giareng_nwe.jpgبە بۆنەی هەڵکردنی مۆمی ١٦ ساڵەی وەشانی کاری ماڵپەری گیارەنگ و کاری ڕۆژنامەگەری لە ڕێگای ئینترنێتەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان

پێشکەش هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە بۆ وەرگرتنی زانیاری و دەوڵەمەند کردنی لاپەرەکانی گیارەنگ چرکەیان لە لاپەرەی ئینترنێتی گیارەنگ کردووە.
جێی خۆیەتی لەم ڕۆژەدا ڕێز لە کارو ماندوویی‌نەناسی ئەو بەریزانە بگرین کە بۆ جوانتر کردن و پڕ نێوەرۆک کردنی گیارەنگ هاوکاریان کردووین و بە ناردنی بابەت‌گەلی جۆراوجۆر لە هەموو بوار و ڕەهەندەکاندا و هاواکات لە هەموو قۆناخەکان دا هاوکار و یارمەتیدەری ماڵپەری گیارەنگ بوون.
پێش دەست بەکار بوون و تاقیکاری یەکەم ڕۆژی وەشانی گیارەنگ لە ئینترنێتدا دا چاومان لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی بوو، دونیای ئینترنێت و کاری ڕۆژنامەگەری ئێلکترۆنی کەم و زۆر لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا سرنجی کۆمەڵگای بۆ لای خۆی ڕاکێشا بوو، هەر بۆیە ئێمەش وەک گیارەنگ بۆ ئەوەی لە دونیای نوێی ڕۆژنامەگەری ئێکترۆنی دوا نەکەوین هەوڵمان دا پەنجەرەیەک بۆ خزمەت کردن بە نەتەوەکەمان و بە خوازیارانی ڕۆژنامە بکەینەوە و لەو پەیوەندی‌یەدا کەم و زۆر بە کڕچ و کاڵی دەستمان بە درووست کردنی گیارەنگ کرد و دوای چەند ڕۆژ تاقیکاری ماڵپەرەکەمان لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕۆژە ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا هاوکات لەگەڵ بوردومانی قەلادزێ کە لە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی زائینی لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕوویدا بوو، کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە.
لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستی لە بەرۆکی هەموو نووسەران و ئەدیبان و وەرگێر و شاعیران و چیرۆکنووسان و هەموو خوێنەرانی بەرێزی گیارەنگ دەدەین و هیوای بەردەوامیان لە کارەکانیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین.
دیارە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن و بۆیە گیارەنگ بە وردبینی و تێرامانەوە ئەم رۆژەی بۆ وەشانی خۆی دیاری کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی ڕۆژنامەگەری کوردی، وەک نوورێک لە تاریکستانی ئەو سەردەم دا درەوشایەوە، ئەوە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵگیرسانی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان لە باشوور و گەرمێنی کوردستان، هەر بۆیە بە چاوی ڕێزەوە دەروانینە ئەم دوو ڕۆژە پڕ لە مێژووەیەی گەلەکەمان.
لەم ڕۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان.
سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی بەرێزان کاک مەریوان نستانی و کاک ئیبراهیم عەزیزی و کاک فاروق قوبادی دەکەین کە وەک هەمیشە بە دڵ ئاواڵەیەوە کەم و کوڕی و گیروگرفتە تیکنیکی‌یەکانی ماڵپەری گیارەنگیان چارەسەر کردووە.
بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی