giareng_nwe.jpgبە بۆنەی داگیرسانی مۆمی ١٥ ساڵەی دەست پێکردنی کاری ماڵپەری گیارەنگ و کاری بەردەوام و نەپساوەی ڕۆژنامەگەری لە ڕێگای ئینترنێتەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین

کە بۆ وەرگرتنی زانیاری چرکەیان لە لاپەرەی ئینترنێتی گیارەنگ کردووە و هەر لەم ڕۆژەدا بە پێویستی دەزانین کە ڕێز لە کارو ماندوویی‌نەناسی ئەو بەریزانە بگرین کە بۆ دەوڵەمەندتر کردنی گیارەنگ بە ناردنی بابەت‌گەلی جۆراوجۆر لە گشت بوارەکاندا و لە هەموو قۆناخەکان دا هاوکار و یارمەتیدەری ماڵپەری گیارەنگ بوون.
پێش دەست بەکار بوون و تاقیکاری یەکەم ڕۆژی وەشانی گیارەنگ لە ئینترنێتدا دا چاومان لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی بوو، هەر بۆیە دوای چەند ڕۆژ تاقیکاری ماڵپەرەکەمان لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕۆژە ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا هاوکات لەگەڵ بوردومانی قەلادزێ کە لە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی زائینی لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕوویدا بوو، کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە، هەر بۆیە لە ڕێگای ئەم نووسینەوە چەپکە گوڵی ڕیز و خۆشەویستی لە بەرۆکی هەموو نووسەران و ئەدیبان و وەرگێر و شاعیران و چیرۆکنووسان و هەموو خوێنەرانی بەرێزی گیارەنگ دەدەین و هیوای بەردەوامیان لە کارەکانیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین.
دیارە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن و بۆیە گیارەنگ بە وردبینی و تێرامانەوە ئەم رۆژەی بۆ وەشانی خۆی دیاری کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی ڕۆژنامەگەری کوردی، وەک نوورێک لە تاریکستانی ئەو سەردەم دا درەوشایەوە، ئەوە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵگیرسانی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان، هەر بۆیە بە چاوی ڕێزەوە دەروانینە ئەم دوو ڕۆژە پڕ لە مێژووەیەی گەلەکەمان.
لەم ڕۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان.
سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی بەرێزان کاک مەریوان نستانی و کاک ئیبراهیم عەزیزی دەکەین کە وەک هەمیشە بە دڵ ئاواڵەیەوە کەم و کوڕی و گیروگرفتە تیکنیکی‌یەکانی ماڵپەری گیارەنگیان چارەسەر کردووە.
بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان لە مێژووی گەلی کورد دا.