mam_rahman.jpgدەیەی شەستی هەتاوی بۆ ژیانی پێشمەرگایەتی سەخت بوو . بە تایبەت کە شەری نێوخۆییش سەرباری شەڕ لە گەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە ئارا دا بوو.

پێویستیەکی تەواوی بە وریایی و خۆپاریزی زۆر هەبوو. دەکرێ بڵێن هەموو شوینەکان، هەم گوندەکان و هەم شاخە بەرزەکان لە لایەن ڕژێمەوە داگیر کرابوون . ئەو شوێنانەی پایگا و مۆڵگەیان لێ نەبوو لە ژێر چاوەدێری توند دا بوون ، جگە لەوانەش جاسوس و سیخوڕەکانی ڕژێم ئەوەی بۆیان بکرایە لە ڕاپورت و خەبەر کۆکردنەوە درێغیان نەدەکرد، ئەبویایە شەوانە پێشمەرگە ڕێگەی زۆر دوور و درێژی ببڕیایە تا لە پیلان و هێرشەکان دوور بکەوێتەوە ، رێگەمان لە هەر ئاواییەک بکەوتایە دەبوو نانی دوو رۆژ لە گەڵ خۆمان هەڵگرین، ئیتر ئەو ڕۆژانە بە سەر چوو بوو کە ئەسپ و هێسترمان پێ بێ و باری لێبنێن.

کۆلەپشتیەکانی کۆڵی پێشمەرگەکان دابینکەری تەداروکاتی خۆیان بوون جارێک لە گەڵ سیاوەشی گودەرزی لە ئاوایی حەسەن سەلاران لە ماڵێک دا بۆ نان خواردن پێکەوە بووین ، درگای ماڵەکە زۆر گەورە نەبوو لە کاتی هاتنە دەر دا کۆڵەپشتیەکەی لە دەرگاکەوە نەدەچوو مەجبور لە پشتی دانا و بە دەست لە درگاکەی ڕاهی کرد.

ئەو ڕۆژە سەختانە بۆ هەموان تەحەموول نەدەکرا . هەر بۆیە چەک دانان و خۆ تەحویل دانەوەکان زۆر ببون . زۆر جار باوەر نەدەکرا قارەمانی وا وازی دێنا کە لەسەر زۆرێک لە پێشمەرگەکان شوێندانەری نگەتیڤی هەبوو، لە بیرم ناچێ دۆستێکی نزیکی خۆم لە ئاواییەک پێی ووتم بۆ ناگەڕینەوە ئەو دیوو بەو وەزعەوە هیچتان پێ ناکرێ. ئەو کەسانەی زیاتر دەمانەوە ئەوانە بوون کە زیاتر لە دێهاتەکان ژیابوون و کوێرەوەی زۆرتریان دیبوو، تەرکیبەکەمان وای لێهاتبوو ئەگار لە ئاواییەک کەس یا کەسانێکی خەڵکی ناوشارمان دەدیت هەوڵیان دەدا کەسێک ببنین کە لە شار رفێقیان بووبێ، بە داخەوە ڕادەیان زۆر کەم بوو، هەر ئەوەش جۆرێک حەساسیەتی دروست کردبوو. هێندیک هاوڕێ کە دەتوت مناڵی شارم تووڕەییان لێدەنیشت . ڕۆژێکیان لە پشتی ئاوایی قەبەغڵوو لە ناوچەی سەقز مابوینەوە. ناو شارمان لێ دیار بوو. یەکێک لە پێشمەرگەکان وتی باشە ئەو شارە بەو گەورەییە بۆ نابێ ئیستە دوو سەد کەسی لە دەرەوە پێشمەرگە بێت، منیش وتم وەلا من و حەمەعەلی خۆمان بە شاری دەزانین. مام ڕەحمانی ڕەحمەتی سەری هەڵبڕی وت چیی- وتم من کاک حەمە عەلی خۆمان بە مناڵی شار دەزانین، سەری هەڵبڕی و وتی بە شەرەفم بە هەر دوکتان پڕ فەرخونێ گووتان لە شار دا نەکروە.

................................

وردە بیرەوەری ٦

b_300_220_16777215_00_images_Bireweri_pm_seqz2.jpgپاییزی ساڵی 1365ی هەتاوی دەور و بەری کاتژمێر سێی بەرەبەیان تیمێکی بچووکی تەشکیلاتی بووین سەرقاڵی جەولە و تێکۆشانی حیزبی ، ڕێمان کەوتە ئاوایی مازوارە لە ناوچەی گەورکی سەقز، خاوەن ماڵەکەمان دەناسی، زۆریش لە سەر هەست بووین ، کەسی تر لە خەڵکی ئاوایی پێمان نەزانێ ،نیازی مانەوەمان هەبوو، هەڵکەوتوویی ئاواییەکەش بە جۆرێک بوو، هەم لە شار دوور نەبوو، هەم لە جادەی سەرەکی سەقز - بانە ، هەروەها دەسڕاگەیەشتن بە شوێنی ئاستەم و شاخاوی بۆ کاتی تووش بوون بە شەڕ، ناونیشانمان بۆ هێندێک کەسی تایبەتی و جێی متمانە دانابوو، کە پەلاپیتکەمان لە پەنجەرەکە دەدا دەیانزانی کێن، بە لێدانی دوو پەلاپیتکەی تایبەت وەخەبەر هاتن ، بە گەرمی وەرگیراین و چونیە ماڵ و هێلکە و ڕۆنێکیان بۆ ساز کردین ، وتمان وەخت درەنگە و دەر باز نابین، دەمێنینەوە ،وڵام ئەرێنی بوو ،کادێنێکی گەورەیان هەبوو چوینە ئەوێ ولە سەر کای نەرم و گەرم بۆی خەوتین ،خاوەن ماڵ موچە و مەزرای لە نزیک ئاوایی بوو، کەوتینە ئێوارێ و تاریکایی شەو ، بڕێک رۆژنامەی چاپ کراو "کوردستان" زمانحاڵی حیزبمان پێدا کە بیانگەیەنێتە هێندێک جێگای دیاری کراو، ئیتر بۆ شەو نەچوینەوە ماڵی ئەوان ، خۆمانکرد بە ماڵێکی تردا، وەک ئەوەی تازە واریدی ئەو گوندە بووبین، خاوەن ماڵ رۆژنامەکان لە ماڵەوە دادەنێ بڕێک بێخەم بوو، ئاوایی پایگای لێ نەبوو، مناڵێکی مەدرەسەییان دەبێ ، بە بێ ئاگاداری ماڵەوەیان، یەکێک لە ڕۆژنامەکان ئەخاتە کیفەکەی و بۆ بەیانیەکەی لە گەڵ خۆی ئەیبات بۆ مەدرەسە، هەر کە ئەچێتە سەر کلاس ، ڕۆژنامەکە لە کیفەکەی دەردێنێ و ئەڵێ: ئاغای مودیر! ئا لەم کتێبەمان دەرس پێ بڵی، ئەمە خۆشە ، مامۆستای قوتابخانە کاتێ تەماشای ئەکات رۆژنامەی کوردستانی حیزبی دیموکراتە، ئەوەی باش بوو ، هەم ئێمەی ئەناسی و هەم خاوەن ماڵ ، بانگی باوکی قوتابیەکە ئەکات ئەڵێ کوڕەکەت ئەمەی هێناوە و وتەیەتی ئەم کتێبە خۆشە دەرسی ئەمەمان پێ بڵێ،  وریا بن ئەم شتانە نابێ بەر دەستی مناڵ بکەوێ.

................................

- کۆمیتەی شارستانی سەقز لە پێنج کۆمیتە ناوچە پێکهاتبوو، کە بریتی بوون لە کۆمیتە ناوچەکانی ،گەورک، سەرشیو، خورخورە، تیلەکۆ،  فەیزوڵا بەیگی.

- لە کۆمیتەی ناوچەی گەورک ئەرکی حیزبیمان بە جێدەگەیاند و لە ئاواییەکان کۆبونەوەمان بۆ خەڵک دەگرت و لە مزگەوتەکان کۆمان دەکردنەوە، ولە سەر کردوەوکانی ڕژێم و سیاسەتەکانی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان، وەزعی خەڵک و ژیانیان لە سایەی کۆماری ئیسلامی دا ، تێکۆشانی  پێشمەرگە و سیاسەتەکانی حیزبی دیموکرات باسمان بۆ دەکردن، لە جەولەی پێشمەرگایەتیدا ، هەموو شوینی ئاستەم و  مەترسیدار و خۆش و ناخۆش دەگەڕاین، جارێکیان لە موچەی ماڵێکی  خەڵکی ئاوایی بۆبەکتان مابوینەوە، لە تەنیشت کانی و ئەستێرێک و لە بن سێبەری دارێک دانیشتبووین، لە نێو ئەندامانی خێزانی ماڵەکە، باس، باسی پێشمەرگە و شەری پێشمەرگە بوو، شەڕنامەکانیان یەک بە دوای یەک دا شەن و کەو دەکرد، پێشمەرگەیەکی بە ساڵچومان هەبوو بە ناوی خاڵە کاکە ، کەسێکی مەند و لەسەرەخۆ، قسە خۆش ، خۆش بەرخورد و نیشتمانپەروەر بوو، قسەی دڵی خۆی دەکرد .کاری بەوە نەبوو لە گەڵ سیاسەتی حیزب یەکدەگرێتەوە یان نا، قسەکەی لە قازانجمان تەواو دەبێ یا زەرەز، وتی: کەیفی خۆتانە ئێوە چۆنی لێک ئەدەنەوە، ئەونە ئەزانم، هەموو ماڵێ نەگبەتێکی هەیە، ئەویش ئەبێ بە پێشمەرگە، بەو جۆرە ڕیسەکەی لێدەکردینەوە بە خوری و دەهاتینەوە سەر سفر.

................................

- ساڵی 1364 لە مزگەوتی ئاوایی هاجی ئەوەلی ناوچەی سەرشیوی سەقز نزیکی هەشتا پێشمەرگەیەک دەبووین، سەر قاڵی چایی خواردنەوە بوین ، چەند ڕۆژێک بوو دوو کوڕی  تازە لاو  هاتبوون بۆ پێشمەرگایەتی، لەو رۆژەدا دایکی هەر دووکیان هاتبوون بە دوای کورەکانیان دا کە بیانبەنەوە، هەر دوو ژنەکە پیکەوە هاتبوون و یەکێکیان بڕێک کەوتبوە تەمەنەوە ، لە پێشمەرگەکانی دەڕوانی، وەک شتێک بەزەیی پێماندا دەهات، پێوابوو هەر کە شەڕ دەست پێبکات هەموومان ئەکوژرێن، بە هێواشی لە سینگی خۆی ئەدا ، ئەیوت دەک دایکتان کوێر بێت، ئەو هەموە کوڕە جوانە لە کەس و کاریان تەوەلا بوون، ئاخۆ دایکتان ئێستە چەندە هەناسەی ساردتان  بۆ هەڵکێشێ، دوای ئەو قسانە، وردە وردە کەوتە پرسیار لە پێشمەرگەکان ، لێی دەپرسین کێتان هەیە ، خوشک، برا ، دایک و باوکتان ماوە، خەڵکی کوێن، ئەوانیش  وڵامیان دەداوە ، بۆیان باس ئەکرد کە چەند خوشک و برایان هەیە دایک و بابیان ماوە یا نا، هەر کەسەو بە گوێرەی خۆی جوابی پرسیارەکانیان ئەدایەوە، تا گەیشتە نەفەرێک بە نێوی مەمی حوسێنی ناسراو بە مەمی مورتزاخان ، مەمی کادر بوو لە ناوچەی فەیزوڵابەیگی سەقز سازمان درابوو، کەسێکی قسە خۆش و قسە لەڕوو بوو، لێی پرسی ئەی کاکە گیان تۆ، خوشک و برات چەندەن، دایک و بابت ماون ، وتی هیچ کەسم نیە. نە خوشک و برا ،نە دایک و باب، وتی ئەیەرۆ. جا  شتی وا چۆن  ئەبێ، باشە دایک و باوکت لە ژیان دا نەماون، وتی هەر نەم بوە تا بمێنن، وتی نەعوزو بیلا. جا شتی وا چۆن ئەبێ، ئەی لە کێ بووی، وتی ، وەلا هێلکەیان خستۆتە ژێر مەسئولەکەمان منی هەڵهێناوە.

................................

- لە ماڵێک دانیشتبووین ،باسی جۆراجۆرمان دەکرد ، وای لێهات باسەکە هاتە سەر مێژوی حیزب و باسی نەمر کاک عەوڵای ئیسحاقی ناسراو بە ئەحمەد تۆفیق ، هەر کەسەو لە لای خۆیەوە نەزەری دەردەبڕی، باسی کۆنگرەی دووی دێموکرات دەکرا، هەر وەها سکرتێری ئەحمەد تۆفیق و شتی لەو بابەتە، نۆبە گەیشتە لای کاک عەوڵا شێنانی رەحمەتی و رووی کردە من و لێی پرسیم ، کاک سەید، ئەرێ، عەوڵای ئیسحاقی ، ئەحمەد تۆفیق نەی کوشت، جەماعەت دەستیان کرد بە پێکەنین ، وتم نا عەوڵا ئیسحاقی ناوی ئەسڵی خۆی بوە ،کە هاتوتە خاکی ئیراق ناوی خۆی گۆڕیوە بە ئەحمەد تۆفیق ، هەر چەند بەری پێکەنینی هاوریکانم پێنەگیرا.

- سالی1375ی هەتاوی بۆ عیلاجی دەرمانداو کرانەکەم نێردرابوومە فەرانسە، نزیکی سێ مانگێکم پێچوو، ئەو ماوە لە جیاتی من کاک قادر خانی سوڵتانپەنای ڕەحمەتی کارەکانی مەڵبەندی دووی بەڕێوە دەبرد، کە گەرامەوە لە دەفتەرەوە بەرەو بنکەکانی خۆمان لە بازیان، لە گەڵ کاک بێهروز مەنوچێهری ڕۆیشتمەوە ، لە ڕێگا وتی کاکە باش بوو هاتیتەوە بۆ لای مەڵبەند ، وتم بۆ؟ ئەوە نیە کاک قادر خان لەوێیە ، وتی ئەزانم، بەڵام کاک قادر خان تەمەنی هەیە و پیاو لە ڕووی نایەت بڕێک قسە بکا، من مەسئول مەڵبەندم بۆ چیە ، ئەگەر نەتوانم حەفتەی جارێک دەسێک بێنم بە قنگیا. (بە قوونیدا*

................................

b_300_220_16777215_00_images_Bireweri_pm_seqz3.jpg- پێشمەرگەیەکی دلێر و ئازامان لە گەڵ بوو بە ناوی کاک ساڵح قەدیمی، نازانم لە ژیاندا ماوە یان نا، کوڕێکی بە ناوی ئەسکەندەر کە پێشمەرگە بوو، لە شەر دا شەهید ببوو، کاک ساڵە خۆی سەوادێکی ئەوتۆی نەبوو، تازە خۆی فێری خوێندن و نوسین کردبوو، بەڵام حەزی لە شێعر نوسین بوو، پێشمەرگەکانیش سەریان دەخستە سەری و داوایان لێدەکرد شێعریان بۆ بخوێنێتەوە، کاک ساڵە بە دڵێکی ساف و سادە ، ئەوانیش بۆ پێکەنین و قەشمەری، نمونەی شێعرەکانی ئاوا بوون:

چەمە گەورە چەمە گەورە ، قرپۆکەکانت مفتە خۆرە 

 دایکم نۆ مانگ پەروەردەی کردم ، لە پاش نۆ مانگە زاهیری کردم

کاک ساڵە لە گەڵ مەی خواردنەوە نێوانی زۆر خۆش بوو. جاری وابوو مەشروبی دەست نەئەکەوت ، ئەڵکوڵی چراتۆری ماڵانی بە کار دێنا بۆ خواردنەوە ،کاک کاوەی بەهرامی جارێکیان  وتی: خۆی لێ نزیک مەکەنەوە، ئاگرتان تێبەر ئەبێ! لە نزیک ئاوایی دەگاگا لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە گەڵ بێزاری شاعیر لە سەر کانیەک خەریکی ئارەق خواردنەوە ئەبن، دوو کادری حیزبی بە نزیکیاندا تێ ئەپەڕن، جاروبار تماشای کاک ساڵە و بێزار ئەکەن، کاک ساڵەش حەز ناکا بچن بۆ لایان و مەجلیسی لێ تێکدەن ، دواتر ئەم شێعرەیان بە سەر دا هەڵدەچنێ:

دوو بەچکە پشیلەی قووت ، قیتۆ بوونەوە

هەر وەکوو خوێن مژ لە گۆشت، زیتۆ بوونەوە

قیتاو قیت ئەڕۆن هەر زیت ئەبنەوە

زیتا و زیت ئەڕۆن هەر قیت ئەبنەوە

کاک ساڵە لەو پێشمەرگانە بوو لە کاتی شەڕ قەت سەنگەری چۆڵ نەدەکرد ، تا داویین فیشەک سەر سەختانە ئەجەنگا، دەفتەری شێعرەکانی لای کاک سەلاحی مێهرپەروەر دانابوو، هیوادارم پاریزرابن.

................................

- کاک حەکیم  ڕەزایی شەهید، بەرپرسی مەڵبەندی دووی کوردستان بوو ، کاک شاپوور فیروزی فەرماندەری هێزی دووی ڕێبەندان، کاک تەیمور و کاک عەلی ئەشرەف و شاروخی تایرنەسەب ، نەجمەی زوور ئەسنا، لە مەڵبەندی دوو بوون و هەر کەسەو بەرپرسیارەتیەکی هەبوو ، بەرەو ناوچەی تێکۆشانمان لە گەڕانەوەدا بووین، واتە ناوچەکانی سەقز و دیواندەرەو هەوشار ، لە بنکەی سابیتەوە گەیشتبوینە ناوچەی بانە ، عەلی حەسەن ئاغا بەشی تەداروکات بوو ، لە گەڵ مەڵبەند و هێز، رۆژە ڕێیەک فاسیلەی هەبوو، دوو هێستر بە موهیماتەوە لە تەحویلی عەلی دابوون، لێمان هەڵبڕابوو، دەوروبەری سەعات یازدەی بەیانی عەلی هاتە سەر خەت ، لە گەڵ کاک شاپوور کە فەرماندەری هێز بوو، دەستی کرد بە قسە کردن، وتی موحاسرەم ، دەور و بەرم پاسداری لێیە، ئێمە هەموومان نێگەران بووین و گوێمان لە قسەکانی کاک شاپوور و عەلی گرتبوو کە بە بێسیم قسەیان ئەکرد، وتووێژەکەیان ماوەیەکی کێشا، کاک شاپوور لێی پرسی باشە عەلی ئەتوانی تەماست هەبێ و بە بێسیم زیاتر قسە بکەی ، لە وڵام دا عەلی بە کاک شاپوری وت: ئەی ئەوە نیە بە بێسیم قسە ئەکەم، خۆ دەمم نەناوە بە قوونی هێسرەکانەوە؟

جەولە مان بەرەو ناوچەی تێکۆشانمان درێژە پێدا و عەلی بەدواماندا هات و یەکمان گرتەوە، وردە وردە بۆمان مەعلووم بوو، شتێک بە ناوی گەمارۆ درانی عەلی کە گۆڕێ دا نەبوە ، عادەتمان بە جۆرە فیت و فاتەی عەلی گرتبوو، گەیشتینەوە پشتی ئاواییەکان قوڵقوڵە و پیرەومەران لە ناوچەی گەورکی سەقز، لەوێ کاک حەکیم  قسەی بۆ هەموو کادرو پێشمەرگەکان کرد و ئەرک و وەزیفەکانی جاریکی تر بۆ باس کردن و ئیشارە بە کۆمیتەی ناوچەکان کرد و وتی لەوانەیە کۆمیتەکان لێمان جیا ببنەوە و بەرەو ناوچەکانی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە تەشکیلاتەکانیان لە گەڵ مەڵبەند و هێز نەمێنن، ئەندامانی مەڵبەند و بەرپرسیارەتیەکانیانی بەمشێوەیە بە بیر ‌هێنایەوە، کۆمیتەی دیواندەرە شاروخ تایر نەسەب ، هەوشار سەید جمیل حوسێنی، سەقز تەیمور مستەفایی، ئەحمەد حوسێنی هەیئەتی ئیجرایی و بەرپرسی ماڵی ، دوای کاک حەکیم، کاک شاپوور فیروزی قسەی کرد ، لە سەر نەزم و دسپلین و وریا بوون لە کاتی جەولە و نگابانی دا ، کچێکمان لە گەڵ بوو بە ناوی مێهری، بە نمونەی ڕووح سووکی و نەزم و  بە دیسپلینی ‌هێنایەوە، وتی چاو لە مێهری بکەن تەنیا چواردە کیلۆ وەزنی هەیە، چەندە چوست و چالاک و بە نەزمە، ئەرکەکانی بە باشی بەڕیوە دەبا، ئێوەش وابن، دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە لە کاتی چایی خواردن، کاک حەکیمی شەهید ، چاوە بچووکەکانی هەڵبڕی و بە بزەیەکەوە تەماشای کاک شاپووری شەهیدی کردو ، وتی: شاپوور پێم ناڵێی تۆ چووزانی قورسایی مێهری تەنیا چواردە کیلۆیە؟

................................

-  ساڵی 1376 لە کومیسیۆنی ئاموزش بووم کاک حوسێنی مەدەنی بەرپرسی بوو، ئورگانەکانی حیزبی زۆربەیان ماشێنیان هەبوو، کاروباری ئۆرگانی خۆیان پێ مەیسەر دەکرد، کومیسیۆنی ئاموزش ماشینی نەبوو . لە کۆبونەوە باس کرا بوو ، کە دەبێ داوای ماشین بکەین و ئاموزشیش ماشێنێکی پێویستە، داواکاری پێشکەش کرا و پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر، ماشینێکی بەرازیلی سپیان پێداین. کاک حەسەنی حاتەمی کرا بە ڕانەنندەی ماشێنەکە ، ئەویش لە بەر تایبەتمەندی تایبەت بە خۆی ، لە بەر سۆزداری ، دڵنەرمی زۆر، کەسی پێ جواب نەدەکرا ، هەر کەس کارێکی بوایە بە حەسەنی دەوت و یاڵڵا  لە خزمەتی دا بوو . لەوەش دەرچو بوو پێرێژنی نان فرۆشی سەر ڕێگای کۆیەش حەسابوونەوە، لە هەر کوێ توشیان دەبوو  لەو قەراغ جادە و شتانە سواری دەکردن تا ناو شاری کۆیەی دەبردن. ماشێن لە بەر خەڵکی لاوەکی وە بەر خۆمان نەئەکەوت ، ڕۆژێک شاهۆی حەسەن پوور پێی ئەڵی: ئەمەوێ دەورێک بە ماشێن بە ئازادی دا لێبدەم ، ئەو کات شاهۆ دەزگیران دار دەبێ ، جادەو بانی ئازادیش تازە تێکەڵە ڕێژ کرواوە، وردە بەرد و زیخی لێ رۆدەکرێ و غەڵتەکی لێنەدرابوو، شاهۆ بە فیزێکەوە قۆڵی لە سەر پەنجەرەی ماشێن دائەنێ و بەدستێکیش ڕانەنندەگی دەکات ، ئاگای لەوە نیە ماشێن لە دواوە وردە بەرد فڕێ ئەدا بەم لاو بەو لادا و نیگەرانی و گازەندەی بنەماڵەکانی لێدەکەوێتەوە، هێندیک دەڵین شاهۆ بۆ فیز لێدان بەم ناوەدا ماشێن هەڵئە ئەسووڕێنێ، ماوەیەک دوای ئەوە کاک سمایل بازیار گۆیا لە مێژە ڕانەنندەگی نەکردوە و لە بیری چۆتەوە، دەیەوەێ تەمرین بکات و ڕانەنندەگیەکەی نۆژەن بکاتەەوە . ماشێنی مفت و شۆفیری سۆزداریش لە حاتەمی بێ قیڕەتر دەسناکەوێ، بە حاتەمی ئەڵێ وەرە لە گەڵم و ماشێنەکە بێنە بڕێک تەمرین ئەکەم، حەسەنیش بێ سێ و دوو لە گەڵی ئەروات ، کاتێک لە مەسیری پرسگەوە بەرەو قەڵای دێموکڕات ئەگەڕێنەوە، بە هەڵکەوت کاک سەلامی عەزیزی ڕەحمەتیش بە دوا ئەواندا بەرە و قەڵا دێ، ئەبینێ ئەو ماشێنەی پێشیان هەر تەپ و تۆز ئەکات و ڕێگە نادا بڕۆن، چما کاک سمایل نە ئەتوانێ ماشێن بداتە لاوە و ڕێ چۆڵ کا، نە تورمیزیشی پێدەگیرێ، هەر کە دەگەنە دەرکی قەڵا ، دادەبەزن کاک سەلامیش دەگاتێ، دەبینێ لە جیاتی حەسەن ماشێن بە سمایلە ، بۆی دەردەکەوێ بۆ تەمرینی ڕانەنندەگی چوون ، ماشێنیش هی ئاموزشە، پاش یەک دوو ڕۆژ کۆبونەوە ئەگرن، ئەڵێن ئێمە ماشێنمان داونەتێ کاری ئورگانەکەیانی پێبکەن ، نەک تەمرینی ڕانەنندەگی، هەر لەوێ بریاردرابوو ماشێنیان لێوەرگرتینەوە، ئەمجار بوو بە شایەعەکە لە بەر ، سۆزی حەسەن و  پۆزی شاهۆ و تۆزی سمایل ، ماشێن لە کۆمیسیۆنی ئاموزش وەرگیراوەتەوە،

وشەکانی ( سۆز  و پۆز و  تۆز)  بۆ ماوەیەک ببوە وێردی زمانی بەشێک لە هاوڕێیان ، لەهەر کوێ سەرمان لەکون دەر دێنا بە چاویان دا دەداینەوە، پێمان پێدەکەنین.

................................

b_300_220_16777215_00_images_Bireweri_sofi_mahmood.jpgسۆفی مەحموودی هەوشاری پێشمەرگەی دێرین و وەفادار و ڕێزدار بە خۆشیەوە لە ژیاندا ماوە و لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا هەر پێشمەرگەیە و تەمەنی نزیک سەد و دە ساڵە، لە گەڵ مامە عەبە خەڵکی مازوارەی ناوچەی سەقز ئەویش هەر تەمەنی زۆر بوو کە بە داخەوە لە ژیاندا نەماوە،هەر دووکیان پێکەوە لە ژووریک دا بوون ، لە بەر زۆری  تەمەنیان پێمان وابوو، ژووریکی تایبەتیان هەبێ، باشتر دەتوانن ئیسراحەت بکەن ، مامە عەبە دەچوو نیگابانی بەڵام سۆفی لە نیگابانی مەعاف بوو، جار و بار پێشمەرگەکان ئەیانوت ئەمشەو مامە عەبە فیشەکی لە دەس دەر چووە ، بەڵام زۆر گرینگیمان پێ نەئەدا، رۆژێک کاتی نان خواردن سۆفی خۆی کرد بە ساڵۆنی غەزا خۆری دا و بە لەهجە خۆشەکەی خۆی، وتی: ئا سەی ئەحمەو، برا چ دوژمنایەتیەکت هەس لە تەکما، وتم چی بوە مام سۆفی ،وتی بێرە ژوورەکەم جا پێت ئیژم چی بوە ، چووم لە گەڵی ، وتی تماشا کە ، برا بۆ گەرەکتە بکوژرێم، مامە عەبە هەر شەوێک دەچێت بۆ نیگابانی، چەکەی موسەلەح ئەکات، کاتی هاتنەوەشی خەشابەکەی دەر تێرێ، و لە بیری ئەچێت ئەو فێشەکە خستیەسیە بەر کار دەری بێرێ .هەموو جار قامکی ئەخاتە بان ماشە و فیشەکێک ئەنێ بەم سەقفەوە، ئەم شەو پارە سیمنتێک کەفتیەسە خوار، دای بە ملما وەختەبوو لە هۆش خۆم بچم، قسەکەی ڕاست بوو، بن میچی ژوورەکە یان جێگای چوار بۆ پێنج فیشەکی پێوە بوو،،دواتر مامە عەبەمان نارد بۆ کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی وتمان لە دەورو بەری دەفتەر بێ باشترە ، ئەوانیش وتبوویان وێنەیەکی خۆت بێنە با کارتت بۆ دروست بکەین، مامە عەبەش لە جیاتی یەک وێنە سێ دانەی بردبوون، وتبویان یەک دانەمان بەسە، ها ئەوانی تر بەرەوە ،وەری نەگرتبوەوە وتبووی با بۆ یادگاری لە لاتان بێت، کاک عەلی ئەشرەف هەموو جارێ پێم ئەگەیشت ئەیوت بە خوا پێشمەرگەت بۆ ناردوم ،بە زۆر دوو وێنەی بە یادگاری بڕیوە بە سەرمانا، مامە عەبە کەسێکی بە هیمەت بوو لەم دواییانە لە شاری سلێمانی دانیشتبوو ، بەو تەمەنەوە سیگاری دەفرۆشت و چاوی لە دەسی کەس نەبوو، تا کاتی مردنی بە هیمەت بەرزی ژیا.  ڕۆحی شاد.

  • / مووی سپیم فەڵەک وە مفت نەیداگە ، نەقس جوانیم بەو ڕشتە داگە
  • وێنەکان: سۆفی مەحموود و مامە عەبە ، ساڵەی قەدیمی، کاک حەکیم و کاک شاپوور و چەند هاوڕێێ دیکە.
  • درێژەی هەیە.....

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.