salah_pourasad.jpgدژواریەکانی ناو جەنگەڵ ( بەشی ١٠ و ١١ )
تا ئەو کاتە و ئەو شەوە ھەستم بە دوری و دابران نەکردبوو. دابڕانێک کە چارەنوسی نادیار بوو.

بیری زید و نیشتمان، چیا دۆڵ و ڕوباری کوردستان ھاتنەوە یادم، من و ئەو شوێنە نامۆیە؟ بە دەم ڕێگاوە شار و گوند و قوتابخانە، ھاوڕێ و ھاو پۆلەکانم دەھاتنەوە یاد. دایکم و بابم کە بە زەحمەتێکی زۆر منیان ئامادە دەکرد کە لە دوا ڕۆژ دا ئەمەگیان بدەمەوە، مێشک و زەینی منیان خەریک کرد بوو. زۆر جار بابم دەیگوت: ئەوە چییە وە شوێنیان کەوتوی، بۆ ناچیە نێو حیزبێکی کوردی. بۆ پشویەکی کورت ھەر چۆارمان لە لای یەک کۆبوینەوە و بە ھێندێک قسەی قۆڕ ، خەمەکانم لە بیر بردەوە. وەڕێ کەوتنەوە و ھێرشی خەیاڵات، باشە چۆن شارەزای ئەو جەنگەڵە بین، خۆ سەدان کیلومیتر لە کوردستان دورە، ئاو و خاک و دار و بەردی جیاوازە، خەڵکەکەی ناناسین، فەرھەنگ، زمان و ھەلس و کوتیان بە باشی تێ ناگەین، ئێمە و ئێرە؟ ھەر شۆڕش و شەڕگەیەک سەرکەوتنەکەی لەوە دایەکە شۆڕشگێران ناوچەکە بناسن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_10-1.jpgئێرە بە خەونیش نەمان دیبوو، بۆێە نیگرانی لە چارەنووسێکی نادیار لە چاومان دا دەخوێندرایەوە. لە گەڵ ڕووناکی بەرە بەیان گەیشتینە شوێنی حەسانەوەی سەربەداران ، لە ھۆڵە مەڕێکی بە دار و تەختە دروست کراو دا لە حاڵی پشوو دان دا بوون، بە زاراوەی مازەندەرانی پێیان دەگوت" تەلار". ئەو جەنگەڵە دەیان ھۆڵە مەڕی لەو چەشنەی لێ بوو کە دەکرا خۆت لە بارانی ھەمیشەیی ئەو ناوچەیە بپارێزی. پاش خەوێکی چەند ساعەتە ھاوڕێیان لە دەورمان کۆبوونەوە. زیاتر لە ٣٠ کەسمان دەناسی کە پێشتر لە کوردستان دیتبومانن. ھەر یەکەو دایانین بە گروپێک و لێکیان دابڕاندین. ئەو گروپەی من چووم بەرپرسی نیزامییەکەی محمد بوو. نەدەکرا بڵێین بە یەکەوە دەبین، چونکە ئەو کارەمان بە لادان لە ئەخلاقی کمونیستی دا دەنرا، بۆێە ڕازی بە قەزا و قەدەر بووین.

دەور و بەرمان بە دەیان مۆڵگە گەمارۆ دابوو. خۆاردن بە زەحمەت گیر دەکەوت.باران و سەرماش تەنگی پێ ھەڵچنیبووین. ڕێژیم شۆانە مەڕ و گاڕانەکانیشی ترساند بوو، نەیاندەوێرا، شیر و پەنیر و ماڵاتمان پێ بفرۆشن. بە زاراوەی مازەندرانی بەا شۆانانەیان دەگووت " گالش". ئەو زەحمەتکێشانەی خۆمان بۆ بە کوشت دەدان، لێمان دەسڵەمینەوە. جێ گۆڕکێی ڕۆژانە، نەبوونی خۆاردەمەنی، ماندویی و سەرما و مێشوولە ژیانی لێ تاڵ کرد بووین. بۆ ھێنانی برینج دەبوو شەوانەی تیمیک ١٢ ساعەت بڕوا و برینج لە سەر جادەی ھەرازەوە بێنێ، ١٠٠ نەفەری برسی بە زەحمەت تێر دەبوو. خواردنی بنەڕەتی برینج بوو، نەک ئەو برینجەی خەڵک دەیخوا، بەڵکوو بۆ ئەوەی زۆر دیاری بکا لە مەنجەڵێکی گەورە دا بە ئاوێکی زۆر دەیانکوڵاند تا زۆر دیار بکا و بتوانێ زگی خەڵکەکە تێر بکات، بێ ڕۆن، بێ خوێ و بێ تام. بە ھۆی بێ ڕۆنی و ھەڵمسانی ئەو برینجەی کە دەمانخوارد، کاری ئاودەست زۆر ئاستەم ببوو. ھەر کەسێک کاری ئاو دەستی ھەبا بە قەدەر منداڵ بونێکی ئازار دەچێشت تا بتوانێ گوو بکا. بە ھۆی ئەو جۆرە ئاوە دەستە و قەوت لە خۆ دانە ئی بووچاوی لە ژیڵا دەھات وخەریک بوو ھەر دوو چاوی بێتە دەر ، بە کارەساتی ئەو قەبز بونەوە کەس گووی بە پاچیش نەدەشکا. ئاو گەرم کردن ھاسان نەبوو، خۆ شۆردن بە زەحمەت و ئاو گەرم کردن بۆ شۆردنی لیباسیش لە بەر دوکەڵ کردن و مەسەلە ئەمنییەتی زۆر دژوار بوو. سەر و ڕیش ھاتوو، چڵکن و دژوێن، کێچ و ئەسپێی ناو ھۆڵە مەڕیش ھێرشیان ھئێنا بوو.

ئاوی خواردنەوی ناڵەبار ھێندێکی توشی زگ چوون کرد بوو ، بۆڵە بۆڵ و قسە لێک ھەڵبەزینەوەی ئەوانەی ماندوو ببون دەستی پێکرد بوو. بەد شانسی ئەو ساڵە بەفرێکی زۆر جەنگەڵەکەی سپی کرد، ئەوەش دەردێکی تر بوو کە ھاتە سەردەردەکانی دیکە. من ئینسانێکی زگە ڕۆ و نەوسن و زۆر خۆر نیم، بەڵام لەو ماوەیەی کە لەوێ بووم قەت تێر نەبووم، ھەمیشە برسی و داماو و چاو بە قووڵ دا چوو. نە تەنیا من بەڵکوو ئەوانی دیکە وەزعیان لەمن شڕتر بوو. گۆشت یان نەبوو یان زۆر بە کەمی مەڕیان پێ دەفرۆشتین. ڕۆژێکیان، ڕەوەیەکی بەرازمان دیت و بە ناچاری تەقەمان لێکردن و چەند بەرازێک کوژران. خۆاردنێکی بە تامی گۆشت بەرازیان ساز کرد، گۆشتێکی بە تام و لەزەتمان خۆارد.

ڕۆژێکی دیکە ئێسترێکی نەخۆشمان بوو، بە ناچاری سەریان بڕی، ھەر چەندی ھێنام و بردم ، نەمتۆانی لەو گۆشتاوە بخۆم. ناوەڕاستی مانگی بەفرانبار وردە وردە خەریکی خۆ کۆ کردنەوە بووین کە بچینە ناو شار. چەندین شەڕ و تێکھەڵچوونی وردو درشت لەو ماویە دا ڕوویان دا .سەرەتاکانی مانگی بەفرانبار ئێمە تیمێکی ٧ کەسی دیدەبان بووین، سەعاتی ٧ ی بەیانی پاسدار و ژاندارم ھێرشێکی توندیان بۆ ھێناین،. یەکەم جار بوو لە جەنگەڵ تێدەکەوتم، لە کوردستان ھێندێک شەڕ و قوونە شەڕم دیبوو . بە ھۆی چڕی دارستان تا نەھاتنە چەند میتری نەماندیتن، لە یەکەم تەقە دا بەرپرسی سیاسی تیمەکەمان بە ناوی " اکبر اصفھان" گیانی لە دەست دا. ڕەوەیەکی گەورەی دوژمن و ٦ کەس ، شەڕی دەستەو یەخە و نارنجۆک، دوژمن زەبری وێکەوت و ئەو جار تۆپی ١٠٦ و خومپارەی وەکار خست، زیاتر لە سەعاتێک نەمانتۆانی خۆ ڕاگرین، زۆرمان ھەوڵ دا جەنازەکە بێنین، بە ھۆی ئاوری دوژمن سەرکەوتوو نەبووین. بە ناچاری پاشەکشە مان کرد و مۆڵگەیەکی گەورەیان لێ دامەزراند.

ھەر ئەو شەوە لەوشوێنە پاسداران بە ھەڵە کەوتنە شەڕ لە گەڵ یەکتر و چەند کەسیان لێ کوژرا. پینج ژنمان لەگەڵ بوو کە کاری دەرمانیان دەکرد، دەتۆانم بڵێم لە ھەموو بارێکە سەرکەوتوو و شۆڕشگێر بوون. لە پێاوەکانی ماندووتر بوون. یەکێک لە ژنەکان مێردی لە گەڵ بوو. جار وبارە لەو دارستانە چڕ و پڕە لە بەر چاوان ون دەبوون .کەس خۆی لە کەس پێ گەورەتر نەبوو، ئەو کەسەی کە کاری ئاشپەزی دەکرد و وەک یەک بە ھەموان ڕادەگەیشت، ناوی "محمد صادق یزدانپنا" بوو، ناوبراو مامۆستا زانکو بوو. 

 

خۆ پێچانەوە بۆ سەفەری بێ گەڕانەوە (بەشی١١)

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_11-1.jpgپاش ھەر شەڕ و تێکھەڵچوونێک، بە ساعەت کۆبوونەوەی لە سەر دەکرا. زۆر دەکوترا و کەمیش دەبیسرا. مەیدان، مەیدانی چەنەوڕەکان بوو. کوردەکان لە پێشەوەی ھەموو مەئمورییەتە دژوارەکان دا بوون. کاک سمایل وەک فەرماندەی گشتی ساتێک ئارامیی نەدەگرت، بەردەوام شناسایی، تەداروکات، شوێنی ئیستراحەت، کەمین و دیدەبانی دیاری دەکرد، کاک محمدی برای، سەڕەڕای ئەوە ئەو حەرەکەتەی قەبوڵ نەبوو، بە دڵەوە جێگری فەرماندەیی گشتی و سەرپەرستی دەستەکەی ئێمەبوو. کرماشانییەکان ، لە پێشەوەی کەمین و شەڕەکانەوە بوون. قادر خزری، ئازایەتیەکەی بێ وێنە بوو، ناسری قازی زادەش ڕاھاتووی جەرگەی خەبات و سڵی لە مردن نەدەکردەوە، ئازاد ڕەحیم زادە سەڕەڕای تەمەنی کەمی یەکێک لە باشترین و نەترس ترین کەسە کان بوو . لە ھەموویان خراپتر من بووم. با لەو بارەیەو قسەیەکی خۆشیش باس بکەم. لە ماوەی ئەو لەت و پەت بوونانەی حیزبەکانی کوردستان، ئەندامی یەکێک لەو حیزبانە لە کۆبوونەوەیەک بو خەڵک قسە دەکا، خەڵکەکە بە زەوقەوە چەپڵەی بۆ لێدەدەن، دەپرسن ئایا ئەندامانی حیزبەکەی تۆ ھەموویان ئاوا شارەزان. کابراش ئیحساساتی دەبێ و مستێک لە مێزەکەی بەر دەمی دەدا و دەڵێ، جا ئەوە چیتان دیوە، من کەرەکەیانم.

لەو ماوەیە دا کەسێکی گوندێکی نزیک جەنگەڵ کە خودا غەزبی لێ گرتبوو و مانگێک بوو ھاتبوە گەڵمان بە تفەنگەوە خۆی تەحویل داوە و بوو بە جاش و ڕێژیم ھەموو شتێکی ئێمەی بۆ ئاشکرا بوو. ڕۆژێک کۆبوونەوەیان بۆ گرتین و وەزعیەتی شاریان بۆ باس دەکردین تورکێکی ئازەربایجانیمان لە گەڵ بوو، لەھجەیەکی زۆر غەلیزی ھەبوو. پێاو دەبوو تورکێکی باش بزانێ تا لە فارسیەکەی حالی بێ. کابرا، نەقڵی قەولی لە ستار خان ێەکێک لە ڕێبەڕانی دەورانی مەشروتە لە تەورێز ھێناوە و گووتی، ستار گوتویەتی یەک مانگ وێنجەمان خۆارد ئازادیمان وەگیر خست، بۆ ئێمە چیمان لەو کەمترە. قسەکەم ھێندە پێ قۆڕ بوو گوتم ، تۆ ئەگەر ٢ مانگیش جۆ بخۆی ناتۆانین پاسگایەک بگرین. تێکرا دەستیان بە پێکەنین کرد، بەڵام دوایە پێیان گوتم نابێ ئەو جۆرە قسانە بکەم. جگە لە فشاری سەرما وبرسیەتی ، زانیمان کە ڕێژیم بە تەمای ھێرشێکی گەوەریە و دەیھەوێ ھەر لە ناو دارستان لە داومان بخا. ئاخر کۆبۆنەوە بۆ ناساندنی شار لە سەر نەقشە گیرا، بەرپرسەکان بە دڵنیایەوە لە سەرکەوتنیان دەڕوانی و دەیانگووت تا چەند ڕۆژی دیکە کۆماری دێموکراتی ڕادەگەیەنین، پاشان دەچینە بابل، ساری ، قائمشھر و نور . خەیاڵ پڵاوێکی خۆش بوو. بە ئازادم گووت، پێم وا نییە سەرکەوتوو بین، ئازاد گوتی، ئەوان بێ لێکدانەوە دەست لە کاری وا نادەن. بەڵام نەتەنیا بێ لێکدانەوە بوو، مەودای زەوی و ئاسمان لە گەڵ واقعییەت دور بوو.

شەوی یەکی ڕێبەندان لە شوێنەکانمانەوە ھەر ١٠٠ نەفەرەکەمان بە ڕێز بەرەو ئامول بەڕێ کەوتین. ئەو شەوە بەفرێکی باش باریبوو، کوێرە ڕێگاکان بە زەحمەت دەبینرانەوە.رێگا سەخت و خلیسک و ناخۆش بوو، سەرما و بێ ھێزی و برسیەتی، بڕستیان لێ بڕیبوین. ئەو شەوە ١٢ ساعەتمان ڕێگا بڕی. لە چەندین شوێن خواردنی ویشکیان شارد بۆوە کە ھەر کەسەوە بەشی خۆی پێ بدەن و لە کاتی شەڕ دا کەڵکی لێ وەرگرێ. کۆڵە پشتی ئاخندران و قوم قومەش پڕ ئاو کران. ناسری قازی زادە بۆ ئەو شەڕە کەوا و پانتۆڵە کوردیەکەی لە بەر کرد بوو، ئاغا بانووش لە ملدا و لەو نێو ئەو دەیان نەفەرە چڵکنە لە ھەموان خاوێنتر دیار بوو، شڵوارێکی زەیتونی بلوزێکی سەوز و باڵتویەکی خاکیم لە بەر دابوو. ھیچیان ڕەنگی خۆیان پێوە نەما بوو، چڵک و قوڕ و قورمی دوکەڵ تێکەڵی ڕەنگە ێەسڵییەکەی ببون. ھەر یەکەو تفەنگێک و ٥ خەشاب و ٢ نارنجۆک و ١٥٠ فیشەک. تیربارێکی ژ-٣، دوو یان سێ ئار پی جی، ھێندێک شتی زیادی کە قەت کەڵکێ لێ وەرنەگیرا. چەکی سووک بە زۆری ژ-٣ و یەک دوو کڵاشینکۆف ، کەرەسەی نیزامی سەربەداران بوو. ئەرتەشی کرێکاران بەو نەفەر و چەک و چۆڵانە بە گژ حکومەتی پارێزەری سەرمایە دا دەچوو.

گەڵای زەردی تازە وەریوی دارستان لە سەر ئەو بەفرە، دیمەنێکی جۆانی دا بوو بەو مەڵبەندە. جار و بار دەنگی تەقەیەکی مۆڵگەکانی پاسدار، دەنگی گیان لە بەرانی دارستانی کپ دەکرد. ١٠٠ نەفەر و سەد خەیاڵی جیا، ١٠٠ نەفەر و یەک ئامانج، کێ دەزانێ چەندیان ناگەڕێنەوە و چارە نووس بۆ کوێیان دەبا. یەک پێی وابوو سبەینێ وەک سەرکردەی شەڕ لە سەر پردەکەی ئامول میداڵی لە سەر سینگی دەدەن.، یەکی تر خۆی لە یاریگای شاری ساری دا دەدیتەوە کە زەحمەتکێشی مازەندەرانی گوێیان بۆ قسەکا نی شل کردوە. یەکیش بە خەیاڵ سەفرەیەک نانی گەرمی لە پێشە و پڕ بە دەمی پاروی لێ با دەدا. کەس بە تەمای مردن نەبوو، دەبوو سەرکەوین. مائو وای کوتبوو، لنین بەڕوونی سەرکەوتنی دەست نیشان کرد بوو. مەگەر نەیاندەکوت زەحمەتکێشان ھەر سەر دەکەون.

(درێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

:: بەشی ٦ و ٧

:: بەشی ٨ و ٩

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.