شایەکی بیابان نشین، هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزی لە دەنگی باڵـندە بوو.. لە باخچە فـراوانەکەی كۆشکە قەشەنگەکەیـدا، لە نێو تەلبەند و قەفـەزی نایابدا، چەندین جۆرە

مـەل و باڵـندەی پـەڕ ڕەنگـین و جـوان ودەنگـخۆشی هەبـوون.. خۆشەویسـترین و جوانترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە، جوانی و دەنگیقاسپە قاسپی کەوەکەی بوو.. کە لە نێو تەلەبەندێکدا، دیکۆرێکی زۆر جوانی بۆ رازاندبۆوە.. کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە ولە گۆڵـزارێکی رەنگین ولە بەردی جوان.. شاهێندە هۆگری دەنگی باڵندەکـانیببوو.. هێندە گوێی لێیان گرتبوو..تا رادەیەک لە زمانی باڵندەکـانی دەزانی.
شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا.. دەچووە دیاری و گوێی لێدەگـرت.. بەڵام شـا سەری لەوە سووڕمابوو، کە کەوەکـەی هەموو جارێک لە کۆتـایی خوێندنەکەیـدا، دەیـوت: خۆزگـەم بە نیشـتمان! شا لەبەرخۆیـەوە وتی: جا کەوەکـە لە چیت کەمە؟! خۆشترین دان و میوە و سەوزەملە بەردەمتدا داناوە.. جوانترین دیکۆرم بۆ رازاندوویتەوە.. قاپەکانی ئاو و دانەکەشت لە زیـو دروستکـراون.. شـوێن خـەوێکی نەرم و گەرمم بۆ رازاندوویتەوە.. پێم ناڵێیت بۆ هەموو جارێک خۆزگە بە نیشتمانەکەت دەخوازی؟! تۆ بڵێی دیمەنەکانی نیشتـمانەکەت لەم دیـکۆر و دیمـەنەی ئێرەت جوانـتر و قەشەنگـتر بن.. لەم نـاز و بەخشـینەی ئێرەتخۆشـتربن؟!
شا شەوێکیان خەونی بینی.. لە خەوەنەکەیدا بەیانی بوو، گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکـەی گـرتبوو.. وەکو رۆژانی تر گـوێی لێبوو کە کەوەکـەی وتی: خـۆزگـەم بە نیشـتمان.
شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کـردەوە.. بەرەڵای کرد و پێی وت: دە هەڵبـفڕە وبڕۆوە بۆ نیشـتمانەکەت.. کەوەکە بەرەو باکوور هەڵـفڕی.. شا لە خوا پاڕایەوە، کە بیکات بە باڵندەیەک، بۆ ئەوەی دوای کەوەکەی بکەوێت.. داواکەی شا هاتەدی و بووبە باڵندەیەک.. هەڵـفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت.. تا بزانێت کوێیە ئەو نیشـتمانەی خۆزگـەی بۆ دەخوازێت. لە دوای فـڕینیماوەیەکی زۆر، گەیشتنە دۆڵێکی رەنگین و فراوانی کوێستانی کوردستان، کە کەوتبووە نێوان دوو زنجیرە شاخی بەفرین و بەرزەوە.. چیاکان بە دارستانی سەوز و چـڕ پۆشرابوون.. دۆڵەکە پـڕبوو لە دار و دەوەنی سەوز و لە تاڤگەی جوان، لە کانیاوی روون و خوڕ، لە گوڵـزاری سروشتیی گوڵ هەمەڕەنگەیجوان و بۆن و بەرامە خۆش.. شـالە هـەموو لایـەکەوەگوێی لە چریکە و لە خوێندنی جۆرەهـا مەلی دەنگخۆش بوو،کە لە ژیانیدا شوێنی وەها خۆش و ئەفسووناوی و دیمەنی قەشەنگ و دڵـڕفێنی لەو شێوەیە نەبینیبوو.. واقی وڕمـا،لەبەرخۆیەوە وتی:هەبێ ونەبێت ئێرە بەهەشـتە، کەوەکـەم ناهەقی نییە کە خـۆزگە بەم نيشـتمانە جوانەیدەخـوازێت..بە راستی زۆر جـوانە.
کەوەکە لە لای کانییەکی ئاو روون و سارد نیشتەوە.. هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە.. پشوویەکی دا.. ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت..بە دەنگێگی بەرزو بەسۆز و زوڵاڵ دەستی بە قاسپە قاسپ کرد.. لە کۆتاییدا سێ جار لەسەر یەکتری وتی:ئۆخـەی نیشـتمانە شـیرینەکەم، نەمـردم و پێت شـادبوومەوە..رەوێک کەو هاتـن و لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە.. دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کـرد.. لە کۆتـاییدا وتی: ئۆخەی کە بە کەسوکارم و بە هاوڕێکانم شادبوومە.. لە دواییدا لەگەڵ ئەو کۆمەڵە کـەوەدا،دای لە شەقـەی بـاڵ و بەرەو چـیایەکی لووتـکەبەرز هەڵـفڕین.
شا لە پـڕێکدا، لە دەنگی قاسـپە قاسـپی کەوەکـەی خەبەری بۆوە ووتی: ئۆخـەی کە ئەمە خەون بوو بینیم..شا لە پێشا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و ئازادی کرد.. کەوکە بەرەو باکـوور هەڵـفڕی و لە چـاو ونبوو.. شا هەموو باڵندەکـانی تریشی ئازادکـردن و وتی:هەر هەمووتان ئازادن و بفـڕن و بچنەوە بۆ نیشتمانەکانی خۆتان. چی قەفەز و دیکۆر و تەلبەنديشی هەبوون، هەر هەمووی شکاندن.
شا هەر ئەو رۆژە بڕیارێکی دەرکـرد،کە راوی هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێکی کێویی لە وڵاتەکـەیدا قەدەغـەکرد..راشیگەیانـد،کە هـەرهاوڵاتییەک سەرپێچی ئەم بڕیارەی بکات، بە توندی سـزا دەدرێت.
رەزا شوان
کەرکوک: ١٩٧٥

 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.