b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nasrin2.jpgماڵی نەسرین مەودای ٢٠ خولەک دوور بوو. تا خواحافیزی و ھێندێک قسەی پاشەڕۆکی نەسرین و خاوەن ماڵ كڕا. ھەوا بە تەواوی خۆلەمێشی ببوو. دۆست و

دوژمن بە زەحمەت دەناسرانەوە کە ناسر و نەسرین لە چۆار چێوەی دەرگای حەوشە چوونە دەر. ببورە کاک ناسر تۆشمان ئەزییەت دا، نەسرین بە شەرمەوە وتی. نا، نا وا مەیژە منیش ھەر ماڵمان لەو دەورەیە. پێ بە پێ، ھەنگاو بە ھەنگاو لە قەراغ یەکەوە دەڕۆیشتن. ھەر دووکیان دڵیان بە خێرایی لێی دەدا. ترسیان بوو، ئەوی تر ھەست بەو لێدانی دڵە بکا.

چوار قاچ بە ئاسپایی وەک ئاھەنگێکی ئارام لە ژێر ڕووناکی چرا بەرقەکان دا دەبیسرا. ھەر دووک لا پێیان خۆش بوو ئەو ڕۆیشتنە بێ دەنگە چەند کات ژمێر بخایەنێ. بەڵام کات زۆر لەوە خێراتر بوو کە ئەوان بیریان لێ دەکردەوە. نەسرین سەری ھەڵێنا و لە حاڵێک دا دەیویست پێشی شەرم و لێوە لەرزەی خۆی بگری، گوتی، ٥ خولەکی تر دەگەینە مالی ئێمە.

ناسر کە پێی وا بوو کات وەستاوە، ھاتەوە سەر خۆ و گوتی: زۆر خۆشحاڵم بە ناسینت، دڵنیام لە بەرنامەکانی دیکەی خۆ پئشاندان دا یەکتر دەبینینەوە. جوڵانەوەی دژی زۆرداری پیویستی بە ژنانە، ئازایەتی ئەوڕۆت لە بیر نابەمەوە.

نەسرین کە لەو تاریف کردنە ڕازی دھاتە بەر چاو، گوتی: من یەکێک لە نوێنەرانی قوتابیانی قوتابخانەکەی خۆمانم ئێستاش سەڕەای ئەوە کە قوتابخانە لە پشوو دایە، ھەموو ڕۆژانی چۆار شەممۆ لە ھۆڵی قوتابخانە بۆ دارشتنی بەرنامەی کاری سیاسی کۆ دەبینەوە.ھەم ناسر و ھەم نەسرین ئەو وتەیەیان بۆ شوێنی جاو پێکەوتنی داھاتوو لێکدایەوە. دایکم لە بەر دەرگا چاوە ڕۆانمە، شۆقی چرا ی سەر درگای حەشەکەیان لە دوور ڕا قەڵافەتی دایکی بە ڕوونی نیشان دەدا. تۆش بە سەڵامت بگەیە ماڵەوە و سوپاس بۆ ھاوڕێیت، نەسرین بە پەلە گوتی. شەوێکی خۆش و بە ھیوا دیداری تازە، ناسر وەڵامی دایەوە.
بە جەستە لێک دوور کەوتنەوە، بەڵام گوێیان لە چرپەی دڵی یەکتر دەبوو. لە یەک ون بوون و ھەر یەکەو بۆ لایەک ، کە چی ھەست و مێشکیان لای یەکتر بوو.
دایکی نەسرین لە دوورەوە چاوی بە کچەکەی کەوت کە بەرەو ماڵ دەھاتەوە، ئۆخژنێکی خۆش بە جەستەی دا ھات. بۆ درەنگ کەوتی کچی خۆم. خۆ ئێمە نێوە گێان بووین. ئێستا کوڕی ئەم دراوسیەم ناردە لای کاکەت تا بەشکم بێتە ناو شار و سوڕاغێکت بکا. باوکت فرە ناڕەحەت بووگە. بە قسەکانی دایک و کچ باوکی لە ژورێ ھاتە دەر و کچەکەی گرتە باوەش و ناوچاوانی ماچ کرد. ماڵەكەیان تەزووی خۆشی تێگەڕا.

پاش باس وخواستی خۆپێشاندانی ئەو ڕۆژە و نان خۆاردنی شەو ، نەسرین بە بیانووی ماندوو بوون ، چووە ژورەکەی خۆی. تەماشایەکی ێاوێنەکەی بەر دەمی کرد، ڕەنگی کراوەتر دیار بوو. وەک ئەوە وا بوو پەپولە لە ناو دڵی دا باڵە فڕکە بکا. بێ ئارام و بێ قەرار. چ بۆوە نەسە، خۆ تۆ قەت وا نەبووی، خۆی لە خۆی پرسی. ژورەکە پڕ ببوو لە ناوی ناسر، دیوار و ژێر میچ، ھەر چۆار دەور و شوێنی خەوەکەشی دەنگی دڵە کوتکەی ناسر بوو. ناسر ببۆو بەشێکی دانەبڕاو لە مێشک و ڕوح و جەستە و ژوورەکەی. بۆ ساتێکیش لە زەینی نە دەچۆوە دەر. ناسریش حاڵی باشتر نەبوو، بە دەم ڕێگای ماڵەوە ھەر لە بیری نەسرین و قسە و دەنگە نەرم و ژیریەکەی دا بوو. لە زانکۆ زۆری کچی باشی دیبوو، بەڵام ئەو ھەست و سۆزەی بۆ نەسرینی ھەبوو، تەواو جیاواز بوو. کە سەری ھەڵبڕی لە بە دەرگای ماڵێ بوو.

نەسرین (بەشی٥)
شۆڕش و خۆ پێشاندانەکان بەر بڵاو دەبوون، سنە، کرماشان، بۆکان و مەھابادیش پەیوەست بەو خۆپێشاندانانەوە بوون و ژومارەیەک کەس گێانیان بەخت کرد و چەندین کەسیش بریندار بوون. لەو پایز و زستانە ساردەی ساڵی ٥٧ ، خەڵک بە دڵگەرمیەوە بەردەوام بوون بۆ لە کار لادانی بنەماڵەی پەھلەوی. ڕۆژ ئاوا و ئەمریکا بێ ئومێد ببوون لەوەی کە شا بتۆانێ چیتر حکومەت بکا. نەشیان دەویست لەو زیاتر بمێنێتەوە، چوونکە شا شوویی لێ ھەڵکێشا بوو قسەی لە خۆی گەورەتری دەکرد.

ڕۆژئاوا لە سەر دیوەزمەیەکی سەیر و سەمەرە بە ناوی خومەینی ساغ ببوونەوە کە بیکەنە دەمڕاستی ئێران. ھەواڵدەرییە بە ناو بانگەکانی جیھان بە تایبەت BBC یان کردە بڵیند گۆی خومەینی و دار و دەستەکەی. خومەینی بوو بە ڕێبەڕ و ڕێنوێن. کومونیستەکانیش لە مزگەوت کۆبوونەوەیان دەکرد. پاش ئەو ھەمموە فیداکارییەی ھیزە دێموکرات و چەپەکان، خومەینی وەک دۆڵپا سۆاری شان و ملی خەڵک بوو. کەسێک کە بە وتارە بێ سەر و بەرەکانی تۆوی شەڕ و دیکتاتۆری وڕقی بڵاو دەکردەوە. لە کوردستان تا ئەو کاتەش ھیچ حیزبێکی سیاسی تێکۆشانێکی ئەوتۆی نەبوو.

خۆپێشاندانەکان زیاتر لە ژێر ڕئبەرایەتی ژومارەیەک مامۆستای خۆشناوێ قوتابخانەکان و خوێند کارانی زانکۆ کان دا بوون. ھەر چەند دروشمەکانی کوردستان جێاوازیان پێوە دیار بوو لە گەڵ دروشمی شارە کانی دیکەی ئێران. لەو لاشەوە مەلای ئاینی کوردیش کە بێ مەیل نەبوو دەسەڵاتی ھەبێ ڕەوتێکی ئیسلامی سوننی یان پێک ھێنا کە احمد مفتی زادە ڕابەریان بوو. ھەر چەند بە ژومارە زۆر لە خەڵکی پێشکەوتوو کەمتر بوون، بەو حاڵەش ھێندێك كۆلکە مەلایان وە شوێن کەوت. لە بەرانبەر دروشمی کومونیستەکان کە دەیانگوت داس و چەکوش سەرنێزە مەحکوم دەکا، ئەوانیش دەیان گوت ، قورئان سەرنێزە مەحکوم دەکا. ئێستاش نەزانرا کامیان سەرنێزەیان مەحکوم کرد، لایانگرانی ھەر دوو لا کە دەھاتنە سەر حوکم ھەر ھەمان دەسەڵاتی زۆرداری بە چەند قات خراپتر لەوەی پێش خۆی بە دیاری دێنا.
چەند حەوتوو بە سەر یەکەم چاو پێکەوتنی نەسرین و ناسر دا تێپەڕی. ناسر بۆ کار و بارەکانی زانکۆ چوو بۆوە تەورێز. زانکۆ و قوتابخانەکان لە سەرەتایی پایزەوە کرا بوونەوە. نەسرین پۆلی ١٢ ی دوا ناوەندی بوو. کۆبوونەوەکانیان لە قوتابخانە لە ڕۆژانی چۆار شەممۆ ھەر وا لە کات ژمێر ٣ بەردەوام بوو. زانکۆ، قوتابخانە، بازار، کارگا و کارخانە نا ئارام و ھەڵچوو. بە تایبەتی لە ناوەندەکانی خوێندن، ڕۆژ نەبوو لە زانستگای تەورێز خۆ پێشاندان نەکرێ.

دەرس و دەور زۆر بە کەمی ھەبوو. ناسر پاش ئەو ماوەیە بڕیاری دا سەرێکی سەقز بداتەوە، ھەم بزانێ چ باسە و ھەمیش نەسرین ببینێ. لەو ماوەیە دا سەرەڕای سەرقاڵ بوون، بە کێشنەکێشی سیاسی و دەرس نەسرین، ھەنگاو بە ھەنگا لە گەڵ بیر و مێشکی بوو. لە ماڵ ولە زانکۆ، لە شەقام و کۆڵان، بە شەو و ڕۆژ بەشێکی مێشکی داگیر کرد بوو.

وەک ئەوە وا بوو شتێکی لێ ون بووبێ. نەسرینیش بە بەردەوامی ھەر لە بیری ناسر دابوو، دڵنیا بوو کە دێتە شوێنی قەراری نەگوتراو. کات ژمێر لە ٣ی پاش نێوەڕۆ نزیک دەبۆوە کە ناسر بە باڵتۆیەکی درێژەوە کە تا سەر چۆکی دەھات و دەستی لە گیرفانە کانی دا شارد بۆوەگەیشتە بەر دەرگای قوتابخانەکەی نەسرین. دووھەم مانگی پایزە . سەقز و سەرما، دوو دوانەی لێک دانەبڕاون کە ساڵەھایە بە یەكەوە ناوین بەر گوێ دەکەوێ. ئەو ساڵ سەرما زووتر میوانی شارەکە بووە.

دیتنی کوڕ و کچ لە جەوی شۆڕشگێری دا ئاساییە. وەک جاران کەس گوێ قوڵاغ نابێ کە دو گەنج لە دوو ڕەگەزی جیاواز لە تەک یەکتر قسە بکەن. بە ئاسپایی لە دەرگای ژووری کۆۆبونەوەکەی دا، جگە لە نەسرین کەس نەیدەناسی. کچەکان بە سەر سوڕمانەوە چاویان لە یەکتر کرد. پێیان سەیر بوو لەو کاتە دا گەنجێک بەو شێوەیە لێیان وە ژوور کەوتوە.

ناسر کە ترس و دڵەڕاوکێی کچەکانی بینی، خێرا بە جۆاب ھات و پاش سڵاو، گوتی، بمبورن عاجزم کردن، من ئامۆزای نەسرینم، ڕەنگە لە بیری چوو بێ کە پێتان بێژێ من ئەم ڕۆ دێمە لاتان. نەسرین کە ھێندێک شڵەژاوی پێوە دیار بوو، خێرا جڵەوی قەسەکانی لێ وەرگرت و گوتی: ھێند زوو گەیشتی نەپەرژام بە ھاوڕێیانم بێژم کە تۆ میوانمان ئەبی. کاک ناسر قوتابی زانکۆیە لە تەورێز و ئەخوێنێ و ئامۆزامە، پێی خۆشە پەیوەندیمان لە تەک بگرێ کە بتۆانین ھاوکاری یەکتر بین بۆ ڕێکخستنی خۆ پێشاندانەکان. کچەکان، ترسیان ڕەویەوە و بە خۆشحاڵییەوە بە خێر ھاتنیان کرد.

یەکێک کە کچەکان گوتی: خەریک بوو ڕوحمان درچێ لە ترسان، پێمان وابوو پێاوی ساواکی. ناسر لە لە لای دەرگاکە دانیشت و پەڕە کاغەزێکی دەرھێنا و گوتی کە پێویستە دروشمەکان بە شێوەیەک بەرینە ناو خەڵک کە ڕەنگدانەوەی ئازاری چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بێ. خۆتان دەزانن ئەم شۆڕشە ئی چێنیکی تایبەت نییە. شوڕشێکی گەلی و دیموکراتە کە مافی گەلانیش دەبێ دابین بکا.

خەڵکی کوردستان پێویستە دەوری چالاکی ھەبێ کە کە لە دوا ڕۆژ د بتۆانێ داوای مافی خۆی بکا. ئێمە دەبێ کەسانی تێکۆشەری وەک سمایلی شەریفزادە بین و لە سەر ڕەوتی خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی پێ داگرین. کتێبێکی بەرگ سپی لە گیرفانی باڵتۆ درێژەکەی دەرھێنا و لە سەر مێزەکەی دانا و داوای لێکردن کە بە وریاییەوە بە نۆبە بیخوێننەوە. پاش قسە و باسێکی تەسەل، کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە ھێنا و کچەکان ھەر کامەو پاش ماڵ ئاوایی تێکەڵی ئیوارێ بوون و بەرە ماڵ گەڕانەوە. نەسرین و ناسر ڕوو بە ڕوو بێ ھەست وەستاون. کات بە قورسی تێدەپەڕێ. نەسرین سەری ھەڵبڕی و گوتی ماڵ ئاوەیان بۆ وا بەم شێوەیە خۆت بە ژوورەکە دا کرد. خۆ ھاوڕی یانم زراویان چوو. چارەم نەبوو، دەبوو بە شێوەیەک بتبینم. باش بوو خۆت تێک نەدا و قسەکەت بۆ تەواو کردم، دەمێکە ئێژن، دز و خاوەن ماڵ یەک بن گا بە کوولانەکە دا ئەبەنە دەرەوە، ناسر وەڵامی دایەوە. 


نەسرین (بەشی ٦)
کێ بێ و یەکەم وشە بدرکێنێ، ئازایەتی لە کام لادا زیاترە کە نەبوو بکاتە بوون. ئارەقە لە سەرما دا. دڵ دەکووڵی و ھاڵاوی گەرما لە دەم و لوتیان دەھاتە دەر. ناسر خۆێ لە باڵتۆ درێژەکە دا کۆ کردبۆوە. بۆ وشەیەک دەگەڕا کە بێدەنگی بشکێنێ و ئەو بێدەنگییە قورس و بە سامە لە سەر شان و ملی لادا.

لە گیرفانی دا یاری بە کلیلەکەی دەستی دەکرد. نەسرین کە ھێندێک قژ بەر چاوی گرتبوو، بە دەستی لای دا و لە خۆی ڕا نە دە دیت ھیچ بدرکێنێ. لە گەڵ دەرس و دەور چۆنی خاتونی نازدار؟ ناسر بە ھەزار زەحمەت گوتی.

نەسرین کە دەمێک بوو چاوڕۆانی وشەیەک بوو بیبیستێ، وەڵامی دایەوە: باشم، باش، پێ ناچێ ئەو بگرە و بەردە و خۆپێشاندانانە مەودای دەرس خوێندن بھێڵێتەوە. تۆ چۆنی؟ ناسر کە بەرە بەرە ترسی دەڕەویەوە، گوتی منیش باشم، لای ئێمەش ھەموو کەس سەرقاڵی ئەو بەزمەیە. زۆرم بیر دەکردی، زۆر. نازانی چەندە تاسەتم ئەکرد.

ئەتوت شتێکم گوم کردگە. نەسرین مچوڕکێکی خۆشی بە گشت لەشی داھات، ئارەقەی شەرم سەر گۆناکانی سوور ھەڵگێرا و بۆ ئەوەی ناسر ھەست پێ نەکا، سەری داخست و بە دەم ڕێ کردنەوە ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشا و لە کاتێک دا ھەنگاوەکانی نەرمتر دەکرد وتی: سوپاس کە لە بیرت نەکردووم، دەمێکە چاوڕۆان بووم کە بێیتەوە. زۆر شادمانم بە بینینەوەت. ئەشێ بچیتەوە زانکۆ یان لێرە ئەمێنیەوە. چەند ڕۆژێکی تر ھامە سەقز، ھەوا بەرە بەرە بەرەو تاریک بوون ئەچێ. جۆان نییە خەڵک بمان بینێ. شەوەکی سەعات ٢ پاش قوتابخانە لە شەقامی ساحلی چاوەڕۆانتم. زۆر مەسەلە ھەیە کە لە تەکتا باسی بکەم، ناسر بە تێ ڕادیوی گوتی.

بێ ئەوەی چاوەڕۆانی وەڵامی نەسرین بێ لە گیرفانی باڵتۆ درێژەکەی نامەیەکی دەرھێنا و بۆ لای نەسرین دەستی درێژ کرد. نەسرین وەک کەسێکی سام گرتوو بێ ئیختیار دەستی برد و نامەکەی وەرگرت. مال ئاواییان لە یەک کرد و جیا بوونەوە. لە یەک کات دا ئاوڕیان داوە و زەردە خەندەیەکی خۆش لە سەر دەم و چاویان نیشت.
نەسرین بە پەلە خۆی بە ژورێ دا کرد، سڵاوێكی بە پەلەی لە دایک و باوک کرد کە ئامادە دەبوون بۆ نان خۆاردنی شەو. دایە ئێوە نانی خۆتان بخۆن من تا نیو کاتژمێری تر ناتۆانم بێمە لاتان چوونکە پێویستە چاوێک بە دەرسی بەیانی دا بخشێنم. چۆوە ھودکەی خۆی و چراکەی ڕۆشن کرد و وەک ئەوەی شتێکی پێرۆزی لە لا بێ ، زۆر بە ئاسپایی نامەکەی کردەوە:
سڵاو تاقە گووڵەکەی باغی ژیانم!
نازانم لە کوێ و لە چی ڕا دەست پێ بکەم. جاران بە دوو شتەوە سەرقاڵ بووم، ئێستا بە ھاتنی تۆ بۆ ناو مێشکم بوونە سێ شت. خوێندن و خەبات وخۆشەویستی. خۆشەویستی و خەبات و خوێندن. شەرمم دەکرد خۆشەویستی بخەمە پێش دووانەکەی تر. بەڵام چارەم نییە کە خۆشەویستی سەرتا پای ھەست و وجودمی داگرتووە.

لە ماوەی ڕابردوو بەشی زۆری بیرم لای تۆ بوو. چ بوو ئەم سیحرە. چ بوو ئەم جادویە. چ بوو، بۆ خۆشم نازانم. لە ماوەی ژیانم دا کە ئێستا ٢٤ ساڵم ، کێشەی وام بۆ دروست نەبۆوە. ھەست ئەکەم لە بان ھەورەکانم. مروڤەکانی دەور و بەرم ھەست پێ ناکەم. پێم وایە گشت کەسێک تۆی.

ھەر چەند لە نەزەر منەوە جۆانترین مرۆڤی سەر ئەم زەمینەی، بەڵام من بە پێچەوانەی شاعیرە کلاسیکەکانی ئێران کە ھونەر و پێدا ھەڵگوتنەکەیان بۆ سینگ و مەممک، سمت و چاوی گەورە، ئەگریجە و زولف و ئەو شتانە داناوە. من ھەست بە ناخ و دەروون و بیر و مێشک و تێ ڕۆانینت بۆ جیھان دەکەم .

خۆشەویستی من بۆ تۆ لە ڕۆاڵەت دا کۆ ناکەمەوە. ژن بۆ من لە شیعرە ئینساندۆستیەکانی "مامۆستا ھێمن" سەر چاوە دەگرێ. ھەر چەند مافت پێ دەدەم بیرێکی ورد لەو نوسینەم بکەیەوە و پاشان بە زانیاریەوە وەڵامم بدەیەوە. خۆت دەزانی ئێستا لە شارەکەمان مانگرتن بەردەومە، سەڕەڕای ئێوە قوتابیان، وەکیلەکان و کرێکارانی کارگای توتن بۆ مافەکانیان ل چوونە سەر کار خۆیان پاراستوە و داوای ئازادی گیراوەکان دەکەن. کارێکی زۆرمان ھەیە بە یەکەوە بیکەین. بە ھاکاری ژنان و پیاوان دەکرێ ھاوسەنگی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوری دابمەزرێ. دڵنیام کچانی زانا و تێگەیشتووی وەک تۆ دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن. لەو کاتەوە تۆم بەو شێوە دیوە، دڵم بە خەبات و ژیان و تێکۆشان خۆشترە.

(درێژەی ھەیە)

سەرچاوەی فەیسبووکی کاک سەلاح پوور ئەسەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.