salah_pourasad.jpgھاتنە دەر لە اتحادیە کمونیستھا (بەشی٢٤) کۆتایی.
حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە توندی خەریکی دروست کردنی بنکە و بارەگاکانیان بوون. ھەوا وردە

بەرەو ساردی دەچوو. پایزێکی درنگی ساڵی ١٣٦٢ بوو. ئێمەش لە چادرێک دا ئەو جم و جۆڵانەمان دەبینی. دانیشتنی ھەتا ھەتایی بۆ ئێمە تەحەمول نەدەکرا. لای ئێمە ئەو خەیاڵ پڵاوانەی حکومەتی کمونیستی و شۆڕشی دێموکراتی کەم ڕەنگ و کەم ڕەنگتر دەبوون. ڕێژیمی ئیسلامی لە بیری تۆاندنەوەی گەلی کورد دابوو. نەماندەتۆانی شاھیدی جنایەتەکانی ڕێژیم بین و بێکار خەریکی خوێندنەوە و شەڕە چەقەی کتێبەکانی مائو و لنین و ستالین بین. کێشەی مستەفا، من و ئازاد لە گەڵ باقی ئەو کەسانەی کە لە گەڵیان دەژییان، زۆرتر بوو. ئەوان ئێمەیان بە ناسیونالیست و لادەر لە ڕێبازی کمونیزم دەزانی و ئێمەش ئەوانمان بە تو ند ڕەو و بێ عەمەل دەناساند. بڕیارمان دا سێ نەفەری بۆ ھەمیشە ماڵ ئاوایی لەو شێوازە بۆ چوونە بھێنین خزمەتی گەلی کورد بکەین.

چ بکەین، چ نەکەین، خۆمان بە چەپ و کمونیست دەزانی، کۆمەڵەمان پێ لە خۆمان نزیکتر بوو. مستەفا برایەکی لە گەڵ کۆمەڵە بوو، لە ڕێگای ئەوەوە داوامان کرد بچین ببینە پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەڵام دەمانھویست لە بار فکریەوە سەر بە خۆ بین و خەت و ڕێبازی کۆمەڵەمان بە تەواوی قەبوڵ نەبوو، لە پەیوەندی لە گەڵ حزبی کمونیستەکەیان گەڵێک تێبینی مان ھەبوو. لە گەڵیان دانیشتین، گوتمان ، ئێمە دەمانھەوێ ببینە پێشمەرگە و قەولتان پێ دەدەین کە لە نەفەراتی خۆتان لە ھیچ شتێک دا کەمتر نابین، بەڵام جارێ ناتۆانین، لە گەڵ بۆچوونەکانتان ھاوڕابین. گوتیان ئەوە نابێ، پێمان خۆشە بێن، بەڵام جارێ وەک میوان لامان بمێننەوە تا ئەو کاتەی لە سەر بەرنامەی کۆمەڵە ساغ دەبنەوە و ئێمە ناتۆانین کەسێک کە بۆچوونەکانی ئێمەی بە تەواوی قەبوڵ نەبێ، وەک پێشمەرگە سازمانی بدەین. گوتمان ئەوە ناکەین، ئێمە لە ترسی دانیشتن ڕامان کردوە.

b_300_220_16777215_00_images_dr_Sahid_sherefken.jpgئازاد ئامۆزایەکی لە گەڵ حیزب بوو، مستەفاش بۆرە خزمایەتیەکی لە گەڵ شەھید دوکتور سەعید ھەبوو. قەرارێکیان بۆ وەرگرتین کە دوکتور سەعید بمان بینێ. پاش نێوەڕۆیەک چوینە چادرەکەی کاک سەعید، وا بزانم ئەو کات بەرپرسی کومیسیونی تەشکیلات بوو. ساکێکی لە پێش بوو. سڵاومان کرد، لە بەرمان ھەستا و زۆر بە گەرمی و بە پێکەنینە ھەمیشەیەکەی بە خێر ھاتنی کردین. کوتمان، ھاتووین ببینە پێشمەرگە، ئێمە لە گەڵ زۆر لە سیاسەتەکانی حیزب کۆک نین، لە سەر شوروی، کۆمەڵگای ئێران ، مەسەلەی زەوی وزار و زۆر شتی دیکە. کووتی، زۆر باشە ئێمە حیزبێکی نەتەوەین، بیر و بۆچوونی جیاوازمان ھەیە، ئێوە کە دەتانھەوێ خزمەتی خەڵکی خۆتان بکەن، ئێرە جێگای ئێوەیە، قەولتان پێ دەدەم ٦ مانگ ناخایەنێ، کە وەک ئێمە حیزب دەبن. ھەر خێرا سێ بەرگەی ئەندامەتی دەرھێنا و بۆ پڕ کردنەوە دایە دەستمان. ئەو جار گوتی، کام ئوڕگانی حیزبتان پێ خۆشە دەتان نێرم لەوێ کار بکەن. گوتمان پێمان خۆشە بماندەن بە ھێزی بەیان.

دوو تفەنگی "اتحادیە"مان ھێنا بوو کە بە زەحمەتی خۆمان لە شار ھێنابومانن. بەڵام "اتحادیە" چوو بوونە لای سەرگورد علییار کە ئەو کات لە کومیسیونی پێشمەرگە بوو. شەھید عەلییار گوتی، کاکە ئەو تفەنگانەیان بدەنەوە، خۆ ئێمە لە سەر تفەنگ پەکمان نە کەوتووە. زۆرمان خۆ ھێنا و بردکە نەیان دەینەوە، فایدەی نەبوو و لە بەر خاتری سەرگورد تفەنگەکانمان پێ دانەوە. تا کاتی وەڕێ کەوتنمان لە فێرگە لای کاک چەکۆ ماینەوە. لەو ماوەی ئەو نوسینە دا دا زۆر ناوی ئازادم ھێناوە، پێویستە بە کورتی باسێکی لە سەر بکەم و لە کۆتایی ئەو باسەش دا نوسینێکی کاک ھەڤاڵ ئەحمەدی بە ئاگاداریتان دەگا.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_24.jpgاسماعیل رحیم زادە(ئازاد) کە لە جەنگەڵ بە فوئاد دەناسرا، خەڵکی بۆکان بوو ، دە ساڵ ھاوڕێ بووین، ھاوڕێیەکی ڕاستەقینە، بە یەکەوە ھاتینە نێو حیزب ، چووینەوەی ھێزی بەیان. دووساڵ لە فێرگە واتا ساڵەکانی ٦٤ و ٦٥ کە فێر کردنی پێشمەرگە تازاەکان، وێرای کاک چەکۆ، مستەفا قازی زادە، عەزیز ڕەمەزانی، سمایلی ئەندیمە، محمد ساڵحی، ئەھوەن و... دەورمان لە پێگەیاندنی پێشمەرگەکان دا ھەبوو. پاشان چووینەوە کومیتەی بۆکان و ئازاد تاکاتی شەھید بوون بەرپرسایەتیەکانی وەک کادری سیاسی لک، ئەندامی کومیتەی شارستان و بەرپرسی تەشکیلاتی ناو شاری بەڕێوە بردوە. لە زۆربەی شەڕەکانی ساڵەکانی ٦٥ بۆ ٦٧ دەوری خۆی گێراوە و زۆر کەس بە خۆشیەوە زیندوون کە شاھیدن بۆ ئازایەتی ئازاد. ١/٦/٦٧ لە بەرگرییەکی ئازایانە ھێزەکانی بەیان و پێشەوا لە بەرزاییەکانی قوشەھوو، شەھید بوو.

مستەفا قازی زادەش بۆ درێژە دانی خوێندن لە لایان حیزبەوە ناردرایە دەرەوەی وڵات وەک زۆربەی ئەو کەسانەی حیزب ناردنی بۆ خوێندن خێری نەداوە. ئازاد یەکێک لە باشترین ھاوڕێ کانم بوو کە شەھید بوو. بەڵام ھاوڕێیانی دەورانی پێشمەرگایەتی کە لە ھیچ ھاوکارێکی شۆڕشگێرانە کۆتاییان نەکرد، خۆم بو قەرزداریان دەزانم و سوپاسیان دەکەم . ھیوا دارم بتۆانم ناوە بە ناوە ھێندێک بیرەوەری دەورانی پێشمەرگایەتیش بنوسم کە من بە ڕۆژە خۆشەکانی ژیانمی ناو دێنم. لێرە دا دەگەمە کۆتایی و سوپاستان دەکەم کە لە ماوەی ٢٤ ڕۆژی ڕابردوو دا لە گەڵم ھاوڕێگا بوون وخۆشی و ناخۆشی سەفەری ترسناکی ئامولتان لە گەڵ کردم. سوپاس بۆ کومینت و نەزەرەکانتان کە ھاندەرم بوون بۆ ئەوەی ھەموو ڕۆژی لە کاتی خۆیدا میوانتان بم و دەردی دونیایەک ناخۆشیتان لە گەڵ بەشبکەم. ئەگەر کەسێک پرسیاری ھەیە، چ بە ئاشکرا یان نا ئاشکرا دەتۆانێ بیپرسێ، ئەوەندەی شارەزاییم ھەبێ ئامادەم جۆابی پرسیارەکانتان بدەمەوە. 
بە دانانی بابەتێکی ھەڤاڵ احمدی کە لە سەر شەھید ئازاد و ھاوڕێیانی نوسیویەتی ، ماڵ ئاوایتان لێ دەکەم.
ئەو سەرچاوانەی کەڵکم لێ وەرگرتوە: ' پرندە نو پرداز، کتێبێکە لە بارەیشەڕی ئامول "اتحادیە" لە چاپی داوە. گۆڤاری "حقیقت" بڵاو کراوەکانی "اتحادیە" و چەند ساێت و نوسراوەیەکی سوپای پاسداران.

...........................................

سووره ‌گۆڵه‌کانی کانی قه‌مته‌رێ
b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_heval_ahmadi.jpgساڵی ١٣٦٧له‌ داوێنی چیای قوشه‌هوو هه‌ڵکه‌وتوو له‌ سه‌ر رێگای بۆکان مهاباد مابووینه‌وه‌. وه‌کوو پاشان بۆمان ده‌رکه‌وت به‌ته‌ما بووین هێزی به‌یان‌و پێیشه‌وا بۆ عەمه‌لیات بچینه‌ نێو شاری مه‌هاباد. ئه‌و پێڵاوانه‌ی له‌ پێمان ده‌کردن ئه‌گه‌ر مرۆڤێکی ئاسایی به‌کاری هێنابان لانی که‌م به‌رگه‌ی دوو ساڵی ده‌گرتن. که‌چی بۆ ئێمه‌ که‌ هه‌موو شه‌وێ لانی که‌م ده‌ کاتژمێر به‌ شاخ‌و ته‌لانان دا رێگمان ده‌بڕی به‌زه‌حمت به‌رگه‌ی مانگێکی ده‌گرت. خه‌ریکی پێڵاوه‌کانم بووم که‌ بنه‌که‌یان به‌ری دابوو به‌ قەیتانێکی دیکه‌ پێکه‌وەیانەوه‌ گرێ ده‌مه‌وه‌. مامۆستا ئازاد که‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی بۆکان‌و هاوکات کادری سیاسیی لکه‌کمان بوو هاته‌ لام گوتی: وه‌ڵا فێڵی چاکه‌ به‌ڵام ئەگەر چووینه‌ ئاوایه‌کان بۆ خۆشم بۆت له‌ بیری پێڵاو پەیداکردن دا ده‌بم. ره‌حمان ئه‌نباری جێگری لکی یه‌ک بوو له‌ گه‌ڵ شه‌هید ئه‌بوو مه‌ڵڵاله‌ری که‌تری‌یەکی گه‌ورەیان وه‌سه‌ر ئاگردان نابوو تا چایی پێ لێنێن بۆ لکی یه‌ک چایەکه‌ هاته‌ کوڵین، پێشمه‌رگه‌کان خەریک بوو کۆبنه‌وه‌ بۆ چا خواردن، شه‌هید ئه‌بوو جامه‌ردی له‌ شاخی دیده‌بان بوو، شه‌هید وه‌ستا ئه‌حمه‌دی ئاگادار کرد که‌ هێزیکی یه‌ک جار زۆری دوژمن به‌ چه‌ندین ئوتوبوس‌و بێنزی باریی و هه‌ژده‌ته‌گه‌ری هاتوونه‌ته‌ ئاوایی کولیجه‌ له‌وێشه‌و خه‌ریکه‌ هه‌ڵده‌کشێن بۆ سه‌رچاوەی ئاوی قه‌مته‌رێ.
هه‌ر دوو مانگ ده‌بوو شه‌ڕێ نێوان ئێران‌و عێراق وەستابوو. به‌ پێی سه‌رچاوه‌ باوەڕپێکراوه‌کان زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار کەس له‌و ‌هێزانه‌ له‌ شه‌ڕگه‌کانی عێراقه‌وه‌ هاتبوونه‌ کوردستان 
ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌و هێزانه‌ی که‌ دایم له‌ کوردستان بوون.
وه‌ستا ئه‌حمه‌د پێشمه‌رگه‌کانی رێک خست‌و هێزی پێشه‌واش له‌ شاخێکی دیکه‌ ئاماده‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وەی هێرشی دوژمن بوون. واته‌ له‌ سێ به‌ره‌ دا دوو به‌رەی شه‌ڕ بۆ هێزی به‌یان یه‌ک به‌رەش بۆ هێزی پێشه‌وا. زیاتر له‌ هه‌زار پاسدار له‌و سێ به‌رەیه‌ دا له‌گه‌ڵ نیزیک په‌نجا پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕیان ده‌کرد. به‌رەی هێزی پێشه‌وا تا ئاخرین فیشەک شه‌ڕیان کرد پێم وانیه‌ فیشه‌کیان به‌خەسار چووبێ. له‌ به‌ره‌ی سه‌رچاوه‌که‌ی قه‌مته‌رێ که‌ به‌شێک له‌ لکی دووی هێزی به‌یان به‌ فه‌رماندری شه‌هید محه‌ممەد ئه‌سپۆغه و عەلی لالە ‌ بەرخۆدانێکان کرد مێژوو ده‌بێ هەمووی به‌ ئاوی زێڕ بنووسێته‌وە. لە کۆتایی دا بەشێک لە پێشمەرگەکانی لکی یەکیش بۆ پشتیوانی لکی دوو خٶیان گەیاندە بەریی لکی دوو هاوکار بوون لەو بەر خۆدانە دا و را گوێستنی شەهیدەکان بۆ داوێنی شاخەکە . ئه‌گه‌ر ئه‌و حەماسه‌یە بدرێته‌ ده‌ست هونه‌رمەندێکی نیگارکێش تا تابڵوی لێبکا به‌ نه‌قاشی هه‌ر چی ره‌نگی دونیا هه‌یه‌ له‌ به‌ر ده‌ستی دابێ ئێستاش هه‌ر که‌م دێنێ‌و ده‌سته‌وه‌ستان ده‌مێنێته‌وه‌و سه‌ری لێده‌شێوێ‌و تابڵوکه‌ به‌ نیوه‌چڵی به‌جێدێڵێ. حەماسه‌و خۆڕاگریی له‌و چەشنه‌ ته‌نیا له‌ رۆڵه‌ی گه‌لانێک دەوەشێته‌وه‌ که‌ به‌راستی زوڵمیان لێکرواه‌و بۆ پچڕانی زنجیره‌کانی لاق‌و ده‌ستیان خۆڕاگریی ئاوا که‌م وێنه‌ ده‌که‌ن پاسداره‌کان بلندگۆیان دانابوو "کربلا کربلا الله‌ئه‌کبر"و به‌ پشتیوانیی پەدافەندو هێزێکی له‌ ئه‌ژمار نه‌هاتوو نیزیک به ‌١٥ تا ٢٠ پێشمه‌رگه‌یان خسته‌بووه‌ گه‌مارۆوه‌.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_shehidan.jpgپێشمه‌رگه‌ هه‌ر یه‌کی بیست تا سی فیشه‌کی پێمابوو ته‌نانەت مه‌جالی ده‌ست راگەیشتن به‌ ته‌قه‌مه‌نیی دیکه‌یان نه‌بوو. له‌و خۆراگری‌یە دا سێ رۆڵه‌ی قاره‌مانی ئه‌و گەلە خۆشی‌نه‌دیوه،‌ شه‌هید بوون: مامۆستا ئازاد ره‌حیم زاده که‌ هه‌ر سی خوله‌ک به‌ر له‌ شه‌هید بوونی قه‌ولی پێدام پێڵاوم بۆ پەیدا کا،‌ عه‌لی ته‌نومەندو عەزیز کیانی به‌ خوێنی سووری خۆیان له‌ سه‌رچاوه‌که‌ی قه‌مته‌رێ سه‌نه‌دی ئه‌و خۆراگری‌یە مێژوویی‌یەیان تۆمار کرد.
به‌ تاریک داهاتنی هه‌وا هه‌ل بۆ هێزی پارتیزان هه‌ڵکه‌وت تا شوێنه‌گۆڕکێ بکەین. ئه‌وەی گرینگ بوو ئەوە بوو ئه‌و سێ شه‌هیده‌ نه‌که‌ونه‌ ده‌ست دو‌ژمن. به‌ پاشه‌کشه‌ کردنی ئێمه‌ ده‌ست به‌جێ هه‌موو به‌رزایی‌یه‌کان که‌وتنه‌ ده‌ست دوژمن و بانگی الله و ‌ئه‌کبریان تێدا لێدا . بێ راوەستان شه‌هیده‌کانمان به‌ سه‌ر پشتی وه‌ڵاغه‌کان دا شۆڕ کردەوه‌. (جارێکی دیکەش هەر ئەو هەڵبەستەی ماڵ ئاوایی شێرکۆ بێکەسم بۆ نوسراوەکانم بە کار هێناوە بەڵام بڵیم چی جارێک و دووان و سیان وە.... نیە کە هاورێکانمان ئاوا ماڵاوایان لێکردین ، بۆیە زۆر بە کەمی چەند دێرێکی دەنوسم)
هەورازی کوور پشتی شاخێکی بە عومرە
بۆ پێشمەرگە دانەویوە
بە سەر پەیژەی دانە بەردا
ئەم کاروانە کڕوماتە سەر ئەکەوێ
بە سەر پشتی وڵاغەکەی پێشەنگەوە
تەرمی شەهید
دوو دەستی شۆر بەرەو زەوی
هۆ بنچکی قژ خۆڵاویی
ئەمە زامێکی تازەیەو لێ ی نەکەوی
ته‌نیا رێگایه‌ک که‌ دوژمنی لێنه‌بوو دۆڵی قزڵجه‌ بوو کە‌ به‌ بێ ده‌نگی داگەڕاینه‌ خۆارێ بۆ لای ئاوایه‌کانی به‌یرم‌و به‌ره‌جۆ. هه‌وا به‌رەو رووناکایی به‌یانی ده‌چوو ‌ بۆ پشوودان له‌ نیزیک ئاوایی هاچیده‌رێ له‌ شوێنێک که‌ پێی‌ده‌ڵین "پیر عه‌زیز" دانیشتین. وه‌ستا ئه‌حمەد گوتی چه‌ند که‌س بمێننه‌وه‌و شه‌هیده‌کان بشارنه‌وە ئه‌وانی دیکه‌ش با بڕۆین بۆ داوێنی ئه‌و شاخه‌ی بەرامبەر پیر عزیز.
شه‌هید ئه‌بوو جامه‌ردی‌و من‌و عوسمان مه‌میل،که‌سێکی دیکه‌ش که‌ به‌راستی نازانم كێ بوو، ماینه‌وە بۆ شارده‌نه‌وی شه‌هیده‌کان تا ئێوارێ ‌ بۆیان بێینه‌وه‌. بۆ ئەوەی دوژمن به‌ بۆن شه‌هیده‌کان نه‌دۆزنه‌وه‌، شه‌هیده‌کانمان له‌ نێو ئه‌ستێره‌ئاوێک که‌ پڕ بوو له‌ قامیشه‌ڵان‌و هه‌ر چوارده‌وری به‌ سپیدارو چنار گیرابوو له‌ نێو ئاو خست‌و بۆ خۆشمان رۆیشتین بۆ لای پێشمه‌رگه‌کانی دیکه‌ که‌ هه‌ر شه‌ش سه‌د حه‌وسه‌د میتر له‌وێوه‌ دوور بوون. 
هه‌وا ته‌واو رووناک بوو به‌ ئاسانی سیلەی‌ تفەنگ ده‌گیرا به‌ڵام خۆر هه‌ڵنه‌هاتبوو خه‌ریك بوو ره‌خت‌و تفه‌نگه‌کانمان له‌ خۆمان بکەینه‌وه،‌ نیگەهبانی هێزی پێشه‌وا ئاگاداریان کردین که‌ هه‌مووی شاخی پشت سەرمان ( شاخی پشت ئاشی جەهانگیر) گیراوه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ هێزێکی دیکه‌ی حه‌ساوەی دوژمن‌ بوو که‌ له‌ شه‌وێ ڕا له‌وێ بوون به‌ قه‌ولی خۆیان هه‌موو رێگاکانیان لێگرتبووین. له‌ به‌ر که‌م بوونی ته‌قه‌مه‌نی، بوونی چه‌ندین بریندارو شه‌هیده‌کان‌و برسێتی ده‌بوایه‌ خۆمان له‌ تێکهەڵچوون بپارێزین. به‌ ناچاری خۆمان له‌ ئه‌شکه‌وتێک خست که‌‌ سه‌ره‌وەی ئه‌شکه‌وته‌که‌ واته‌ سه‌رشاخی هه‌مووی به‌ هێزی دوژمن که‌ وه‌ک ورچی برینداری لێ‌هاتابوو ته‌نرابوو. بێ نان‌و ئاو چاوه‌ڕێ بووین هه‌ر ئێستا نا تاوێکی دیکه‌ بێنه‌ به‌ر ده‌م ئه‌شکه‌وته‌که‌.
کاتژمێر چواری ئێوارێ هێزێکی پەنجا تا هه‌فتا که‌سی له‌ لای ئاوایی هاچیده‌رێوه‌ سه‌رکه‌وتن بۆ سه‌ر شاخی "پیر عه‌زیز" کە شه‌هیده‌کانمان له‌ داوێنی شاردبۆوە. پاشان سێ که‌سیان هاتنه‌ خوارێ بۆ لای کانی‌و ئه‌ستێره‌که‌ که‌ شه‌هیده‌کانی لێبوون. وه‌ستا ئه‌حمەد به‌ دووربین سەیری ده‌کردن گوتی مه‌میل ئازادو وانتان باش شاردۆته‌وه؟ نه‌یان دۆزنه‌وە!!!!!!! ئه‌سپۆغه‌ ده‌سته‌یەک ئاماده‌ که‌ ئه‌گه‌ر شه‌هیده‌کانیان دۆزیه‌وه‌ بگه‌نه‌ سه‌ریان نه‌‌هێڵن بیانبەن. سێ پاسداره‌که‌ به‌ ده‌وری‌ ئه‌ستێره‌که‌ دا بۆ ماوەیەک خولانەوە. هه‌موومان هه‌ناسه‌کانمان له‌ سینگمان دا راگرتبوو که‌ نەکا پاش ئه‌و هه‌موو زەحمەته‌ ئاوا به‌ ئاسانی شه‌هیده‌کان بکه‌ونه‌ ده‌ست دوژمن! و بیانبەن له‌ نیو شاری به‌شوێن ماشێن دا رایان ده‌کێشن. بەڵام وا وێدەچوو له‌ بێستانه‌که‌‌ ته‌ماته‌و شتی وایان لێکرده‌بۆوه‌، تێهه‌ڵبوونه‌وه‌ بۆ لای پاسداره‌کانی دیکه‌ له‌ سه‌ر شه‌خسه‌که‌.
ئێوارێ که‌ هه‌وا تاریک بوو، وه‌ستا گوتی لکی دوو بڕۆن شه‌هیده‌کان بێنن، 
ده‌سته‌یه‌ک له‌ ئەستێره‌ئاوه‌که‌ نیزیک بووینه‌وه‌ ده‌وری ئه‌ستێرەکەمان گرت. شه‌هید محه‌ممەد ئه‌سپۆغه‌ به‌ بێسیم به‌ شه‌هید وه‌ستا ئەحمه‌دی ده‌گوت من دروست نازانم گوڵاڵەکانیان له‌ کام لا داناوه‌. به‌ سرته‌ به‌ محیدین خان ئه‌حمەدی که‌ له‌ نێوان من‌و ئه‌سپۆغه‌ بوو گوتم: به‌ کاک محه‌ممه‌د بڵێ من ده‌زانم. 
ئه‌سپۆغه‌ ده‌ستی ئه‌حمه‌د قۆچاغی گرت ئه‌ویش هی محیدین‌و محێدینیش ده‌ستی منی گرت‌و وه‌ک شتێک زنجیرێکمان ساز کرد. تفەنگه‌کەم لای وان داناو شۆڕ بوومه‌وە بۆ نێو ئه‌ستێره‌که‌ تا شه‌هیده‌کان له‌ ئاوه‌که‌ دەرکێشمه‌ ده‌رێ. شەو خۆی تاریکە کە لە نێو دارستانیش بی تاریکتر، ئاوه‌که‌ تا نێوقەدم دەهات ‌هێنده‌ سارد بوو خه‌یاری شه‌ق ده‌کرد. سه‌ر ئاوه‌که‌ به‌ قه‌وزه‌و گه‌ڵا داپۆشرابوو، ده‌ستێکم به‌ ده‌ستی محێدینەوه‌ به‌ ده‌سته‌که‌ی دیکەم‌و لاقه‌کانم له‌ نێو ئاوه‌که‌ بۆ شه‌هیده‌کان ده‌گه‌ڕام، که‌ له‌پڕ ده‌ستم وه‌ لاقی یه‌کیان که‌وت. هه‌ستم کرد که‌سێکم زۆر زۆر فه‌قیر،‌ ساڵانێکی دوورودرێژه‌ له‌ ژێر خۆڵ‌و ئاو دا به‌ شوێن گه‌نج دا ده‌گه‌ڕێم‌و ئێستا دۆزیومەتەوە . هەر خێرا توند گوێزینگی لاقیم گرت گوتم محیدین رامکێشه‌ دەرێ یه‌کیانم دۆزییه‌وه.‌ که‌ شه‌هیده‌که‌م هێنا وشکایی ئه‌سپۆغه‌ خێرا خۆی له‌ سه‌ری نیزیک کردوه‌ گوتی: کاک ئازاده‌. به‌ دەسره ‌یەزدیەک نێوچاوانم بەستبوو، ئه‌سپۆ‌غه‌ توند ده‌ستی هێنا گرێی دەسره‌که‌ی له‌ پشت سه‌رم گرت توند نێوچاوانی ماچ کردم گوتی: ئێستا نۆرەی عه‌لی‌و عەزیزه‌، دووباره‌ محێدین ده‌ستی گرتم چوومه‌وه‌ نێو ئه‌ستێرە ئاوه‌که‌ به‌ هاوکاری محێدین‌و قوچاغی‌و ئه‌سپۆغه‌ یه‌ک یه‌ک ئه‌وانیشم ده‌رکێشا.
b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_435.jpgده‌بوایه‌ هه‌ر چی زووتر لەو‌ شوێنه‌ دوور که‌وینه‌وه‌، هه‌ر به‌ چوار که‌س شه‌هیدێکمان ده‌ست دایه‌ تا هێزمان له‌ به‌ر دابوو بۆ لای پێشمه‌رگه‌کانی دیکه‌ که‌ له‌ خوار ئێمه‌وه‌ چاوە‌ڕێمان بوون هه‌ڵاتین. شه‌هیده‌کانیان به‌ سه‌ر وه‌ڵاغه‌کان دادان‌و‌ شه‌هید ئه‌بوو کانیەڕه‌شی گوتی: دا تۆخدا تۆزێک ده‌ست راگرن. کۆڵه‌پشتێکه‌ی کرده‌وه‌و‌ به‌ ئودکڵۆنه‌ تیروزه‌که‌ی هه‌ر سێ شه‌هیدکانی گۆڵاوپرژێن کرد‌. شه‌هید عەبدولا شه‌ریفی له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک شه‌هیدەکانی برد بۆ ئاوایی قۆڵغه‌ته‌په‌ تا رادەستی خه‌ڵکیان که‌ن‌و به‌ خاکی پیرۆزی نیشتمانیان بسپێرن. ئێمـه‌ش تیمێک چووینه‌ نێو ئاوایی هاچیده‌رێ. له‌ گه‌ڵ محێدین خان ئه‌حمدی‌و ناسر دامەنگیر چووینه‌ ماڵێک. گوتمان نانمان ده‌نێ ده‌بێ بڕۆێن‌. پاشان من داوای ‌ پاتۆڵێکی کۆنه‌م کرد ئه‌گه‌ر هه‌یانه‌ پاتۆڵیک بۆ من بێنن، کچی ماڵه‌که‌ سەیرێکی کرد‌م گوتی ده‌ک کوێر بم بۆتان ئه‌وە له‌ ئه‌ستێره‌ئاو که‌وتووی؟ له‌ گه‌ڵ محێدین‌و ناسر سەیرێکی یه‌کترمان کردو چاوه‌ڕێی هاتنی نانه‌که‌مان کرد.
له‌ رۆژی ئازادی کوردستان دا وه‌ک حه‌سه‌ن زیرەک ده‌ڵی با بچین سووره‌ گوڵان بچنین له‌ سه‌ر کانی قه‌مته‌رێ، ئێمه‌ش ده‌چێن بۆ کانی قه‌مته‌رێ بۆ چنینی گؤڵه‌ سووره‌کانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ دڵگیره‌. چونکه‌ زۆر لام پیرۆزتره‌ له‌ ئاوی زمزم که‌ حه‌جاجی ده‌چنه‌ سه‌ری. یادی ئه‌و خۆراگڕیه‌ سه‌ربه‌رزانه‌تان‌و زنجیره‌ یاده‌کانی دیکه‌تان به‌رزو به‌رێز بێ: مامۆستا ئازادی ئازاو دانا، عه‌لی خۆێنشیرینی گورج و گوڵ، عەزیزی هه‌موو کات له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ دا! سووره‌ گوڵه‌کانی سه‌ر چاوه‌ی قه‌مته‌رێ.
‌‌هەڤاڵ ئەحمەدی

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

:: بەشی ٦ و ٧

:: بەشی ٨ و ٩

:: بەشێ ١٠ و ١١

:: بەشی ١٢ و ١٣

:: بەشی ١٤ و ١٥

:: بەشی ١٦ و ١٧

:: بەشی ١٨ و ١٩

:: بەشی ٢٠ و ٢١

:: بەشی ٢٢ و ٢٣

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.