لەو شوێنانە مابوینەوە،ئەو پێشمەرگانەی بە رۆژ لە بەرزاییەکان نگابان بوون بە موچە و مەزراکاندا گەڕابوون،باری نهێنی کارییان ڕەچاو نەکردبوو هەر چەند دەیانزانی ئێمە چەند بە وریاییەوە هەنگاومان دەنا لە کاتی جەولە و مانەوە لە شوێنی حەوانەوەدا ، ئەوان عادەتیان پێ نەگرتبوو وەک ئێمەش مارانگەستە نەبوون، تیمی پێشمەرگەی کۆمەڵە کەلە بناری ئاوایی بنەخوێی بانەوە بەرو ئەو بەرزاییانە هاتبوون بە دوربین شناساییان دەکەن و ئاگاداری هێزەکانی دیکەیان دەکەن لە مەسیری ئاوایی میشیاو و وزمەڵەوە دەوری ١٢٠ کەس هێزی کۆمەکی دێننە ئەو نزیکانە ، خۆیان بۆ داڕشتنی پیلان و هێرشکردن ئامادە کردبوو.

٣٩ پێشمەرگەی قەندیل و ئێمەش ٤ کەس سەر جەم ٤٣ کەس بوین کە بۆ مانەوە بوینە سێ بەش و لەم شوینانە داەمەزراین کە زۆر ئاستەم و جێگای چاک بوون،

بەشێکیان بۆ شوێنێک بە ناوی (قامیشەڵە ) موچەی عەبەشکاری و( کەلی مەمەڵ خان )کە شوینیکی زۆر بەرزە و دەڕوانێ بە سەر کۆی ئەو ناوەدا پەیوەستە بە کەلیخانی (گەردەنەی خان) سەرپەلەکەیان ناوی سلێمانی فەقێ ڕەشە بوو،ئێوارە بە ئاگاداری عەوڵا سابیر پێی وترا هەر شتێک ڕویدا لەو بەرزاییە بمێنێتەوە و نەجوڵێی و دەست لە شاخ بەرنەدەی.

بەشی دوهەم بۆ بەرزاییەکی دیکە بە ناوی( کونە قەل) و (هەوارە پان) کە شوێنێکی باش و لەبار بوو بۆ کاتی توش بوون بە شەڕ بە بەرپرسایەتی جێگر پەلەکەی عەلیە چکۆل.

بەشی سێهەم لە کەپری ( بناری بەردە) موچەی حەمەی عەزیزی،
هەر تیمە ناوی شەوی درایەو چونە شوێنەکانی خۆیان

هەر چوار نەفەرەکەی مەڵبەند لە گەڵ عەوڵا سابیر و عەلی چکۆل و چەند پێشمەرگە لە کەپرەکە لە نێوانی هەر دو بەشەکانی دیکەدا جێگیر بوین ، چەند کەسمان لە بەر کەپرەکە دا خەوتبوین و بەشێکیشمان لە ناو کەپرەکە،هەمومان بە نۆبە نگابانیمان دا بە عەوڵا سابیرم وت خۆت نگابانی ئاخربە و بە و سۆزی بە دوربین تماشای دەورو بەر بکە.
بەیانی کە ڕووناک دەبێتەوە و خۆر لە لوتکەی چیاکان دەدا پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دوو کەس دەنێرن بۆ ئەو کەپرە و لەو لێفە و پێخەفانەی لەوێن مەشکووک دەبن(کەپرەکە ئاوەدان بوو خاوەن موچەی لێبوو) لەو کاتەدا عەولا سابیر چەکەکەی دانابوو کتریەکەی هەڵگرت بوو تا بچێ پڕی بکات لە ئاو و چایی ساز کات ،دوو سەد میتریک کانیەکە دوور بوو،ئەو دوو کۆمەڵەش لەو کاتەدا گەیشتبونە سەر سەری ئیمە کە لە بەر کەپرەکەدا خەوتبوین هەر کە زانیبویان پێشمەرگەین بەر رەگباریان داین من و کاک ڕەشید لە پەنا یەک دا خەوتبوین و هەموومان چوار پێنج کەسێک لە یەک رەدیف دا بووین فاسیلەیەکی ئەو تۆمان نەبوو بە تەنیشتی یەکەوە بوین کە تەقەیان لێکردین کەسمان ھەڵنەستابوین جگە لە من ، ئەوانی دیکە هەمویان بریندار بوون ،شۆڕش و عوسمان و عەلی چکۆل لە کەپر و پەنا کۆزی ئاژەڵەکان دورتر لە ئیمە خەوتبوون تەقە ڕوی لەوان نەکرد، زوو هاتنە دەست ئەو دوو کەسەی تەقەکەیان کرد بە سەلامەتی دەرباز نەبوون و کوژران .
لە تیمەکەی مەڵبەند کاک ڕەشید و لەوانی دیکەش چوار تا پێنج کەس بریندار بوون هەمویان لە کەمەر بەرە خوار برینیان هەڵگرتبوو، ئەوان هەموویان چونە ناو کەپر و کۆزەکە و خەریکی پێچانی برینەکانیان بوون ، عەوڵا سابیر بە پەلە هاتەوە و ئیمە بە هیوای ئەوەی سلێمان فەقێ ڕەشید و تیمەکەی لەو شاخانەی پشت سەرمانەوەن زۆر نیگەرانی درێژە کێشانی شەڕ نەبوین هەر چی لە شاخمان دەڕوانی و چاوەڕێی تەماس بوین هیچ خەبەر نەبوو، چمەس سلێمان ڕاست بە پێچەوانەی ئەو شتەی پێوترابوو لە شاخ بمێنێتەوە بە نەفەراتەکەیەوە بە شیوێک دا دێتە خوار بەرەو مەسیری کۆمەڵەکان، نازانێ ئەوشاخانەی ئەو بە نزیکی دا تێپەر دەبێ لە لایەن کۆمەڵەوە گیراون دەکەونە کەمینەوە و چەند کەسیان دەکوژرین و سلیمان بۆ خۆی و دو کەس دەسگیر دەکرێ ساحێب موچەکە ناوی حەمەی عەزیزی بوو کاک ڕەشیدیش هەر خەڵکی ئەو گوندە واتە قوڵقوڵە بوو چومە لای وتم کاک ڕەشید و چەند پێشمەرگەیک بریندار بوون لە کەپرەکەی ئێوەدان هەر چەند کاک ڕەشید بە هاوکاری ئەو بوو یان نا ڕوون نیە بەڵام خۆی لە کپرەکە دوور خستبوەوە ،

لە گەڵ شۆڕش و عوسمان هەر چۆنێک بوو خۆمان گەیاندە لای ئەو بەشە لە پێشمەرگەکانی کە لە کونە قەل دامەزرابوون،ئەوان لە شوینی خۆیان بوون لە گەڵ خۆمان بردمانن بۆ لای ئەو شوێنەی سلێمان فەقێ ڕەشی دەبوو لەوەێ بێت
شەڕ لە نێوان ئێمەو کۆمەڵە لە هەشتی بەیانی تا هەشتی ئێوارە درێژەی کێشا تا جاسوس هەڵگیرا نەمان هێشت بگەنە سەر بریندارەکان ، کۆمەڵە هێزێکی زۆری نزیک سەد و بیست کەس کۆکردبوەوە و بە تاریک داهاتنی هەوا دەگەنە سەر بریندارەکان ،
بە برینداریش ئەوەندەی توانیبویان ، هەر شەڕیان کردبوو بە تایبەت عەوڵا سابیر، بە نزیک بونەوەی کۆمەڵەکان بریندارەکان داوای خۆ تەسلیم کردن دەکەن گۆیا مەسئولی ئەو بەشە لە کۆمەلەکان بە سەرەوی خۆی دەڵێ دەتوانین بیان گرین و تەسلیم دەبن ، دەبێ لە وڵام دا فەرماندەی سەرەکی پێی وتبێ ! ئەسیری چی؟ و تەسلیمی چی؟،دوای ئەوە دەسڕێژیان لێ کراوە و کوژراون،
بە پێی ئەو هەواڵانەی بە تەواوی پشتڕاست نەکراونەتەوە لە پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەش باسی ئەو ئیعدام کردنانە کراوە
بەڵگەی بەر دەست ئەوەیە لە جەرەیانی کێشمەکێشمەکانی ناو باڵە جیاوازەکانی کۆمەڵە یەکێک لە بەرپرسانی پێشویان(ح.ب)ئەندامی پێشوی ڕێبەری کۆمەڵە لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی لە ڕستەیەک دا ئیشارە بە ئیعدامی دە (١٠) پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات دەکات کە (م.م ) ئەندامی کۆمێتەی ناوەندی کۆمەڵە بوە و دەستوری ئیعدامەکەی داوە و وێنەکەشی داناوە.من تەنیا چەند ڕستە لە نوسراوەکەی دادەنیم لە هێنانی ناو و ناسناو و دانانی وێنەکەی خۆدە بوێرم،لە بەشی هاوپێچ لە گەڵ وێنەکان نوسراوەکەی ئەو بەرپرسەی پێشوی کۆمەڵە کە خۆشی لە ڕێبەری دا بوە دەبینن. لە کێشە نێوخۆییەکان دا ئیفشاگەری لە سەر یەک دەکەن و باسی ئیعدامی دە پێشمەرگەی دیموکرات دەنوسێ ئیتر ئەوە قسەی خۆیانە هی کەسی دیکە نیە ئاوای نوسیوە(کوشتن و ئیعدامی 10 پێشمەرگەی دیموکرات لە ژێر مەسئولیەتی ئەو کەسەی کە نامەی تیروریست بونی ئێمەی واژۆ کردوە)

لە گەڵ شۆرش و عوسمان هەموو پێشمەرگەکانی کە لە قامیشەڵە جێگر بوون کۆمانکردنەوە و بردماننە کێوی مەمەڵ خان لای ڕاستمان کۆمەڵە و لای چەپمان هێزو پایگاکانی کۆماری ئیسلامی بوو تا تاریک داهاتنی ئیوارە شەڕ بەردەام بوو هێزی ئەوان سێ هێندەی ئێمە دەبووکە لەلای میشیاوەوە هێنابوویان ئێمە ئەو شەوە جادەی سەقز بانەمان بڕی و چوینە ئاوایی خافورەدێ ، لەوێ کەسێکمان نارد بۆ شوێنی شەڕەکە بۆ زانینی دەنگ و باسی ئەو ناوە،لای ئێوارە هاتەوە وتی، حەڤدە پێشمەرگەی حیزب کوژراون خەڵكێکی زۆری ئەو ئاواییانەی دەوروبەر هاتوون بۆ ناشتینیان ، هەمویان لە چوار گۆڕدا نێژروان و خەڵکەکە قسەی زۆریان بە کۆمەڵەکان وتوە لە سەر ئەو کارەیان بێزاری خۆیان دەربڕیوە ،دوای ئەوە لە وەزعەکە دڵنیا بووین لە سنوری کوێسانەکانی خافورەدێ لە گەڵ کۆمیتەی بانە و هێزی ئاربابا یەکمان گرتەوە وئەو پێشمەرگانەی مابونەوە لە گەڵمان سەرجەم ٢٣کەس پێشمەرگەی قەندیل لە گەڵ هێزی ئاربابا کەوتن هەروەها شۆڕش باشماخی بۆ کاری تایبەتی خۆی لە گەڵیان بەرەو دەفتەری سیاسی رۆیشت ، من و عوسمان کەس نەزانی دوای نزیک بە یەک حەوتوو چوینەوە هەمان شوێنی شەهیدەکان مەڵبەندی دوو هاتبونە ئەوێ کاک حەکیم باوەشی لێداین و ماچی کردین و ئێمەش بەسەر هاتەکەمان چۆن بوو بۆ هەمویان گێڕایەوە، ئەگەر خەسارناسیەک بکەین من ئاوای تێدەگەم
١ عەوڵا سابیر نەدەبوو پێش ئەوەی پێشمەرگەکان لە خەو هەستێنێ چەک بە جێ بێڵێ و بچێ بۆئاو هێنان و چایی لێنان.

٢ سلێمان فەقێ ڕەشید جێگای بۆ دیاری کرابوو لە بەرزترین لوتکە ی ئەو ناوە بوو.لە ڕوی ئیحساس و بێ بەرنامەیی و نەگرتنی تەماس لە گەڵ ئێمە ، بە شوێنێکی ئاستەم دا سوک و سادە چبوە بەر دەستی کۆمەڵەکان ، گەر لە جێی خۆی بمایەتەوە ئێمە جگە لەو چەند بریندارە تەلەفاتی دیکەمان نەدەبوو.

٣ نەهاتنی کۆمیتەی بانە بە هۆکاری تووش بوون بە شەڕ وئاگادارنەکردنی ئیمە لە هیچ لایەکەوە کە بوو بە هۆی مانەوەمان لەو شوێنە و ئاشکرا بونمان

٤ بێنەزمی ئەو تیمە پێشمەرگەی لەسەر شاخ نگابان بوون و بە موچەو مەزراکان دا بڵاو ببونەوە بو وەرگرتنی نانی زیادی وپێداویستی کە بو بەھۆی ئاشکرا بونمان لە لایەن کۆمەڵەوە تا بتوانن ھێز کۆ بکەنەوە و پیلان دابڕێژن.

ئازایەتی و قارەمانەتی ئەو پێشمەرگانەی هێزی قەندیل گومان هەڵنەگرە ئەو بەشە مابونەوە هەر لە بەیانی تا ئێوارە لە بەرانبەر ئەو هێزەی کۆمەڵە کە سێ بەرابەری ئێمە بوون ڕاوەستان و زۆر ئازایانە جەنگان .لە کاتێک دا پشتمان هێزەکەنی کۆماری ئیسلامی بوو، جگە لەو گڕە شاخە هیچ شوێنی دیکەمان بە دەستەوە نەبوو تەنیا هۆکارەکانی باسکران ،بە داخەوە ئەو وەزعەیان خولقاند.

ئێستە گڵکۆی شەهیدەکان وەک مەزارگەیەکی پیرۆزی لێهاتوە بوەتە مەنزڵگەی هەموو ئەو کەسانەی دەچنە ئەو کوێستانانە لە بەهار و هاویندا ، هەموو بەهاران تارای سوری بەسەر دا دەدرێ ، کوێستان چیەکان لەوێ پشوو دەدەن و نان و چایی لێدەخۆن.

ئەو شەڕە ناوخۆییانە کە لەمێژە کورد بە دەسیەوە دەناڵێنێ دەبێ هەموان بێنە سەر ئەو بڕوایە دوپات نەبنەوە ، داستانی لەو بابەتانە لە سەر ئەوشەڕە نگریسە زۆر هەیە،لەمەش خوێناوی تر و زۆریش گەورەتر پێ دەزانم و بەشدار بووم کە من ئیدی بە ڕوکاری دەرەوە نایان نوسم ، هیوادرم لە هەموان پەند وەر بگیردرێ و دوبارە نەبنەوە
تێبینی، حەمەی سەیار یەکێک لە فەرماندەکانی کۆمەلە لە بیرەوەریەکانی خۆی باسی ئەو ئیعدامانە دەکات و ناوی عوسمانی ڕەوشەن تودە دینێ کە هاوپێچ کروان.