motor.jpgگیرانەوەی شاری بۆکان ئامادەکاری بۆ چوون بۆ ئامول
( بەشی ٧ و ٦ )
لە گەڵ ئازاد ماتۆڕ سیکلێتێکمان پێ بوو

کە بە شار و دیھات دا دەسوڕاینەوە،ئەو ماتۆڕە لە پاسگای سونەتەی سەقز ھی ژاندارمەکانی شا بوو، چۆن گەیشتبۆە دەستی ئێمە لێرە دا بۆ باس کردن نابێ. ھێندە بەو ماتۆڕە کەوتبووین ھەموو سرو گوێلاکمان شکا بوو. جاری وابوو لە بەر بێ بێنزینی نەوتمان لە گەڵ تێکەڵ دەکرد. ماتۆڕ لە پێشدا ڕەنگی شین بوو، بەڵام ھێندە کەوتبوو زەحمەت بوو بزانی چ ڕەنگێکە. ئەوندەی خۆمان بۆ جوتیار و ئاوارەی شارەکان ماندوو کرد، ھەر لە گوتن نایە. لە بیرمە لە جەریانی ھاوکای کردنمان بۆ ئاوارەکانی شەڕی سەقز کە لە بۆکان چادریان بۆ ھەڵدرابوو لە گەڵ کاک سید احمد حسینی وا بزانم ئەو کات مەیلی کۆمەڵەی یەکسانی ھەبوو (جوتیارانی ھەوەتوو بە ھەڵە پێیان دەگوت کۆمەڵە ی یەک سانتی) ئاشنا بووم، ئەو ئاشنایەتیە بوو بە ھەوێنی دوستایەتێکی پتەو کە تائێستاش بەر دەوامە. سید احمد کەسێکی ماندوو و شۆڕشگێر بوو کە پاشان لە ناوچەی سەقز فیداکاری زۆری کرد و بە لەقە لەق لە مردن ڕزگاری بوو کاتێک ڕێژیم ژومارەیەک پێشمەرگەی دەرمان خۆارد کرد. ئێستاش پاش ئەو ژاراوی بوونە موی سەری بێ ڕەنگ ھەر ڕەشە.
salah_pourasad.jpgبەر دەوام دەچوینە دیھات کە جوتیار و زەحمەتکێش لە گەڵ ئەرکی خۆێان ئاشنا کەین. خۆمان بە زەحمەت لە نوسراوە ڕەق و ژانە سەر ھێنەرەکانی ئەدەبیاتی "اتحادیە" حاڵی دەبووین، جا وەرە لە فارسی ڕا بیکەوە بە کوردی، و خەڵکی پێ حاڵی بکە.دوای ئەو ھەمووە چەنەوڕیە کابڕای گوندی چونکە لە پێشدا فێر کرا بوو کە کاری لە گەڵ بکەین، دەیگوت : وەڵا خۆ قسەکانتان جۆانە، ئەگەر سبەینێ یاریدەم بدەن و ئەو پەڵە نۆکەم لە گەڵ بڕننەوە، دوو بەیانی دەتۆانم دوو بزنەکان بەرمە بازار و بیان فرۆشم. بە خێزانم دەڵێم کولیرە چەورە و ماستاوێکی خەستمان بۆ ئامادە بکا. کە دەمانگووت کارمان ھەیە و ناتۆانین نۆک بڕنینەوە دەیگووت: دۆێنێ ڕێخراوەکانی حیزب ( بە جێی ڕێکخراوە دەیگووت ڕێخراوە) لێرە بوون ناوی خۆم لە لای ئەوان نوسیوە. ئی وابوو دەیگووت: بەو ماتۆڕەوە چیتان پێ دەکرێ، دوێنێ کومەڵە پایگای فڵان جێگای گرت. ئیتر وازمان لەو جۆرە خەباتە ھێناو زیاتر خۆمان بە خوێندنەوە خەریک کرد.

ھەڵوێستی ھەڵە و ناسیاسیانەی "اتحادیە" لەمەڕ شەری ئێران و عێراق مایە شەرمەزاریم بوو. بە ھیچ شێوەیەک بۆم لێک نەدەدراوە کە چۆن ڕێکخراوێکی چەپ بە شێوەی خۆاری کەوە مەیڕێژە لە گەڵ ڕێژێمێکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامی ڕەفتار دەکا. کێشەی جەریاناتی چەپ لە گەڵ حیزبی دێموکرات ڕوو لە زیاد بون بوو ، کۆمەڵە و دێموکرات ھەریەکەوە سازی خۆی لێدەدا، شەڕی تەبلیغاتیان دەست پێ کردبوو. یەک دوو تێکھەڵچوونی چەکداری لە نێوان ڕاە کارگر، توفان و حدکا ڕووی دا و لە شاری بۆکانیش لە ھێرشێکی چەکدارانەی حدکا بۆ سەر پەیکار، ٣ پێشمەرگەی پەیکار گیانیان لە دەست دا. یەکێک لەو کەسانەی کە گیانی بەخت کرد تاھیر ئیبراھیمی لە بنەماڵەیەکی ناسراوی بۆکان بوو.

ئەو ھێرشە بوو بە ھۆی ناڕەحەتێکی زۆری خەڵکی بۆکان. ھیچ بێانویەک ناتۆانێ پاساوی ئەو ھێرشە بێ. ھەر ئاخر و ئوخری ساڵی ١٣٥٩ واتا ١٩٨١، رۆژێکیان چووبومەوە سێوەدین ئاواییەکەی خۆمان، سەعاتی تەقریبەن ٨ی شەو ژومارەیەک پێشمەرگەی حدکا ھاتن تەواوی ماڵەکەمانیان سەر و بن کرد کە چەک و چۆڵ ببیننەوە. بەڵام جگە لە ھێندێک فانوسقەی شڕ ھیچیان دەست نەکەوت. ھەر چەند وەسایلی گرینگمان لەوێ شارد بۆوە، بەڵام نەیاندیتەوە رۆژی ١١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٠ ڕێژیم بۆکانی گرتەوە. ئێمەش، من و ئازاد بۆکانمان بە جێھێشت و چوینەوە سیوەدین.

پەیوەندیمان لە گەڵ سنە ھەر بەردەوام بوو، نەماندەوێرا بچینە ناو شاری بۆکان، بە ناچاری لە سیێوەدینیەوە لە ڕێگای داربەسەر و محمودئاوا و قاراواوە دەچوێنە سەر ڕێگای سەقز و لەوێش ڕا بۆ سنە. وەزعی گشتی لە ئێران و لە کوردستانش لەو پەڕی خراپی دابوو. ھێزەکانی ڕێژیم لە ھیچ جنایەتێک خۆیان نە دەپاراست، بە سەدان کەس دوای٣٠ی جۆزەردا ی ١٣٦٠ واتا١٩٨٢ بێ محاکەمە لە تاران و شارەکانی دێکە ھەر لە سەر شەقامەکان ئیعدام کران. سەدان موجاھید و کمونیست و دێموکرات بە دەست حکومەتی ئیسلامی گیانیان لێ ئەستێندرا. ئێران کرابۆوە مەیدانی شەڕێکی ئاشکرای نێوان پارەێزەرانی تاریکی و ھێزەکانی ئوپوزیسیون.
بۆ دەورەیەکی چەند حەوتوویی ئازادیان ناردە تاران و من لە سنە مامەوە. "اتحادیە" باوەڕێکی تەواوی بە ئازاد ھەبوو. ھەم باشتر فێر دەبوو و ھەمیش لە من باوەڕی زیاتر پێیان بوو. لە کۆبووبەوەکان دا ڕەخنەم دەگرت و سیاسەتی نادروست و ڕاست ڕەوانەم لە قاو دەدا. ھەر ئەوەش وای کرد ئازاد زووتر لە من وەک ئەندامی اتحادیە بناسرێت و بەڵگە ناو خوێیەکانی پێ بدرێ. لە ماوەی مانەوەم لەو ڕێکخراوەیە دا لە گەڵ زۆر کەس ئاشنا بووم و کارم لە گەڵ کردوون و شتیان لێ فێر بووم. ناوی ھێندێکیان لێرە دا دەھێنم و لە ناوی ھێنانی ھێندێک کەسیش کە نازانم لە کوێن خۆ دەپارێزم. كاک صلاح شمس برھان ، کاک پیرۆت محمدی( سمایل) کە لەوە بە دوا ھەر بە کاک سمایل ناوی دێنم، کاک ڕەسوڵ محمدی( محمد) لەوە دوا ئەویش ھەر بە محمد ناو دێنم، د. امیر حسنپور کە لە ڕێبەرانی پایە بەرزی اتحادیە بوون. ئەستی پیرۆتی کە ژنە تێکۆشەرێکی ماندوو نەناس بوو و تا درەنگ بەشێک لە پەیوەندیەکانمان لە ڕێگای ئەوەوە بوون. علی پیرۆتی کە دواتر چووە نێو و حیزب و کرا بەجێگری ھێز و شەھید بوو. محمودی برای کە ھەمیشە خەو ئاڵوو بوو. قادر لوتفیانی( مامۆستا ئازا) کە یەکەم جار بە کتێبی " اسب ونان" لەگەڵی ئاشنا بووم ، ھەمزە شمس الدینی، شھرزاد مجاب، جوتێک ھەباس واتا عباس جونیان و عباس کەرەفتوو کە ئێستاش قەڵافەتیان بەو شەدە ڕەشانەی ناوچەی دیواندەرە ھەر لە بەر چاومن . ھەر وەھا زۆرێک لە ڕێبەران و کادرە غەیرە کوردەکان کە دواتر لە جەریانی باسەکاندا ناویان دێنم.


7.jpgبەرەو ئامول (بەشی ٧)
لە گوندەکە خۆمان تا کاتی وەڕی کەوتن بۆ ئامول ماینەوە. پاییزێکی سارد بوو، بابم ھێندێک قوڕەکاری بە دەستەوە بوو، یارمەتیمان دەدا کە ژورێک دروست کا. ھەر دەمان گنخاند کە یارمەتی بدەین، کاری خۆمانم زۆر پێ ناخۆش بوو. بابم دەیگووت وەک گای خراپ وای ئامادەی سەرەی گێرە بۆ خەڵک بکەی بەڵام بنەی ماڵە خۆمان ناکەی. ڕۆژانە دێوارێکمان دادەنا و ئێواری بە ھۆی سەرماوە قوڕەکە دەیبەست و کێشەی نەبوو، ڕۆژی دەواتر کە ھەتاو لێی دەدا، یەکسەر دەڕووخا، ئاخرێکەی ئەو دیوە ھەر دروست نەکرا. "اتحادیە" دەست لە پێ درێژتر وازی لە پشتیوانی کردن لە شەڕی ئێران و عێراق ھێنا و ئەو جار سیاسەتیکی قۆڕتری پەیرەو کرد و پێی وابوو " حزب جمھوری اسلامی" کودتای کردوە و دەبێ دیفاع لە بەنی سەدر بکەن. ئێستاش بۆم ڕوون نەبووە بۆ ھەمیشە دەبوو دەست بە کلکی باڵێکی ڕێژیمەوە بگرن. کە بەنی سەدریش تێی قووچاند، اتحادیە بە ناچاری ساغ بۆوە کە ئێتر ڕێژیم بە جەنابی ئیمام خومەینیشەو دژی گەلین و پێویستە بڕوخێ. لە ڕاستەوە بۆ چەپ ١٨٠ دەرجە گۆڕدرا.

بە ھۆی قایم کاریەوە لە ھێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر جیابیران، اتحادیە زەبرێکی وای نە خۆارد و کەسی گرینگ یان ئەندامی ڕێبەرایەتی نەگیرا. باسی پێش گرتن و تێکشکاندنی کودەتا ببوو باسی ڕۆژانەی ناو اتحادیە. دوو بۆ چوون لە بەر یەک ڕاوەستابوون، بۆ چونێک پێی وابوو کە دەبێ بە خێرایی شەڕی چەکداری دەست پێ بکەین و لە ماوەیەکی کورت دا ڕێژیم بڕوخێنن. بۆچوونێکیش پێی وابوو، کە نە خەڵک ئامادییان ھەیە و نە خەباتی چەکداری سەر دەکەوێ. کە مێژووی ڕاستی نەزەری دوھەمی سەلماند.

شێوەی ھەڵوێست وەرگرتن و دابەش کردنی باڵەکانی ڕێژیم بە سەر دوو بەرەی باش و خراپ زەبرێکی توند بوو وە اتحادیە کەوت. چوونکە سەرانسەری پێکھاتەی ڕێژیم کۆنە پەرەست و دژی گەلی بوو. اتحادیە ڕۆژانە ڕەخنەی لە دار وبەرد و زەمین و زەمان دەگرت کە فڵانە حیزب سازشکارە، یان ڕویزیونیستە، یان لادەرە لە ڕێبازی مارکسیزم، کەچی خۆشی لە ھەموویان زیاتر لە باری فیکریەوە نەخۆشتر بوو. پاش باسێکی زۆر بڕیاردرا کە ڕاپەڕێنێکی چەکداری لە گەڕەکی ھەژار نشینی فەلاح لەتاران بەڕێوە بەرن، بە ھۆی لە سەر ھەست بوونی ڕێژیم، ئەو بیرۆکەیە ڕەد کرایەوە.

یەکێک لە شوێنەکانی دیکە شاری مسجد سلیمان لە خوزستان بوو، ئەویش بە ھۆی نزیکی لە بەرەکانی شەڕ ڕەد کرایەوە و سەرئەنجام شاری ئامول یان لە مازەندەران ھەڵبژارد. بەو ھۆیانە شاری ئامول دیاری کرا بۆ لێدانی یەکەم چەخماغەی ڕاپەڕین .گۆیا اتحادیە لە ئامول ھێزێکی دەیان کەسی ھەێە، ڕابردووی خەباتکارانەی چەپ و شوڕایی ھەیە، لە تارن تەنیا ١٦٠ کیلومیتر دورە. لە سەر جادەی بە ناوبانگی ھەرازە و چەند ئوستانێک بە یەکەوە دەلکێنێ ودەور و بەرەکەی بە جەنگەڵ و لێڕەواری چڕ و پڕ داپۆشراوە.

اتحادیە کومیتەیەکی تایبەتی ئامادە سازی ڕاپەڕینی لەو چۆار کەسە کە ھەر چۆاریان لە ڕێبەرانی دەرجە یەکی اتحادیە بوون پێک ھێنا، سیامک زعیم, ( شھاب) حسین ڕیاحی, ( ناصر) پیرۆت محمدی ، (سمایل) وغلامعباس درخشان(مراد). کاری ئەو کومیتەیە بریتی بوو لە ڕاگوێزتنی چەک و چۆڵ، کۆکردنەوەی ھێز و شناسایی بنکە نیزامیەکانی ڕێژیم. سەرەتا پێیان وابوو کە بە دامەزراندنی ھێزەکان لە چەند مالێک، ویلاکانی قەڕاغ جادە و پارکی تەنیشت جەنگەڵ دەتۆانن لە یەک کات دا ھێرشەکەیان بۆ سەر دام و دەزگاکانی نیزامی و ئیداری دەست پێ بکەن و لە ماوەیەکی کورت دا شارەکە بگرن. ئە کات سیامک زەعیم، خەڵکی تاران کە وەک تئوریسین و ڕێبەری اتحادیە بوو تەنیا ٣٥ ساڵی تەمەن بوو ، پێش ڕاپەڕین لە ئەمریکا دەرسی دەخوێند و یەکێک لەو کمونیستانە بوو کە بەکەسێکی مەترسیدار لە لایان اف- بی ای ناسرابوو ، سیامک لە ساڵی ١٣٦٣ واتا ١٩٨٤دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر ئیعدام کرا. حسین ریاحی خەڵکی اصفھان، بە ٤٢ ساڵ تەمەنەوە ، بە تەمەنترین کەسی نێو خەباتکارانی جەنگەڵ ناسرا بوو . کەسی دوھەم اتحادیە و دەورانی شا دەورەی نیزامی لە فەلەستین دیت و ماوەیەکیش لە ڕادیوی پەیکی ئێران لە عیراق کاری کرد و ساڵی ١٣٦١ لە گەڵ ٢١ کەسی دیکەی بەشداری شەڕی ئامول ئیعدام کرا. غلامعباس درخشان (مراد) کە ئەو کات ٣٠ ساڵی تەمەن بوو خەڵکی ابادان و خوێندکاری زانکۆ بوو لە ئەمریکا، پاش گەڕانەوەی لە دامەزراندنی تەشکیلات پێشمەرگەی زەحمەتکێشان دەوری بوو.ڕۆژێک پاش شەڕی ناو شاری ئامول گیرا و ساڵی ١٣٦١ لە ژێر ئەشکەنجە گیا نی لە دەست دا. کاک سمایل ، خەڵکی مەھاباد ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پێشمەرگەی زەحمەتکێشان ، ڕێکخەری کرێکارانی پۆلای ئیسفەھان وتراکتۆر سازی تەورێز و فەرماندەی گشتی شەڕی ئامول کە لە جەریانی شەڕەکە داگیانی لە دەست دا.

لە نێو ئەو کەسانەش کە خۆازیاری شەڕی چەکداری بوون ، دوو بۆ چوون ھەبوو ، یەکیان پێی وا بوو کە شەڕی چەکدارانەی درێژ ماوە دەست پێ بکەین ویەکیش پێی وابوو کە ڕاپەڕینی خێرا و گرتنی شار لە بەر چاو بێ. کە بۆچوونی دوھەم پەسند کرا.بۆیەش نەگەڕانەوە کوردستان، پێیان وابوو کە بە کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ ، ھەم ھاوکاری کوردستانیان کردوە و ھەمیش ھێزەکانی ڕێژیم لە دوو بەرە داسەرقاڵ دەکەن. بەرە، بەرە ئەو چەک و چۆڵانەی کە لە کاتی ڕاپەڕینی سالی ١٣٥٧ گرتبوویان و ئەو چەکانە کە لە کوردستان ھەیانبوو لە گەڵ چەکەکانی تر کە لە بەرەی شەر وەدەستیان ھێنابوو ڕەوانەی جەنگەل کرد. لە کاتی ڕاگوێزتنی چەکەکانی کوردستان اتحادیە داوای لە کۆمەڵە کرد بوو کەھاوکاریان بکەن بۆ گەیاندنی ئەو چەکانە بۆ تاران ، کەچی ئەوان داوای لە سەدا ٢٠ی چەکەکانی کرد بوو. تا ئاخری گەلاوێژی ١٣٦٠چەک چۆڵ گەیاندرانە دەورو بەر ئامول و بە ھۆی سەرقاڵی ڕێژیم لە تاران زۆر نەدەپەرژایە سەر شوێنەکانی تر و ئەو ئاڵ و گۆڕە بێ کێشە بە ڕێوە چوو ، بەشێکی زۆری ئەو کەل و پەلانە بە ماشێنی گەوەی خشت گەیاندرانە شوێنێک لە نزیک جادە زرکە لە ناو جەنگەل . ھاوکات بەشی شناسایی بنکەکانی ڕێژیم لە لایان ھاوڕێیان ژنەوە بە باشی ئەنجام درا و نەقشەیەکی باشی شەقام و کۆڵانەکان ئامادە کرا...

(برێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.