salah_pourasad.jpgدادگایی کردن‌و ئێعدامی ڕێبەانی "اتحادیە". بەشی ٢٢ و ٢٣
ئەو کەسانەی کە دادگایی دەکران لە قوژبنێک پەستێوترا بوون. جێگاکەیان ھێندە تەنگ بوو بە زەحمەت

دەیانتۆانی لە جێی خۆیان ھەستن. بە ھەمویان میکرۆفونێکان ھەبوو. دادگا کە بە شێوەی بە کۆمەڵ بەڕێوە دەچوو. لە ھیچ کۆێی دونیا ٢٨ نەفەر بەیەکەوە دادگایی نەکراون. ھیچ مافێکی بەندیەکان لە بەر چاو نەگیرا بوو.

"لاجوردی" جناتکار بە ناو دادگاکەی کرد بۆوە ، شوێنی ترساندن و تۆقاندنی ھەموو ئەو کەسانە کە لە تلویزیونەوە دادگاکەیان دەبینی. ھەڕەشەی دەکرد. بوختانی دەدانە پاڵ. جنێوی پێ دەدان، چووکی دەکردنەوە. گاڵتەی پێ دەکردن. ھەڕەشە کوشتنی لێ دەکردن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_22.jpgلەو لاشەوە بە ناو قازییەکە" گیلانی" کە لە ھەموو شتێک دا وەستا بوو جگە لە قەزاوەت، بە پێچەوانەی ھەموو عادەتێکی دادگا، دەیترساندن، داوای لێ دەکردن بپاڕێنەوە، تۆبە بکەن. ئەو حزبوڵایانەی تێبەردەدان. دەیھێنان قسەیان پێ بڵێێن.

ئەو ئومەتە موسڵمانە، دەیانگووت: ئەوانە مردوویان سوتاندوە، منداڵیان کوشتوە، مەلایان ئێعدام کردوەە، پوڵیان لە ئەمریکا وەرگرتوە، کار بۆ ئەمریکا دەکەن، ماڵی خەڵکیان دزیوە و دەیان شتی بێ سەرە و بەرە کە ھەموو لە ڕاستیەوە دوور بوون. نە ئەو کەسانەی فێر کرابووون باوەڕیان پێی بوو، نە قازیە خوێن ڕێژەکە.

ماوەیەکی کەم کاتیان دەدا بەو کەسانەی دادگایی دەکرێن. لە پێشدا پێیان گوتبوون کە ھەر دەبێ ئەو قسانە بکەن کە ئەوان بۆێان دیاری کردوون. ئەو کەسانەی وەک سیامەک زعیم (شھاب) و غلام‌عباس درخشان ( مراد) چونکە ئامادە نەبوون بە قسەیان بکەن لە ژێر ئەشکنجە دا مردن ، بەڵام نەھاتنە دادگا تا ڕاسپاردەکانی گیلانی و لاجوردی باس بکەن.

لێرە دا نامھەوێ لە ڕابردووی شۆڕشگێڕانەی ئەو کەسانەی دادگایی کران کەم کەمەوە. ھێندێکیان سەرەڕای ئەو گشتە ئەشکەنجەیە خۆێان ڕاگرت، ھێندێکیان وەک " یەل مەمەد"، چی بە سەر زاری دا ھات بە شۆڕش و اتحادیە و ڕێبەرانی گووت. ھێندێکیان لە بەر پاراستنی ژیانیان داوای بەخشینیان لە ئومەتی حزبوڵا کرد ھێندێک کەس وەک حوسێن ریاحی، ھەر چەند گوتی لە سەر کمونیزم ڕاڕا بووم، بەڵام ناتۆانم بڵێم کومونیست نیم. بەشێکی زۆریان چ ئەوانەی زەعیف بوون و چ ئەوانەش خۆڕاگر ئێعدام کران.

ناتۆانم قەزاوەت لە سەر ھیچیان بکەم بە باش و خراپ، تا ئەو جێگایەی کەسی تر نەخرابێتە داوی ڕێژیم، بۆ مانەوە لە ژیان، شتەکانی دیکە ناڕەوا نایەنە بەر چاو . ژیان شیرینترین خۆشەویستە کە زۆر کەس بە دوو دەستی پێوەی دەنوسێن. من خۆ ئەگەر لە جێگای ئەوان بام، نازانم چلۆنم ڕەفتار دەکرد.

لە سەرەتایی دروست بوونی سەربەداران تا ساڵی ١٣٦٧، اتحادیە، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ڕێبەران ، کادر و ئەندام و لایانگریان یان لە شەڕ دا گیانیان بەخت کرد یان بە دەستی ڕێژیم ئێعدام کران. جگە لە کۆمەڵە ، ھیچ ڕێکخراوێکی چەپ ، ئەوەندە کەسەی نەبوونە قوربانی.

ئێمە لە ناوچەی ژێر دەستی پێشمەرگە بووین کە زستانی ساڵی ١٣٦١، لە یەکەم ساڵڕۆژی شەڕی ئامول، ریاحی و ٢٧ کەسی دیکە گوللە باران کران. زستانی ساڵی ١٣٦١ مان لە قادر ئاوا بەڕێ کرد، کومیتەی شارستانی مەھابادی حیزبی دێموکرات لە حوسین ئاباد بوو، جارێک لە گەڵ ئازاد چووینە لایان. ئەو کات " اتحادیە" چوو بووە ناو شوڕای میللی مقاومەت، دیارە ئەوانش زۆر نەمانەوە و بە جێیان ھێشت.

بەرپرسی کومیتەی مەھاباد لەوێ نەبوو، کەسێک بە ناوی مەلا خالیدی خاکی مان دیت، وابزانم ئەندامی ھەیئەتی ئیجرایی بوو. نیوەڕۆیەک لە لایان بووین و رێزیان گرتین. ھەواڵی عەمەلیاتێکی سەربەدارانمان پێدان کە لە ڕادێو بڵاوی بکەنەوە، ھەواڵەکە ئەو کات لە ڕادێوی دەنگی کوردستان بڵاو کرایەوە.

لە گەڵ دەستێکی ساڵی تازەی ١٣٦٢ ڕێژیم دەستی بە ھێرش کرد کە چادەی بۆکان- مەھاباد بگرێتەوە، لە درێژەی ئەو شەڕانە و گرتنەوەی جادەکە، قادرئاوامان بەجێھێشت و چوینە ئاوایی باغچە، کە ھەم گەورەتر و ھەمیش خۆشتر بوو. بەرە بەرە، ژومارەمان چۆوە سەر و ھێندێک کەس کە خەتەریان لە سەر بوو، دەیانناردنە لای ئێمە. بەشێکی زۆری ئەو کارانە لە سەر شانی من و ئازاد و کوڕێکی خەڵکی سنە بوو. بەھار ئەو ساڵە باران زۆر باری و لافاوێکی بە خوڕ ھات و دوو کەسی خەڵکی باغچە لە ئاکام ئەو لافاوە دا گیانیان لە دەست دا.

بنکەیەکی چریکی ئەقلیەتیش لە ئاوایی باغچە بوو، پەیوەندیەکی ئەوتۆمان نەبوو. ئەوان خۆێان پێ زل بوو، پێیان وابوو ئێستاش ئەو چریکانەن کە دەیان ھەزار کەسیان لە تاران کۆ دەکەدەوە . ئێمەش کە خۆمان بە میراتگری شەڕی ئامول دەزانی و ناوبانگمان دەرکرد بوو حیسابمان بۆ نەدەکردن. لێرە برسیەتی نەبوو، ماندوو بوون نەبوو، ئاردمان دەدا، نانیان بۆ دەکردین. ئەوانەش وا لە شارەکانی دیکە ڕا ھاتبون باشترین خواردنیان دروست دەکرد.

گرتنی شوڕای چوارەم (بەشی٢٣)

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_23.jpgچەند مانگێک لە ئاوایی باغچە ماینەوە، ڕێژیم ھێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە دەست پێ کرد بوو. لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٦٢ پێیان ڕاگەیاندین کە "اتحادیە" دەیھەوێ "شوڕای چوارەم " کە وەک نیمچە کۆنگرەیەک وا بوو لە کوردستان بەڕێوە دەبا. بۆ ئەو مەبەستەش، دوو دوو و سێ سێ، خەڵکەکە لە شارەکانی دیکەوە بەڕێی لای ئێمە کران.

بە ھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی ڕێژیم بە ناچاری وەسایلەکانمان لە گوێ درێژێک نا و بنکەکەمان بردە گوندی "موسێ" ژومارەمان گەیشبوە ٣٧ کەس، چەند کەسیش بە ھۆی جۆراوجۆر نەیانتوانی بگەنە لامان.

لەو ماوەیە دا، زۆر شتمان لە سەر جوڵانەوەی کوردستان بۆ دەرکەوت. بۆمان دەرکەوت کە بە پێچەوانەی بۆچوونی "اتحادیە"حدکا نە نوێنەرایەتی بورژوازی دەکا و نە خەریکی سات و سەودایە و نە لە بەرەی دوژمن دایە. بە زۆری پێشمەرگەکانیان کە بەرگری لە کوردستان دەکەن، کوڕی ئەو جوتیارە کەم زەویانەن کە ئەوان (اتحادیە) بە تەمان ڕزگاریان بکەن.

بەرە بەرە ، شکمان لە بۆچونی خۆمان لێ پەیدا بوو ، زانیمان ھەڵەین. شوڕای چوارەم لە موسێ بە بەشداری ئەو ٣٧ کەسەمان بەڕێوە چوو، ئێمە کوردەکان ، ھەوڵێکی زۆرمان دا کە لەو کۆبوونەوانە دا بۆ چوونی "اتحادیە" لە سەر بزوتنەوەی کوردستان بگۆڕێن و لە یەکێک لە بەڵگەکانی ئەو شوڕایە ، ڕاگەیاندرا کە بزوتنەوەی کوردستان کە لە دوو ھێزی سەرەکی واتا حدکا و کۆمەڵە پێک دێ، بزوتنەوەیەکی گەلی و ڕەوایە و دەبێ پشتیوانی بکرێ.

ھەر ئەوش وایکرد، کە "اتحادیە" زیاتر لە حدکا نزیک بێتەوە. لەو شۆڕایە دا ئەندامانی ڕێبەرایەتی ھەڵبژیردران. سازماندەھی تازە کرا و بڕیار بوو کە بزوتنەوەی جەنگەڵ دەست پێ بکەنەوە، پاش ناردنی چەند کەس بۆ جەنگەڵ و گیرانی ٢ کەس و ئێعدام کردنیان ھەر لە سەرەتای دەست پێکردنەوەکە، ئەو گەڵاڵەیە شکستی ھێنا و لە ھەموو شارەکان "اتحادیە" کەوتە بەر پەلامار و بەشێکی زۆر لە ڕێبەرایەتیە تازە ھەڵبژیردراوەکەی گیران و پاشان ئێعدام کران. یەکێک لەو ٢ کەسەی کە لە جەنگەڵ گیرا، کوڕێکی لاوی کورد خەڵکی خلیفە تەرخانی سنە و ناوی عبداللە میراویسی بوو.

دووبارە بارمان تێک نا و بەرەو ناوچەی ئالانی سەردەشت وە سەر کەوتین. زۆربەی حیزبە گەورە و بچووکەکان لەوێ بوون. ئێمە ٦ نەفەرێک مابووینەوە.

dr_qasimloo3.jpgئەستی پیرۆتی سەردانی دوکتور قاسملوی کرد و ھێندێک ئیمکاناتی لە حیزب وەر گرت و لە ئاوایی دولکان وێکرا لە گەڵ حیزبەکەی حەسەن ماسالی کە پێم وایە لە ژیر ناوی جنبش انقلابی گیلان و مازندران، کاری دەکرد بنکەیەکمان کردەوە. حەسەن ماسالی خۆی و کابرایەکی سمێل زل بە ناوی بیژن و سەربازێکی تورک کە بە ئەسیر لە لایان پێشمەرگەوە گیرا بوو ناوی محەممەد بوو، پاشان چووبۆە گەڵ حەسەن ماسالی.

ئێمەش من و ئازاد و مستەفای قازی‌زادە، ھەمزەی شەمس الدینی، و ژن ومێردێکی فارس بە ناوی یاسی و ئەحمەد بووین.کابرا تورکە کە چوو بۆوە گەڵ حەسەن ماساڵی کەسێکی بێ ئەخلاق بوو، جار و بارە کە لیستی نیگابانی دەنوسی، وای دا دەنا کە ئەو ژنەی ھاوڕێمان ھەستێنی و بەو شێوەی دەستێکی وێی کەوێ.

شەوێک ژنەکەی دوای خۆی بە نیگابان نووسی . یاسی لە کۆبوونەوەی خۆمان گوتی، ئەو ھەتیوە بە جۆرێکی تایبەت دەستم لێ دەدا کاتێک بۆ نێگابانی ھەڵم دەستێنێ. ئازاد گوتی ئەو شەو کە ھات ھەڵت ئەستێنێ، کە زانیت ڕەفتارەکەی گونجاو نییە، مستێکی لە دەمی دە و دوایە بۆ خۆم دەزانم چی لێ دەکەم.

نیوەشەو، لە گەڵ لە فڵچ دانی تورکە وەخەبەر ھاتین. ئازاد یەکسەر ھێرشی بۆ برد و کوتانێکی باشی لێدا. بۆ سبەینێ ، ماڵمان بەش کرد و ئەوان لە دیوەکانی خۆیان و ئێمەش لە دیوەکانی خۆمان کارمان بە یەک نەما.

ھەموو پێداویستی و ئیمکانات حیزبی دێموکرات پێی دەداین. چوار نەفەریان ناردین کە لە فێرگەی حیزب دەورەیەکی مودیرییەت ببینن ھەمزە، مستەفا، ئازاد و من چوینە دەوەرەکە، فێرگە لە پشتی مەزنئاوێ بوو. ئەو کات لە گەڵ کاک چەکۆ و ژومارەیەک پێشمەرگە و فەرماندەی حیزب ئاشنا بووین. یوسف خوشڕو، رحیم ابراھیمیان و ژومارەیەک کەسی دیکەمان ناسی.

ئەو دەورەیە زۆر شتی فێر کردین و باشتریش حیزبمان ناسی. ھەمزە دەورەکەی لا سەخت بوو. چونکە سیگار کێشێش بوو، ھەمیشە لە وەرزشی بەیانان وەدوایە دەکەوت. دەورەکەمان بە باشی تەواو کرد.

ھێرشی ڕێژیم ناوچەی ئالانیشی گرتەوە. کە ڕێژیم ھێرشی ھێنایە سەر ئالان ئێمەش ٣ نەفەری، مستەفا و ئازاد و من کە گۆیا دەچین بەر بە ھیرشی دوژمن دەگرین. لە گەڵ ژومارەیەک پێشمەرگەی لایانەکانی دیکە شەو و ڕۆژێک خۆمان وە بەر تۆپبارانی ھۆمل دا.

بنکەی حیزبەکان بە ھۆی فشار ڕێژیم لە ئالانیش نەما، ئێمەش دەگەڵ ھەموویان چوینە گەڵالەی نزیک سەفەرە و لە ناوچەی دابرێندراوی حیزب دێموکرات و لە تەنیشت دەفتەری سیاسی بارمان لێ خست. دیارە پێشتر ھەماھەنگی کرا بوو کە ئێمەش بچینە ئەو شوێنە.

کۆمەڵەش بەشی خۆی چەند سەد میترێک زەوی بو خۆی دابڕی بوو بنکە سەرکردایەتیەکەی لەوێ بوو ، لە تەنیشت یەکتر بوون. سێ جەمە نان و خواردنمان لە حیزب وەردەگرت. وەک ئورگانێکێ ئەوان لە نۆبەی نان وەرگرتن ڕادەوەستاین.

(درێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

:: بەشی ٦ و ٧

:: بەشی ٨ و ٩

:: بەشێ ١٠ و ١١

:: بەشی ١٢ و ١٣

:: بەشی ١٤ و ١٥

:: بەشی ١٦ و ١٧

:: بەشی ١٨ و ١٩

:: بەشی ٢٠ و ٢١

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.