qelemهەموومان ئەم راستییە دەزانین کە، زمان ناسنامە و گرنگترین کۆڵەکەی هەر نەتەوەیەکە .. کاڵبوونەوەی زمانیش لای تاک، کاڵبوونەوەی ئینتیما و لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و گزبوونی سۆزی نیشتمانییە .. بۆیە داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوازێک و، بە زۆر و بە تۆبزی هەوڵی سەپاندنی زمانەکانی خۆیان و دژایەتیکردن و

بێ بایەخکردنی زمانی رەسەنی کوردیمانیان داوە .. تا واش لە منداڵانی کوردمان بکەن ، هەر لە منداڵییەوە ، لە داب و نەریتی رەسەن و جوانی کوردیمان تەوەلابن و .. نکوڵیش لە کورد و کوردستان بوونی خۆیان بکەن .

بێگومان ئەمە گڵاوترین و مەترسیدارترین پیلانە لە دژی کورد و کوردستان .. ئەگەر چیش نەیان توانیوە هەرەس بە کوردایەتی و کورستان پەروەریمان بهێنین، بەڵام تا رادەیەک کاریگەریان هەبووە .. ئەم پیلانە قێزەوەنەش تازە نییە .. لە ئیمپریالیزمی عوسمانی و فارسی و عەرەبییەوە دەستی پێکرد، کاتێ کە کوردستانیان داگیرکرد، پیلانی سەپاندن و بە فەرمیکردنی زمانەکانی خۆیان لە کوردستاندا داڕشت.. تا لە پاڵ فێربوونی زمانەکانیشیاندا .. رۆشنبیری و کولتووری نامۆی خۆیان بەسەر گەلی کوردماندا بسەپێنن.. تا ئەمڕۆش رژێمە جێگرەوە رەگەزپەرستەکانیان ، درێژە بە ئەم پیلان و سیاسەتە شۆڤێنییەیان دەدەن.

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ، لە (٢٠٠٣) وە .. لە شاری کەرکوک و لە ناوچەداگیرکراوەکانی ترمان دەست کرایەوە بەخوێندنی کوردی .. سەرەڕای کەم و کوڕییەکانی وەکو زۆر کەمی بنایەی خوێندن و ، کەمی مامۆستایان و ، کەمی کتێب و پێداویستییەکانی تری خوێندن .. منداڵانی کوردمان لە کەرکوکدا زۆر بە تامەزرۆیی و پەرۆشەوە روویان لە خوێندنی کوردی کرد .. تەنانەت بەوەش رازی بوون کە لەسەر زەوی و لەژێر چادر و لە کابینەدا درێژ بە خوێندنی کوردی بدەن .. حەز و پەرۆش و هاندانی باوکان و دایکانیشیان ، لە شەیدایی منداڵەکانیان کەمتر نەبوون .

بەڵام بەداخەوە لە ساڵی (٢٠٠٨ ) ەوە .. خوێندنی کوردی لە کەرکودا ، بەرەوە لێژبوونەوە و پاشەکشێ و بەرتەسکبوونەوە بۆتەوە .. ئەو پەرۆش وگەرم و گوڕییەی جارانیش لای بەشێک لە باوکان و دایکان و قوتابیان نەماوە و ، تا دێت رێژەی دابڕان لە خوێندنی کوردی لە زیادبووندایە .. تەنات ئێستا بە تەواوی هەست بەوە دەکرێ کە کەلێنێکی زۆر گەورە لە پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوکدا هەیە.

لە ( ٢٠١٠) دا .. لەسەر هەمان کێشە و بابەت نووسینێکم لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا بڵاوکردەوە .. کۆمەڵێک را و پێشنیاریشم بۆ چاەرەسەرکردن و بەرگرتن لە پاشەکشێی خوێندنی کوردی لە کەرکوکدا خستە بەرچاو پەیوەندیداران .. لەو باوەڕەدابووم کە بەرپرس و کاربەدەستان .. لەبەرچاوی دەگرن و پیاچوونەوەیەک بە هۆیە نێگەتیڤەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوکدا دەکەن .. بەڵام بەداخەوە کێ و چ لایەنێک ئاوڕ لەم کێشە مەترسیدارە دەداتەوە..؟ کوان ئەو بەرپرسانەی کە خەم لە ئەمڕۆ و لە داهاتووی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەخۆن ..؟ ئەی کوان پاڵەوانە قسە زلە بێ کردەوەکانی سەر شاشەکانی تەلەفزیۆنە کوردییەکان .. دەیان وت کەرکوک دەکەینە پایتەختی کوردستان .. ؟ ئەمەو و ئەوەی بۆ دەکەین .. ێێستا ئەوەی کە ناوی نەهێنن کەرکوکە .

من هەموو ساڵێک سەردانی شاری کەرکوکی خۆشەویستمان دەکەم .. کە زێدی رەسەنی هەزاران هەزارساڵەی باوباپیرانمانە .. بەر لە هەموو شتی لە مامۆستایان و لە قوتابیان سۆراغی ئاستی خوێندنی کوردی دەکەم .. بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ ئەوەی دەیبیستم و ئەوەی دەیبینم دەربارەی خوێندنی کوردی .. سوێ دەخەنە دڵمەوە و هێندەی تر غەمبارم دەکەن .. وام لێدەکەن کە بڵێم : " ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار "

حەزدەکەم چەند سەرنج و بۆچونێکی خۆم دەرەبارەی بەرتەسکبوونەوەی خۆێندنی کوردی لە کەرکوکدا بخەمە بەرچاوی خوێنەرانی ئازیز و بەرپرسان .. لەگەڵ هەندێ پێشنیارمدا بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوکدا .. بەو هیوایەی کە کەسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ، هەموو خەمخۆر و هیواخوازێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا ئەوەی پێیان دەکرێت بۆ لەوە زیاتر کاڵبوونەوەی خوێندنی کوردی لە کەرکوکدا درێغی نەکەن.

(*) بەشێکی زۆری خەتاکە دەکەوێتە ئۆباڵی دایکان و باوکان .. ئەوانن منداڵەکانیان سارد و پەشیمان دەکەنەوە ،، ئەوە دەکەنە مێشکیانەوە کە خوێندنی کوردی داهاتووی نییە و .. ئەوانن هانیان دەدەن و دەیان خەنە قوتابخانە عەرەبییەکانەوە.

(*) بەشێکی زۆری بەرپرس و کاربەدەست و پایەدارە کوردەکانمان لە کەرکوکدا رۆڵێکی نێگەتیف و دوورووییان هەیە ، لە بەرتەسکبوونەوەی خوێندنی کوردی ، بە تایبەتیش بەرپرسە حیزبە کوردییەکان ، کە منداڵەکانی خۆیان خستۆتە قوتابخانە عەرەبییەکانەوە . ناوی بەشێکی زۆر لەو بەرپرسانەم لایە کە منداڵەکانیان لە قوتابخانە عەرەبییەکاندا بە زمانی عەرەبی دەخوێنن .. کە لە باوکێ یا دایکێ دەپرسی بۆ بۆمنداڵەکەت ناردۆتە قوتابخانەی عەرەبێ ..؟ لە وەڵامدا دەڵێت .. ئەی بۆ ئەم پرسیارە لە بەرپرسە کوردەکانمان ناکەی ؟ ئەی منداڵەکانی ئەوان بۆ بە عەرەبی دەخوێنن ؟

دەبوایە پارتی و یەکێتی ئەمەیان لە بەرپرسەکانیان قبووڵ نەکردایە و سزای حیزبی بدرانایە .. بەداخەوە من ئەمەیان بە نەگی و دووڕوویی بەرپرسانی کوردمان دەزانم.

(*) وەرنەگرتنی قوتابیانی دەرچووانی ئامادە کوردییەکانی کەرکوک ، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ..هەروەکو ئەوەی کە کورد نەبن و کەرکوکیش بەشێک نەبێت لە کوردستان .. ئەمە گەورەترین بێ هیوایی و بێ ئومیدی لای قوتابیانی کوردمان لە کەرکوکدا دروست کردووە .. چونکە ناچار دەبن کە روو لە زانکۆکانی بەغدا و موسڵ و تکریت بکەن سەرەڕای نالەباری و خراپی بارودوخی ئەو پارێزگایانە.               لە خوێندنی کوردیشەوە بۆ خوێندن لەسەر ئاستێکی بەرز زانکودا بە زمانی عەرەبی ، ئاسان و بێ کێشە نییە .

(*) لە ساڵی (٢٠٠٧) دا .. پێشنیاری ئەوەم کرد ، کە حکومەتی کوردستان ، لە شاری کەرکوکدا زانکۆیەکی کوردی بکاتەوە .. بە ناوی ( زانکۆی باوەگوڕگوڕ ) ەوە ..

لەکاتی بانگەشەکردن بۆهەڵبژاردنەکان ، بەرپرسانی کوردمان بەڵێنی کردنەوەی زانکۆیەکی کوردیان لە کەرکوکدا دا .. بەڵام تەنها قسەی قەڵەو و بەڵینی رووت بوون .. هیچ هەنگاو و کردەوەیەکیان بە دواوە نەبوو.

(*) بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە لە لایەن شۆڤێنییە عەرەبەکان و ئیسلامییە توندرەوەکان لە کەرکوکدا ، بەوەی کە خوێندنی کوردی داهاتووی نییە .. بۆ خەڵەتاندنی کەسانێکی ساویلکە و خۆشبڕواش .. ئەوقەوانە لێدەدەن کە زمانی عەرەبی ( زمانی قورئان )ه.

(*) نەبوونی بەڕێوەبەرێتییەەکی گشتی سەربەخۆ و دەستڕۆی کوردی لە کەرکوکدا .. تا خەمی سەرکەوتن و پێشکەوتنی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە ئەستۆ بگرێ و دەسەڵاتی دامەزراندنی مامۆستیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە کوردییەکانی هەبێت.

(*) لاوازیی رۆڵی میدیا و راگەیاندنە کوردییەکانمان لەم رووەوە.

(*) دەستێوەردانی حیزبە کوردییەکان لە کارووباری پەروەردە و خوێندن لە کەرکوکدا .. هەر لە دانانی بەڕێوەبەری پەروەردەی خوێندنی کوردی و ، سەرپەرشتیارەکان و ، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان ، تا دەگاتە جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیش .. لەسەر بنەمای توانا و لێهاتووی و شارەزایی دانەنراون .. بەڵکو بە پیێ ئینتیما و وەلای حیزبی ( پارتی یا یەکێتی..) دانراون و دادەنرێن .. بۆیە کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا زۆر کەمن .. کەسانی نابەڵەد و بێ ئەزموونییش لە شوێن وپلەی هەستیاردا زۆرن .. ئەم کەسانەش ئەوەندەی ئینتمایان بۆ حیزبەکانیان هەیە ، ئەوەندە بۆ بەرژەوەندی باڵای گەلەکەیان بە پەرۆشەوە نیین.

(*) نەبوونی هەمەهەنگی و هاوکارییەکی تەواو لە نێون بەڕێوەبەرێتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان .. ئەگەر هەشبێ لە ئاستیێکی پێویستدا نییە.

(*) لەو خوێندکارانەش کە وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان بۆ وەرگرتنی ماستەر و دکتۆرا دەیانێرن بۆ دەرەوەی کوردستان ، ژمارەی خوێندکارانی کوردی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان لە چاو هەرسێ پارێزگاکانی تری کوردستانەوە زۆر کەمن.

(*) پێویستە ساڵانە لە کەرکوکدا چەندین خولی راهێنان بۆ مامۆستایانی کوردمان بکرێتەوە ، بە تایبەتیش لە پشووی هاویندا .. با مامۆستایانی شارەزا و پسپۆری شارەکانی تری کوردستان لەم خولانەدا وەکو وانەبێژ وانە بڵێنەوە .. چونکە وەکو من تێبینیم کردووە بەشێکی زۆری ئەو مامۆستا کوردانەی بە ( خولی خێرا ) کراونەتە مامۆستا .. بێ ئەزموون و نابەڵەد و کۆڵەوارن ، لە بواری پەروەردە و دەرونناسی منداڵان و لە شێواز و رێبازە سەرکەوتووەکانی فێرکرن و وتنەوەی وانەدا .. بەشێکی زۆری ئەم مامۆستایانە دەرچووی ئامادەییەکانی پيشەسازی و بازرگانین .. بۆ ئەوەش روویان لەمامۆستایی کردووە ، بە قسەی خۆیان پیشەی مامۆستایی کارێکی ئاسان و ئیسراحەتە و ساڵانەش سێ مانگ پشوودەدەن .. ئایا بە کۆرسێکی خێرای دوو مانگی یا سێ مانگی .. چۆن مامۆستای سەرکەوتوو دێتە کایەوە ؟ ئەو قسەیە راست نییە کە کارکردن لە بواری پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی راست ودروستی منداڵان ، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسانە.

دەبێ ئەوە بزانن کە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان نەوەی داهاتووی کوردستانن .. رەفتار و چۆنییەتی پەروەردەکردن وفێرکردنیان لەلایەن مامۆستاکانەوە .. کاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەبێت .. لەگەڵ خۆشەویستی و رێزمدا بۆ مامۆستایانی بە ئەزموون و شارەزای بۆاری پەروەردە وفێرکردن ، کە ژمارەیان زۆرن و شایانی ئەوپەڕی شانازی و رێزن .

(*) پێویستە حکومەتی کوردستان ، هەر وەکو هەرسێ شارەکانی تری کوردستان بەبێ جیاوازی و بێ منەتکردن .. ساڵانە بەشە پارەیەکی گونجاو بۆ پێشخستن و پەرەپێدان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوکدا تەرخان بکات.

(*) گوڕینی پرۆگرامی خوێندن لە کورستاندا .. لەسەر شێوازی پرۆگرامەکانی خوێندن و فێرکردنی سویدی و نەرویجی شتێکی خراپ نییە و کارێکی باشە .. بەڵام نە مامۆستاکانی کوردستان تائیستا بە سەرکەوتوویی دەتوانن وەکو مامۆستایەکی سویدی یا نەرویجی بابەتەکانن بگەیەننە قوتابییەکانیان .. نە قوتابییەکانیشمان بە ئاسانی دەتوانن ئەو بابەتە زانیارییە پڕ وچڕانە وەربگرن و هەزمبکەن .. ئەوەی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی سوید و نەرویج هەڵکەوتووە .. نە بۆ مامۆستایان و نە بۆقوتابیانی کوردستان هەڵنەکەوتووەنە .. لە رووی دارشتنی کتێبە زانیارییەکانیش بە زمانی کوردیمان ، کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە رستەکان کە بە زمانی کوردی داڕێژراون .. ئاسان و ساکار نین بۆ منداڵان ، پڕن لە هەڵەی زمانەوانی زەق و رەق ، دوورن لە فەرهەنگی زمانی منداڵانەوە .. ئەم رەخنەگرتنە و راستکردنەوەیە ، کاری شارەزایان و پسپۆرانی زمان و رێزمانی کوردیمانە.

(*) کردنەوەی هەردوو زانکۆی ( قەڵەم ) و زانکۆی (کتاب) کە دوو زانکۆی ئەهلین لە کەرکوکدا .. هەروەها کردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە تایبەتی لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکوک و ناحیەی پردێ ، بە هەمان ناوەوە کە خوێندن تیایاندا بە زمانی عەرەبییە .. من ئەمە بە پیلانێکی نەخشەدارێژراوی پشتگیریکراو دەزانم .. کە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و تا ئەمڕۆ لەبەر چاو نەگیراوە چونکە مەبەست لە کردنوەی ئو قوتابخانانە لە گەڕەکە کوردییەکاندا و ئەو دوو زانکۆ ناوبراوە .. بۆ دژایەتی کردنی خوێندنی و شکستیپێهێنانێتی .. ئەوەی بە لای منەوە سەیر و جێی داخە .. لە سەدا نەوەتی بەڕێوەبەر و مامۆستایای ئەم قوتابخانانە ئەهلیە عەرەبییانە کوردن .

بۆ نموونە قوتابخانەی سەرەتایی ( گزنگ)ی تێکەڵاو لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکوک کە هەموو دانیشتوانەکەی کوردن .. لەبەر کەمبوونەوەی ژمارەی قوتابییەکانیان و چوونی بەشێکی زۆریان بۆ قوتابخانە عەرەبییەکان .. قوتابخانەی ( کزنگ ) داخرا .

هیوادارم بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ، بە تایبەتیش حکومەتی کوردستان . ئەو راستییانە لە بەرچاوبگرن و .. تا کاریش لە کار نەترازاوە، بە پلانێکی چارەسەری تۆخمە، رێ لە زیاتر کاڵبوونەوە و بەرتەسکبوونەوەی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان بگرن.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.