ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. شەڕی پاشەکشە و خەباتی کرچ وکاڵ . بەشی شەشەم: نووسینی: عەزیز شێخانی

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge3.jpgکوێستانەکانی نیشتمان لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کراونە مەیدان و سەنگەر. بەهار پڕە لە بۆنی بەفری تواوە و گوڵ و گیا رەنگاوڕەنگەکان. جوانی سەرەتای

بەهار لە هێندێک لەو ناوچانە بە وشە دەرنابڕدرێ. رەنگ و رازاوەیی دیمەنی دار، خڕ، چۆم، دەشت، مەزرا، تەپۆڵکە، باسک، کێو و بناری چیاکان لە گەڵ پەڕەسێلکە ماندوو نەناس و دەنگی باڵندە و خشۆک و گیانلەبەرە ئاوییەکان سوار لە سەر باڵی بای شەماڵ خاکی ئیمپڕاتۆڕی بەهار بەسەر دەکەنەوە. گوندنشین و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکان بۆ دیتنی دیمەنە جوان و شاکارەکانی سرووشتی بەهار بەرەو کوێستانەکان دەڕۆن و بە کۆمەڵ مەندێ، کەنگر، بیزا، دۆرێ، کوڕادە، سیرمۆکە، رێواس و کارگە بەهاری کۆدەکەنەوە. کوڕان و کچانی نێو باوەشی بەهار لەو بەرزاییانە چاو لە دۆڵ و گوند و تارماییەکانی دواڕۆژ و ژیان دەکەن. ئەوان لەو هەوا ئازادە و لەو لوتکە سەرکەشانە خەون بە پێکەنین و زەردەخەی ئاسمانەوە دەبینن، کە زنجیرە کێوە هەورێکی رەش و نێوچاوان تاریکی لە باوەش گرتوە و بە ئاوازی هەورە تریشقە و بروسکە ئاوپڕژێنی خاک دەکات. شەماڵی بەهاری لە پۆستاڵی داگیرکەکان ناترسێ و دڵنیایە، کە تاوێرە بەردەکان و لوتکەی کێوە سیحراوییەکان فێری سەردانەواندن و تەسلیم بوون نەبوون. بەهار بۆنی باڕوتی چەکی داگیرکەران بە فرمێسکی چاوی گوڵاڵەکان دەشواتەوە تۆزی گوڵاوی کولتوری داگیرکاریی بە خوڕەی چۆمە هەستاوە بەهارییەکان دەشواتەوە، کە بەسەر زەویدا دەخشێن و لە ئامێزی خاکدا وێنەی تەوژمی جوڵان دەکێشنەوە.

 

ئەو نیشتمانە لە کۆنەوە کراوەتە ناوچەی شەڕ زۆر هێز و لشکر بۆ داگیرکردن و وێرانکردنی ئەو ژینگەیە تێکۆشاون. خاکێکی لەتکراو و خەڵکێکی پەرتەوازە و لێکدابڕاو، کە زۆر ئاگاداری رابردوو و مێژووی خۆیان نین. زمانی نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ئاسن و بەندیخانە بۆ شکاندنی ئیرادەی کوردان لە هەموو پارچەکان بەکارهاتوە. هەر پارچەیەی کوردستان بە گوێرەی توانا و دەرفەت لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافەکان رەواکانیدا جوڵەیەکی هەیە، کە لاوازە و بە هۆکاری جیاواز توانای جوڵاندنی خەڵکی نییە. خەڵکی کوردستان هەستی کوردایەتیان هەیە، بەڵام ئەو هەستە کاری لەسەر نەکراوە و نەبۆتە رایەڵکەی لێکگرێدانی کوردەکان. لە ژێر کارتێکەری ئەو بارودۆخەدا، بەشێک لە کوردەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەبنە چەکداری حکومەتەکان و وەفایان بۆ ماف و داخوازە رەواکانی گەلەکیان نییە.

 

خالیدی مەولود بەزازی یەکێک لەو کەسانە، کە لە پێناوی نەخشە و پلانی سپا و پاسداڕەکاندا لە ئازار و ئەشکەنجەی هاوشارییەکانی تەنەخی ناکات. ئەو لە گەڵ باوکی وێنەیەکی دزێوی کولتوری نەتەوەی ژێردەستەکانن، کە هەتا بینەقاقا نوقمی خەیانەت و خۆخۆرین. شیرینی مام کەریم کە هاوسەری خالیدە، لە گێژاوێکی گەورە و دانەمرکاوەدا دەژیت. ئەو چاوەڕێی منداڵە و دەپاڕێتەوە، کە خوا کۆرپەیەکی سەلامەت و ساڵحی پێبدات. ناوبراو چاوەڕوانە ئەو کۆرپەیە دەرگای ژیانێکی تازەی بەسەردا بکاتەوە و لە تەنیایی و هەروەها خەمی ماڵی مەولود بەزازی رزگاری کات. کێشە و رقی نێوان بووک و خەسوو ئەوەندە زۆرە، کە لە ماوەی چاوەڕوانی کۆرپەدا هیچ جۆرە رێنوێنی، یارمەتی و هەروەها قاپە خواردنێک بۆ شیرین رەوانە نەکراوە. شیرین لە ترسی منداڵبوون و ئازارەکانی b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_mndalboon.jpgشەو و ڕۆژ نیگەرانە، بەڵام تەنیا لە گەڵ کۆرپەی ناو منداڵدانەکەی ئەو ترس و ئازارە باس دەکات. شیرین داوا لە خالید دەکات، کە مامانی بۆ ئاگادار بکاتەوە و رەنگە لەو رۆژانەدا منداڵەکە لە دایک ببێت. خالید لەو ماوەیەدا زۆر بیری لە رەگەزی کۆرپەکە کردۆتەوە و بەڵێنی بە شیرین داوە، کە ئەگەر کوڕیان ببێ، بازنەی زێڕی بۆ دەکرێت. ناوبراو لە رەگەزی کچ بێزارە و زۆر جاران بە شیرین دەڵێت، ژنێکی باش و رێکوپێکم لە دەوروبەری خۆم نەدیت. ئەوەتا دایکم هەتا ئێوارە وەک سەربازی شەڕکەر لەو حەوشە و ماڵەدا گۆڕەگۆڕیەتی. ئەوەتا لە دایک بووم، لە شەڕی نێوان بابم و دایکم رزگارم نەبوە. بابم زۆر گوێی بە دایکم نەداوە و هەموو شتێکی قبوڵ کردوە، بۆیە دایکم شوولی لێهەڵکێشاوە و بە راست و چەپدا پەلامار دەدات. ئەوە ئەتۆ لەو رۆژەی هاتوویە ئەو ماڵە لە گەڵ دایکم بەردەوام لە سەر سێبەری ئەستێرە و مانگ شەڕتانە. رۆژانە لەو حەوشەیەدا بوونە سەیرکەری خەڵک و دەستتان لە سەروپرچی یەکتر ناوە. ئەوەتا دایکت، لەو رۆژەوە کە زانیویەتی ئەمن و تۆ یەکترمان خۆش دەوێ، قەت قسەیەکی خێری لەسەر ئێمە نەکردوە. لە هەمووی گرینگتر شیرین ئەمن سرووشتی پیاو دەناسم و ئەوەتا دایکت چەندە بە پاک و خاوێنی تۆی گەورە کردوە، بەڵام ئەمن بە دوو سەربادان و قژداهێنان تۆم لە خشتەبرد. بە کوردی، حەزم لە کچ نییە و دەزانم ئەگەر لە داهاتوودا زاوام هەبن، لە خۆم باشتر نابن و خەسوەکانیان لە دایکم چاکتر نابن. شیرین لە خالید دەپرسێ، باوەڕ دەکەی هەموو پیاو و خەسوەکانی دنیا ئاوا بن؟ ئەمن کە مێردم بە تۆ کرد، چاوەڕوان بووم، کە جێگای دایک و ماڵەوەم بۆ پڕکەنەوە. ئەتۆ ئاگاداریت، کە ئەوان بەو مێردکردنەی من بە تۆ رازی نەبوون و رقیان لە چەکی رێژیم و کاری سیخوڕایەتی بو. تۆ، دایکت، بابت و تەنانەت منداڵەکانی دیکەتان لەو ماوەیەدا بە چ شێوەیەک لە گەڵ مندا هەڵسوکەوتتان کردوە؟ خۆزگە چەند کەلاسێک سەوادم دەبو، هەتا ئەو زوخاوەم بە وردی لە سەر لاپەڕەکان دەنووسیوە. خالید بە گاڵتە دەڵێ، شیرین هەر بە چەند کەلاس سەوادی نابیتە هیچ. ئەوەتا ئەمن بەشی خۆم چوومە قوتابخانە و کەچە فارسییەک دەزانم، بەڵام خوا شاهیدە نامەیەکم بۆ نانووسرێ. شیرین رۆژگارێکی تاڵمان بەسەربرد. لە ماڵەوە هەر شەق و لێدان و لە قوتابخانەش بە دار، شەق، کابڵ، قەڵەم و راستەی تیغدار و سۆندە سەرکز و کۆڵەواریان کردین. ئەو مەعەلیم و ئاموزگارانە زاڵم بوون و لە داخی ئەوان و شەقی بابم بوومە بەسیجی و پاسداڕ. باوەڕ بکە، شەو لە ماڵەوە وەک کەری خۆڕایی لە سەر و پشتمان دەدرا و رۆژانەش وەک تۆپی دڕاوی منداڵان شەق شەقێنمان پێدەکرا. بۆ مزگەوتێک دەچووی پیرە پیاوێک یان مجێورێک دەریدەپەڕاندی! بۆ پارکی شار دەچووی، چەند منداڵێک دەوریان دەگرتی و بە کۆپە و کرمانج و دێهاتی پارکیان لێدەکردیە جەهەندەم. بۆ خۆپەنادان و حەسانەوە ئەگەر دەچوویە ماڵی خزمان، تەنیا شەوی یەکەم دنیا بێدەنگ بوو. رۆژانی دیکە شەڕی سێهەمی جیهانی ساز دەکرا و بە لاقی خۆت رزگارت دەبو. باب بە کەیفی خۆی شەقی دەوەشاندن و دایک و منداڵ یەکیان دەگرت و پێکەوە بابی ماڵیان لە قوڕنەیەکدا کۆدەکردەوە. مەلای ئەو گەڕەکە چەند ساڵ لەوەپێش داوای لە بابم کرد، کە رۆژانە بۆچی دەرسی قورئان ناخوێنم. ماوەیەک چوومە لای مامۆستا بە شولک و دار پشتەدەستی ئەستوور کردبووم و لە ماڵی خوای و بە دەستنوێژەوە جنێوی سەیر و سەمەرەی دەدان. هاوینێکی بابم بۆ دۆفرۆشتن رەوانەی لای کابرایەکی کردم، کە بە رواڵەت بێدەنگ و سازگار بو. لە رۆژی سێهەمەوە کابرای دۆفرۆش جنێوی دنیای دەدان و هەزار جار بە منی دەگوت، خالید، ژنێ من! ئەو پەرداخەی بشۆوە و ئەو جۆگەیە خاوێن کەوە. ئەوکات هیچ رێگایەکم شک نەدەبرد، بۆیە ناچار بووم هەموو سوکایەتیەک قبوڵ بکەم. هاوینێکی لە گەڵ وەستای دیواردانانێ کارم دەکرد، بە سەدوچاردە سوڕەتی قورئانێ وەک کۆیلە بوم و چەند جارێک وەستا خشت و کەمچەی رێهاڵاندووم. لە هیچ شوێنێک ئەمن و ئەمان نەبو، بۆیە دنیای خالیدی مەولود بەزازی دنیایەکی پڕ لە ژان و ئاڵۆزییە. ئەگەر ئەو ئینقلابە نەکرابا، رەنگە لە داخی شەق و جنێوی ماڵ و قوتابخانە وەک شێتەکانی سەرجادە چەنگم لە شاخی دابانایە و سەرئەنجام بۆ شێتخانەیان رەوانەکردبام.

 

شیرین ژانی منداڵبوون ئۆقرەی لێهەڵگرتوە و وێڕای گوێگرتن لە چیرۆکەکانی خالیدی، لە هۆدەکەدا پیاسە دەکات. خالید ناچارە مامانێک پەیدا بکات و پاش ماوەیەک لە گەڵ حاجی ژنە خاتوون دەگەڕێتەوە ماڵ. ماماناکە دەستێک لە زگی شیرین دەدات و لە سەر چۆنیەتی پێش ژانەکان پرسیاری لێدەکات. حاجی ژن چاوێک لە ماڵی شیرین دەکات و هەستدەکات، کە ئامادەکاری نەکراوە و هیچ جۆرە پێداویستی ئامادە نەکراون. خالید بە پەلە بۆ نێوبازاڕ دەنێرێ و کەلوپەلی پێویستی پێدەکڕێ. داوا دەکات، کە هەنگوین، رۆن و هێلکەی خۆماڵی بکڕێ. حاجی ژن لە چەند سەعاتی یەکەمدا تێدەگات، کە خالید پیاوێکی ماڵدار و بەمشوور نییە. مامان لە شیرین دەپرسێ، کە دایک، خوشک یان خەسوو و جیران بۆ کاتی منداڵبوون ئامادە دەبن. شیرین دەڵێ، حاجی ژن رەنگە خۆم و خۆت بین و با کەسی دیکە نەیەت. حاجی ژن بۆ شیرین چۆنیەتی منداڵبوون رووندەکاتەوە و ئاگاداری دەکات، کە پێویستە ژنێک یان دوو ژن وەک یارمەتیدەر ئامادە بن و ئەو کارە تەنیا بە مامان هەڵناسووڕێ. خالید داوا لە دایکی دەکات، کە ئاگاداری شیرین بێت و لە سەر رۆژ و مانگی خۆیەتی. دایکی خالید سوێندی خواردوە، کە بە چاک و خەراپ کاری بە شیرین نەبێ، بۆیە بە کوڕەکەی دەڵێت، کە باشترە دایکی شیرین لەو رۆژەدا ئامادە بێ. خالید دەزانێت، کە پورە زارا و لەیلا ئامادە نین دەرگای لێبکەنەوە، بۆیە بە مامانەکە دەڵێ، حاجی ژن ئەگەر ژنێکی گونجاو دەناسی با بێت و دیاریەکی بۆ دەکرین. حاجی ژن لە گەڕەکی خۆیان دوو ژنی بەساڵداچوو دەناسێ، کە خاوەن ئەزموونن و دەتوانن لەوکارەدا یارمەتی بکەن. ناوبراو بە پەلە لە دوای ئەسمەر و ئامین دەچێت و پێکەوە دەچنە لای شیرین. ئەوان شەو چاوەڕوانی لە دایکبوونی کۆرپە دەکەن، بەڵام هیچ روونادات. ئەوان ئەو رۆژە بە کەیفی دڵ لە گێڕانەوەی باسە کۆنەکان رادەچن و هەر کامە سەربردەیەک دەگێڕێتەوە. سەرئەنجام لە دوای بانگی ئێوارە کۆرپە لە دایک دەبێ و شیرین لە ئازار رزگاری دەبێت. شیرین بە دڵ چاوەڕێی کچی کردوە و کۆرپەکەش کچە، بەڵام ئەو هەواڵە بۆ خالید و ماڵی خەزووری زۆر دڵخۆشکەر نییە. دایکی خالید لە کاتی منداڵبووندا تەنیا بۆ ئاگاداربوون لە رەگەزی کۆرپەکە منداڵە چووکەکەی دەنێرێتە ژوور. حاجی ژن، ئامین و ئەسمەر گوێ لە خۆزگەی خالید ناگرن و دڵخۆشی شیرین دەدەنەوە، کە کچ بۆ دایک و باب لە کوڕ زۆر باشترە. شیرین کۆرپەکەی ماچ دەکات و دەستخۆشی لەو ژنانە دەکات، کە لەو ماوەیەدا زەحمەتیان لە گەڵ کێشاوە. خالید بە سەر و چاوێکی تێکچڕژاو دیاریەک دەداتە ئامین و ئەسمەر و داوا لە حاجی ژن دەکات، کە دوو ڕۆژێک ئاگادری شیرین بکات. ئەسمەر لەو ژنانەیە، کە قسەی کەس راناگرێ و خەبەرەکە بۆ پورە زارا دەبات و پڕ بە دڵ باسی خەراپی ماڵی خالیدی مەولود بەزازی دەکات. چەند جارێک دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو کچەی بە خۆڕای رۆیشتوە و خۆزگە هەر مێردی نەدەکرد. پورە زارا زۆر ناچێتە نێو باسەکە و لە کای کۆن بەباکردن ماندوویە. ئەسمەر بۆ دڵخۆشکردنی پور زارا زۆر جنێوی تایبەت بە مەولود و کوڕەکەی دەدات و خەسوی شیرین بە مەیموون ناودەبات.

 

بەهار گەیشتۆتە چڵەپۆپە و هێزەکانی رێژیم سەرقاڵی دامەزراندنی بنکە و بارەگای گەورە لەو ناوچەیەن. بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی دێموکڕات لە ناوچەکانی دیکە بۆ پاراستنی بنکەی دەفتەری سیاسی بۆ ئالان هێنراون. موجاهیدینی خەڵک لە چەند شوێنێکی ئەو گوند و کوێستانانە بنکەیان هەیە. هێزە چەپەکانی وەک کۆمەڵە و سەهەند و ئسیلامی ـ نەتەوەییەکانی وەک خەبات و شێخ عێزەددینی حوسێنی لەو ئالانە بارگەوبنەیان خستوە. زۆربەی لایەنە سیاسییەکان دەزانن، کە رێژیم خۆی بۆ هێرشێکی بەربڵاو ئامادەکردوە، بەڵام ئەوان خۆیان زیاتر بۆ شەڕی پاشەکشە ساز و ئامادە کردوە. ئەو هێزە پەڕاکەندە و پەرتەوازەیە لە سەر رێگا و بانەکان بە چەکی سووک تەیارن، بەڵام ئەو هێزانە لە گەڵ یەکتر لە پێوەندی گەرم و گوڕدا نین. لەو گوندانەی بنکەی هێزی پێشمەرگەی پارتە سیاسیەکان هەیە جۆرە ئامادەییەک دەبینرێ، بەڵام کورتماوە و لاوازە. لەو بەهارەدا پاسداڕ و بەسیجییەکان بە هاوکاریی و پێشڕەوی چەکدارە کوردەکان و پێشمەرگەی موسڵمان ژمارەیەکی زۆر گوند و لوتکەی بەرزیان لە چنگی هێزی بەرگریی و پێشمەرگە دەرهێنا. ئەوان لە رێگای بەرزاییەکانەوە کۆنتڕۆڵی زۆر ناوچەیان گرتە دەست و بە چەکی قورس و نیوەقورس پاڵەپەستۆیان خستەسەر هێزە کوردییەکان. بەرپرسانی رێژیم لە ناردنی گوردانە زۆر و زوەندەکان دریغیان نەدەکرد و بە درووشمی یا ساروڵڵا یان ئەڵڵا جادە و شاخەکانیان دەتەنی. رێژیم بڕیاری گرتنەوەی ئەو ناوچانەی بە تێچووی زۆر جێبەجێ دەکرد و هێزە کوردییەکان وردە وردە ناوچەی کۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەست دەدا. لە هاوینی ئەو ساڵەدا چەکدارەکانی رێژیم ناوچەی هۆملیان گرتەوە و لە شاخە بەرزەکانی ناوچە جێگربوون. ئەوان تاکتیکی خۆیان دەزانی و لە ماوەی چەند ساڵ شەڕدا لە هێزە کوردییەکان گەیشتوون، کە شەڕ لە گوند و شارەکان ناکەن و لە ژێر پاڵەپەستۆ و فشاردا پاشەکشە دەکەن.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge32.jpgحیزبەکان بەو هەموو ئەندامی دەفتەر سیاسیی و کۆمیتەی سەرکردایەتییە بیریان لە گۆڕینی تاکتیک شەڕ نەدەکردەوە. جەبەلئاغا لەو شەڕانەدا بۆ یەکەمجار لە تەنیشت کەماڵ، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ بەشداری کرد. ناوبراو لە ترسی گیرانی بنکەکەیان سندووقەکەی بۆ ماڵی ئاشنایەک گواستبۆوە. لە کاتی پەرتەوازەبوون و لێکدابڕانی پێشمەرگەکان لەو دۆڵ و شاخە سەرکەشانەدا جەبەلئاغا لە سەنگەردا وەبیر هاوڕێکانی دێنایەوە، کە ئەو حیزبانە بۆ شۆڕش نابن. ئەوانە تەنیا بۆ شەڕە دندۆکە و پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان گونجاون. ناوبراو لە گەڵ هاوڕێکانی لە سەنگەردا چەقیبوون، بەڵام تێکشکاندنی دوژمن بە تەنیا کاری ئەوان نەبو. لە زۆربەی شوێنەکان پاسدار، بەسیجی و جاشەکان بە دەنگی ئەڵڵاهو ئەکبەر و یا حوسێن هەتا سەر سەری بنکەی پێشمەرگە لە گوندەکان چوبوون. دەستە و پەلەکان ئاگایان لە یەکتر نەبو. دێموکڕات و کۆمەڵە ئاگاداری یەکتر نەبوون. هێزەکانی پارێزگاری لە ناوچە بەرزەکان بە ئاسانی شوینەکانیان چۆڵکردبوون. خەڵکی گوندەکان و بەشێک لە پێشمەرگەکان بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە بەو شێوە ئاسانە هێزەکانی دوژمن بێنە سەر سەریان و پاشەکشەیان پێبکەن. زۆربەیان گەمەیان بە جەبەلئاغا دەکرد، کە ساڵی رابردوو بە گاڵتە دەیگوت، کە پاسداڕەکان ساڵی داهاتوو لێرە بەردە مۆرە دادەنێن و نوێژی شەهادەت دەکەن. رەخنەکانی جەبەلئاغا پڕ بوون لە راستی، بەڵام ئەو شۆڕشە بە نرخێکی هەرزان فیدای سیاسەتی چاوەڕوانی و خۆش رابواردن کرا. لەو رۆژانەدا پێشمەرگەیەکی ناوچەی سنە لە هێزەکانی خۆیان هەڵبراوە و کەتۆتە گەڵ کەماڵ و هاوڕێکانی. ناوبراو خۆی لە بیروباوەڕی سیاسییەکان دوور دەگرێ و باوەڕی بەو شێوازە لە کاری سیاسی نییە. ئەو کە خۆی بە موزەفەر دێموکڕات دەناسینێ، رەخنە لە حیزبە چەپەکان دەگرێ، کە بەشێکیان وێنەی چەگوارا و مائۆ و هتد لە دار و بەرد دەدەن، کەچی لە نێو گوندەکان سەرقاڵی ئاغایەتی و میرزایەتین. کاکی سیاسی، تۆ کە ئەوەندە ئیمانت بە شێوازی موبارزەی چەگوارا هەیە، بۆچی ئامادە نیت لە شەڕەکاندا بەشدار بیت. کە تۆپ لە شاخێکی تەقیەوە ، خۆ ئاخری دنیا نییە. ئەو سەرکردانە لە سەرەتاوە ئیمانیان بە موقاومەت و خۆڕاگری نەبوە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ناودرەکردن تێکەڵ بەو شەپۆلە بوون. حوسێنی ئازیزێ موزەفەر دەبزێوێتەوە و پرسیاری لێدەکات، کە جەبەلئاغا لە سنە ئەو قسانەی تۆی کردوە. ئەو پیاوە لە بنکە و مەقەڕەکان دەرکراوە، چوونکە رەخنەی لە چەپ، راست، ئایین و سیکۆلار گرتوە. موزەفەر دێموکڕات چاوێک لە سەر و چاوی جەبەلئاغا دەکات و لێی دەپرسێ، ئەو ناوە سەیر و سەمەرەت لەکوێ هێناوە؟ جەبەلئاغا بە زمانی عەڕەبی دەپرسێ، ئەتۆ کوڕی باشی، بەڵام دێموکڕات نیت! موزەفەر لە عەڕەبیەکە ناگات و داوا دەکات، بە زمانی کوردی یان فارسی قسەی لەگەڵ بکات. موەزەفەر بە گاڵتە دەڵێ، بەخوا رەنگە لەو شاخانە وەک جەبەلئاغا زمانی دایکمان لەبیر بچێتەوە. جەبەلئاغا داوا لە موزەفەر دێموکڕات دەکات، کە لە ناوچەی ئالانی یان ئەوبەری چۆمەکە ناوی دووهەمی خۆی نەگۆڕێ و نەبێتە موزەفەر کۆمەڵە، چریک یان موجاهید. موزەفەر بە غرورێکی زۆرەوە دەست لە سەر سینگی دادەنێت و دەڵێ، ئەمن موزەفەر دێموکڕاتم و قابیلی گۆڕان نییە. کەماڵ و هاوڕێکانی لە دوای پاشەکشەی پێشمەرگەکان بۆ دواوە و لێکهەڵبڕانیان لە بن تاشەبەردێکی بەرامبەر بە سوورەچۆم خۆی پەناداوە. ئەو هاوڕێکانی رێنوێنی دەکات، کە نەجوڵێن و با ئەگەر پاسداڕ و جاشی هەڵبڕاومان لە داوکەوت سەر و فیشەکیان پێوەنیین. وەستا مستەفا لە سەر کەلەکە راکشاوە و بە جەمەدانەکەی ئارەقەی مل و ناوچەوانی دەسڕێتەوە و لە کوڕەکان دەپرسێ، ئێوە بەنیازی چن؟ ئەوڕۆ بۆ هەموو لایەک تاڵ و پڕ لە حەسرەتە و بەداخەوە گەمەکە دەدۆڕێنین. ئێمەی کورد هەتا لە سەرمان نەدەن، بە تەواوەتی هەست بەخۆمان ناکەین. لێرەوە چاوتان لە رادارە؟ رەبەت و زمزیرانتان لێدیارە؟ ناوچەکانی بانە و پیرانشار یان ورمێ، سەڵماس، سنە، سەقز، مەریوان و ناوچەکانی کرماشان، بۆکان و هتد وەک دیاری تەسلیم بە ئاخوندەکان کرانەوە. ئێمە لە دوای ناوچەی ئالان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئازاد قورسایی خۆمان لەدەست دەدەین. رۆژانێک ئێمە لە بنکەی حیزب بە چەکەوە دەچووینەوە ماڵ و لە شەقامەکانی شاردا دەگەڕاین، ئەمڕۆ لێرە و لەو بەردەڵانە رەقە ناوێرین خۆمان بجوڵێنین، بۆ ئەوەی بە دۆشکە یان چەکی دیکە ئاوربارانمان نەکەن.


حوسێن بۆ مستەفای دەستێنێتەوە و شایەتی دەدات، کە حیزب و بەرپرس و پێشمەرگەکان دەرفەتە زێڕینەکانیان فەوتاندن. لە زۆربەی گوندەکان خەڵک وەک کچێک کە حەزی لە مێڕدە خۆیان مات دەکرد و زۆر کەس لە بنەوە لە گەڵ رێژیم هاوکار بوون. رێژیم زانیاری کۆدەکردەوە و ئێمەش بە ساکاری بە سەر رووداوەکاندا تێدەپەڕین. رۆژانی رابردوو چەند دۆشکەیەکی کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکە لەو ناوچانە پووش و پەڵاشی خەڵکیان ئاور تێبەردەدا، بەڵام لە کاتی هێرشی سپادا تەقەیەک لەو دۆشکانە نەهات و کەس نازانێ عەرزی قوتی دان یان ئاسمان هەڵیلووشین! ئەرێ کەماڵ و مستەفا قسەکانی مام کەریم و مامۆستا نازمتان لەبیرە. مام کەریم وەک کادرێکی بە ئەزموون رێنوێنی دەکردین و ئامۆژگاری دەکردین. یادت بەخێر مام کەریم، خۆزگە رۆژێک لە دەوری یەک کۆبووینەوە و بە زمانی خۆمان شایەتی بۆ راستی قەسەکانت بدەین. جەبەلئاغا یادی خاڵە مینە دەکات، کە رۆژانێک چەندە شایی بە پەرویز و ئێوە بو. ئەو کات شێخ زەرگەتە بووم، کە چیرۆکی خۆمم بۆ گێڕانەوە هەموو گریان. خاڵە مینە و دایکی کەماڵ و لەیلا و ئاڵتون بە تیکڕا ئەلفاتیحایەکیان بۆ رەوانی دایک و بابم خوێند. ئەو شەوە هەتا بەیانی بیرم لەو خەڵکە باشە دەکردەوە، کە بە چ تاوانێک دەربەدەر و هەڵوەدان. موزەفەر کە گوێی لە ناوی شێخ زەرگەتە دەبێ زەردەیەکی دێتێ. جەبەلئاغا لە موزەفەر توڕە دەبێت و پرسیاری لێدەکات، کە بە ناوی خەڵک بۆ دەکەنی؟ موزەفەر بە جەبەلئاغا دەڵێت، کاکە من ناوێکی سەیرم بیستوە، کە لە رەبەت بە مەلا فەلسفە بە مەقەڕەکاندا گەڕاوە و رەخنەی کوشەندەی لە حیزبەکان گرتوە. جەبەلئاغا لە موزەفەر رادەمێنێ و بە کوڕەکان دەڵێ، کاکە ئەمن توتنی خۆم دەناسم. ئەو موزەفەرە کۆمەڵە بوە و هاتۆتە گەڵ دێموکڕات. موزەفەر چاوێک لە جەبەلئاغا دەکات و بە دەنگێکی کۆمێدی دەڵێ، هاوڕێیان ئەو برادەرەمان پیشبینی ئایەندە دەکات و چاوی لە گوزەشتەیە. جەبەلئاغا سوێند بە خالەقی ئاویەر دەخوات، کە موزەفەر لە رەبەت یان پێشمەرگەی کۆمەڵە بوە یان خەبات، چوونکە ئەو تەنیا لەو دوو بنکەیە ماوەتەوە. موزەفەر ناچارە چیرۆکەکە یەکلاکاتەوە و بە راست یان درۆ خۆی لەو تەڵەیە رزگار کات. ناوبراو دەگێڕێتەوە، کە ئەو ڕۆژەی مەلا فەلسەفە لە مەقەڕی کۆمەڵە لە کاتی چاخواردنەوە و هەستایە سەر پێ و قسەی کرد، تازە گەیشتبوومە مەقەڕ. ئەمن وەک کاوەی برای کەماڵ شەیدا و شیفەتی بەرابەری و حقوقی کرێکاران و موبارزەی تەبەقاتی بووم. کە گەیشتمە مەقەڕ و ماوەی چەند مانگێک لە نێو پێشمەرگەکاندا مامەوە، سیاسەتی کۆمەڵەم لەبەرچاو کەوت و لە گەڵ چەند جەوانی دیکە هاتینە لای دێموکڕات. ئەو کات لە گەڵ کاوە و زۆر جەوانی دیکە یادی مەلا فەلسەفەمان دەکرد، کە چەند حەکیمانە و ورد رەخنەی لە حیزبەکان دەگرت و لە سەر چاخواردنەوە بە هەڕەشە دەریانپەڕاند.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge21.jpgبەشێک لە فەرماندە پەل و دەستەکان شەکەت و ماندوو لە خڕودۆڵەکان کۆدەبنەوە و یەکتر دەگرنەوە. کەماڵ و هاوڕێکانی بە گونجاوی نازانن، کە هەتا تاریک نەبوە لەو بەردەڵانە بڕۆن و لە شوێنێکی لەبار لە گەڵ پێشمەرگەکانی دیکە یەکتر بگرنەوە. بۆ ئەو مەبەستە دەچنە باژاڕی و ئەو شوێنە بە ناوچەیەکی ئەمین دەزانن. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا پێشمەرگە دابڕاو و پەلەکان لە باژاڕ یەک دەگرنەوە. لەو رەشە شەوەدا ئەوان ماندوو و شەکەت لە کۆخەکان دەگەڕین و کتری و قەند و چا دەدۆزنەوە. ئەوانی ئۆگری چان، گوێ لە بەرپرسەکانیان ناگرن و بە پێکەنینەوە دەڵێن، لەوە زیاتر روونادات و ئەگەر هاتن ئەمەش لەو مەرز و حدودە خۆمان خلۆر دەکەینەوە. ئاگرێکی خۆش لە نەدیوێکدا دەکەنەوە و لە دەوری ئاورەکە چەرخی گێڕانەوەی چیرۆک و رەخنەکان وەگەڕ دەکەون. ئەوان بە درێژای رۆژی رابردوو لە گەڵ هێزێکی زۆر دەرگیر ببوون و ژمارەیەک لەوان خۆزگە دەخوازن، کە بە کامێرایەک چەند دیمەنێکی ئەو شەڕەی تۆمار دەکرا. پێشمەرگەیەک باس لە گیرکردنی چەکەکەی لە ١٠ میتری جاش و پاسداڕەکان دەکات و بڕیاری داوە خێرێکی باش بۆ خۆی بکات. موزەفەر لە بەردەم ئاوەرەکەدا رەخنە لەو خێرکردنە دەگرێ و بە کارێکی کۆنەپەرەستانەی دەزانێ. کابرای خێرلەخۆگر بەگژ موزەفەردا دێتەوە و دەڵێ، سەگباب بەتۆ چی؟ ئەمن کەری خۆم نییە، بە گوێیانی ناڵ دەکەم! موزەفەر لەو پەندە ناگات و درێژدادڕی دەکات و سەرئەنجام لە سەر شەڕی موزەفەر و پێشمەرگەکەی دیکە ئاوە کوڵیوەکە دەڕژێ. چاخۆرەوەکان لەو رەفتارە تووڕەن و لە داخان هەردووکان چەک دەکەن و لە بەر ئاورەکە دەریان دەکەن. جەبەلئاغا لەو کاتەدا شەڕکەرەکان ئاشت دەکاتەوە و لە گەڵ ئەوان دەچن کتریە ئاوەکە پڕ دەکەن و لە سەر ئاوری دادەنێن.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_piawikurd12.jpgیەکێک لە پیاوە بە تەمەن و بە ئەزموونەکان لە بەردەم ئاورەکەدا هەڵترووشکاوە و ئاخ دوای ئاخ هەڵدەکێشێ. ئەو لەو شەوەدا باس لە شۆڕشی ئەمەر پاشا دەکات، کە بە چەپەرو فرت و فێڵ عەجەم و ئەرتەشیان تۆقاندبو، بەڵام ئێمە لەو سەردەمەدا لە بەرامبەر ئەڵڵاهوئەکبەری منداڵە بەسیجی و پاسداڕە ریشنەکان داماوین. برادەرینە، دەوڵەت و حیزب فەرقیان گەلێک زۆرە. دەوڵەت تەیارە، تانک، تۆپ، هەلیکۆپتەر، سپا، ئەرتەش و نیزام و قانونی هەیە، بەڵام ئێمەی حیزب تەنیا کوڕی فەقیر و چەکێکی سووک و تەواو. بەخوای دەرەقەتی دەوڵەتێ نایەن و بە قوەتی شانان و پیاوەتی نییە. ئەمە چەند ساڵە لێرۆکانە خەندەکێکی بەرگریمان بۆ لێنادرێ. ئێمە و حیزبەکان بە هێزی بەرگریی و مەرگری خۆمان لە گوندەکان خزاندوە و خەریکی دڵدارین. شەڕ بە مووکێش و ئاوێنە و عەترگۆڕینەوە ناکرێ و شەڕ لە سەر جادەی پشت ماڵان ناکرێ. دوژمن شاخەکان و بەرزاییەکانمان لێدەگرێ و لە کۆتاییدا دەوراودەورت دەگرێ و تۆقەت دەکات. ئێمە ژمارەیەک سەرکردەی ئازا و زانامان هەن، بەڵام زۆربەی ئەوانی دیکە کەڵکیان نییە و خەڵک هەیە تەنیا بۆ رۆیشتن بۆ دیوی عێراقێ چەکی هەڵگرتوە. بەسەری کاکی ئەو عەجەمە حیلەبازن و ئێمەش فەقیر و هەر لە شەڕی خۆبەخۆ ئازایین. لە کۆتاییدا ناوبرا دەڵێ، ئینقلابی کارگەرانی جیهان داوا دەکەی! زیدی دیموکڕات سیاسەت دەکەیت و ئەگەر پاسداڕ هاتن وەک کەروێشکێ خۆدەشاریەوە. دە هەڵگرنەوە. بەخوا فیعل و جوانن. کابرای موجاهیدیان هێناوەتە کوردستانی و ئەوانیش لێرۆکانە لە سەر ئەو بەردەڵانە ئامبازت دەبن و دەڵێن ئێرە بەشێک لە ئێرانی تەڕەماشە.

 

بەرپرسانی سپا و پاسداڕەکان لە رێگای خەڵک و کەسانی ساویلکە زانیاری لە سەر هێزە چەکدارەکان ناوچە کۆدەکەنەوە. تۆڕی زانیاری کۆکردنەوەی رێژیم لە ماوەیەکی کەمدا تەشەنەی کردە و زۆر کەسی لە سەر سنوور لە تۆڕە ئاڵۆزەکاندا گیرۆدە کردوە. لە کۆبوونەوەیەک کە لە مەزگەوتی سووری شاری سەردەشت کراوە، بەپرسی سپا رادەگەینێ، کە ئەوان و سەربازانی ئیمامی زەمان و هەروەها ئەرتەشی بیست میلوێنی ئیمام رێگا نادەین، کە حیزبە کافر و بەکرێگیراوانی سەر بە ئەمریکا، سەددام و ئیسڕائیل ئاسایش و ئەمنیەت تیکبدەن. ئەگەر دۆستان و خزمانی ئێوە لە نێو گروهەکە هەڵوەشاوەکانی زیددی ئینقلاب دا هەڵخەڵەتاو و فریوخواردوییەکیان هەیە، تکاتان لێدەکەم بیانگێڕنەوە. باوەشی ئیسلام بۆ تۆبە و نەدامەت ئاوەڵایە و خوا تەمەنی رێبەرمان درێژکات. بە هیممەتی ئیمام و ئەرتەشی ئازا و دلێری ئیسلام سەددام بە زللەیەک لە سەر کورسی دەسەڵات هەڵدەقەنین و کەربەلا ئازاد دەکەین. خەڵکی پێشمەرگە موسڵمان خۆشەویست، خۆتان ئامادە بکەن و نەوەکانتان پەروەردە بکەن، کە سەرئەنجام ئیرادەی خوا و ئیسلام سەردەگرێ. ئامانجی ئێمە تەنیا سەددام نییە و بە هاوکاری ئێوەی ئینقلابی و سەربەرز هەتا قودسی ئازیز راناوەستین. قودس بە ئێمە رزگار دەبێ، نەک چەند دەوڵەتێکی تاغوتی عەڕەبی، کە خزمەتکاری ئەمریکا و ئیسڕائیلن. ئێمە ئیقلابی ئیسلامی هەناردە دەکەین و وەزیفەی ئایینی یەکە بەیەکی ئوممەتی هەمیشە لە مەیداندا ئەوەیە، کە ئاڵای ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونکیر بەرز و شەکاوە رابگرن. ئێمە پێویستمان بە کسانێکی وەک مەولود بەزاز و خالیدە، کە بە تەواوەتی لە خزمەتی خەتی رەهبەر و ئیسلامی تۆخی محەممەدیدا خەبات دەکەن. ئێوە شایانی ئەوەن، کە هاوکارمان بن و دەستی فیتنە و بەکرێگیراوان لە سەر خاکی ئێرانی ئازیز کورت بکەینەوە. دنیا چاوی لە ئێمەیە و سەرجەم موستەزعەفانی جیهانی چاوەڕێی ئیمام و فەرموودەکانی دەکەن. لە لوبنان، فەلەستین، سوریە و عێڕاق و زۆر شوێنی دیکە موسڵمانەکان بۆ ئینقلابەکەمان بەپەرۆش و حەسرەتی ئەوە دەخۆن، کە ئەوانیش وەک ئێمە لە نیعمەتی ئیلاهی سوودمەند بین. لێرەدا بە تەکبیرێک بۆ گیانی شەهیدانی ئەو دواییانەی ناوچە کۆتایی بە وتەکانم دێنم. تەکبیر.

 

b_525_290_16777215_00_images_SIASI_jash1.jpegمەلوود بەزاز لە ریزی پێشەوەی نوێژکەران فیکەی سمێڵانیەتی و شادە، کە فەرماندەیەکی سپا مەولود و کوڕەکەی وەک نمونەی سەربازانی فیداکار ناساندوە. ئەو لە ناو نوێژکەراندا هەست بە گەورەیی دەکات و لە دوای قسەکانی پاسداڕەکە خۆڕاناگرێ و روو لە نوێژکەران دەکات و دەڵێ:” خەڵکی مەحتەڕەم و سەربازانی ئیسلام، ما هەموو لە رێگای ئیمام وئینقلاب و جەمبوری ئیسلامی ئامادەی شەهادتین. قەبوڵی نەمی کونم، کە خانوادەی من بە جاش بشوبهێنن. ئەمن و خالید پێشمەرگەی موسڵمانین و زیدی حیزبۆکە کافرەکان ئامادەی جەنگین. سپاسی برادەری بزورگ و فەرماندەی سپا می کونەم و خەیلی مومنون”. مەلا برایم لە ریزی پێشەوە و لە کۆتایی ریزەکە وێڕای نوێژکەرەکان چوار مەشقی دانیشتوە و سەرقاڵی عیبادەتی خۆیەتی. ناوبراو لە پاڕانەوەکەی دا داوا دەکات، کە موسڵمانانی راستەقینە و میللەتی کورد لە شەڕی خۆفرۆش و زاڵمان دوور راگرێ. ناوبراو بە هیچ جۆر کەیفی بە مەولود بەزاز و کوڕەکەی نایەت و لە هەموو شوێنێک وەک بەدناو و ناکەس بەچە ناویان دێنێ. خاڵە مینە ئەو رۆژە لە داخی مەولود و پاسداڕەکان نوێژی جومعە تەرک دەکات و دەڕواتەوە ماڵێ. نوێژکەران بە ئاشکرا دەبینن، کە ریزی پێشەوی نوێژکەران خەڵکی سەر بە دەوڵەتی زۆر تێدان. ژمارەیەک لەوان ئاشنا نین و خەڵک و ئیمام جومعە نازانن، کە ئەو چەکدارانە بۆچی لەو مزگەوتە کۆکراونەوە. دوای تەواوبوونی مەولود بەزاز، بەرپرسی راگەیاندنی سپا لە ریزی پێشەوە راست دەبێتەوە بە خەڵکەکە دەڵێ” داوای لێبوردنتان لێدەکەین، کە خوتبەی مامۆستام وەدرەنگ خستوە، بەڵام ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە ژمارەیەک لەو چەکدارانەتان نیشان بدەین، کە هەتا دوێنێ لە ریزی حیزبە هەڵوەشاوەکاندا دژی ئێمە و ئینقلاب شەڕیان دەکرد. ئەوان تۆبەیان کردوە و ئەمڕۆ برای ئازیزی ئێمەن و یەکێک لەوان بە ناوی رەحیم دۆشکە خوازیارە چەند وتەیەک پێشکەش بکات”. رەحیم دۆشکە بە کوردی قسەکانی دەستپێدەکات و سەرەتا سڵاو دەنێرێ بۆ شەهیدانی ئینقلاب و جمهوری ئیسلامی. ناوبراو لە سەر حیزبەکان زۆر قسە دەکات و داوا لە خەڵک دەکات، کە فریوی شوعاری خودموختاری و سۆسیالیزم نەخۆن. ئەو حیزبانە و سەرکردەکانیان لە بن سێبەری دار هەنار و هەنجیرەکان خواردنی چەور دەخۆن و مەشرووبی خاریجی هەڵدەقوڕێنن، بۆیە تەنها کوڕی فەقیر و خانەوادە موستەزعەفەکان دەکوژرێن. رەحیم بۆ ئەوەی باسەکەی خۆشتر بکات، وەک کەبابی سلێمانی ترش و خوێی چاکی دەکات و درێژە بەقسەکانی دەدات. ئەمن و زۆر کورد لە ساڵانی رابردوودا فریوی شوعار و وتەی بریقەدارمان خواردوە. ئێمە لە نیزیکەوە زۆر سەرکردەی حزیبە کوردییەکانمان دیوە و دەزانین، کە خەمی کوردیان نییە. بڕۆنە ئالانی سەردەشت، بزانن گوندنشینە موستەزعەفەکان چەندە لە دەستی کۆمۆنیستی خوا نەناس، دێموکڕاتی زیدی ئینقلاب و گروپە و دەستەی جیاواز هاواریانە. زۆبەیان چاوەڕوانی برادەرانی سپا و ئەرتەشی ئینقلابی دەکەن، بەڵام ناوێرن بە دەنگ ئەو داخوازییە دەرببڕن. داوا لە مامۆستایانی ئایینی، عەشایری موسڵمان، ئاغا و کوێخا و موعللیمەکان دەکەم ئامۆژگاری جەوانان بکەن و با فریو نەخۆن. ئەو جەوانانە لە دەستمان دەچن و لە گەڵ ئەو حیزبانە فێری کاری چاک نابن و کاریان دڵداری و مەشرووب خواردنەوەیە. ئێمە گەڕاوینەوە و هەتا دوا دڵۆپی خوێن لە رێگای ئیمام دانابڕێین و بەو چەکانە بەرگری لە ئیسلام و ئینقلاب دەکەین.

 

مامۆستای پێشنوێژ لەو وتانە توڕەیە، بەڵام دەسەڵاتی نییە و چاوەڕوانی نوێژی هەینی بخوێنێ و خۆی لە چنگ ئەو چەقەچەقە رزگار بکات. پاش رەحیم دۆشکە، مامۆستا لە شوێنی خۆی رادەوەستێ و بە هێنانەوەی حەدیسێک نوێژەکە دادەبەستێ. ناوبراو لە ژێر ناوی رێزگرتن لە پەککەوتە و نەخۆشی نوێژکەر خوتبەکە بە چەند باسێکی کورت لە سەر ژیانی پێغەمبەر پێشکەش دەکات. چەند مامۆستایەکی قوتابخانە لە ریزی نوێژکەراندان و بۆ قسەی پاسداڕ و پێشمەرگە تەسلیمبوەکان سەر دەلەقێنن. ئەوان زۆر لە کوردایەتی تێناگەن و رواڵەتی مەسەلەکان دەبینن. چەند جارێک لە گوێی یەکتردا دەسرتێنن، کە ئیمام پیاوێکی خواناس و ئینقلابییە، بەڵام ئەو حیزبانە وازمان لێناهێنن. یەکێک لە مامۆستاکان، کە ریشێکی درێژی هەڵگرتوە زۆر لە حیزبایەتی توڕەیە و بە هاوئاوازەکانی دەڵێ، کاکە ئەمن خودموختاریم ناوێ و لە دێموکڕاسی بێزارم، بۆچی بە ناوی من و ئەو و خەڵکە شەڕ بە دەوڵەتێکی عەزیم و گەورە دەفرۆشی؟ ئەگەر ئیمام نەدەهاتەوە و زەمانی شای گۆڕبەگۆڕ دەبو، ئەمڕۆ لە شاردا دوکانی مەشرووب فرۆشان شەقامەکانی دادەپۆشیی و ژن و کچەکان بە لاق و سەر رووتی لە بازاڕەکاندا دەسووڕانەوە. ئەوە بۆ خۆی شۆڕشێکی گەورەیە، کە خەڵک فێری حیجاب دەکرێ و منداڵەکانمان فێری قورئان خوێندن دەکرێن. ئەو ژومارەیە لە مامۆستای قوتابخانە دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی بە پەلە خۆیان دەگەیننە پاسداڕ و پێشمەرگە تەسلیمبوەکان و تۆقەیەکی گەرمیان لە گەڵ دەکەن. ئەوان خۆیان بە مامۆستای وانەی دین و قورئان دەناسێنن و دووپاتی دەکەنەوە، کە ئیسلام تەنها رێگای نەجاتی جیهانە.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_melabaqi.jpgمەلا باقی وەک مامۆستایەکی خاوەن هەڵوێست و ئازا ئەو رۆژە لە حەوشەی مزگەوتەکە پیاسە دەکات. لە رێگای ئامێری دەنگبەرزکەرەوی مزگەوت، گوێی لە قسەی پاسدار و کوردە تۆبەکەرەکانە. دڵخۆشە کە مامۆستای پێشنوێژ پشتگیری لە رێژیم نەکرد و بە کورتی نوێژەکەی تێپەڕکرد. ناوبرا لەو تۆبەکارە سیاسیی و هەروەها خاک فرۆشانە توڕەیە. لە بەر دەرگای گەورەی مزگەوت سەربەخۆ قسە دەکات و کۆپلەیەک لە شێعری شۆڕگێڕی دەخوێنێتەوە. جنێو بەو خۆفرۆشانە دەدات و راستوێژانە رق و کینەی خۆی بەرامبەر بە کەسانی وەک مەولود بەزاز و تۆبەکاران دەردەبڕێ. جاروبار لە نوێژکەرەکان دەپرسێ، ئەرێ ئەو تەرەسانە لە مزگەوت عیبادەتیان دەکرد یان سیاسەت. لە گەڵ دوو ناسیاوێک رادەوەستێ و ئەکید دەکاتەوە، کە کورد خائیینی زۆرە، بۆیە ناگاتە مەقسەد. ئەوڕۆ ژمارەیەک لەو خائینانە لە ماڵی خۆا خۆیان سووک و ریسوا کرد. لە کۆتایی دەرچوونی نوێژکەران مەلا باقی بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات، سەرشۆڕی بۆ خائینان و تۆبەکارە سیاسییەکان.

 

پێشمەرگەکان بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە رێژیم زنجیرە عەمەلیاتێک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەڕێوەدەبن. لە ژمارەیەک لە شارەکان چەند کەسیکی سەر بە رێژیم دەکوژن. بە مەبەستی ترساندنی چەکدارە کوردەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی پێشمەرگەکان لە ناوچەی سەردەشت بڕیاردەدەن، کە دەستێک لە رێژیم و چەکدارەکانی بوەشێنن. وەستا مستەفا، کەماڵ و حوسێن بە دڵخوازی خۆیان ئامادەی ئەو جەولەیەن و لە گەڵ دوو پەل لە پێشمەرگەکان دەچنە سەردەشت. پەلێک لە پێشمەرگەکان رێگای گەڕانەوە دەپارێزن و پەلەکەی دیکە بڕیارە سەردانی چەند ماڵە جاشێک بکەن. ئەوان دابەش دەبن و لە چەند ماڵێک بەسەر دەکەنەوە، بەڵام تەنیا مەولود بەزاز دەگرن. ژن و منداڵەکەی زۆر هاوار دەکەن، کە مەولود ئازاد کەن، بەڵام پێشمەرگەکان لە حەوشەی ماڵ دوو فیشک لە سەری مەولود دەدەن و بە هاوسەرەکەی دەڵێن، چارەنووسی خالید لە باوکی باشتر نابێ. پێشمەرگەکان چەند موشەکی ئاڕپیجی لە بنکەی سپای پاسداران دەسرەوێنن و پاش ئەو عەمەلیاتە بە سڵامەتی لە شار دەردەچن. ئەوان بۆ شەوی داهاتوو بڕیار دەدەن لە مۆڵگەی قوچی بدەن و ئەگەر نەگونجاو ئێوارە لە سەر رێگای مارەغانی بۆ قوچی زیلە سەربازییەکان بسووتێنن.

 

شیرین و منداڵە ساواکەی لە کاتی هاتنی پێشمەرگەکان بۆ ماڵی خەزووری، دەرگاکەی نەکردەوە. ئەو لەمێژە چاوەڕوانی ئەو رۆژەی دەکرد، بۆیە هەتا چەکدارەکان حەوشەکە چۆڵ ناکەن، ناچێتەدەر. دایکی خالید و منداڵەکانی لە حەوشە لە سەر تەرمی مەولود بەزاز دەگرین. جیرانەکان ناوێرن زۆر لەو رووداوە پرسیار بکەن و بەشێکی زۆر چرا و گڵۆپەکانیان دەکووژێننەوە. منداڵەکانی مەولود بەزاز لە دەرگای چەند ماڵێک دەدەن و بە گریانەوە داوای هاوکاریان لێدەکەن، بەڵام لە بەر تەقەی چەکەکان جیرانەکان ناوێرن دەرگاکانیان بکەنەوە. کە دەنگی چەکەکان کپ و بێدەنگ دەبێت، چەند جیرانێک دەچنە ماڵی مەولود بەزاز و دەبینن، کە مەولود لە حەوشەی ماڵدا کوژراوە. رێگاکان ئەمین نین و جیرانەکان نازانن چۆن تەرمی مەولود بگوازنەوە بۆ مردوشۆر. ژنی مەولود داوا لە تۆفیق دەکات، کە لە تەنیشت دیوار ئیتلاعات داوای یارمەتی لە نیگابانەکان بکات و هاوار بکات، کە باوکی شەهید کراوە. تۆفیقی کوڕی بە هەزار ترس و لەرزەوە لە باڵەخانەی سپا نیزیک دەبێتەوە و بە گریانەوە هاوار دەکات، کە زیدیی ئینقلاب باوکیان کوشتوە. پاسداڕەکان لە سەنگەرەکە دەرناچن و لە دوورەوە داوای لێدەکەن با جیرانەکان بیگوازنەوە بۆ ئێرە. تۆفیق دەگەرێتەوە و جیرانەکانیان، مەولود بەزاز لە نێو پەتویەک داوێن و لە گەڵ منداڵ و هاوسەرەکەی دەیبەنە بنکەی سپا. بەرپرسی سپا ئاگادار دەکرێ و بە بیستنی کوژرانی مەولود بەزاز نیگەران دەبێ. ئەو دەگاتە سەر تەرمەکەی و چۆنیەتی رووداوەکە لە منداڵ و هاوسەرەکەی دەپرسێ. جیرانەکان بێدەنگن و تەنیا ئەرکی جیرانەتیان لە سەر شانیان لابردوە. فەرماندەی سپا، بە تۆفیق و دایکی دەڵێت، نیگەران مەبن و کاک مەولود پلەی بەرزی شەهادەتی وەرگرت. ئەو ئێستا لە بەردەم مەقامی بەرزی ئیمام و رێبەرە پاکاکەدا راوەستاوە و زۆر شادە. کەم کەس لە دنیادا بەختەوەرە، کە بە پلەی شەهادەت بگات. جیرانەکان پێشنیار دەکەن، کە منداڵ و خێزانەکەی بچنەوە ماڵ و بەیانی لە گۆڕستان تەسلیم بە خاکی دەکەین. تەرمەکە هەتا بەیانی لە ژوورێکی باڵەخانەی سپادا هەڵدەگیرێ و دواتر بۆ مردووشۆرەکەی مزگەوتی سەرچاوە رەوانە دەکرێ. لە رێگای بەشداربوونی پاسداڕ، بەسیجی و چەکدارە کوردەکان و هەروەها جیران و خزم تەرمی مەولود بەزاز بە شەقامەکاندا دەگێڕن و هەتا دەگەنە سەر قەبران درووشمی مەرگ و نەمان بۆ دێموکڕات دەڵێنەوە.


خالید لە ئەرکی سیخوڕی گەڕاوەتەوە و یەکسەر بە ئوتۆمبیلی سپا بۆ سەر قەبران دەبرێ. خالید لە سەر قەبران قسە بۆ بەشداران دەکات و بە کورتی چیرۆکی کوژرانی باوکی بە رووداوێکی مەزڵومانە ناودەبات. ناوبراو لە بەر گریان و ترس لە دواڕۆژی خۆی زۆر قسەی بۆ ناکرێن، بەڵام لە کۆتاییدا هەڕەشە لەو کەسانە دەکات، کە هاوکاری ئەو چەکدارانەن و شەوانە بۆ سەر ماڵی خەڵکیان دەبەن. بەشداران لەو وتانە تێڕبوون و کەس گوێ بۆ ئەو قسانە ناگرێ، بۆیە زۆربەی بەشداران لە کاتی قسەکردنی پاسداڕ، خالید و شوعارداندا بۆخۆیان ئەلفاتیحایان بۆ رەوانی مردوەکانی خۆیان دەخوێند. هاوسەری مەولود بەزاز لەو رۆژەوە وەک خانەوادەی شەهید دەناسران و داهاتی مانگانەیان بۆ بڕینەوە. مەلا برایم، خاڵە مینە و خاڵ عەباس و زۆر بنەماڵەی پێشمەرگە لە کوژرانی مەولود شادن و لە کۆڕی خۆمانەدا دەڵێن، نەخشە بێ لە خالید و سیخوڕەکانی دیکە.

 

پورە زارا و هاوسەری ئەو پیاوانەی لە گەڵ مام کەریم گیراون، لە رێگای خاچی سووری نێونەتەوەیی و هەروەها مانگی سووری ئێران نووسراوەیەکیان گەیشتۆتە دەست. پورە زارا و مریەمی هاوسەری خدری پیرۆتی پێکەوە دەچنە هیلالی ئەحمەر و لەوێ نامەکە وەردەگرنەوە. چەند رۆژێک دواتر هاوسەر و کەسوکاری برایمی مەلای، رەحمان و عەبدوڵڵا دێنە شار ولە گەڵ میرزایەکی خوێندەوار دەچنە بنکەی مانگی سوور. لەو نووسراوانەی کە بەدەست بنەماڵەکان گەیشتوە بە کورتی سڵاو و ئەحواڵپرسی ماڵ و خزمان کراوە. دیلەکان تەنیا ئەوەندەیان گوتوە، کە وەک دیلی شەڕ لە گەڵ هەزاران سەربازی دیکە بەندکراون. پورە زارا و مریەم لە گەڵ خزمێکی مێرمنداڵیان دەچنە مانگی سوور و وڵامی نامەکە لەوێ دەنووسنەوە. مێرمنداڵەکە کە تازە پۆلی پێنجی سەرەتایی تەواوکردوە دڵەڕاوکەی زۆرە، چوونکە خوێندنەوە و نووسینی نامە بۆ گەورە ساڵان کارێکی قورسە. ئەو مێرمنداڵە لە دەستوخەتی ناسراو بە شکەستە و هونەری تۆقیوە و لە خوا دەپاڕێتەوە، کە بە خەتی وەک هاوپۆلەکانی نامەکان نووسرابن. کە نامەکەی مام کەریم و پیرۆت وەردەگرنەوە بە زەحمەت دەخوێندرێنەوە و داوا لە کارمەندێکی مانگی سوور دەکەن، کە چاوێک لە نامەکە بکات. پورە زاراو و مریەم بە نۆبە دوعا و سڵاوی خۆیان ریز دەکەن و کوڕەکەی خزمیان رادەسپێرن، کە بنووسە لێروە هەتا بەغدایە سڵاوتان لێدەکەم. کوڕەکان ساغن و دوعای خێرت بۆ دەکەن. کچەکان زۆر باشن و لاچاوانت ماچ دەکەن. خزم هەموو ئیدە ساغن و ئەمنیش بۆ خۆم پشتم لە بن باری خەمەکان چەماوەتەوە. مەریەم وەک پورە زارا سڵاو بۆ خدری پیرۆتی دەنێرێ و بە ناوی منداڵەکانەوە لاچاوانی ماچ دەکات. ژنەکان شادن، کە سەرئەنجام خەبەرێک هات و مێردەکانیان سەلامەتن. پورە زارا و مریەم لە بنکەی مانگی سوور کە دێنەدەر باس لە بەڕێوەبردنی مەولودی دەکەن. پورە زارا و مەریەم چەند ساڵە بەڵێن و عەهدیان داوە، کە ئەگەر خەبەرێکی خۆش بگاتە دەستیان ئەوان مەولوودیەک دەکەن. لەیلا لە پورە زارا شادترە و بە سەر و قژێکی تۆزاویی و پانتۆڵێکی پیاوانە سەرقاڵی گەسکدانی حەوشە و بەردەرگای ماڵیانە. پورە زارا کە دەگاتەوە ماڵ لە خۆشی ئەو خەبەرە و نامەکەی مام کەریم لەیلا لە باوەش دەگرێ و دەڵێ، رۆڵە بۆیە لە کۆنەوە دەڵێن، ئەوەی لە خوای خافڵە هەر کافرە. لەو مانگەدا دەبێ مەولوودیەکی باش بۆ بابەت بکەین. بۆ مەولودییەکە بانگی مەلا ساڵەی شڵماشێ و مەلا مینەی دەکەین و با یەکێکیان مەولودییەکەی وەخوێنێ و ئەوەی دیکەش سەڵەواتان لێبدات. پورە زارا و لەیلا مەزەندەی تێچووی مەولودییەکە دەکەن و خۆیان بۆ ئەو کارە خێرە ئامادە دەکەن. شەو پورە زارا و لەیلا دەچنە ماڵی خاڵە مینە و وردەکاری نامەکەی مام کەریم باس دەکەن و ئاشکرای دەکەن، کە مەولودییەک دەکەن و با خێرەکەی بۆ کەریم و پەرویزی کوڕیان بێ. یەکێکیان لە بەندیخانەدا ماوەتەوە و ئەوەی دیکەیان بە جوانەمەرگی وڵاتی چۆڵ کرد. ئاڵتون زۆر خۆشحاڵە و پێشوەخت داوا دەکات، کە خوا ئەو مەولوودییە قبوڵ بکات و ئینشاڵڵا مردووی هەموو لایەک لە سەرتاقەی بەهەشتی جێدەگرن. خاڵە مینە داوا لە پورە زارا دەکات، کە کەلوپەلەکان بۆ خۆیان نەکڕن، چوونکە دوکاندارەکان ویژدانیان نەماوە و ئەگەر نەتناسن کەلوپەلە خەراپەکەت دەدەنێ. ئەگەر ئامادەبووی، لە گەڵ کاکی خۆت وەرە و پێکەوە دەچین و پێداویستیەکان دەکرێن و هێنانی مەلاش زۆر گەران نییە. شەربەت، چوکلیات و نۆقڵ پارەیەکی زۆریان ناوێ و بۆ منداڵەکان مەولودییەکە خۆشتر دەبێ. پورە زارا لە لەیلای دەپرسێ، کە چ کاتێکی بۆ مەولودییەکە بە گونجاو دەزانێت. بە وتەی لەیلا کاری خێرێ هەتا زووتر بێ، باشترە. ئەوان بڕیار دەدەن لە دوو حەوتووی داهاتوودا و پێش کردنەوەی قوتابخانەکان مەولوودییەکە بخوێنن و پێداویستیەکانی بۆ ئامادە بکەن. سەرئەنجام ئامادەکارییەکان تەواو دەبن و خەڵکێکی زۆر بۆ مەولودییەکە بانگ دەکەن. لە رێگای خاڵە مینە، خاڵ عەباس و مەلا برایم داوەت دەکرێن و ئێوارەیەکی لەبیرنەکراو پێکەوە دەبەنە سەر. مریەمی خدری پیرۆتیش وەک پورە زارا مەولوودی دەکات، بەڵام ئەو بەشێکی زۆری کەلوپەلەکان دەبەشێتەوە تەنیا چەند میوانێک لە گەڵ مەلا باقی بۆ خوێندنەوەی مەولودنامە بانگ دەکەن. لە رێگای چەند ناسیاوێکی گوندەکاندا پورە زارا خەبەر بە کەماڵی دەدات، کە مام کەریمی بابی لە زیندانێ عێڕاقی وەک یەخسیری شەڕ راگیراوە و نامەیان تازە گۆڕیونەوە. پورە زارا و لەیلی زۆر پەرۆشی کاوەیانە و ئاگادار نین، کە لە کام گوند و شاخ باسی شۆڕشی سوور دەکات. کاوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە زۆر ناوچەی کوردستان گەڕاوە و مانگێک دەبێ لە رێگای سەقز و بانەوە بەرەو ئالانی سەردەشت گوازراوەتەوە و لە بنکەی گومرکی کۆمەڵە رۆژانە خەریکی پارەوەرگرتن لە خەڵکە. کاوە لە کاتی وەرگرتنی گومرگدا جار و بار توندی دەنوێنێ، بەڵام خەڵک ئاگاداری دەکەنەوە کە ئەگەر هەڕەشە بکات، پارەی خۆیان دەدەنە دێموکڕات و لەو ناوچەی دەریاندەکەن. کاوە لە ژێر جەبر و ناچاریدا شلی دەکات و بە گوێرەی ویستی خەڵک هەڵسوکەت دەکات. ئەو بە گاڵتە بە هاوڕێەکی دەڵێ، ئەگەر ئەمڕۆکانە جەنابی ئینگڵس، مارکس، لێنین و مائۆ لە ئالانی سەردەشت ژیابان، دەبێ کتێبی کاپیتاڵ و سەرمایە و شۆڕسی ئۆکتۆبەر و جوتیارانیان رێبەرایەتی کردبایە؟ هاوڕیەکەی بە پێکەنینەوە دەڵێ، ئەگەر رەفیق لێنین لە پەنا ئەو کێوانە دەبو، بە باوەڕم رەنگە دوو ئینقلابی ئۆکتۆبری دەکردن. کاکە ئێمە هەتا ئێوارە لە بنکە و لە دەرەوە خەریکی فشقیات و پێکەنینین. شۆڕشی کرێکاری و سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستەکان پێویستی بە مانگرتنی چینی کرێکارە. لەو وڵاتەدا کێ گوێ لە ئێمە دەگرێ و کام کرێکار و وەرزێڕ هاوبیری سیاسەتەکانی ئێمەیە؟ کاوە بێدەنگەی لێدەکات و چاوەڕوانی تێپەڕینی کاروانچیەکان دەکات، بۆ ئەوەی یارمەتیەک بۆ کۆمەڵە کۆکاتەوە. ناوبرا پێوەندی لە گەڵ کەماڵ نییە و پێوەندییە خێزانیەکانی بە سەرکەوتنی کرێکاران گرێداوە. لەو ماوەیەدا بەشێکی زۆر داڕێژەرانی سیاسەتی کۆمەڵە لە سیاسەتەکانی دێموکڕات توڕەن و لەو جێگایانەی کە دەسەڵاتی چەکداریی و لایەنگریان زیاترە، لە گەڵ دێموکڕاتەکان سیاسەتێکی توند دەگرنەبەر. بە پێچەوانەوە لەو ناوچانەی، کە پێگەیان لاوازە و زۆر نەرم و هێمن دەجوڵێنەوە و تەنانەت لە گەڵ گوندنشینەکان خەریکی دەروێنە و میوەچنین دەبن. دێموکڕات و پێشمەرگەکانی تەحەممولی شوعار و درووشەکانی کۆمەڵە ناکەن و ئەو زمانەی کۆمەڵە بە زمانی هەڕەشە و شەڕ تێدەگەن. لە هێندێک ناوچە وردە تێکهەڵچوون و بە گژیەکترداچوون رویداوە و سەرکردەکانیان بە شێوازی کۆن لە گەڵ یەکتر سیاسەت دەکەن. دێموکڕاتەکان باوەڕیان بە درووشمەکانی کۆمەڵە نییە و ئەوان لە کوردستاندا چینیکی رێکخراو بە ناوی کرێکاران نابینن. بێجگە لەوە دێموکڕات خۆیان بە رێبەری داخوازی عەداڵەت دەزانن و خەتی کۆمەڵە بە خەتێکی توند و ئاگرخۆشکەر دەزانن. لەو رۆژگارەدا لە زۆربەی ناوچە و گوندەکان خەڵکی جیاواز سەنگەر دەگوازنەوە و لە ئاکامدا بازنەی لایەنگر و ژینگەی سیاسی هێزە سیاسییەکان دەگۆڕێ. بە وتەی مام ئەحمەد تەوریوەری کوردستان پڕە لە چەکداری ناڕوشەنفکر و ئەحزابی کوردستان بازی مار و پلەدەکەن و لە نەتیجەدا گشت میللەت دەیدۆڕێنێ. ئەو سەری لەو هەموو حیزب و سەرکردەیە دەرناچێ و کە چاو لە چەکدارەکان دەکات بە حەسرەتەوە دەڵێ، رەفیقان ئاخری خێربێ. رەفیقان ژماریەک چەکدار لە پێناوی قازانجی خۆیاندا بوونە پێشمەرگە و بۆ گەیشتن بە ویستەکانیان حیزب دەگۆڕن. ئەو تەفرەقە موشکڵی ئەسڵی کوردانە و هەر کەسەو بە موزیکێک دەژەنێ و هەڵدەپەڕێ.

 

رێژیم لە سەر جێبەجێکردنی گەڵاڵە و تەرحەکانی سوورە و ئاگادارە، کە درێژکردنەوەی شەڕ لە قازانجی حکومەتە، چوونکە هێزە کوردییەکان لە گوندەکان شەڕ ناکەن و پاش ماوەیەک خۆڕاگری پاشەکشە دەکەن. بەرپرسانی رێژیم بۆ ئەو کارە چەکدارە تۆبەکارەکان و پێشمەرگەی موسڵمان لە گەڵ پاسداڕ و بەسیجی ئامادە دەکات و لە پاییزدا هێرش بۆ ناوچەی ئالان دەکەن. لەو شەڕانەدا هێزەکانی رێژیم کوژراو و برینداری زۆر دەدەن، بەڵام ناگەڕێنەوە و چیای نۆڕی سەرئەنجام دەگرن. زۆر هێز و پێشمەرگە لەو شەڕەدا بەشداری دەکەن و ژمارەیەک شەهید دەدەن، بەڵام سیاسەتی چاوەڕوانی حیزب و پێشمەرگەکانی لە داو خست. لەو شەڕەدا خالیدی مەولود بەزازی وێڕای چەند چەکدارێکی رێژیم دەکوژرێن و بۆ رۆژی دواتر تەرمەکانیان دەبنەوە شار و لە گۆڕستان بە خاکیان دەسپێرن. خەڵک لەو پاییزەدا بە کوژرانی ژمارەیەک لە چەکدارە کوردەکانی سەر بە رێژیم شادن، بەڵام خەمی پاشەکشەی پێشمەرگە و حیزبەکان و گیان لە دەستدانی رۆڵەکانیان قورس و گرانترە. شیرین و خەسووی لە ماوەیەکی کەمدا مێردەکانیان دەکوژرێن و ناویان دەچێتە لیستی بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە موسڵمانەکان. شیرین لە سەرەخۆشی خالیدی هاوسەریی و بەشێک لە کوژراوەکانی دیکە لە گەڵ کچە شیرەخۆرەکەی لە گەڵ ژنەکان دانیشتوە و لە گەڵ ژنانی دیکە ئەلفاتیحا دادەدات. دایکی خالید سەری خۆی پێچاوە و جنێو بە پێشمەرگە دەدات و توک و دوعا لەو کەسانە دەکات، کە چەکیان بۆ حیزبەکان هەڵگرتوە. شیرین توک و دوعاکانی خەسووی دژ بە خۆی دەزانێت و لە گەڵ خەسووی دادەگژێنە سەروپەرچی یەکتر. ژنێک لە خوشکانی زەینەبە و هاوسەری یەکێک لە کادرەکانی سپا لە نێو ژنەکاندا بە شەڕی شیرین و دایکی خالید نیگەرانە. ناوبراو بە فارسی دەپرسێ، کە لە سەر چی شەڕ دەکەن و مەسەلە چییە؟ دایکی خالیدی بە کوردی جنێوان دەدات و دەڵێ، ئەو ژنەتیوە بە کوژرانی مێردەکەی خۆشحاڵە و لە سەر ئەوە شەڕم لە گەڵ دەکات، کە جنێو بە چەکداری ئەو حیزبۆکانە دەدەم. ژنێک کە فارسی دەزانێ زۆر بە کەمی تووشی وەرگێڕانی زمان بوە، بە فارسی بەشێک لەو کێشەیە بۆ ژنە فارسەکە شیدەکاتەوە. خوشکە زەینەبە لە مەسەلەکە ورد دەبێتەوە و دەپڕسێ، کێشەی بنەماڵەیی و نێوان خەسوو و بوکە یان پێوەندی بە شتی دیکەوە هەیە؟ دایکی خالیدی لە تاوی ئازاری کوڕەکەی بە ژنەکان دەڵێ،بە قوربانتان بم بەو خاهەر زینەبە بڵێن، کە لە ماوەیەکی کەمدا ئەمن مەولود و خالیدم وەک تڕی بن گۆمێ رۆیشتن. بەشێک لە ژنەکان زۆر خەریک دەبن، بەڵام لە وەرگێڕانی ئەو رستەیەدا سەرکەوتوو نەبوون. خەسووی شیرین تێدەگات، کە ئەوان بە فارسی نازانن ئەو قسانە تەرجومە بکەنەوە، بۆیە بە زمانی دەست و زار بە ژنە فارسەکە رادەگەیەنێ، کە مەولود و خالید بە هیچ و خۆڕایی رۆیشتن. خاهەر زەینەبە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مەجلیس و درێژەنەکێشانی شەڕی بووک و خەسوو ئاماژە بە ئایەتێک لە قورئان دەکات، کە شەهیدانی رێگای خوا نامرن. ئەو کوشتن و کوژران لە رێگای ئیمام و رەهەبەریدا بە واجب دەزانێ و شەهیدبوون بە پلەیەکی شایستە. ناوبرا داوا لە شیرین و خەسووی دەکات، کە سەبری ئینقلابیان هەبێ و باوەڕیان بە ئیمامی مەهدی بەهێز بکەن و سەرئەنجام رەزمەندەی ئیسلام سەردەکەون. شیرین لە داخی ئەو ژاوەژاوە و گریانی منداڵەکەی لە ژووری سەرەخۆشی ژنان دەچێتەدەر و بڕیار دەدات، کە تۆڵە لە خەسوەکەی بکاتەوە. شیرین لە دوای سەرەخۆشی رۆژانە بە تیرۆک و دار لە خەسووی وەژوور دەکەوێت و خەسووش بە دەوری و قاپی مەلامین شیرینی لە بەر دەرگا دەڕەتنێ. جیرانەکان لە شەڕی خەسوو و بووک جاڕز و ماندوون، بۆیە چەند جارێک داوایان لێکردوون، کە ئەگەر پێکەوە مەدار ناکەن با جیاببنەوە. شیرین و خەسووی بیر لەوە دەکەنەوە، کە مەولود و خالید کوژراون و ئەگەر بگەڕێنەوە خانووی خۆیان کەس کاری پێنین. پاش ماوەیەک لە حەوشەی خانوە کۆنەکەدا سپا خانوویەک بۆ شیرین ساز دەکات و دایکی خالیدیش لە بەشی کۆنی خانوەکەدا لە گەڵ منداڵەکان سەر بەیەکەوە دەنێن.

 

کوژرانی خالید ئەو چەکدارەی کە بەردەوام خەڵکی ئازار دەدا لە شاردا دەنگی دایەوە. زۆر پیرە پیاو و کەسانی وەک مەلا برایم و خاڵە مینە بە کوژرانی بە تایبەت خالید دڵخۆشن. لە ماوەی ئەو ساڵانەی رابردوودا خالید لە ئازاردانی ژنان، منداڵان، ماڵی پێشمەرگە، کچان و هتد. دەستی نەدەپاراست و رۆژانە زۆر کەس بۆ کوژرانی لە خوا دەپاڕانەوە. پورە زارا بە تەواوەتی خۆی لە کچەکەی دابڕیوە و ئامادە نییە پێوەندی لە گەڵ دابمەزرێنێتەوە. شیرین لە رێگای جۆراوجۆر و تەنانەت سەردانی لەیلا لە سەر تەندووری نانکردن هەوڵدەدات، کە نێوانی خۆیی و دایکی چاک کاتەوە. لەیلا زۆر خەمی خوشکەکەیەتی، بەڵام ئاگادارە کە شیرین ئەو رێگایەی هەڵبژاردوە و لەو سەردەمەدا سەرشێتانە مێردی کرد. ئاڵتونی خاڵە مینەی لە رێگای بازاڕ و نەخۆشخانە و شیرکەتی نەوت چاوی بە شیرین دەکەوێ. پاسداڕەکان بۆ رێزگرتن لەو کوردانەی، کە هاوکاریان دەکەن و لە شەڕی پێشمەرگەدا دەکوژرێن، ماڵ و منداڵەکانیان لە بیرناکەن. پارەیەکی مانگانەیان بۆ دەبڕنەوە، زەویان بۆ خانوو سازکردن بە سەردا دابەش دەکەن و هەروەها لە کارپێدانی منداڵە گەورەکانیاندا هاوکاریان دەکەن. بێجگە لەوە قوتابخانە، کۆڵان و شەقامێکی شاریان بە ناوە دەکەن.

 

sopa1.jpgهێزە چەکدارەکانی رێژیم زۆربەی بەرزاییەکانی ناوچەیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. ئەوان بە هێمنی لە گوندەکان گەرادەخەن و ژمارەیەکی زۆرتری چەکدار لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە. بەشێک لە هێزی بەرگری میللی دەگەڕێنەوە ماڵ و درێژەدانی خەبات و پێشمەرگایەتی بە هاوڕێکانیان دەسپێرن. ژمارەیەک لە خەڵکی بە ناو دژە شۆڕش لە گەڵ شەپۆلەکە کەوتوون و پێشمەرگایەتی و کارکردن بۆ کوردایەتی لە کار و کەسابەتی خۆیاندا دەبینن. ئەوان لە ناوچەی ئازاد و دوور لە دەسەڵاتی ئێران و عێڕاق پەنایان گرتوە و درێژە بە ژیان دەدەن. خەڵک لە گوندەکان پاش دەرچوونی حیزبە سیاسییەکان و پێشمەرگە لە گەڵ دۆخەکەدا خۆیان دەگونجێن و لە گەڵ برادەرانی پاسداڕ و بەسیجی کێشەیەکیان نییە. زۆربەی کوردەکان کوردایەتی وەک دڵداری شاراوە دەکەن و خاوەنی کردەوە نین. بەشێکی زۆر لە گەڵ پێشمەرگەکان لە سەر سنوورەکان بنکە و بارەگایان کردۆتەوە و بە کردەوە لە گەڵ رۆژگارە تازەکەدا خۆیان دەگونجێنن. لە رۆژانی دوای شکست و پاشەکشەدا چەند هێزێک گورزی کاریگەر لە هێزەکانی رێژیم دەدەن و بە زمانی سیاسەت بە رێژیم رادەگەیەنن، کە ئەو خەباتە درێژەی هەیە. یەکێک لە کوردە شارەزا و سیاسەتمەدارەکان کە سەرکردایەتی دێموکڕات دەکات لە وتەیەکدا ئاشکرای دەکات، کە بۆ ئەو رێژیمە لانی کەم ٢٥ ساڵێک دەبێ تەرخان بکەین. خەڵکی بەتەجرەبە و بە ئەزموون پەیامە راستەقینەکانی وەردەگرت، بەڵام زۆر کەس لە ژێر کاریگەری فاکتەرە جیاوازەکاندا شیروتیری لە ئاسمان دەسوین و تەنیا بە رزگارکردنی کوردستان رازی نەبوون.

 

کەماڵ و هاوڕێکانی ماوەیەک لە باوزێ بوون و دواتر بۆ پارێزگاری لە بنکەی تازەی دەفتەری سیاسی لە خاکی باشووری کوردستان جێگیر دەبن. ئەو کات دێموکڕات بەرەو گرتنی کۆنگرە دەچوو و باسی تایبەت بە کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک بازاڕی کۆبوونەوەکانی ئاوەدان کردبۆوە. وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و جەبەلئاغا لە گەڵ سندووقەکەی لە گەڵ خۆیان دەبەن. جەبەلئاغا کاتێک لە گوندی هەرزنێ تێپەڕ دەبێت، جنێوێکی چاک بە سیاسەت دەدات و لە پێشمەرگەکان دەپرسی، ئەو شۆڕشە بەرەو کوێمان دەبات؟ حوسێن بە گاڵتە دەڵێ، ئێمە لە ئاوەکە دەپەڕینەوە و دەچینە گەرمێنێ ، جەبەلئاغا ناوێکی سوار و خۆش هەڵبژێرە. کاکە ئەو شۆڕشە بە لاقی کیسەڵ دەڕوات و تازەی دەستی خاترجەمی وەبن سەرت بدە و بیر لە گەڕانەوە مەکەوە. ئەوانەی دەگەڕێنەوە وەک رەحیم دۆشکە و حەمە ئالانی و سەدان چەکداری دیکە تۆبەنامەیان ئیمزا کردوە. ئەمن ئەگەر تۆ بناسم بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیت و ناتوانیت تۆبەی سیاسی بکەی و پەرژینێکی بە گوڵ و ریحانان بێ، چەکی جاشەتی لە شان بکەی. کاکە وەرە دەڕۆین و پێکەوە ملی لێدەنێین و سەرئەنجام لە مەڵبەندێک دەگریسێینەوە. ئەگەر چاو لە ئاوی کەڵوێ دەکەم کە بە خوڕ بەو دۆڵ و ناوچانەدا رادەبری، کزەم لە دڵی دێت. یادت بەخێر مام کەریم، کە بە ئێمەی دەگوت “ئێوە سەر رووتن و نازانن دنیا چ باسە. رۆژێک دێت ئارەزو دەکەن لە گەڵ ماڵی خۆتان لە سەر سفرە دانیشن و شەوێک بە راحەتی بخەون. کوڕە دانیشن، بیللاهی کورد کورتی دێنێ و سەرئەنجام دەکەون. پیاوی چاک بن و وەدوا دەنگی دەهۆڵی مەکەون. بە کەلامی خوای پەژیوان دەبنەوە و دواتر کار لە کار دەترازێ.

 

وەستا مستەفا لە داخی ئەو شکان و هەڵاتهەڵاتە بە جەبەلئاغا دەڵێت، قسەی کاک حوسێن حەقە و تازە بە قولاپی سیاسەت و حیزبایەتیەوە بووین. ئەمن بە گونجاوی دەزانم، ناوی ئاغای فەراری لەخۆت بنێی، کە تەمسیلی راکردنی حیزب و پێشمەرگەکان دەکات. ئەو ناوە ئاوینەی راستەقینەی خۆمانە، کە ساڵێک چاوەڕێمان کرد هەتا پاسداڕ و منداڵە ورتکەی بەسیجی بە ئەڵڵاهوئەکبەر و یا حوسێن لە سەر خاکی خۆمان هەڵمانقەنن. ئەگەر ئیدارەی سەبت و ئەحواڵ کارتی پێناسی بۆ ئێمە و بە تایبەت سەرکردەی حیزبەکان دەرکردبایە، زۆربەمان بە شۆرەتی فەراری و هەڵاتو دەناسرایین. ئەمن لە بیرمە، کە شارەکانمان بە ختوخۆڕایی چۆڵ کرد. کاکە شۆڕش یان دەکرێ یان ناکرێ! ئەتۆ خوا و خورمات دەوێ و ئەوەش سەرناگرێ. ئەتۆ ئەگەر شەڕی هەموو کرێکارانی ئێران و جیهانت بۆمن هێناوەتە کوردستان بۆچی لە پاشەکشەدا هێندە ئازاو و پێشڕەوی. ئێمە خۆمان بە چ چەک و ئامرازێک دێموکڕاسیمان بۆ ئێران و خودموختاریمان بۆ کوردستان دەوێ؟ بنکەکانی رێژیم یەکساڵ و دووساڵ لە بەرچاوی خۆمان بوون و بە بیانوی موزاکرە و خودگەردانی تووشی سەرگەردانیان کردین. پەککو جەبەلئاغا بۆ ئەو خاکە جوانە، کە بە ئاسانی لە دەستمان چۆدەر. کەماڵ بۆ شکاندنی بێدەنگی باس لە چیرۆکی ناسر و ماڵماڵ دەکات و کوڕەکان دڵخۆش دەکات، کە رەنگە بە سەری هەیبەت سوڵتانیدا بەرەو بەغدا بڕۆین. جەبەلئاغا بە وتە و قسەی هاوڕێکانی شادە و شوکری خوا دەکات، کە خاوەنی ئەو رەفیقە باشانەیە. ناوبراو لە سەر چۆمی هەرزنێ بە هاوڕێکانی دەڵێت، لە سەر پێشنیاری وەستا مستەفای برام، لە ئێستاوە بە ناوی ئاغای فەراری بانگم کەن. ئاغای فەراری ساڵان یەک مانگ لە بنکەکان نەدەمایەوە، چوونکە قسەکانی کڕیاریان نەبو. ئەو رەخنەگر و وردبین بو، بەڵام بە زمانی کۆمێدی و پێکەنین لە سەر دیاردە و بابەتەکان دەدوا. ناوبراو بە زۆربەی پێشمەرگەکان رادەگەیەنێ، کە ئەگەر کەماڵ، مستەفا و حوسێنی نەناسیبا، بێگومان لە یەک مانگ زیاتر لەو بنکە و مەقەڕانە نەدەمامەوە. ئێوە بۆ من بران و هەتا دەمرم وەک سێبەر لە گەڵتان دەمێنمەوە. ئەگەر پێشمەرگایەتیم پێنەکرا و لە بەر کزی چاو و هەنگاوەکان خۆم لە جەولە نەدا، لە مەقەڕی گوڵ و درەختان بۆ ئاودەدەم. ئەوان نیوە شەوێ دەگەنە بنکەی دەفتەری سیاسی و ئاغای فەراری ئەندامانی دەفتەر سیاسیی و سەرکردایەتی دیموکڕات دەبینێ، کە رۆژانە قۆڵ لە قۆڵی یەکتر دەکەن و لە سەر رووداوەکان دەدوێن. رۆژانی یەکەم بە تەواوەتی خۆی کڕ و بێدەنگ دەکات و کەس سەرنجی ناخاتەسەر. ماوەیەک کە لەو مەڵبەندە دەمێننەوە و پرسی کۆنگرەی شەش دێتەگۆڕێ و موزەفەر دێموکڕات دەبینێ، کە زۆر خۆی لە مەسەلەکان هەڵدەقورتێنێ و لاگیری لە سۆسیالیزم دەکات. موزەفەر لادان لە رێبازی سۆسیالیزم بە خەتای گەورە دەزانێ و رۆژانە مێشکی ئاغای فەراری بردوە. ئاغای فەراری وەبیر موزەفەر دێنێتەوە، کە وەک باژاڕی تەمبێ دەکرێ و ئاگاداری زمانی خۆی بێت. بەو زستانە و بارانە و تەنانەت لە دەربەدەریدا لە بن چادر و نایلۆنیدا باسی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک گەرمە. ئاغای فەراری لە گەڵ کەس لە سەر ئەو باسە دمەتەقە ناکات و رادەگەیەنێ، کە مادام دوکتۆرێکی کورد سۆسیالیزم و دێموکڕاسی تێکەڵکردوە ئەمن قبوڵی دەکەم. ناوبراو بە گاڵتە بە هاوڕێکانی دەڵێ، هەر بابەتێک دێموکڕاسی تێدا نەبێ بە کەڵک نایەت. کوڕینە خۆتان بەو باسە سەرقاڵ مەکەن و پێشمەرگایەتی شتێکی دیکەیە و شەڕە چەقەی چەپاوەنە لە سەر سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک لە گەڵ کەسێک کە دەزانێ چ دەکات و چ دەڵێ، کارێکی هەڵەیە و خۆفریودانە. ئاغای فەراری کە چاو دەگێڕێ زۆر کەسی وەک موزەفەر دەبینێ، کە تەنیا یەک وتاریان لە سەر سۆسیالیزم نەخوێندۆتەوە، بەڵام رۆژانە خۆیان بە دژبەرانی سۆسیالیزمی دیموکڕاتیک پێناسە دەکەن. مستەفا و حوسێن لە گەڵ ئاغای فەراری لە سەر پرسەکە خۆبەخۆ قسە دەکەن و ئەوان لە گەڵ درێژدادڕی نین. کەماڵ لە گەڵ کورتەباسە و وەک نوێنەری کۆنگرە هەڵبژێردراوە، بەڵام زۆر لە دۆخەکە ڕازی نییە. رۆژێک بە هاوڕێکانی دەڵێ، کە کورد هەتا نەمریت قەدرت نازانێ. ئەو خەڵکەی رۆژانە لێرە و لەوێ دژی دوکتۆر دەخوێنن، بە هەموویان بە قەدەر دوکتۆر شارەزا نین و هەیە تەنیا لە زاری کادری کۆمەڵە ناوی سۆسیالیزمی بیستوە. کاوەی ئێمەش سفرەی ماڵی بە سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری دەبەستەوە. خەڵکی وەک کاوەی زۆرن و لە هەموو شار و گوندێک سەدان و هەزاران کاوەمان هەن، کە تەنیا خەون بە هەنگوین و رۆنەوە دەبینن. ئەو هەویرە ئاو زۆر هەڵدەگرێ و پێشڕەوان و سەرە گەورەکان لە گەڵ یەکتر تەبا نین و شەڕەکە بە کوڕی فەقیر دەکەن. ئاغای فەراری لە سەر لێکدانەوەکانی کەماڵ قسەی هەیە و دەڵێ، کاکە نیوەی مەسەلەکەت ئاشکرا کردوە، بەڵام نیوەی دیکە خۆمانین. ئەگەر ئێمە تاکی خاوەن باوەڕ و سەربەخۆمان هەبایە، چۆن بەو رۆژە دەگەیشتین. ئەگەر پێشمەرگەکان زۆربەیان وەک تۆ و کوڕە باشەکانی دیکە هەڵسوکەوت و پێشمەرگایەتیان کردبایە، رێژیم چۆن لە سەر خاکی کوردستان دەریدەپەڕاندین. لە بیرتە کە حەمە ئالانی چەندە و چۆن لە گەڵ رێژیم ژێربەژێر سازابو و سیخوڕی لە سەر ئێمە دەکرد. براکەم، کورد و حیزبایەتی زۆر تەبا نین و ئێمە بۆ حیزبایەتی زۆرمان ماوە. هەر حیزبەی هاتوە چەکداری لە دەوری خۆی کردۆتەوە و لە سەر رێگایەک گومرگ وەردەگرێ. ئەگەر یەک هێزی چەکدار لە کوردستاندا سازبکرابایە بە خاکی کوردستان ئێستا ئێمە لە چوارچرای سابڵاغ سروودی ئەی رەقیبمان دەگوتەوە. ئەی هاوار لە دەستی کوردان! شێخ، مەلا، ئاغا و خوێندەواری کارنەکردە لە حیزبەکاندا کۆبوونەوە و سەری ئەو میللەتەیان لە قوڕنا. ئەو سازمان و حیزبانە لە وڵاتانی جیهاندا خاوەنی چەک و چەکدار نین و ئەوەی ئێمە دەیکەین کارێکی ناڕەوایە و رەنگە پەنجا ساڵی دیکە کورد رەخنە لەو کارەی حیزبەکان بگرن. سیاسەت هونەرە و حیزبایەتی ئامرازی سیاسەت لە وڵاتانی دێموکڕات. بە باوەڕی ئێوە لەو وەرزی زستانەدا ئەو خەڵکە لە سەر چ بناخەیەک کۆنگرە دەشێوێنن؟ سەرە زلەکانی حیزب دەکرا بەرنامە بۆ بەهاری داهاتوو داڕێژن و واز لەو داوەت و داوەتکارییە بێنن. ئێوەش ئاگادارن، کە لە ناوچە پاشەکشەمان پێکرا، زۆر فەرماندە و چەکداری حیزبەکان لە گوندەکان میوان بوون و ئامادەنەبوون لە شەڕدا بەشدار بن. هەر پەل و دەستەیەک تەنیا خۆی بە مەسئولی گوند و ناوچەی خۆی دەزانێ، بەڵام بەسیج و پاسداڕی ئیسفەهانی، تەورێزی، تارانی، گیلانی، بەندەر عەباسی، قۆمی، یەزدی و هتد وەک سەربازی دەوڵەتێک دژی ئێمە دەجنگان. ئەوان ئازا نەبوون، بەڵام خاوەنی بەرنامە و ئامانج بوون. ئامانجی ئەوان دەرپەڕاندنی ئێمە بو، کە کردیان، بەڵام ئامانجی ئێمە چییە؟ هەزاران چەکدار لە ماڵ و بەر دەرگای مزگەوت لە تەنیشت کچانی ئاو لە سەر شان و ژنانی گوند و شاردا پۆڵایان دەخوارد، بەڵام کە تین و زۆر هات بە زەبری چەک و پارە بۆت نەدەدۆزرانەوە. ئێمە لە گەڵ خۆماندا پێویستە راستگۆ بین و ژینگەی خۆمان و تواناکانمان بناسین. سیاسەت بە موزەفەر دێموکڕات و ئەو پێشمەرگانە ناکرێ، کە ناوی شێڕ و بەوریان لە خۆیان ناوە و جەمەدانەی سەریان نیومیتر پانە، بەڵام لە شەڕەکان خۆدەدزنەوە. کوان پۆڵاکان؟ کوا هەڵۆکان؟ لە کوێن دارەوەن و شاخەوانەکان؟ هێرش، شۆڕش، شاڵاو، جەنگاوەر، هەڵمەت، لوتکە و چیاکان لە کام سەنگەردا خۆڕاگریان کرد؟ حوسێن بەو باسانە دڵی دەکرێتەوە، بەڵام داوادەکات، کە با دوو قسەی خۆش بکەین. با لە سیاسەت گەڕێین و خەراپی نەکەین. کورد و سیاسەت لە کۆنەوە دوژمنی یەکن و ئێمە تەنیا بۆ شەڕی خۆبەخۆ ئازاین. حوسێن باسەکە دەگۆڕێ و لە کوڕەکان دەپرسی، کە ئەوجار دەبێ ژن بێنین، چوونکە ئەو شۆڕشە بەو چەقەچەق و دانیشتن لە دەوری یەکتر تەواو نابێ. ئەگەر ساڵێکی دیکە شەمەنەفەری شۆڕش بەرەو سلێمانی بردین سەر و ژن دێنین و بۆ خۆمان سەر و جنسەیەی عێڕاقی وەردەگرین. برادەرینە، هەتا پیری نەهاتوە با فکرێک لە خۆمان بکەینەوە. وەستا مستەفا لە ئاغای فەراری دەپرسێ، کە نەزەری تۆ لە سەر ژن هێنان چییە؟ ئاغای فەراری بۆ پێکەنین دەستەکانی بۆ چەپ و راست بادەدات و بە گاڵتە دەڵێ، ئەگەر لە بەغا گریساینەوە ئەمن کۆنەچاڵم هەیە. موزەفەر بە پێکەنینەوە دەپرسێ، ئاغای فەراری رەنگە لە بەغدا ناوت کۆنەچاڵ بووبێت؟ ئاغای فەراری بە روخساری موزەفەر توڕەیە و کە ئەو پرسیار دەکات، خۆی بە گوێگرتن لە رادیۆیەک یان قسەکردن لە گەڵ هاوڕێیەک سەرقاڵ دەکات.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge23.jpgلەو ماوەیەدا کەم و زۆر ئەوانەی کە ناوی ئاغای فەراریان بیسبتوو، هەڵوێستەیەکیان لە سەر ناوەکە دەکرد و زۆربەیان بە تێڕوانینێکی بەرتەسک ناوەکەیان دەخوێندەوە. ژمارەیەک لە خەڵکی شەڕ نەدیتو کە ناوی ئاغای فەراریان دەبیست بە قامک ئاماژەیان بۆ دەکرد و فیتویان بۆ لێدەدا. هێندێ لە پێشمەرگەکان کە ناسیاویان لە گەڵ نەبو، بە شێت و دێوانە پێناسەی دەکەن. کۆمەڵە خەڵکێکی خۆش مەشرەب حەزیان لە ناوی ئاغای فەراری بو، بۆیە ئێواران بۆ پێکەنین و گوێگرتن لە قسەی خۆش بانگیان دەکرد. ئاغای فەراری خاکی و کراوە بو، بۆیە بە دڵپاکی سەردانی زۆربەی پێشمەرگە و بەرپرسەکان دەکرد. ئەو لە گەڵ کوردەکانی باشوور بەشێک لە پێشمەرگە و کاسبکارەکانیان تێکەڵاو بو. بە مەبەستی تایبەت و لە بەر زانینی زمانی عەڕەبی خەڵکی کوردستانی گەرمێن حیسابی جیایان بۆ دەکرد و بە خەڵکی ناوچەی خۆیان دەزانی. زۆرجار ئەوان لە لای ئاغای فەراری دەردی دڵی خۆیان دەکرد و تەنانەت رەخنەیان لە حیزبەکان دەگرت. یەکێک لەو کوردانە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران کوردستان بو، کە رەخنەی لە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکی قاسملو دەگرت. ناوبراو لە گەڵ کۆمەڵەکان تێکەڵ بو، بۆیە لە ژێر کاریگەری کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا قاسملویان بە پیاوی ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەناساند! ئاغای فەراری کەمتر خۆی لە قەرەی دمەتەقە سیاسییەکان دەدا، چوونکە ئەو ئاگاداری کولتوری کوردان و هەروەها حیزبایەتیە. لە ئەساسدا باوەڕی بە ژاوەژاوی سیاسی نەبو، چوونکە ناوبراو دەیزانی، کە راستیەکان درەنگ یان زوو ئاشکرا دەبن و ئەو دەهۆڵکوتانە هیچ لە رووداوەکان ناگۆڕێ. رۆژێک فەراری و هاوڕێکانی پێکەوە میوانی پێشمەرگەکانی سەر بە کۆمەڵەی رەنجدران دەبن. قسەکردن بە زاری زۆرەوە تام و چێژی تایبەتی هەیە، بۆیە ئاغای فەراری ئەمڕۆ بە نیازە لایەنگرانی بەرەی چەپ و ئەو پێشمەرگانەی کە گەمە بە ئەم و ئەو دەکەن بهەژێنێ. ناوبرا لە گەڵ هاوڕێ کۆنەکانی وەڕێدەکەن و دەگەنە مەقەڕی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان. ئەوڕۆ کۆمەڵە میوانێکی تازە هاتوون و بە نیازن بەرەو ناوچەکانی سلێمانی جەولە بکەن. کەماڵ لە نێو میوانەکاندا روخسارێکی ئاشنا دەبینێ، بەڵام نازانێ لە چ شوێنێک یەکتریان دیوە. کەماڵ لە حوسێن و مستەفا دەپرسێ، ئەرێ کوڕینە ئێوە ئەو روخسارە ناناسن. ئەوانیش وەک کەماڵ نازانن، کە لە کوێ یەکتریان دیتوە، بەڵام ئاشنایە. ئاغای فەراری کەشوهەواکەی بە کەیفێیە و بە حوسێنی دەڵێ، ئەمڕۆ رۆژی هیممەتە. ناوبرا لە پڕ داوا لە پێشمەرگەکان دەکات، کە ئێمەی بۆرجوا (بورژوا) میوانی نان و کەبابین و بە فاسۆلیا رازی نابین. کە وشەی بورژوا هاتەگۆڕێ، چەند ئەندامێکی کۆمەڵەی رەنجدەران لە تەنیشت میوانەکان دانیشتن و یەکێک لەوان گوتی، ئاسۆ ورە دانیشە. ئەمڕۆ برادەرانی دیموکڕات میوانن و ماوەیەکە پشتیان لە سۆسیالیزم و بلۆکی رۆژهەڵات کردوە و عەوداڵی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکن. کەماڵ و مستەفا و حوسێن کە ناوی ئاسۆ دەبیستن، چاوێک لە یەکتر دەکەن و دێتەوە بیریان، کە شەوێک لە گەڵ مامۆستا نازم لە سەردەشت میوانیان بوە. وەستا مستەفا بۆ تاقیکرنەوەی شک و گومانیان بە ناوی ئاسۆی موزەممیت بەخێرهاتنی ئاسۆ دەکات. ئاسۆ سپاسیان دەکات و دەپرسێ، کاکە تۆ چۆن ئەمن دەناسیت و خۆ عیلمی غەیبت نییە؟ مستەفا چیرۆکەکەی بە تەواوی بۆ دەگێڕێتەوە و ئاسۆ زۆر شاد دەبێ. سامان شارباژێڕی دەڵێ، لە کۆنەوە وتوویانە، کە کێو بە کێو ناگات، بەڵام مرۆڤ بە مرۆڤ دەگات. ئاسۆ وەک ساڵان نەماوە و بۆتە کادری کۆمەڵە و لە ریزی یەکێتی نیشتمانیدا چەکی هەڵگرتوە. لە خوێندنەوەی رووداوەکانی کوردستانی ژێردەسەڵاتی ئێران بە لای کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستدا دەیشکێنێتەوە. سامان پرسیار لە دیموکڕاتەکان دەکات، کە حیزبی کۆمۆنیست چەند فارسێکی عەبقەریان لە گەڵە و ئێوە دەرقەتیان نایەن. ئەوان زۆر موهیمن و لە بن سێبەری کۆڵەکە دارێک لە ئەلفەوە هەتا کۆتایی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و خەباتی کرێکاریت بۆ دەنەخشێنن. بە خوا باوکم ئەو فارسانە عەزیمن و رەنگە لەو شاخانە شۆڕشێک بەرپابکەن هەموو شەرقول ئەوسەت رزگار بکەن. سامان درێژە دەدات و رەخنە لە دیموکڕات دەگرێ، کە قبوڵی کۆمەڵە ناکەن و تەگەرە لە سەر خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئەو حیزبە دەخوڵقێنن. ئاسۆ لە دوای سامان رەخنە لە دێموکڕات دەگرێ و بە حیزبێکی عەشایری و تەقلیدی ناوی دەبات، کە بە دەستی حیزبی کرێکاران کۆتایی پێدێ. کەماڵ لە فەراری دەپرسێ، کاکە بۆ نان و کەبابت هێناوین یان شەڕی دۆستان؟ چەپەکان کە زۆر کتێب و نووسینی پێوەندیدار بە سۆسیالیزم و مارکسیان دەخوێندەوە لە کاتی قسەکردندا دەرفەتیان بە لایەنی بەرامبەر نەدەدا قسەی خۆی بکات. ئەو رۆژە سامان، ئاسۆ و دواتر نەجمەدین خانەقەینی بە تەواوەتی مەجلیسەکەیان شیواندوە. کەماڵ کاسەی سەبری پڕدەبێ و دەنگ بەرز دەکاتەوە، کە کاکە مردنیش بە نۆبەیە. ئێمە بۆ دیدارێکی دۆستانە هاتبووین و چاوەڕوان نەبووین، کە شەڕی سەرمایەداری و کۆمۆنیزم لێرە ببڕێنینەوە. ئێوە قسەی خۆتان کرد و ئێمەش وتەی خۆمان هەیە. ئێوە بە هەڵە لە خەباتی حیزبەکان گەیشتوون و بە تێگەیشتنی ئێوە ئەوانەی زۆر دەڵێن و شەو و رۆژ وەک شێعر ناوی کرێکار و وەرزێریان لەسەر زارە لە ئێمە شۆڕشگێڕترن. ئێوە لە سەرەخۆبن، ئەو شەڕە بە کوردان دەکرێ و زۆرمان خۆ لەو شەڕفرۆشیە بواردوە. بە چ یاسا و قانوونێک ئێمە نوێنەری بورژوای کوردستانین و ئەوان کرێکارانی کوردستان؟ ئێمە خوازیاری پاراستنی دارستان و قەدەغەکان بووین، بەڵام کۆمەڵەکان بە چەکەوە خەڵکیان بە بیورەوە دەبردە دارستان و بە دژایەتی دێموکڕات داوایان لێدەکردن، کە بە بیوور و مشار بکەوەنە گیانی دارەکان! ئێمە ژن بە ژنەمان قەدەغە دەکرد، کاکی رەوشەنفکری کۆمەڵە بە نووسراوەیەک بنەماڵەکانی لە بەڕێوەبردنی ژن بە ژنە ئازاد دەکرد. ئێمە شەڕی پاسداڕ و بەسیجیەکانمان دەکرد و ئەوانیش خەڵکە چەکدارەکانیان دژی ئێمە تیژ دەکەن و بە دوژمنی سەرسەختی کرێکاران پێناسەمان دەکەن. ئەگەر دێموکڕات هاوار بکات، کە زستان ساردە ئەوان دژی ئەو لێدوانە زستان بە وەرزێکی گەرمی کرێکاران دەناسێنن. لە پێوەندی لە گەڵ سۆسیالیزم و سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکدا زۆر کەس خەراپ تێگەیشتوە. ئەگەر ئێوە دەزانن، کە دوکتۆری ئێمە هەڵەی کردوە بۆچی سەرکردەی ئێوە و ئەو عەبقەرییە فارسانە بە نووسین وڵامی نادەنەوە؟ ئاغای فەراری چەند رۆژە خۆزگە بۆ کاتێکی ئاوا هەڵدەخوازێ و داوا دەکات، کە قسەی خۆی بکات. ناوبراو لەهۆدە چووکە قوڕینەکەدا چوار مەشقی دادەنیشێ و بەمجۆرە دەدوێ: کوردەکان لە بەر بەدبەختی و رۆژرەشی لەو شاخ و دۆڵانە لە سەر سەرمایەی مارکس کێشەیان هەیە! ئێمە هەتا خۆمان و ژینگەکەمان نەناسین بەو وشە و کەلیماتە یەک هەنگاو ناچینەپێش. رۆژانی رابردووش کە هاتوومە ئێرە زۆر گوێم لە وتەی سواو و سوەراو دەبێ و هێندێک جار سوکایەتی بەو کەسە دەکرێ، کە سۆسیالیزمی دێموکڕاتی هێناوەتە گۆڕێ. کاکە ئەو کەسە کوردێکە و سەرکردەکەی تۆ لە تەنیشت ناوبراو وەک قوتابی دادەنیشێ و توانای قسەکردن لە سەر ئەو چەمکانەی نییە، ئەتۆ بە چ عیلمێک سووکایەتی بەو باوەڕی مرۆڤەکانی دیکە دەکەی؟ گەلانی دیکە بەختەوەرن کە وەک ئێوە دەڵێن زەلامێکی عەبقەڕیان هەبێ و شانازی پێوەدەکەن. ئێوە لە بەدبەختی خۆتان چەند کۆمۆنیستێکی فارس بە عەبقەری دەناسێنن، بەڵام کوردەکەی خۆمان بە بورژوا و مومەسیلی ئیمپریالیزم! چاوێک لە خۆتان و رابردووتان بکەن و ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەنەوە. کامە لە ئێوە شارەزایی لە سەر سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم هەیە؟ ئەمن لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە گەڵ کۆمەڵە و رێکخراوەکانی دیکەش بووم و دەزانم باسی چی دەکەم. ئێمەی کورد زۆرمان ماوە و شۆڕشەکەمان زیاتر دەنگەدەنگە. کاکی کۆمەڵەی رەنجدەران، ئاسۆ، سامان و نەجمەدین کوا سەربازە ئازاکانی کاسترۆ، سۆفییەت و چین لەو شاخانە؟ لە کام شار و گوندی ئەو وڵاتانە یەک خولەک بۆ کوردی قوڕبەسەر هەڵبەستێک هۆنراوەتەوە؟ ئێمە بە دوای کوڵاوی بابردوو کەوتووین و رۆژگارێک بە تێکڕا لەو کولتورە دزێوە پەشیمان دەبینەوە. ئێوە لە من بوونە کۆمۆنیست و سۆسیالیستی کورد، بەڵام ئەو فارس و عەڕەب و تورکانە بە تێکڕا سۆسیالیست و کۆمۆنیستن. ئەوان دەزانن بۆ کوێ دەچین و ئێمەش سەرلێشواو و لاواز بەدۆڵێدا. کاکە رەنگە قسەکانم رەق بن، بەڵام بۆ کۆتایی ئەوەندەش دەڵێم، کە سەرکردەی زۆربەی ئێوە لە داهاتوودا لە باوەشی بۆرژوازیدا دەبینمەوە. ئەگەر مردم و ئەو رۆژەم نەدی، کە کاک جەلالی تۆ و کاکەکانی دیکە بە هیچ هێزێک لە بورژوازی نابنەوە و ئەوکات سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم دەبنە چیرۆکی بەرئاگردان. سامان دەڵێ، مەبەستت لە کاک جەلال کێیە؟ کاکە هەموو دونیا بە مام جەلالی دەناسن و کاتی خۆی چۆتە وڵاتی روسیا و چین، قبوڵ ناکەم ئەو مامە بکەیتە کاک. وەستا مستەفا بە سامان دەڵێت، بە خوا چاک لە نێو سۆسیالیزم و مارکسیزمدا قاڵ بویتەوە. ئەتۆ وەک کاوەی برای کاک کەماڵ لە نێو باسوخواسی کرێکاریدا خۆت سەرقاڵ کردوە، بەڵام بە وشەی کاک توڕە دەبی و چاوەڕوانیت، کە شۆڕشی داس و کوچک رێژیمی بەعس و خومەینی بڕوخێنن. ئێمە تەنیا حەزمان لە سەپانی سیاسی نەتەوە سەردەستەکانە و لە کۆنەوە بە ناوی دین و ئەمڕۆ بە ناوی سۆشیالیزم و ئینقلابی کۆمۆنیستی ئاردی لە ئاوێ دەکەین. ئێمە دوژمنەکانمان لە بیر چۆتەوە و لەو بەردەڵانەدا یەکتر تۆمەتبار دەکەین. سوێند بێت، کە بەو شێوازە نە گەل رزگاری دەبێ و نە چینی کرێکار دەچێتە سەر کورسی دەسەڵات. ئاکۆ کۆیی بۆ گۆڕینی باسەکە لە کۆڕەکەدا چۆنیەتی جەمەدانە بەستن و جیاوازییەکانی پانتۆڵی کوردی کوردستانی بن دەستی ئێران و عێڕاق باس دەکات. ناوبراو پاشان لە سەر مانای ناوی ئاغای فەراری پرسیار دەکات. فەراری یەکسەر ناچێتەسەر ناوەکەی خۆی و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشبەتاڵ. لە ئاکۆ دەپرسێ، کە ئایا لە چۆنیەتی روودانی ئاشبەتاڵ شارەزایت. ناوبرا درێژە بە وتەکانی دەدات و ئاماژە بەوەدەکات، کە کورد بە دوو جۆر لە شەڕ رادەکات. جۆری یەکەم وەک ئاشبەتاڵە و بە خێرایی چەک دادەنێن و سەرکردەکان رادەکەن و شۆڕش بە دۆڵێدا. جۆری دووهەم، ئەوەی خۆمانە، کە ساڵ بە ساڵ پاشەکشەمان کرد و هەموو بەهاران بەشێک لە خاکی کوردستانمان بۆ پاسداڕ و بەسیجیەکان بەجێهێشت. بێجگە لەوە، لە ئاشبەتاڵدا کوردی کوردستانی ئێران لە گەڵ بەعسیەکان نەبوونە هاوکار، بەڵام لە پاشەکشەی خۆماندا پارتی بارزانی لە گەڵ پاسداڕانی دلێر! شەڕی کورد و خەڵکی کوردستانیان کرد. ئاکۆ باس لە هێزی پشتیوان دەکات، کە لۆ شەڕ و دیفاع لە دیموکڕات شەڕیان کردوە. ئاغای فەراری دەڵێت، بەڵێ کاکی خۆم ئەوەش راستە، بەڵام زۆر درێژەی ناکێشێ و رەنگە زەمانە بسوڕێ. سیاسەت گۆمێکی قوڵە و بۆ مەلەکردن خۆش نییە. ئەمن لە مێژووی کورد ئەوەندە دەزانم، کە زۆر زوو هەڵدەچین و زیاتر شەڕمان بۆ تورک، فارس و عەڕەب کردوە. کورد حەزی لە سەپانەتییە و زۆر ئۆگری خاوەندارەتی لە خاکەکەی نییە. ئەوەتا وەبیرم دێت، ئێمە دژی دارستان، باڵندە، مێرولە، ماسی و زیندەوەرانە بووین. چ گیانلەبەرێک باوەڕ بە مرۆڤی کورد دەکات؟ هەموو ئاژەڵەکان لەو خاکەدا هەست بە نەبوونی ئاسایش دەکەن. بە منداڵی فێری باڵندە کوشتن و دواتر ئاژەڵکوشتن دەبین و لە کۆتاییدا دەبینە چەکداری دەوڵەتان و سەرقاڵی کوشتنی کوردەکان دەبین. هاوڕێ رەفیق، لە بەر ئەو پاشەکشە و هەڵاتنی سۆسیالیزم و خودموختاری خوازەکان ناوم لە خۆ ناوە، ئاغای فەراری. بە کوردی جەنابی هەڵاتوو و راکردو. میوانەکان نانێکی سادە پێکەوە دەخۆن و ماڵئاوایی لە یەکتر دەکەن.

 

وەرزی زستان لە کوردستانی گەرمێن بەرەو کۆتایی دەڕوا و کوێستانەکان خاڵخاڵ بوون. دەستەی پارێزگاری لە بنکەی دەفتەر دەگەڕێنەوە بۆ باوزێ و لەوێ چەند هۆدەیەک ئاوەدان دەکەنەوە. لە رێگای گەڕانەوەدا ئاغای فەراری بۆ گەرمکردنی کۆڕی دۆستان، پێشنیار دەکات، کە ئەو ماوەیە پێناسێکی پێشمەرگانەی بۆ داوا بکەن و با ناوێکی سادە لە خۆی بنێ و لەو هەموو چەقەچەقە رزگاری بێ. ناوبرا باوەڕی وایە، کە تازە کار لە کار ترازاوە و مەبەستی نییە حیزب حیزبێنە بکات و هەتا دەمری لە گەڵ ئەو کوڕانە دەمێنێتەوە. وەستا مستەفا چەند ناوێک دەژمێرێ، بەڵام ئاغای فەراری بە کەیفی نابن. حوسێن ناوی زرێبار پێشنیار دەکات، بەڵام ئاغای فەراری داوای پاشناوێکی لێدەکات. کەماڵ پاشناوی کۆڵنەدەر یان کوێستانی بۆ زرێبار دادەنێ و قەراردەدەن، کە بەو ناوە کارتی پێناسی بۆ دەرکەن. موزەفەر دێموکڕات شەکەت و ماندوویە و ئەو رێگایە زۆر بە زەحمەتی دەبڕێ و زۆر ئۆگری توڕە کردنی هاوڕيکانیەتی. بۆ ئەو کارە میرزا دەرزیلە بە گونجاو دەزانێ. لە کاتێکدا ئاغای فەراری ناوی تازەی هەڵبژاردوە و بە زرێبار کوێستانی بانگ دەکرێ، موزەفەر دێموکڕات لە رێبواران کاروانچیەکان دەپرسێ، کە خەبەری میرزا دەرزیلەیان هەس یان نا؟ زرێبار ماوەیەک خۆی کڕ دەکات، بەڵام موزەفەر بە ئاسانی دەستبەرداری نابێ. زرێبار کوێستانی کە سندووقەکەی لە نێوباری وڵاخێکدا هاویشتوە بە گۆچانەکەی لە پشتی موزەفەر دیموکڕات رادەکێشێ و موزەفەر دەکەوێت. موزەفەر دەزانێت کە تاوانبارە، بۆیە زۆر بەرگری لە خۆی ناکات و تەنیا بە میرزا دێوانە بانگی دەکات.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge25.jpgگوندەکانی ناوچە چۆڵکراون و بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان چاوەڕوانن کە بەهار بارانەکانی تەواو کات و بگەڕێنەوە نێو خەڵک. لەو ماوەیەدا چەند گەنج و جحێڵێک بە مەبەستی پێشمەرگایەتی هاتوونە مەکۆی پێشمەرگەکان لە باوزێ. ئەوان سەرەتا لە کاروباری خزمەتگوزاری بنکەدا وەک چاتێکردن، دارهێنان و خواردنسازکردن کاریان پێدەکرێ. ئەو سەردەمە زۆر بە کەمی تازە هاتوەکان بۆ فێرگەی سیاسی ـ نیزامی رەوانە دەکران. پێشمەرگایەتی هێشتا بە تەواوەتی دژوار و سەخت نەبو. رێژیم و بەرپرسانی سپای پاسداڕان شارەزاییەکی زۆریان لە سەر ناوچە و خەباتی پێشمەرگانە کۆنەکردبۆوە. پێشمەرگەکان بە ئاسانی دەکرا سەردانی گوند و تەنانەت شارەکان بکەن و بۆ ماوەیەکی کورت لە شوێنی مەبەستدا بمێننەوە. پاسداڕ و بەسیجییەکان زیاتر لە بیری قایمکردنی پێگەی خۆیاندا بوون و نەدەپڕژانە سەر چاوەدێری وردی جوڵەی پێشمەرگەکان. خەڵکی گوندەکان ماوەیەکە لە پێشمەرگە دابڕاون و بە ئازادی دەچنە شار و دەگەڕێنەوە. ژمارەیەک لە خەڵک ئومێدیان بە گەڕانەوەی پێشمەرگە و رووخانی رێژیم هەیە، بەڵام زیاتر لە خەیاڵ دەچێ. رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکان بۆ شار کۆچ دەکەن و رێژیم لە شەڕ لە گەڵ عێراقدا توانیویەتی خۆی لە شکان بپارێزێ. لەو رۆژگارەدا باسێکی زۆر لە سەر دیالۆگ و وتوێژ لە سەر پرسی کورد لە ئێراندا نییە و تەنیا وەک دەنگۆیەک لێرە و لەوێ باسی رێککەوتن دەکرێ. پیرەپیاوەکانی ئاوایی و گوندەکان دەستیان لە زۆر خەیاڵ و ئامانج شتوە و لە حەسرەتی کەوتنی کوردەکان پەککو پەککویانە. بەشێک لە کوردەکان لە گوند و شارەکان چاوەڕوانی دەرفەتی تۆڵەکردنەوە و ساغکردنەوەی کۆنەقینەکانن. مشەخۆر و بەرژەوندیخوازەکان لە هەموو وەرزەکان دەخۆن و چەند روخسارین. لە شار و گوندەکان راپۆرت لە یەکتردان و تۆمەتبارکردنی یەکتر بۆتە کلتورێکی باو. کوردەکان بە هاوکاری سەرکوتکەرەکان رقی کۆنیان بە یەکتر دەڕێژن. چەکداری کوردی سەر بە رێژیم لە چەکەکانیان بۆ لێدان و ئازاردانی خەڵک سوود وەردەگرن و هەموو سنوورەکانیان پێشێلکردوە. قوتابیەکان لە گوندەوە بۆ درێژدان بە خوێندن بەرەو شار کۆچ دەکەن و بەشێکی کەم لە خوێندەوارەکان خۆیان لە قەرەی پێشمەرگایەتی دەدەن. هێشتا سازماندان و رێکخراوکردنی هێزە کوردییەکان نەبۆتە کاری رۆژانە و پاشاگەردانی درێژەی هەیە. زۆربەی خەڵک بە شێوازی کورتماوە لە رووداوەکان دەڕوانن و بە وردی تەتەڵەی داهاتوو ناکەن، بۆیە جوڵەکان بەرەو لاوازی دەڕۆن.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge33.jpgدایک و باوکی پێشمەرگەی حیزبەکان لە کوڕ و کچەکانیان دابڕاون و بە تەواوەتی عادەتیان بەو دۆخە نەگرتوە. ئەوان لە رێگای دەنگی رادیۆکان ئاگاداری رووداوەکانن. دەنگی کوردستانی ئێران و دەنگی شۆڕشی ئێران وشەکانیان لە یەکتر توند دەکەن، چوونکە دژایەتی نێوان ئەو دوو هێزە لە ناوچەکان لە هەڵکشاندایە. وردە شەڕەکانی ئەو دوو حیزبە لە تەشەنەدان و کۆمەڵەییەکان خۆیان بۆ لە گۆڕنانی نوێنەرانی بورژوازی ئامادە دەکەن و تاکتیکی جۆراوجۆر بەکاردێنن. دێموکڕات کە خاوەنی هێزێکی زۆرە و مێژوویەکی هەیە، ئامادە نییە زیاتر لەوە لە کۆمەڵە قبوڵ بکات. رێژەی کوژراوانی شەڕی دوو هێزەکە پەرەدەستێنێ و سەرئەنجام دێموکڕات شەڕی سەرتاسەری بەرامبەر بە کۆمەڵە رادەگەیەنێ. لەو رۆژانەدا دژایەتیکردنی ئەو شەڕە کارێکی ئاسان نییە، چوونکە شمشێری شەڕی ناو خۆ لە مێژە تیژ دەکرێتەوە و چەکەکان بۆ یەکتر راونان و کوشتن خاوێن و چەور کراون. حیزبەکان هێز لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگوازنەوە و سۆسیالیزم و خودموختاری لە میحرابی شەڕێکی ناڕەوادا دەدۆڕێنن. زرێبار کوێستانی لە دۆخەکە نیگەرانە و بەردەوام رۆژانە گوێ لە رادیۆ دەگری. رۆژنامە و بڵاوکراوەکان دەخوێنێتەوە، بەڵام زیاتر حەزی لە گوێگرتنی رادیۆکانە. ناوبراو رادیۆکان بە زانکۆی گشتی ناودەبات و ماوەیەکە ئەو رادیۆیەی لە گەڵ خۆی دەگێڕێ. لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی رادیۆکانی وەک دەنگی کوردستان، بی بی سی، ئیسرائیل، بەغدا و هتد. پاڵ بە دیواری مەقەڕەکە دەدات و سەرتاپا دەبێتە گوێ. زرێبار رۆژانە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی دەوروبەری مەکۆی پێشمەگەکانە و شەوانەش لە پارێزگاری بنکەدا بەشدارە. لە گەڵ کەماڵ، حوسێن و مستەفا یادی خاڵە مینە دەکەن و بۆ کۆچی پەرویز نیگەرانن. چەند کورتە جەولە کراون و لە گەڵ خەڵک پێوەندی گیراوە و ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان ئەو جەولانە بە خۆشتر لە ساڵان دەزانن. ئەوان چوونە گوند و مانەوە لە لای گوندنشینەکان و دیداری خەڵکی شار لە سەیرانگە و بۆنەکاندا بە لوتکەی شادیی ناودەبەن. زرێبار لە گەڵ کەماڵ و پەلێک لە پێشمەرگەکان جەولەیەک دەکەن. ئەو لە کاتی گەڕان و چوونە گوندەکاندا یادی ئەو ڕۆژانە دەکات، کە یەکەم جار هاتە گوندی قەلاڕەشە. رۆژانێک کە پڕبوون لە بیرەوەری و هەروەها ناسینی روخسارە تازەکان کۆن نابن. ئەو لە گەڵ زۆر پیرە پیاو و ریش سپی ئاواییەکان کۆدەبێتەوە و گوێ لە سەرنج و بیروڕاکانیان دەگرێ. زۆربەی خەڵک ئۆگری بۆ کوردایەتی هەیە، بەڵام دەرفەتەکان تێپەڕیون و تەنیا دڵەکان وەک مەکۆی کوردایەتی ماونەوە. لەو جەولەیەدا وەستا مستەفا و حوسێن پێکەوە لە گوندەکان سەر لە ماڵەکان دەدەن و بە پەرۆشەوە گوێ لە گەنجان، ژنان، پیاوان و منداڵەکان دەگرن. لە زۆربەی ماڵەکان باس لە چەکدارە کوردەکانی لاگری حکومەت دەکرێ، کە لە گەڵ پاسداڕان بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕێن. ئەوان باس لە سووتاندن و شاردنەوەی وێنەی پێشمەرگە، کتێب و رۆژنامە دەکەن و هەست بە شکان و کەوتن دەکەن. وەستا مستەفا بۆ زانیاری پەیداکردن لە سەر خەڵک پرسیار زۆر دەکات. ناوبراو بۆ هاوڕیکانی شیدەکاتەوە، کە پرسیار کلیلی زانیارییە و مرۆڤ بە پرسیارکردن لە زانست و عیلمی کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرێ. ئەو بۆ گوێگرتن لە قوتابیەکان و بە تایبەت ئەوانەی لە شارن زۆر تامەزرۆیە و هەواڵی چۆنیەتی ژیانی خەڵک و مامۆستاکانیان لێدەپرسێ. لە یەکێک لە گوندەکان لە گەڵ قوتابیەک سەبارەت بە هەڵوێستی مامۆستاکان لە سەر بزوتنەوەی کورد و حیزبەکان پرسیاردەکات. قوتابیەکە زۆر چیرۆکی خۆش و ناخۆش لە سەر مامۆستا کوردەکان دەگێڕێتەوە. بە گوێرەی وتەکانی ئەو قوتابیە ژمارەیەک لە مامۆستاکان لە بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستان توڕەن، بەڵام هیچ بژاردەیەکان نەماوە. ناوبراو چیرۆکی مامۆستایەک دەگێڕێتەوە، کە لە کاتی گوتنەوەی وانەی جۆغڕافیادا دەپەڕێتە سەر سیاسەت و هێرش دەکاتەسەر حیزبەکان و خەڵکی کورد. ئەو مامۆستایە لە کاتی توڕەبوون لە قوتابیەکان بە شێویەکی کۆمێدی دەڵێ: “بەڵێ چەند ساڵ پێش کە ئینقلاب سەرکەوت، کەس خەتی کەسی نەدەخوێندەوە. هێندێک کەس لە شار چەک و تەقەمەنی دنیایان لە شان و پیلی خۆیان سوارکردبو. کاتێک کەشوهەوای سیاسەت گۆڕا، قەرەنی گوتنەی، بایان دایەوە و لە گەڵ دەسەڵات موویان لەبەینەوە نەدەچو. لەبیرمە لەو شارە حیزبەکان خەڵکیان پەرتەوازە کرد و یەکێک دەیگوت، ئەمن کۆمەڵەم، ئەوەی دیکە هاواری دەکرد، کە هەتا مردن دێموکڕاتە. ژمارەیەک خۆیان بە خەبات و چریک دەناساند. ئاوێکی خەراپیان رشت و ئێمەیان تووشی کارەسات کرد. رۆژانە لە بەر بێکاری لە شار و گوندەکان یەخەی یەکتریان دەگرت و پیاو ماقوڵ و ناسراوەکان لێکیان دەکردنەوە. ئێوە کاتی فێربوونتانە و کەڵک لە رۆژگاری جەوانی وەرگرن. قوتابی لە بەر تەمبەڵیان پەنای بۆ حیزبەکان دەبرد و چەکی لەشان دەکرد و لە سەر رێگایەک کۆنەقینی بە مامۆستاکەی دەڕشت. ئاوا وڵات ئاوەدان ناکرێتەوە. بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات کار و سەرمایەی ماددی و مەعنەویمان دەوێ. بە شەڕە چەقو و قۆنداخ پێدادان و چوونە سەر ماڵی خەڵک وڵات رزگار ناکرێ”. وەستا مستەفا بەو گێڕانەوانە دەگەشایەوە و داوای دەکرد باسی مامۆستایەکی دیکەی بۆ بکەن. قوتابیەکە باسی مامۆستایەکی وانەی عەڕەبی و دینی دەکرد، کە زۆر چاک و لەسەرەخۆیە، بەڵام فارسیەکەی تەواو نییە و قوتابیەکان توڕەی دەکەن. ئەو مامۆستایە رۆژێک بابەتی ئازاردانی خەڵکی شیدەکردەوە، کە لە گەڵ قورئان و حەدیس ناگونجێ. لەو باسانەدا راشکاوانە دەیگوت، کە کابرا لە بەر فەقیری و سەرلێشێواویان چەکی لە شانی دەکات و بۆ خۆنیشاندان شەوانە دەچتە سەر ماڵان و لە خەڵکی دەدا. خۆم نازانم، ئازایەتی ئەو کارە چییە؟ تۆ بە چەک ژن و منداڵای خەڵکی بتۆقێنی و دار و نەداری کاسبکارەکە لە تەنگەی گیرفانت قایم بکەی و خۆشت بە پێشمەرگەی موسڵمان پێناسەبکەی! ئەو کەسانە پێشمەرگەی نەک موسڵمان نین، بەڵکو پێشمەرگەی جندۆکانیش نین.

 

گوندنشینەکان ئەو هاوینە بە جیاواز لە ساڵانی رابردوو پێشوازی لە پێشمەرگە دەکەن. کەماڵ لە گەڵ گوندنشینەکان لە سەر بارودۆخەکە قسە دەکات و خوازیارە بزانێت، کە ئەو گوندنشینانە بۆچی بەرامبەر بە یەکتر بەگومانن. بەشێک لە ماڵەکان داوا دەکەن، کە با فڵانە بنەماڵە ئاگاداری هاتنی ئێوە نەبێ، چوونکە راپۆرتمان لێدەدەن. کەماڵ لە گەڵ پێشمەرگەکان ئەو بیروڕایانەی خەڵک باس دەکات. زرێبار کوێستانی لە کەماڵ دەپرسێ، کاکە ئێستا کوێی لە کوێیە؟ چەند ساڵە هاوار دەکەم، کە ماڵئاوایی لە خەباتی بەرئاوێنە و میوانداری بکەین و خۆمان یەکلا بکەینەوە. شۆڕش بە قسەی زل و سینگ دەرپەڕاندن ناکرێ. خەڵکی ئێمە فەقیرن و لە بەر ئەوەی ئاگاداری مێژوو، زمان، رابردوو و هەروەها نییەتی نگریسی دوژمنەکانیان نین بە ئاسانی دەستەمۆ دەکرێن. ئەو شۆڕشەی ئێمە دەیکەین ناوی گەرمێن و کوێستان کردنە و لە کۆتاییدا توانای وەگەڕخستنی بزوتنەوەی خەڵکی نابێ. هەموو حیزبەکان شوعار دەدەن و خۆیان بە پێشڕەوی نەتەوەیەکی پاشڕەو دەناسێنن، بەڵام زۆربەیان نازانن چ حیزب و سیاسییەک پێشڕەوە.

 

لە کاتی دیدار و سەردانی گوندەکان ژمارەیەک لە گەنجەکان لە گەڵ پێشمەرگەکان دەکەون. لە ماوەی سێ حەوتوودا ١٢ گوندەی ناوچە بەسەرکراونەوە و ٧ کەس تێکەڵ بە پێشمەرگەکان ببوون. ئەوان رۆژانە وێڕای پێشمەرگەکان لە مەزرا، دارستان و شاخەکان دەمێننەوە و شەوانەش لە گەڵ شەوڕەویی و هەروەها چۆنیەتی پارێزگاریکردن لە خۆ ئاشنا دەبن. تازەهاتوەکان پرسیاریان زۆر دەکرد، بەڵام بە تەواوەتی وڵام نەدەدرانەوە. ئەوانیش جیاواز بوون و بە شێوازێکی جیاواز لە گەڵ دۆخەکەدا هەڵسووکەوتیان دەکرد. کەسە تازەکان چاوی زۆربەی پێشمەرگەکانیان لەسەر بوو، بۆیە دەکەوتنە بەر مەزەندەکردن. ئەگەر لە گوندێک فەقێیەک یان کوڕێکی کەم تەمەن لە گەڵ شەپۆلەکە دەکەوت، بۆ بەیانی کەسوکاری بەنیازی گەڕاندنەوە و دامەزراندنەوەی کوڕەکانیان قۆڵی هیممەتیان هەڵدەماڵی. بەشێک لە کوڕەکان بەرگەی دژوارییەکانیان نەدەگرت و کفوکوڵەکەیان زوو دەنیشتەوە و پاش چەند رۆژ چاوەڕوانی هاتنی دایک و باوکیان دەکرد. ئەگەر بە گوێرەی لێکدانەوەی بەرپرسی پێشمەرگەکان بەکەڵکی کاری پێشمەرگانە نەهاتبا، داوایان لێدەکرا، کە بۆ خۆی سەردانی بنکەکان بکات و ماوەیەک سەبر بگرێ. لەو ٧ تازە هاتوانە دوو دانە لە گوندێکی سەر سنوور پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ماڵ. لەو ٥ کەسەی دیکە چوار تازە پێشمەرگە لە ماوەی ٣ مانگدا دەگەڕێنەوە و تەنیا یەک کەس کورد گوتەنی دەبێتە ماڵ. کەماڵ وەک جێگری یەکێک لە دەستەکان لە گەڵ دایک و بابی ئەو تازە پێشمەرگانە دۆستانە دەجوڵێتەوە. ناوبراو ئاگاداری ژیانی خەڵک و هەروەها دژوارییەکانی پەروەردەکردنی منداڵ و داهاتوویانە. لەو ماوەیەدا کەماڵ لە گەڵ دایک و بابی ژمارەیەکی زۆر لە لاوەکان دیداری هەیە. ئەو ئەزموونی زۆری کەڵەکە کردوە و گوێ لە سەرنجی هەموو لایەک دەگرێ. لەو ناوچە و بنکانە خاراوە و وەک سەرناسێکی لێهاتوە. ناوبراو پێش رووداوەکان ناکەوێ و باوەڕی بە تۆمەتبارکردنی پێشوەخت نییە. کاتێک دایک و بابەکان بۆ بردنەوەی منداڵەکانیان سەردانی دەکەن، کەماڵ سەرەتا گوێگرە و دواتر پرسیار دەکات. بۆ ناوبراو زۆر گرینگە، کە هۆکاری سەرەکی ئەو تازە لاوانە چییە، چوونکە ئەو لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە کردەوە شارەزاییەکی زۆری لە سەر تازەهاتوەکان پەیدا کردوە. ئەو دەزانێ، کە ئەو لاوانەی تەنیا لە بەر تووڕەبوون لە ماڵ، ژنهێنان و هەڵاتن لە قوتابخانە دەبنە پێشمەرگە، ئەگەری گەڕانەوەیان زۆرە. رێنوێنی تازە هاتوەکان دەکات، کە ئەوان کوڕی گەلێکی چەوساوەن و ئەگەر گەرانەوە مرۆڤێکی بەکەڵک و خوێندەوار بن و پشت لە گەلەکەیان نەکەن. زۆر پێشمەرگە لە تازەهاتوەکان توڕەن و بە خۆڕانەگر باسیان دەکەن، بەڵام کەماڵ ئەو تێڕوانینە بە هەڵە دەزانێ. بە وتەی ناوبراو، حیزب و پێشمەرگە و کادرەکانی لە رێگای هەڵسوکەوت و پەروەردەی دروستەوە دەتوانن لەو کوڕ و کچە توڕانە هێزێکی خاوەن باوەڕ سازبکەن. کەماڵ باوەڕی بە تێڕوانینی زرێبارە، کە ئەگەر تەنیا خۆمان بین و زیاد نەکەین وەک ئاوێکی راوەستا بۆن دەکەیەن. هێشتا پێشمەرگایەتی بە تەواوەتی دژوار نەبوە و رێگاکان دانەخراون، بۆیە بەشێک لە پێشمەرگەکان دوور ناڕوانن و تەنیا چاویان لە سەر ئەمڕۆ کراوەن. زرێبار رۆژێکی لە کاتی نانخواردندا لە کەماڵ دەپرسێ، باشە چۆنە چەند ساڵە ئەو پێشمەرگە شەهید دەبن و شەڕدەکرێ، بەڵام یەک بنەماڵە بە دڵخواز کوڕەکەی بۆ پێشمەرگایەتی نەناردوە؟ یەکێک لە پێشمەرگە تازە هاتوەکان بە بیستنی ئەو پرسیارە وەقسە دەکەوێ و کوردانە نۆبەبڕی دەکات و دەڵێ” دایک و بابم شەو و ڕۆژ هانیان دەدام وەکو کوڕی جیرانەکەمان سیگار و شیرینی بفرۆشم و رۆژانی هەینی لە مزگەوتی گەورە بۆ دوو تمەنی ئاگاداری پێڵاوی خەڵک بکەم. بە فکری باب و دایکم و خەڵکی دیکەش، حیزبەکان کوڕی خەڵکی بەکوشت دەدەن و هەروەها کوڕی خەڵکی فێری مەشرووب خواردنەوە دەکەن. ئەوان چۆن ئامادەن ئەمن بۆ پێشمەرگایەتی بنێرن! خۆزگە ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام دایک و بابی کەسمان ئەو کارە ناکات”. کەماڵ سپاسی سمایلە چوکەڵ دەکات، کە راشکاوانە و راستگۆیانە لە سەر پرسیارەکە قسەی کرد. ناوبراو دواتر، روو لە زرێبار دەکات و پرسیارەکە رووبەڕووی خۆی دەکاتەوە. زرێبار دەڵێ، کاکە ئەمن ژن ومنداڵم نییە و تەتەڵەی ئەو پرسیارە بۆ ئێمەی رەبەن و سەڵت رەنگە زۆر ئاسان نەبێ. ئێمە تەنیا دەتوانین بۆ بیرلێکردنەوە ئەو پرسیارە بوروژێنین، چوونکە گەلی ئێمە بە تەواوەتی هۆکاری سەرنەکەوتنی وردنەکردۆتەوە. ئەو رۆژە لە دەرەوە گوێم لە دایک و بابێک بوو، کە بە کوڕەکەیان دەگوت، رۆڵە ئەوجارە وەرەوە و دەرسەکانت تەواو بکە، بە ئیسمی خودای دڵت چ بخوازێت بۆت دەکەم. لەو کاتەدا کەماڵ پرسیارەکە دەباتەوە سەر پرسیاری مام کەریم، کە لە مامۆستا نازم و میوانەکانی کرد. ناوبراو بە هاوڕیکانی دەڵێت، پرسیارە گەورەکەی بابم ئەمەیە، کە بۆچی تەنیا کوڕی فەقیر و هەژار ئامادەی ئەو خەباتەن؟ ئێمە ئەمڕۆ لێرە بیر لە زۆر شت دەکەینەوە، کە هەتا لە نێو خەڵکدا بوویین بە خەیاڵماندا نەدەهاتن. رەنگە کات و زەمان باوکی هەموو پرسیارەکان بێت و بە تێپەڕینی ساڵەکان لە کردەوە و هەڵوێستەکان باشتر تێدەگەین. ئەگەر ئەو پرسیارەی کاک زرێبار و بابم لە گەڵ یەکتردا گرێبدەین، دەتوانین وەک هەویری ئاردە چڕەکەی مەقەڕی بە کەیفی خۆمان بیشێلین و نان، کولێرە، کولیچە و خولکانی لێ سازکەین. کەماڵ پرسیار لە سمایلە چوکەڵ دەکات، ئایا حەز دەکات بۆ فێرگەی حیزبی بنێرن یان لێرە فێری بەکارهێنانی چەک و خوێندن و نووسینی کوردی دەبێ. سمایل دەپرسێ، فێرگە لە کوێیە و ئایا دەکرێ بەشداری نەکات؟ ناوبراو دەڵێ، کاکە لێرە چاپەزی دەکەم و هەر کارێک هەبێ دەیکەم و بۆ فێرگەم مەنێرن. ئەگەر ئەهلی فێربوون و خوێندن بوومایە، ئەمڕۆ لە قوتابخانە دەبووم و ئەوەندەم لێدانی مامۆستایان خواردوە، کە قەت نامهەوێ لە سەر مێز و کورسی قوتابخانە دانیشم. کاکە ئەو قوتابخانە وەک زیندان و بەندیخانەیە و پشتت دەشکێنێ. وەستا مستەفا لە سمایل دەپرسێ، لە داهاتوودا تۆ لە ریزی پێشمەرگەکان دا چ کارێک دەکەی؟ سمایل زۆر بیری لە داهاتوو نەکردۆتەوە و سوێند دەخوات، کە لە چاپەزیەوە هەتا شۆفیری ئامادەیە بیکات. حوسێنی ئازیزێ بە سمایلی دەڵێت، کە کاکە هەتا خۆت بە شەهید کردن نەدەی پلەی کوردایەتیەکەت ناچێتەسەر. تۆ دەبێ لە سەر جادەکان ماوەیەک شەڕبکەی و لە مۆڵگەکانی ریژیم بدەی و کاری تۆ تەنیا چاپەزی نییە. سمایل دەڵێ، کاک حوسێن بە گۆڕی شەهیدان هەر بۆ شەهیدبوون هاتووم، بەڵام ناوێرم باسی بکەم.

 

لەو رۆژانەدا پەیامێک بە پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە دەگات، کە چەکدارەکانی کۆمەڵەی لە دەوروبەری ئەو گوندانە بینراون و پاڵەپەستۆیان بخەنەسەر بۆ ئەوەی نەوێرن خۆیان لەو ناوچەیە بدەن. ئەوان لە دەوروبەری هەورامان، سنە و شوێنەکانی دیکە زەبرمان لێدەدەن و دواتر رادەگەیەنن، کە ئەوە سیاسەتی ئێمە نییە و رووداوێکی نەخوازراوە. کۆمەڵە بۆ تێکدانی ریزی کورد لەو کوردستانەدا سازکراون و خەمی وەرزێڕ، کرێکار و پرسی کوردیان نییە. تیمێکی گورج و گۆڵ لە پێشمەرگەکان خۆیان دەپێچنەوە و بە گوێری ئەمر و فەرمانی سەرەوە خۆیان دەگەیننە ئەو گوندانەی، کە گۆیا چەکدارەکانی کۆمەڵەی لێبینراون. ئەوان شەو دەچنە گوندی زێوەی، بەڵام هیچ زانیارییەک لە سەر بوونی چەکداری غەوارە و لاوەکی پەیدا ناکەن. کەماڵ پێشنیار دەکات، کە خۆیان لە شەڕی کورد بە کورد لادەن و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو لە سەر جادەی نەڵاس بۆ سەردەشت گورزێک لە هێزەکانی رێژم بوەشێنن. ئەوان رۆژێک جادەکە لە ژێر چاوەدێری دەگرن و مەزەندەی جوڵەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم دەکەن. شەو بۆ حەسانەوە روو لە گوندی شینوێ دەکەن، بەڵام لە گەڵ ژمارەیەک لە چەکداری نەناسراودا تێکهەڵدەنگون و تەقە لە یەکتر دەکەن. مۆڵگەکانی رێژیم لە دوای ئەو تێکهەڵچوونە بە چەکی جۆراوجۆ تەقە لە ئاسمان و زەوی دەکەون و ئاسمانی سەر شینوێ دەدەنە بەر رەهێڵەی چەکەکانیان. لەو تێکهەڵچوونەدا پێشمەرگەکان بە سڵامەتی دەردەچن. دواتر لە چەند ماڵێکی گوند لە سەر ئەو چەکدارانە پرسیار دەکەن، کە پێشتر لە گوندەکە بوون. بەشێک لە ماڵەکان رادەگەیەنن، کە چەکدار هێندە زۆرە و ئەوان پرسیار لە کەس ناکەن و بە کورتی بە هەموو لایەک دەڵێن بەخێربێن. یەکێک لە ماڵەکان ناوی دوو کەس لە چەکدارەکان دێنێ، کە لە شینوێ بوون و کەماڵ بە بیستنی ئەو خەبەرە زۆر نیگەران دەبێ. بە وتەی خانەخوێیەکە کاوەی کوڕی مام کەریم و سەعید بۆکانی لەوێ بوون. دوای کۆکردنەوەی زانیاری مەزەندەی ژمارەی راستەقینەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەکەن، کە ٢٢ کەسێک دەبن. پێشمەرگەکان بە نیگەرانیەکانی کەماڵ دەزانن و حوسێن پێشنیار دەکات، کە نامەیەکی کورت بۆ کاوە بنووسێ، کە لەو ناوچەیە دوور کەونەوە. کەماڵ پێشمەرگەکان بە سەر ماڵەکاندا دابەش دەکات و پاش پرسیارکردنێکی زۆر لە خەڵک ماڵێکی دۆستی کۆمەڵە دەدۆزێتەوە و سەردانیان دەکات. کەماڵ خۆیان پێدەناسێنێ و داوایان لێدەکات، کە ئەگەر ئاگاداری شوێنی ئەو پێشمەرگانەن کورتە نامەیەکیان بۆ بەرن و با لە شەڕی خۆبەخۆ خۆببوێرن. پیاوی ماڵەکە سەرەتا حاشا لە پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵە دەکات، بەڵام دواتر هاوسەرەکەی دەکەوێتەخۆ و مێردەکەی هاندەدا بۆ بەرگرتن لە کوشتنی کوڕی خەڵک بڕۆ ئاگاداریان بکەوە. مەگەر شوێنی مانەوەیان بەتۆ نەگوت؟ خاوەن ماڵ بە مەرجی نهێنی مانەوەی ئەو کارە، نووسراوەیەکی کورتی کەماڵ بۆ کاوە دەبەن. کەماڵ لە نووسینێکی کورتدا بەمجۆرە کاوەی برای لە مەترسییەکان ئاگادار دەکاتەوە” کاوە سڵاو، هیوادارم باش بیت. لەو ماوەیەدا رووداوی نەخوازراو و شەڕی خۆبەخۆ دەردەسەرێکی زۆری بۆ خەڵکی ئێمە خوڵقاندوە. ئەو ماوەیە کۆمەڵە لە ناوچەکانی دیکە لە پشتەوە خەنجەری ژەهراویان لە ئێمە داوە. ئێمە بۆ تۆڵەکردنەوە دەستکراوەین، بەڵام لە پێناوی ویژدان و دایکە پیر و بابە گیراوەکەمدا ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم و ئاگادارت دەکەمەوە، کە هەتا ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی نێوان حیزب و کۆمەڵە ئاگاداری جەولە و جوڵەی خۆتان بن. بە کوژرانی تۆ و من سۆسیالیزم و خودموختاری لە کوردستاندا جێگیر نابێ. هیوادارم بەرپرسەکانتان ئاقڵانە بڕیاربدەن و لە پێناوی کرێکارانی سەر لاپەڕەی کتێبەکان، کوڕی خەڵک بەکوشت نەدەن. ئەو نامەیە لە رێگای دۆستێکی خۆتان دەگاتە دەستت و پاش خوێندنەوە بیستووتێنن”. پیاوەکە نامەکە وەردەگرێ و بە ترس و لەرز لە گوندەکە دەردەکەوێ و هەتا دەگاتە موچە و مەزراکەی سەت جار ئایەتولکورسی دەخوێنێ و فوو بە هەر چواردەوری خۆیدا دەکات. ناوبراو لە رێگادا بیر لە خۆی دەکاتەوە، کە ئەندامی کۆمەڵەیە و باوەڕی بە دین و خودا نییە، بەڵام لەو شەوەدا بە رێژەی یەک مانگی موسڵمانێک ئایەتولکورسی و سوڕەتی فاتیحە دەخوێنێ! ناوبراو پێشمەرگەکان نادۆزێتەوە و هەتا نوێژی بەیانی لە بن کەپرەکەیدا دەمێنێتەوە و چاوەڕوانی هاتنی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەیە. سەرئەنجام خۆر هەڵدێ و پاش گەڕان لە مەزرا و دەوروبەردا پێشمەرگەکان دەبینێتەوە، کە چەند سەت میترێک لە شوینی مەبەست خۆیان پەناداوە. ئەوان شەو ئاگاداری هاتنی ئەو کەسە بوون، بەڵام بە شێوازی رێگا رۆیشتن و هەروەها جوڵەکانی مەزەندەیان کردوە، کە پیاو خەراپ نییە، بۆیە خۆیان تێنەگەیاندوە. راسپاردە سڵاو دەکات و نامەکە بە کاوە دەدات و چاوەڕوانی وڵام دەبێ. کاوە یەکەمجارە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نامەیەکی لە براکەی بەدەست دەگات، بۆیە چەند جارێک دەیخوێنێتەوە و دواتر دەیداتە بەرپرسەکەیان. بەرپرسەکەیان کە زۆر شارەزای خوێندنەوەی زمانی کوردی نییە لە کاوە دەپرسێ، ئایا بە فارسی نامەکەی نووسیبا باشتر نەبو؟ ئەمن لەو شەقلەوبەقلە تێناگەم و کاکە بە دەنگ بیخوێنەوە. کاتێک کاوە نامەکەی بە دەنگ دەخوێنێتەوە، چەند پێشمەرگەیەک بە قسەی توند پەلاماری کەماڵ و حیزبە بورژواکەی دەدەن. عەمو بارام، کە لە خەڵکی ناوچەکانی هەورامانە کاوە رادەسپێرێ، کە بە کوردی جوان بۆ کەماڵ بنووسە” کوردستان بە نیروی پۆڵایەنی کۆمەڵە رزگاری دەبێ. کەماڵ و هاوڕێکانی باشترە ئەمڕۆ خۆیان تەسلیمی لشکری کرێکاران بکەن. ئێمە بە پشتیوانی سەرجەم کرێکارانی ئێران و کوردستان شەڕی رەوای دێموکڕاتی پارێزەری سوننەتە دواکەوتوەکان دەکەین و هیچ باک و ترسمان لە مردن نییە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە حیسابێک بۆ بورژواکان ناکەن و ئینقلابی کرێکاران هەموو لایەک رادەماڵێ”. کابرای راسپاردە بە عەمو بارام دەڵێ، کاکە تۆ رێگای باش پێشانی خەڵک بدە. کەماڵ و کاوە بران و کەماڵ بە مەبەستی چاکە ئەو نامەیەی نووسیوە و ئەگەر ئەوەندە ئازای بۆچی شەو بە بیست خولەک لە شینوێ هەڵاتی. ئێمە لایەنگری کۆمەڵەین، بەڵام شەڕی کورد بە کورد رەوا نییە. عەمو بارام لە راسپاردەکە توڕە دەبێ و بە نیمچە بورژەوا و هەروەها شوێنکەوتووی سۆسیالیزمی دێموکڕاتی دەناسێنێ. کاوە لە کاتی نووسینی نامەکەدا و بژارکردنی وشەکانی عەمو بارام بیر لە پورە زارا، لەیلا، مام کەریم، شیرین و کەماڵ دەکاتەوە. پێنووسەکەی لە سەر روومەتی لاپەڕەکە جوڵە ناکات و عەمو بارام پێشنیار دەکات، کە ئامادەیە بە فارسی نامەیەکی ئینقلابی و ئاگرین بۆ کەماڵ بنووسێ؟ کاوە چاوێک لە عەمو بارام دەکات و داوای لێدەکات ئاگاداری قسەکانی خۆی بێت و لە شەڕەکاندا ئەو ئازایەتییە بە هاوڕێکانی نیشان بدات. بەرپرسەکە زۆر بە باسوخواسەکە شاد نییە و دەرفەتی بە عەمو بارام داوە، کە بە کەیفی خۆی قسە بکات و دۆخەکە ئاڵۆز بکات. کاوە لە بنی نامەکە دەنووسێ، کە ئێمە شەڕی رەوای خۆمان لە سەر بەردێکی ئەو نیشتمانە دەکەین و کەسانی وەک عەمو بارام لەو مەیدانەدا پاڵەوانی سەنگەرن. راسپاردەکە زۆر حەز دەکات لە چنگی ئەو شەڕە چەقەیە رزگاری بێ و دڵنیا نییە، کە کەماڵ و هاوڕێکانی دەدۆزێتەوە یان نا، بۆیە بە کاوە دەڵێت، ئەگەر کەماڵی براتم نەدیتەوە ئەو نامەیە دەستووتێنم. راسپاردەکە پێشنیوەڕۆیە دەگاتەوە ماڵ و چیرۆکەکە بۆ خێزانی دەگێڕێتەوە. لەو سەروبەندەدا لە خوار ماڵەکانی شینوێ بۆ لای نەڵاسە دەنگی تەقینەوەی مووشەکی ئاڕپی چی پەردەی گوێیان دەزرینگێنێ. تێکهەڵچوونکەکە کوت و پڕە و لە ماوەی بیست خولەکێکدا قرمژنی چەکەکان کپ دەبن. مۆڵگەکانی رێژیم و هێزەکانی دواتر بە ئەڵڵاهوئەکبەر و تەقە بەرەو شوێنی رووداوەکە دەچن، کە دوو ئوتۆمبیلی سەربازی بە سەرنشینەکانیانەوە لە ئاوری رقی تۆڵەدا سووتێنراون. کەماڵ و پێشمەرگەکان دوای ئەنجامدانی ئەو چالاکییە بە پەلە لە شوێنی رووداوەکە دوور دەبنەوە و خۆیان بە دۆڵ و چیاکان دەسپێرن. ئەوان دوای سێ شەوی دیکە دەگەڕێنەوە بنکەکەیان و بەسەر رووداوێکی دڵتەزێندا دەکەون. پرسیاری زرێبار کوێستانی دەکەن؟ یەکێک دەڵێ، رەنگە لە گەڵ سمایلە چووکەڵ خۆیان تەسلیم کردبێتەوە. کەماڵ و مستەفا و حوسێن باوەڕ ناکەن و دەپرسن، کوا سندوقەکەی زرێبار لە کوێیە؟ قفڵەکەی دەشکێنن و دەبینن هەموو کەلوپەلەکانی لەوێدان. دوو رۆژێک تێدەپەڕێ و زۆر نیگەران دەبن، بۆیە لە رێگای ئەندامێکی هاوکاریان لە ئیتلاعاتی سەردەشت ئاگادار دەکرێن، کە سمایل خۆی تەسلیم کردۆتەوە و ئەرکێکی بۆ رێژیم بەڕێوەبردوە. شوینی زرێبار چۆڵە و مەجلیسی پرسیارکردن سارد و سڕە. کەماڵ لە گەڵ کوڕەکان ساغدەبنەوە، کە ئەو دەوروبەرە بە تەواوەتی بگەڕێن و رەنگە مامە زرێبار لەو دۆڵ و خڕانەدا کوژرابێ یان چەکی لە دەست دەرچووبێ. چەند سەعاتێک بە وردی دەگەڕێن، بەڵام هیچ نادۆزنەوە. مستەفا لە دوورەوە چاوی لە چەند باڵندەیەکە، کە لە بن تاشەبەردێک خەریکی دندوک لێدانن. بە تەنیا دەچێ چاوێک لە بن بەردەکە دەکات دەگەڕێتەوە. کەماڵ دەڵێ، مستەفا بۆ گەڕایەوە و مەسەلە چیە؟ کەماڵ، وابزانم زرێبار لە بن ئەو بەردانەدا ساردبۆتەوە و ئێستا بۆتە خۆراکی باڵندان. حوسێن رادەکاتە سەر تەرمەکەی زرێبار و دەبینێ بە فیشەک کوژراوە و یەکسەر دەڵێ، کاری ئەو سمایلەیە. ئێمە لێرە نەبووین و دەرفەتی هێناوە و زرێباری بە ئاسانی هەڵفریواندوە و کوشتوویەتی. سمایل بە گەڕانەوە بۆ شار ویژدانی ئاسودە نابێ و درێژە بە خەیانەت دەدات. ناوبراو کوشتنی زرێبار وەک پاڵەوانەتی دەگێڕێتەوە و پاسداڕەکان بۆ فریودانی بە دەستی لە پشتی دەدەن و چیرۆکی حوسێنی فەهمیدەی بۆ دەگێڕنەوە، کە چەند ئازایانە لە پێناوی پاراستنی خاکی ئێران و ئیسلامدا قوتابخانەی جێهێشت و بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشت. سمایل بە پێکەنینەوە دەڵێ، کوڕە حوسینی فەهمیدە بە قەدەر من ئازا نییە. پاسداڕێک سەرکۆنەی سمایل دەکات، بەڵام سمایل لە قسەی خۆی نایەتەخوار. سمایل بە پاسداڕەکان دەڵێ، ئاغایانی موحتەڕەم حوسێن لە گەڵ عەڕەب و ئەرتەشی عێڕاق جەنگاوە، بەڵام ئەمن لە گەڵ کوردی هاوزمان و هاودین. ئەو کارەی ئێمە زۆر گرینگە و شایانی خەڵاتی گەورەیە. یەکێک لە پاسداڕەکان قوڵایی تێڕوانینەکانی سمایل دەخوینێتەوە و بە هاوڕێکانی دەڵێ، ئەوەیان نوختەیەکی گرینگە و دەکرێ زۆرتر سەرمایەگوزاری لەسەر بکەین. دوو پاسداڕ چەند رۆژێک بە دەفتەر و قەڵەمەوە لە گەڵ سمایل کۆدەبنەوە هەموو پرسیارێکی لێدەکەن. چۆنیەتی خواردن، نیگابانی، هاتوچۆ، خۆئامادە کردن بۆ جەولە، پارەی مانگانە، چەک و تەقەمەنی و هەڵسوکەوتی بەرپرس و پێشمەرگەکان.

 

b_525_290_16777215_00_images_ADABOHUNAR_radiodengikurdistan.jpgکاتێک لە رادیۆ هەواڵی تیرۆری زرێبار کوێستانی دەخوێندرێتەوە، لە سەر داوای هاوڕیکانی بۆ ئاگاداربوونی زیاتری دۆستان و ئاشنایان ژمارەیەک لەو ناوانە دەخوێندرێنەوە، کە ئەو پیاوە کوردە لە پێناوی سەرخستنی رێچکەی رەخنەگرتن لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەکاری هێناون. ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە گەڵ گوندنشینەکان، خەڵک ئاسایی و هەروەها پێشمەرگەکان ئارام و کوردانە جوڵاوەتەوە. ئەو خاوەنی ناوێکی زۆر بوە، کە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی زرێبارە. ئەو زۆر بە کەمی بوخچەی ژیانی دەکردەوە. حەمزە، ئەمیر، رەزا و غەریب و زۆر ناوی دیکە لە قۆناخی ژیانی ئاساییدا بەکاری هێناون و لە ماوەی تێکەڵبوون لە گەڵ هێزە کوردییەکان ناوی مەلا فەلسەفە، شێخ زەرگەتە، میرزا دەرزیلە و جەبەلئاغا و زرێبار کوێستانی بەکار دەهێنا. زرێبار بۆ ناوبراو مەکۆی بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی بە ئەژمار دەهات، چوونکە لەو مەڵبەندە چاوی بە ژیان هەڵێنابوو. لە بنکە و لە گەڵ هاوڕێکانی خاوێن و وەفادار و لە ناوچەدا پڕ لە توانای خۆرێکخستن لە گەڵ بارودۆخە و خەڵکە جیاوازەکان بو. کاتێک هەواڵی تیرۆرکرانی ناوبراو بە دەستی کوردێکی بەکرێگیراو بڵاوکرایەوە، خاڵە مینە، مەلا برایم و زۆر کەسی دیکە ئەژنۆی خەمیان بۆ لە باوەش گرت و لە دوورەوە بۆ شادبوونی گیانی دەپاڕانەوە.

 

بەرپرسانی بنکەی باوزێ تەرمی زرێبار بۆ بە خاک سپاردن رەوانەی یەکێک لە گوندەکانی سەر سنوور دەکەن و دوور لە چاوی پاسداڕ و چەکدارە کوردەکان تەسلیم بە خاک دەکرێ. ئەو کۆچە کوتوپڕە بە تایبەت بۆ کەماڵ، مستەفا و حوسێن ناخۆش و دڵتەزێنە. ئەوان بۆ پاییز و زستان بەرنامەی جۆراوجۆریان داڕشتبوو. زرێبار خاوەنی بیروباوەڕی نەگۆڕ و خاوەن رەگ و ریشە و کارامە بو. بۆ رێزگرتن لە یادی ئەو قوربانییە چەند وردە چالاکی لە شار و گوندەکان بەڕێوە دەچن. سمایل لە ترسی تۆڵەی هاوڕیکانی زرێبار زۆر ئاگاداری خۆیەتی. ناوبراو لە گەڵ ژمارەیەک لە چەکدارەکانی رێژیم داوا دەکات، کە بۆ زەبرلێدان لە حیزبە هەڵوەشاوەکان لە گوندەکان بە ناوی ئەوان بگەڕێن و ئازار و ئەزیەتی گوندنشین و هەروەها ئەو خەڵکانە بدەن، کە بە لایەنگری کوردایەتی ناسراون. پاسداڕەکان لە سەر بناخەی ئەو پێشنیاریانەی کوردە چەکدارەکان تێدەگەن، کە دەرفەتە و خەڵکی ئاوا خۆخۆر و دژ بەیەکتر لە مێژوودا زۆر کەم بەرچاو دەکەون. یەکێک لە پاسداڕەکان بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی سمایل و چەکدارەکانی دیکە کۆبوونەوەیەکیان لە گەڵ پێکدێنێ. سەرەتا لە سەر هەستی کوردایەتی پرسیاریان لێدەکات، بەڵام وڵامی چاوەڕواننەکراو دەبیستێ. سمایل، رەحمان، تالب، حەمە ئالانی و زۆر چەکداری دیکە کوردایەتی بە درۆ و کاڵایەکی هاوردەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن و بە پاسداڕەکە رادەگەیەنن، کە ئەوان باوەڕیان بە شەیتان بێت باوەڕ بە کوردایەتی ناکەن. سمایل بە فارسیەکی پێکەنیناوی بە پاسداڕەکە دەڵێ: جەنابی بەرادەری پاسداڕ، ما ایرانی موسڵمان هەستیم و بە ئیمامی زەمان قەستەم می خورم، کە یەک حەرف بە کورد بودن ئیمان نەدارم. مەن راست می گەم و ئەز خواروخێچ رەفتەن بیزارم. خودای مەن و تۆ شاهید است، کێ مەن غەیری ئیسلامەتی و راهی ئیمام ئیعتقاد بە پدەری خود نەمی کونەم (جەناب و برای پاسداڕ، ئێمە ئێرانین و سوێند بە ئیمامی زەمان، هیچ باوەڕم بە کوردایەتی نییە.ئەمن راستگۆم و لە ناڕاستی بێزارم. خوای من و تۆ شاهیدە، کە من تەنیا بە ئیسلام و رێگای ئیمام باوەڕم هەیە). بازاڕی فروفیشاڵ گەرمە و هەر کامە لەو چەکدارانە هەوڵدەدەن خۆیان وەفادار بنوێنن. پاسداڕەکان لە هەڵسوکەوتی رۆژانە تێگەیشتوون، کە پێشمەرگە و حیزبەکان لە بەر رەوایی مافی کوردان لە لایەن خەڵکەوە رێزیان لێدەگیرێ، بەڵام لە ترسی ئەشکەنجە، بەندیخانە و لە سێدراەدران خۆیان پەنا داوە.

 

شەڕی نێوان کۆمەڵە و دێموکڕات گەرمتر دەبێت و رادیۆکان وەک بارانی بەهار بە لێزمە وشە و وتەی توند بە سەر یەکتردا دەبارێنن. چەند فارسێک لە ئالان لە گەڵ کۆمەڵە تێکەڵبوون و لە رێگای نووسینی هێڵە گشتیەکانیان شەڕی حەز و ویستەکانیان بە کوڕ و کچی فەقیر دەکەن. کوردە چەپەکان وەک هەنگوێنیان لە کلوری داردا دۆزیبێتەوە و هەموو وزە و توانای خۆیان لە خزمەت چەند کۆمۆنیستێک ناوە و شیر و تیر لە پێشمەرگەی کورد دەسوون، کە لە ریزی حیزبێکی دیکەدا چەکی هەڵگرتوە. خەڵک لە دۆخەکە تووڕەن، بەڵام توانای هەڵگرتنی ئەو هەموو خەم و ئازارەیان نییە. شەڕی ئێران و عێڕاق توندتر دەبێ و رێژیم خەریکە شەڕەکە پەلکێشی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی لە رێگای هێزە کوردییەکانی باشوور زەبر لە رێژیمی عێڕاق بدات و هێزە کوردییە رۆژهەڵاتیەکانیش لە سنوور هەڵقەنێ.


کەماڵ و هاوڕێکانی لە پاییزدا لە بنکەکانیاندا ئارام دەگرن. ناوبراو، هەوڵی خوێندەوارکردنی پێشمەرگەکان دەدات. جیا لەوە حەوتووی جارێک لە سەر پرسە هەنووکەییەکان کۆبوونەوە دەکەن. زۆربەی پێشمەرگەکان رادیۆیەکی بچووکیان کڕیوە و لە کاتی جۆراوجۆردا گوێ لە کاناڵی جیاواز دەگرن. ئەوان یادی زریبار و رادیۆکەی دەکەن، کە چەندە بە تامەزرۆییەوە لە سەر کۆشی خۆیی دادەنا و ئانتێنەکەی بۆ سافکردنی دەنگی رادیۆ سەر و خوار پێدەکرد. زرێبار چەند کورتە نووسینێکی لە سندووقەکەدا بە یادگار بۆ هاوڕیکانی بەجێهێشتوە، کە لە کۆبوونەوەکاندا دەخوێندرێنەوە و قسەیان لە سەر دەکرێ. لە بەشێک لەو خاڵانەدا ناوبراو رێنوێنی هاوڕێکان و حیزبەکانی رۆژهەڵات دەکات، کە ریشی خۆیان نەخەنە بەر دەستی تاڵەبانی و بارزانی. ناوبراو لە رووداوە کۆنەکانی گەرمێن نیگەرانە و بە ئاشکرا نووسیویەتی، کە لەو ناوچەیە باوە، کە ئاش ئەگەر فێری میزتن بوو چاک نابێ، بۆیە ئەو حیزبانەش چاکبوونیان نییە و رەنگە لە داهاتوودا بۆ دەسەڵاتدارەکانی تورکییە، ئێران و تەنانەت عێڕاق زۆر کاری خراپتر بکەن. بە تێگەیشتنی زرێبار ئەو سیاسەتکارانە لە مۆڕاڵی سیاسی دوورن و بە گوێرەی قازانجی کورتماوە و بنەماڵەیی خۆیان بڕیاردەدەن. زرێبار بە خەتێکی دانسقە هاوڕێکانی بۆ خوێندەوە و پرسیارکردن لە سەر رووداوەکان هاندەدات و داوایان لێدەکات، کە ئیمان و باوەڕیان لە سەر ئەساسی تێگەیشتن بێ.


شەوانی پاییز بەردرێژن و چیرۆکەکانی ژیانیش تێروتەسەل. خەونی نان و ئازادی هەموو شەوێک لە بازنەی خەوتنی چەکدارە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا دووپات دەبێتەوە. زۆرێک لە پێشمەرگە کۆنەکان و ئەوانەی کە لە سەردەمی شادا ئاوارە و هەڵوەدا بوون، دژوارییەکانی رێگا و سەختییەکانی دەربەدەری بە چاکی تێدەگەن. تازەهاتوەکان زۆر گوێ بۆ قسەی ئەوان راناگرن و لە بیروهزری خۆیاندا ئەوان شارەزای رێگان. مام عەلی، یەکێک لەو کۆنە پێشمەرگانەیە و لە گەڵ تازە هاتوەکان ئارامە و بە هێواشی سەرنجی خۆی لە سەر ئەوان دەردەبڕێ. ناوبراو لەو پێوەندییەدا دەڵێ:” ئەوانەی دێن هەموو بە کەڵکی پێشمەرگایەتی نایەن و هەمووشیان بۆ پێشمەرگایەتی نایەن، بەڵکو زۆر کەس بە هەڵکەوت ئەو ریگایە دەگرێتەبەر. بەشێک ئازایانە شان دەدەنە بەر باری پێشمەرگایەتی و دەمێننەوە و ژمارەیەکیش دوای حەوتوویەک یان چەند مانگێک هەڵتەک هەڵتەک دەڕۆنەوە. خوێندەوار زۆر بوون، بەڵام ئەو خوێندەوارییەش هەموو شتێک نییە. ئەتۆ، ئەگەر لێرە کاروبارەکان رانەپەڕێنی، بە خوای کتێب و دەفتەر بۆت ناکەن. خوێندنەوە بە فکری من مانای کردەوە و عەمەلە. ئەو شۆڕشە پێویستی بە کار و ماندوو بوونە و هەر بە میرزایەتی و پشتێندبەستن کار چاک نابن. ئێمە لە مێژە لە گەڵ ئەو حیزبە کاردەکەین و هەتا کۆتایی دەڕۆین، بەڵام مەرج نییە هەموو کەسێک ئەو رێگایە هەڵبژێرێ. کوردایەتی تاڵە و تەنیا سەرەتاکانی شیرین و خۆشە. خەڵکی ئێمە باشە، بەڵام خۆیان لە پرسەکەیان دزیوەتەوە. ئەگەر ئەوانیش وەک ئێمە بیریان لە کوردایەتی و حیزبایەتی کردبایەوە، ئێمە لە شوێنێکی دیکە دەبووین و زڕە خودموختارییەکمان دەپچڕی. ئەمن ئەو پێشمەرگانەم خۆشدەوێن، کە راستگۆیانە دێن و دەڕۆنەوە، بەڵام لە گەڵ مرۆڤی خائین نیم. سمایلە چوکەڵ دەکرا خەیانەت نەکات و وەک زۆر کەسی دیکە خۆی تەسلیم کردبایەوە و ژیانی ئاسایی خۆی تێپەڕکردبا. بەخوای حەیفە و عەیبە، بەڵام چۆم بێ چەقەڵ نابێ”. مام عەلی باوەڕی تەواوی بەو پەندە کوردییە هەیە، کە دەڵێ “دار هۆرەی لە خۆی نەبێ، ناقەڵشێ”. بە باوەڕی مام عەلی زۆربەی خەڵک بۆ کاتی دابەشکردنی قازانج و سەرکەوتنەکان ئامادەن و ئەو کات کەسانی وەک ئێمە رێگای مەجلیسانمان نییە. لە کاتی رووخانی شادا کە گەڕاینەوە و خەڵک بۆنی چەک، پارە، پۆست و شۆڕاکانیان بیست، رێگای کۆبوونەوەکان جەمەی دەهات و خەڵک بە زۆر خۆیان بۆ پێشەوە دەکوتا. زۆر کەس خۆیان بۆ شارەداری، بەربژێری ئەندامی پارلەمان، فەرماندار و بەرپرسی ئیدارە و حیزب دەکوتا. لە کاتی فیداکاری و رۆژانی دژواردا ژمارەیەکی زۆر کەم ئامادەی کارکردن و خۆلێدانن. ئەو قاعیدە و ئوسولی رەنگە ژیان بن، کە ژمارەیەک ماندوو دەبن و سەر و ماڵیان پێشکەش دەکەن، بەڵام لە بەرهەمی کار و خەبات ناخۆن. دایکم زۆر جاران ئامۆژگاری دەکردم، کە رۆڵە خۆ ئەو خەبات و شۆڕشە لە سەر ئێمە تاپۆ نەکراوە و با خەڵکی دیکەش وەک تۆ بەشداربن. بابم دەیگوت، عەلی ئەو گیایە زۆر تاڵە، بۆیە خەڵکی کورد زۆر بە کەمی تێکەڵی دەبن و لە سەر شانی ژمارەیەکی کەم قورسایی دەکات.

بۆ خوێندنەوە و بۆ پاشەکەوت کردنی هەموو کتێبکە، لە سەر ئەم نووسینە چرکە بکەن.