b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_ktebxane.jpgماڵمان لە شاری کەرکـووکە، لەسەر گـردەکەی گـەڕەکی رەحـیماوایە..لە قوتابخـانەی قـەنـدیلی بنەرەتیـدادەخوێنـم..پـار کە لە پـۆلی شەشەمـدا بـووم،

لە یەکـەمین هەفـتەی کـردنەوەی قوتابخـانەدا.. لە یەکەمـینوانەی پـەروەردەی هونـەریـدا، مامـۆستا نـێرگـز
داوای لێکردین، کە بۆ هەفتەی داهاتوو، هەریەکەمان پەڕاوێکی وێنەکێشان و پاکەتێک
بۆیەی داریی بکـڕین. هەریەکەشـمان لەسەر یەکەمین لاپـەڕەدا، بە ئـارەزووی خۆمـان
"دیـمـەنـێکی کوردســتـان" بکـێشـین و بۆیـەی بکەیـن.
هەر ئەو رۆژە کە لە قـوتابخـانە گەڕامـەوە، پەڕاوێـک و پاکـەتێک بۆیەی داریـم کـڕی.
هەر ئەو ئێوارەیە، لە حەوشەی ماڵەوەمان، لە دیمەنی قـەڵا سەرکەشەکەی کەرکـووک و لە مەشخـەڵی ئاگـرە هەمیشەییەکەی باباگـوڕگـوڕم روانی.. لە سەر لاپەڕەی یەکەمی پەڕاوی وێنەکێشانەکەمدا کـێشام و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیشم لەسەر قەڵادا کـێشا، لە ژێـر ئەم تابلۆیەمدا نووسـیم "دیمەنـێکی کەرکـووک".. هەر ئەو شەوە وێنەی پەیکەرە بـاڵابـەرزەکەی پێشمەرگـەشـم کـێـشا، کە بـووە بە ســیمبـولێکی شاری کەرکـووک.
بۆ ئێـوارەی رۆژی دواتـر، دیمـەنی ئاگـرکـردنەوەی جـەژنی نـەورۆز و ئاهـەنگـێڕان و هەڵپەڕکێی رەشبەڵکی کوردی هاتە بەرچاوم، ئەم دیمەنەشم لە لاپەڕەی سێیەمـدا کێشا.
لە ئێوارەی سێیەمـدا، دیمەنێکی تاڤگەی بێخاڵم کێشا.. لە لاپەڕەی چوارەمدا دیمەنێکی دیمەنی چیای پیرەمەگروونی سەرکەشم کێشا.. دواتر دیمەنی پۆلێک لە کچە شەڕڤانانی قـارەمـانی کوردسـتانـم کـێشا.. چەنـد دیمـەنێکی تـریـشـم کـێـشان.
کاتـێکم زانی تەنها دوا لاپـەڕەی پەڕاوەکـەم ماوەتـەوە، کەچـی بە دەیـان دیمـەنی تـری کوردستان دەهـاتنە خەیـاڵ و بیر و بەرچـاوم.. لە دڵی خۆمـدا وتـم، گەر باوکـم موچەی هەموو مانگـانەکانی بـدات بە پەڕاوی وێنەکێشان و بۆیەی داریی، هـێشتا بەش ناکات.
دوای بیرکردنەوەیەکی قـووڵ، بیرۆکەیەکی جوانم بۆ هات و جـێبەجـێم کرد. لەسەر دوا لاپەڕەی پەڕاوەکەمدا، دڵـێکی گەورەم کێشا.. لە ناو دڵەکەدا نەخشەی کوردستانم کێشا، بە هەر چوار رەنگەکە جـوانەکەی ئـاڵای کوردستان بۆیەم کرد.. لە ژێـریـشیـدا نووسیم
"کوردســـتان لەنــاو دڵـــمـە".
هەفـتەی دووەم لە وانەی پەروەردەی هونەریـدا، بینیم هـاوڕێکانم هەر یەکەیان، تەنها یەک دیمـەنی کوردسـتانیان کـێشاوە.. مامۆسـتا نێـرگـز تەمـاشی یەک بە یـەکی دیمـەنە کێشراوەکانی کرد و نمرەی بۆ دانان. کە گەیشتە من لەسەر دیمەنی کەرکووک نەوەت و پێـنجی بۆ دانام و ئافەرینی کردم. خەریکبوو رەتبێت، وتم: مامۆستا سەیری دیمەنەکانی لاپەڕەکانی کەشـم بکە.. مامۆستا نێـرگـز سەیری یەک بە یەکی دیمەنەکانی ترمی کرد و نمـرەی لەسەر دانـان.. کە گەیـشـتە دوا لاپـەڕە، زۆر گەشــایەوە و خەنـدە کەوتـە سـەر لێوەکانی.. بە گەرمی دەسـتخۆشی لـێکـردم و سـەد لە سـەدی بۆ دانـام. لای خـوارەوەی لاپەڕەکەشدا نووسی: هیـوای داهـاتوویـەکی هـونـەریی گەش و بـەرزت و بۆ دەخـوازم. هـاوڕێکـانیـشـم چـەپـڵەیـەکی قـایمـیان بـۆ لـێـدام.
مامۆستا نـێرگـز چـووە دەرەوە.. دوای ماوەیەک هـاتەوە.. پەڕاوێـکی تـازە و پاکەتێک بۆیـەی داریی بە دەستەوە بوو. وتی:" قەشـەنـگ گـیان، ئەمە دیـاریی منە پێشکەشتی دەکـەم" منـیش بـاوەشـم لـێـدا و سـوپـاسـم کـرد.