leila_qadri_sakar.jpgننازدار، ژنێکی سوورکارە و شۆخ و چەلەنگ بوو، تەمەنی هەر چل ساڵ دەبوو. زۆر جار کراسێکی سنەیی لەبەر دەکرد و سۆرانی لە پشت ملی دەبەست، دەتگوت "باڵەبان"ە

هەتا خودا حەز دەکا، کابان و دەست و گۆلەپ ڕەنگین و ژنی نێو ژنان بوو. کچێکی عازەب و دوو کوڕی مێرمنداڵی هەبوو.

مێردەکەی، قاسم وەیخڕ، پیاوێکی پارووبژێر و گووکوڵێنە بوو، بە کوردی: هەرزن لە دەستی نەدەوەری.
ئەگە خودا ڕۆژی دەکردەوە، ئەو کابرایە دەستی لە پاش قوونی دەنا و وەک میرغەزەب سەری کووچەی دەگرت. پیاوێکی ئاکابر بوو، بەڵان تاڵی و سوێری ڕۆژگاری نەچێشتبوو، هەر بە تەرخانی خواردبووی و بۆی لوابوو...دەتکوت کوڕە جحێڵەیە، تەزبێحی دەگێڕا و نارەناری دەهات. لۆی کراس و پاتۆڵی نەدەشکا، نەیدەهێشت تاقە چڵێک موو سەر دەربێنێ، هەمیشە شەش تیغ بوو. سیگاری وینستۆن بە لا لێوییەوە و ئەنگوستیلەی نەقیم سوور لە قامکدا، شای بە سیپان نەدەگرت.

قەت ئەو ژنەی خۆی لە ڕێگای دوو میتر کودەری نەگرت، قەت کەس نەیدی دوو میوان ڕوویان لە ماڵێ بکا، کەس نازدارە بێ‌نازەکەی بە سوورا و سپیاوەوە نەدی. هەمیشە ڕبەیەکی فرمێسک بە چاوەوە بوو.

دەیگوت: " لە حەیبەت ئەو منداڵە بەستەزمانانە و لەبەر قسەوباس و توانج و تانەی خەڵک و عەیبەی دونیایە فزەم لێ نایە و وسکوت بووم دەنا قەت تاقە سەعاتێکی بەلاوە دانانیشم، تازە زیندان بێ و مەیدان بێ، سەبارەت بەوان دەیچێژم.
جا ئەگەر دەیانگوت ئەوڕۆ بەهارە، ئەو ژنە لەگەڵ دوو سێ سەرکاریگەر دەچوو بۆ بژاری چەوەندەر و دەسکەنەی نۆک و نیسک و بەڵاڵووک‌ و سێو ڕنین و پاییزێش بۆ ترێ ڕنین و گوڵەبەڕۆژە هەڵبڕین.

کابرای گۆرینیش، ئێواران بە فێنکی لە ماڵێ دەهاتە دەر و هەتا زەردەی دەخست لە دووکانی وەستا عەلی دامەی دەکرد. لە قسان دامەکەری باشیش نەبوو و خێراخێرا دەیدۆڕاند و داخەکەی بەو ژنە و منداڵە دەڕشت.
ئەو ڕۆژە وەک چەوەندەر سوور هەڵگەڕابوو، بەبن دیوارەکەی ماڵی عەبەمیرزادا دەهاتەوە بەرەو ماڵێ، هەر دەیمشاند و لەبەر خۆیەوە جنێوی دەدا و نووکە شەقی لە عەرز دەکوتا، دوو سێ جار هەڵەنگوت، وەختا بوو ملی بشکێ.

سەروبەندی هاتنەوەی نازدار بوو، دیار بوو تۆزێک وە درەنگی کەوتبوو.
کابرا لەبن دیوارەکە لە سیپەدا دانیشتبوو و خۆی مەڵاس دابوو هەتا بزانێ نازدار لە مینی‌بووسەکە دادەبەزێ یان ماشێنی دیکە دەیهێنێتەوە.

ئیستێکی پێچوو، مینی‌بووسە شین، ڕایگرت و نازدار و خەجێی مام ساڵە و سێ کوڕ و پیاوی دیکە یەکی بە توورەکەیەوە دابەزین.

ناسک (خوشک و ئەوجاڕی نازدار بوو، یانی دوو خوشک، مێردیان بە دوو برا کردبوو) زوو هات بەرەوپیری دادی و گوتی: "دادە گیان، ئەوە بۆ وا شڵەژاوی؟ دادە بە قەرەواشی ئەو کەوشانەت بم، ئاوا مەچۆوە ژوورێ، "قاسم" حەیتەی بۆغور، بەربینگت پێ دەگرێ و هەڵتدەپێچێ.
نازدار:" ناسک، هەر مەمبزێوە...ئەوڕۆ سەلاحە ڕەشی سەرکاریگەر، پاش چای قاوەڵتوون، بە بیانوویەک هێشتمییەوە هەتا فاعلەکان دوور کەوتنەوە، لەکن خەڵکەکە گوتی:
"ئەرێ خوشکە نازدار لەقسان کوێرەسەوادێکت هەیە، بەخێرای خۆت یاریدەی کاکت بدە ئەو حیساب و کیتابەی لێ تێکچووە با سەری خۆی بخوێنێتەوە بزانێ مایەباش دێتەوە یان لە زەرەدە."

کەرێتی و گەمژەیی لە خۆم بوو، سوور سوور دەمزانی قەدەرێکی چاکە بۆن بە قوونمەوە دەکا، دەوەڵکوو دادەهاتمەوە بەغار خۆی دەگەیاندمێ، چەند کەڕەتێک تەقەلای کرد، نەمهێشت خۆم لێ بخشێنێ و وەسەر خۆم نەهێنا، ترسام ڕووی بکرێتەوە...زۆر جار بە مۆنەوە چاوم لێ دەکرد، بەڵان بیستم گوتیان جووزی بە کچۆڵەکەی سەیدعارفەوە کردووە.
دەستی شکاوم، گزەی لێ کردم و خۆش خۆش بەقام پێ کرد و گوتی:
" حیسابی مانگێک بەو هەڵپەهەڵپ و پەلەپەلە ناکرێ، خۆ من سەرە تەقەی لێ دەر ناکەم، دەبێ بە شێنەیی بۆم لێک دەیەوە، جارێ وەرە بچینە بن ئەو کەپرە با سەرت قاڵ نەبێ لەبەر ئەو سوورە تاوە."
هەر پێم لە بن کەپرەکە نا، خۆی پێ هەڵڕووچکاندم و یەک تەخت لەسەر ئەو تەلیسە بەنە لە عەرزی دام، نرکە لە جەرگ و دڵمەوە هات، بە هەموو هێز و قەوەتی خۆی دمی گرتبووم و نێو سینگی دەمژتم و ئەوەتا وەک خمخمۆکەی ڕەشی لێ کردووە ئەو قوڕمساغە...
زاتم نەبوو هاوار بکەم، هەر ئەوەندەی یەک کەس بەحاڵ‌ و دوو‌ بەڵا، بۆنی کردبایه، تازە هەتا روحم لەسەر یەخەی کراسە، هەر دەیانکوت: "سەلاحە ڕەشیان لەسەر نازدار گرت."
دەستی بۆ دۆخینەکەی برد، بە هەموو کەیفی خۆم، جووت پێلاقەم بە سینگییەوە نا و لەگەڵ عەرزی جووتم کرد...جا وەرە نازدار تێی تەقێنە...هەر چۆنیک بوو بە هانکەهانک خۆم گەیاندەوە جەماعەت و ئیدی ئاگام لە مەعبوودی بێ‌زەواڵ نەبوو(مەحموودی بێ‌زەواد)...نە دەمزانی چ دەکەم، نە دەمزانی چ دەڵێم...
دەسبەجێ هاتەوە سەر کارەکە و لە دوو سێ کوڕی هەرزەکاری سریواند و لاتاوێکی پێدا دام:" نەمرم ئەو گەردنە کێلەت دەمژم"
ئەلحانیش دەرگای بۆ کردمەوە و گوتی: "چاکم بۆ کەوتبووی، فیلمێکی عەلاحیدەم بۆ گرتووی، بۆت دەنێرم."

خوشکێ گیان، ڕوو لە کوێ کەم، بڵێی فیلمی گرتبێ؟ خۆ بێتوو وابێ، تازە بچمە سەر بەرماڵەکەی پێغەمبەر، نە دایکم بەقام پێ دەکا نە قاسم."

ناسک:" حەک ڕەببی زووخاوی ڕەش هەڵێنم دادە گیان، لە سایە سەری مێردی خوێڕی و کارنەکەرەوە، بۆ پاروە نانێک چیت بەسەر دێ و چۆن تەماحت تێ دەکەن و ئەو مل‌ پانەش سەرووی ماڵێی لێ گرتووی و بۆتە دۆستی خوارێ و دوژمنی سەرت."
+خوشکێ گیان من زۆر ڕیخۆڵەدرێژم، زۆرم بەسەر هاتووە، تاقە ئەو جارەم بۆ گێڕاوییەتەوە، ئەوانی دی وەک مۆتە هەموو شەوێ سواری سەرم دەبن و دەست له قوڕقوڕۆچکەم دەنێن.

کابرا وەک فیشەک دەرپەڕی، گرمشی نازدار بوو، بەڵان دیار بوو گوێی لە زۆربەی باس و خواسەکە نەببوو.

+ دایکی خێوت(...) ئەوە لە چ قاحبەگەرییەکی!؟ 
ئەوە وەختە دێیەوە ماڵێ؟ ئەو دایە خۆگێیه کێ بوو دەرگای ماشێنی بۆ کردییەوە؟ ئەو سرت و خورتەی لە چ بوو؟ لەمێژە دەڵێم تۆ کەینەوبەینەت هەیە.
ئەوەیه ئەگەر دەڵێن نابێ ژن بەری بەرەڵڵا کەی، ئەو موویە لە قاحبان هاتبێ ئەگەر دەردت دەرمان نەکەم، ئەوەتەی هەم نانی سەرشۆڕیم نەخواردووە، چما دێڵم پەل ببزێوێ!
هەر ئەوشۆ کەندرێکت لە مل دەکەم و شەرت و گومت دەکەم."
ناسک: " ئایاڕۆ کاک قاسم ئەوە تۆ بوویە ئەو پیاوە نێونیتکە لە دادم هەڵدەی و خۆی لەسەر ڕاوەشێنی؟ ئەویش دادم، لە ئاوی بەیانی پاکترە...
چاوی خۆت خوردەوە کە قاسم وەیخڕ، تۆ ڕێت ناکەوێ هەڕەشە و گوڕەشە بکەی، خۆت بە نۆ مانگای زاو نادەی و ژنە هەناسەساردەکەشت کەڕەی بەیانی لەگەڵ کەس و ناکەس ملی ڕێگا دەگرێ و ئەوەش دەراوی زارتە؟!...
خوشکی من، دەستی ئەو سێ منداڵەی کوله، دەنا کوا تۆ ئەو پیاوەی ژن بە دیارتەوە دانیشێ!! سەرباقی هەموو چاکە و ماندوو بوونەکانی، پێی دەڵێی"قاحبە و سۆزانی"؟! تف چ پیاوێکی...حەیا و نامووست سەگ بیخوا...بەز نییه جیرانەکان هەموو تۆش دەناسن و دادیشم دەناسن"

+ "تۆ دمت گرێ دە ناسکە دم چەپڵە، با لەغاوت نەکەم دایک چاک...ئەخە کچی ئەو دایکە نین! دایکتان نەک هەر گەڕەک، شارێکی پێ خەنی ببوو...
پووش وەسەر گووکارییەکانتان کەن و دیزە بە دەرخۆنەی پێ بکەن، ئێوە شانتان هەڵیدەگرێ، چاوسوورتان نییە و بە کەیفی خۆتان دەکەن...
شەرت بێ بە شەرتی خودا و ڕەسووڵان، قولاپەی لاقت بشکێنم و کەپۆت ببڕم جا ئەو جار گۆشاوگۆش سەرت دەبڕم نازدارە سوور... فێر بووی (...) دەدەی و خۆت دەکەیە مەڕی پێغەمبەر و دمی ناسک قەرەچیم تێ بەردەدەی!؟

نازدار: "کوڕە بەسە، کووچەیە، مەمکە سەرکۆنەی عالەمێ، ورد و درشتی ئەو گەڕەکەماڵە سەیرمان دەکا، با بچینەوە وێرانبووەکەمان، جا لێکی دەر دەکەین. ئەو حاڵە بەو حاڵە ناشی.
ئەوە بە دایکم دەڵێی خراپ؟ ڕەببی نان و نمەکی دایکم بتگرێ و لەسەر دڵت ببێتە خەپەره، لە خودام تەڵەبه هەمووی ببێتە کێم و زنچکاو و لە دم و چاو و گوێ و کونە لووتت بێتەوە دەرێ...
دایکی من بە ڕووسووری و شان بە شانی پیاوان کاسبی کرد، لە کیسەکێشی حەمامەوە بگرە هەتا دەستفرۆشی و مامڵەی مڵک و زەمین...
دایکم لە ترسی ژەهری دوو ناپیاوی وەک تۆ، کراس و پاتۆڵێکی هەڵدەکێشا له چڵکدا وەک شەکیلەیان لێ دەهات، نەیدەوێرا ئاوێک بە سەریدا کا، ژنی ئاواڵی ئەو، هەفتەی کەللارەیەکیان خەنە و ڕەنگ دەگرتەوە، دایکم هەموو پرچەکانی بە سپی دەهۆندەوە...هەر بۆ ئەوەی دوو بەڕەڵڵای وەک تۆ پێی نەوەڕێ.
ئەو ماڵە زۆر و زەوەندەی بە ڕەنجی شان و پیلی خۆی پێکەوە ناوە، ئاخر ئەویش تووشی بە تووشی پیاوێکی تەرخانخۆری بەرسێبەرەوە ببوو وەک تۆ.
دایکم زۆر لە تۆ و لە هاوشانەکانی تۆ بەغیرەتتر بوو، چما سەتی وەک تۆ ناکەم بە قوربانی نێفەکی دەرپێ شڕەکانی دایکم! خودا بتکا بە نۆکەری، ئەگەر ئاوری جەرگ هەڵینەدەگرت، دەبوو هەر شەوێ له قوون دەرگایەک ڕۆژ بکەیەوە و هەر شڕەی لە جێیەک هەڵگریەوە...هەی سپڵەی پێ‌نەزان، ئەوەتەی تۆ هەی دایکم بە دوو دەست بە گەرووتدا دەکا، ڕەببی دەردەدار و لەش بەبار بی چون ئەوە قسەتە."
جا هەر چونکە نێوی ئەو دایکە بێ‌ئەنوایەمت هێنا و پێیدا ڕشایەوە، شەرت و قەرار بێ، ئابڕووت بەرمە سەر چڵووکی داران هەی لە کەلـلە سەری ڕەسووی عوسمانە شێتت ڕیم بۆ نەوەی لێی کەوتەوە.
کابرا بۆی هات لە ژێڵڵا، نازدار و ناسک خۆیان لە ماڵێ ڕۆ کردەوە و خەڵکیش کابرای گۆرینیان بردەوە ماڵی خۆیان هەتا ئاهۆنی کەنەوە.
بانگی بەیانی، مینی‌بووسە شین بە سیگناڵ لێدان، چاوەڕێی نازدار بوو
کەچی نازدار هەر نەهات...
گوتیان: "ئەویش تێری خوارد و تازە فاعلەیی ناکا، با بڕۆین"...
ئێوارێ کە خەجێ و پیاوەکانی گەیاندەوە، یەکەم ڕۆژی مزگەوت و سەرەخۆشی نازدار تەواو ببوو. نازە بێ‌نازەکە، دۆنێ شەوێ لەتاو ئابڕووی خۆی و لە ترسی زمانی خەڵکی بوختانچی و چاپچی، بە پشتێنە سپییە پەشمینەکەی بووکێنیی، خۆی هەڵواسیبوو.

لـەیـلا قـادری/ ساکـار

 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.