b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_arm-pdk.jpgوه‌ک دیاره بانگه‌وازی هاوئاهه‌نگی به‌شێک له چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و

بازاڕه‌کان له رۆژی دووشه‌ممه ١٦ی ره‌زبه‌ردا تا ڕاده‌یه‌کی باش وڵامی ئه‌رێنیی وه‌رگرتۆته‌وه و ته‌نانه‌ت به‌شێك له شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی گرتۆته‌وه. له‌م پێوه‌ندییه‌دا به پێویستی ده‌زانین هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌شێوه‌ی خواره‌وه رابگه‌یه‌نین:
خه‌ڵکی کوردستان به درێژایی نزیک به چل ساڵی رابردوودا له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌باتی ره‌وا به‌دژی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا پێشه‌نگ و مه‌یداندار بوون. ناڕه‌زایه‌تیی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌رییش هه‌میشه یه‌کێک له‌و شێوازانه‌ی خه‌بات بووه که هه‌م خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاری ئه‌م رێژیمه‌وه به‌پێی ده‌رفه‌ت به‌کاریان بردووه، هه‌م له ساڵانی رابردوودا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له گوتار و به‌رنامه‌ی کار و تێکۆشانی خۆیدا گرینگییه‌کی تایبه‌تیی پێ داوه. مانگرتنی رۆژی ٢١ی خه‌رمانانی رابردوو به ئیعتراز له موشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکڕات و ئێعدامی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی له نێوخۆی وڵات وه‌ك سه‌رکه‌وتووترین ئه‌زموونی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له ساڵانی رابردوو ده‌ری خست که خه‌ڵکی کوردستان ئاماده‌یه له ده‌لاقه‌ی مه‌سه‌له‌ی کوردستان و ماف و ئازادییه‌کانی خۆی و له رێگای ئه‌م شێوازه‌ی خه‌باته‌وه روانین و قورسایی خۆی روو به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌ ته‌واوی نیشان بدا.
گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی سیاسی و مێژوویی خۆیه‌تی و به‌پێی ره‌نگدانه‌وه و له‌به‌رچاوگیرانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌وه ته‌عامول له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌کانی ناوه‌ند و سه‌رتاسه‌ری ئێران ده‌کا. هه‌ر له‌و کاته‌دا خه‌ڵکی کوردستان له زۆر پرسی وه‌ك ئازادی و دێموکڕاسی و مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌ گشتییه‌كان و دۆخێك که له‌ژێر سایه‌ی شوومی کۆماری ئیسلامیدا به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئێراندا سه‌پاوه، له‌گه‌ڵ چین و توێژ و پێکهاته‌کانی دیکه‌ی نێو کۆمه‌ڵگای ئێران هاوبه‌ش و هاوچاره‌نووسه. ئێستا که ئه‌زموونێك که له ساڵانی رابردوودا خه‌ڵکی کوردستان پێشه‌نگایه‌تییان کردوه به‌تایبه‌تی به‌هۆی ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی مانگرتنی ٢١ی خه‌رمانانی کوردستانه‌وه خه‌ریکه ده‌گوازرێته‌وه بۆ باقیی کۆمه‌ڵگای ئێران، ئێمه هه‌م گشتگیربوونی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له سه‌رتاسه‌ری ئێراندا به شتێکی موسبه‌ت ده‌زانین، هه‌م هاوپێوه‌ندی و به‌شداریی خه‌ڵکی کوردستان له‌م جۆره حه‌ره‌که‌ته سه‌راسه‌رییانه‌دا به سروشتی و له جێگای خۆیدا ده‌بینین.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به بایه‌خێك که بۆ خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی داده‌نێ، وێڕای پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه که پێویسته رێکاره خه‌باتگێرێیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به ره‌نگ و بۆی کوردستان و چه‌ندی بکرێ به یه‌كگرتوویی کۆمه‌ڵگای سیاسیی کوردستانه‌وه رێك بخرێن، هاوکات پشتیوانی له‌ هه‌ر جۆره هاوخه‌باتی و هاوپێوه‌ندییه‌کی گونجاو و به‌رهه‌مداری نێوان خه‌ڵکی کوردستان و باقیی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران ده‌كا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
١٦ی ره‌زبه‌ری ١٣٩٧

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید مەلا ئاوارە

شەهید مەلا ئاوارە
لاپەرەی تایبەت بە ژیان و خەباتی کادری تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتی کورد شەهید مەلا ئاوارە