nasrin1.jpgھەر لە دوای داڕمانی ڕێژیمی شا دەیان حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانی خۆیان ئاشکرا کرد و ھەر حیزبەو بە ڕبەی خۆی دەیپێوا و دوکانێکی کردەوە .خەڵکێکی زۆر بەو

حیزبانەوە نووسا، زۆر کەس کێشەی بنەماڵەکانیان بردە نێو حیزبەکان. شەڕە دندۆکە بوو بە شەڕە شەق و پاشان شەڕە تفەنگ. رێژیمی ئیسلامی و دار و دەستەکەی بە ھاوکاری موفتیزادە و مەکتەبی قورئان، پاڵیان بە ڕێژیمەوە دا و بناغەی جاشایەتی تازەیان دامەزراند.

ئاغاکانی تیلەکۆ، مەنگورایەتی و ھێندێک شوێنی دیکە بوونە ھاوکاری دەسەڵات. کۆنە ساواکی و جاشەکانی دەورانی شا وەپێش ڕەوەی پاسدار کەوتن. چەند سەختە دەوران. چەند تاڵە ئەو وەزعە. شەڕ لە سنە و نەغەدە و پاوە و سەقز و زۆر شوێنی دیکە دەستی پێکرد. دیسان شەڕ.

دیسان خوێن. دیسان ئاوارەیی. بۆمب و باڕوت و دووکەڵ. مەرگ و ئاوارەیی بوونە دیاری ڕێژیمی ئیسلامی بۆ کورد. کوردستان لە ھەموو لایەکەوە پەلامار درا. خومەینی و جیھاد و خوێن. خوێن و خومەینی و ماڵ وێرانی. کورد ئازا لە شەڕ لە گەڵ دوژمن . ئازا لە شەڕی یەکتر. کەس، کەسی قەبوڵ نییە، خومەینیش ھیچیانی قەبول نییە. شەڕ چەندین ساڵ بەردەوامە. دوو بەرە. دوو شەڕگە. کورد و ڕێژیم. کورد و کورد. ئەو حیزب و ئەم حیزب. دەستێک لە تەک دەستەکەی دیکە شەڕیەتی. لایەکی مێشک لە گەڵ لایەکەی دیکە. چاوی چەپ مۆڕە لە چاەی ڕاست دەکا. قاچێک دژی قاچەکەی تر لە بەر یەک دا سەنگەریان گرتوو.

حیزبەکان خۆ بە کوشتنی لایەکەی تر ھەڵدەکێشن شەڕەکە لە سەر چیە؟ کەس نازانێ. فڵانە ڕابەڕی کرێکاری وای فەرموو. بورژوازی دەبێ نەمێنێ. کورد چەند بەدبەخت و ساویلکەیە، کە بوو بە کومونیست لە مارکس خۆی زیاتر بە کومونیست دەزانێ. کە بوو بە موسوڵمان لە ئەسحابەکان توندتری پێوە دەنوسێ. مێژومان پڕە لەو کارەساتانە. ئەو عەشیرە دژی ئەم عەشیرەیە لە باکوور پاڵی بە تورکەوە دا. لە باشوور شەری دوو بەرە باب ھەر نە بڕاوەتەوە. ئێمەش ھەمان ڕێباز و ھەمان ڕێچکە بە شێوەیەکی تازە. دەشت و دەر و دۆڵ بۆنی خوێنی لێ دێت. کەس نازانێ کەی تەواو دەبێ ئەو شەڕە. شەڕێک کە خزمی لە خزم کردە دوژمن. شاری لە گەڵ شار و گەڕەکی لە گەڵ گەڕک کردە نەیار. چەندە برا و خوشک بە دەستی یەکتر گیانیان لێ ستێندرا.
نەسرین ( بەشی ١٠)
ڕۆژ و مانگ و ساڵ دێن و دەچن. ھەر ڕۆژەو دێیەک، گەڕکێک یان شارێک تازەیە بارە. دیوزمەی شەڕێک کە کۆماری خومەینی ھەڵایساندوە ، ھەموو جێگایەکی گرتۆتەوە. دەنگی تەقە، تۆپ و تەیارە لە ھەموو شار و گوند چیا و دۆڵێک دەگاتە بەر گوێ. زیندان، ئەشکەنجە و ئیعدام لە برەو دایە. ناسر، سەر لێشێواو و دەستە وەستان، گێژ و بەر چاو لێڵ، نازانێ چ بکا. ھەم لە زانکۆ دەریان کردوە، ھەمیش دژی ڕێژیمی تازەشە. نەسرینیش بەشێکی زۆری مێشکی بۆ لای خۆی بردوە. چ سیحرێکە مرۆڤ، کەس بە تەوای لە ئینسان نەگەیشت.

کۆ کەرەوەی دەیان شتی دژ بە یەک. ناڕازی لە ھەموو شت. بە گلەیی و خۆ بە زل زان. جار و بار درۆزن و دوو ڕوو. جارێک ئازا، وەختێک ترسنۆک. دەمێک خۆشحال کاتێک دڵتەنگ. جارێک ئومیدوار ، دواجار نائومێد. زانایانی دەرون ناسیش ناتۆانن بە باشی لێکی دەنەوە کە لە ناخی مرۆڤەکان دا چ دوگوزرێ. مرۆڤ لە ھەموو شتێک گلەیی ھەیە، تەنیا لە عەقڵی نەبێ، کە چی گرفتی بنەڕەتیش ھەر مێشک و عەقڵە کە ناتەواوە. مرۆڤ بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە داستانە ئاینیەکان، لە خۆ دان و قوڕپێوان و ڕۆ ڕۆی دەیان جار لە ساڵ دا بۆ دووپات دەبێتەوە، کەسانێکی خەمبارر، ناڕەحەت، نیگران و توڕەن، ئەو کەسانە بیری تۆڵە لە مێشکی نەخۆشیان دا چەقەرە دەبەستێ و دژی ھەرکەسێک دەوەستنەوە کە وەک ئەوان بیر ناکاتەوە.

ناسر ھاتنی ئەو ھەموە پاسدار و بەسیجە بۆ کوردستان و خۆ بە کوشت دانیان بۆ ئەو مەسەلەیە دەگەڕێنێتەوە. لە پاش نێوەڕۆیەکی ھاوینی ساڵی ١٣٦٥ ناسر و نەسرین لە ماڵی خوشکی ناسر یەکتر دەبینن. پێشتریش چەند جارێک یەکتریان بینیوە. دایکی نەسرین بە تەواوی لەوە ئاگادارە کە کچەکەی ناسری خۆشدەوێ. تەنانەت دوو جار بە درێژە لە گەڵ ناسر قسەی کردوە و پێی وایە کوڕێکی ژیر و تێگەیشتوە. دایک و باوکی ناسریش ێاگایان لەو کەین و بەینە ھەیە. لەو کاتەوە ناسر لە زانکۆ دەرکراوە کەگەڵ باوکی لە دووکانەکەیان کار دەکا.

تەنیا کەسێک کە زۆر ئاگای لەو باس و خۆاسی نییە باوکی نەسرینە، ئەو پێی وایە کچەکەی دەبێ شوو بە کەسێکی زۆر دەوڵەمەند یان خزمێکی خۆی بکا، ھەر بۆیەش ئەو باسانەیان لە گەڵ نەکردووە، ھەر چەند ھێندێک جار بە کچەکەی دەڵێ، کچم وەختی شوو کردنتە، کەست لە خەیاڵ دا نییە؟ نەسرین و ناسر بە تەنیا لە یەکێک لە ژورەکانی ماڵی خوشکی ناسر ، چاو لە چاو و ڕوو بە ڕوو دا نیشتوون خوشکی ناسر بە کاری ناو ماڵ خۆی سەرقاڵ کردوە تا ئەو دووانە قسەکانیان بکەن. دەست لە ناو دەستی یەکتر. گەرمایی لەشی دوو دڵدار کە خوێن لە دڵەوە دەیھێنێ و لە سەر پەنجەکان گرێ یان دەدا، شەوق وحاڵێكی تایبەتی ھەیە. لە نیگای یەکتر دا دەیان نامەی نوسراو و نەنوسراو دەخوێننەوە. چ کارەساتێکە ئەوڤین، چ تامێکی ھەیە عیشق. عیشقە نە سنوور دەناسێ، نە ڕەنگی پێست، نە تەمەن و نە بەرزی و باڵا کورتی. ئەڤین نە دەوڵومەندی بۆ گرینگە و نە ھەژار.

(درێژەی ھەیە)